فرۆشتنی چەن ملیار دۆلار چەک و ته‌قه‌مه‌نی بە عەرەبستان سه‌ره‌ڕای دژایەتی کۆنگرێس

0
787

رۆژی كورد :
دەوڵەتی ئامریکا بڕیاری داوە زیاتر لە ٨ ملیار دۆلار چەکوچۆڵ بخاتە بەردەست وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی، ئۆردۆن و ئەمارات. نوێنەرانی سەر بە لایەنی دێموکرانەکانی کونگرێسی ئامریکا نیگەرانی خۆیان دەربڕیووە لە مەڕ زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا رۆژی جۆمعە ڕێکەوتی ٢٤ ئایار بە فەرمیی هەواڵی فرۆشتنی بڕی ٨ ملیار و یەک سەد ملوێن دۆلار چەکوچۆڵی بە وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و هاوکات ئۆردۆن ڕاگەیاند. هەواڵی فرۆشتنی ئەم ڕێژە کەرەستەی شەڕ و چەکوچۆڵە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە کۆنگرێسی ئامریکا بە هۆی دەورگێڕانی عەرەبستان لە شەڕی یەمەن و هەروەها لە پێوەندی لە گەڵ دۆسیەی تێرۆری جەماڵ خاشۆچقی ڕۆژنامەنووسی عەرەب، داوای ڕاگرتنی بڕیاری هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ ئەم وڵاتە کردبوو.
هەواڵنێری ئاڵمان دی.پی.ئەی لە ڕاپۆرتێکی خۆی کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٥ ئایار بڵاویکردەوە باس لە بڕیاری دەوڵەتی ئامریکا لە بابەتی هەناردەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ وڵاتانی ناوبراو دەکات. ئەم هەواڵنێریە فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە وڵاتانی رۆژهەڵات و هەروەها زیادبوونی بەشداری چەکداری ئامریکای لە ناوچەکەی بە هۆی سەرەکی و زۆربوونی ئاڵۆزی نێوان دوو وڵاتی ئێران و ئامریکا هەڵسەنگاندووە.
مایک پۆمپێئۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ئامانج لە فرۆشتنی ئەو ڕێژە چەکوچۆڵە بە وڵاتانی ناوبراو بردنە سەرەوەی هێز و توانا و دەستەڕۆیی بەرگری ئەو وڵاتانەیە لە بەرانبەر هەڕەشەکانی ڕژیمی ئێران لە ناوچەکەدا. هێزی چەکداری ئامریکا بەرپرسایەتی هێرشی ئەم دواییانە بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی وڵاتی عەرەبستان لە بەندەر فۆجەیرە لە ئەستۆی ڕژیمی ئێران و سۆپای تێرۆریستی پاسداران دەزانێت.
ئەمە لە کاتێک دایە کە نوێنەرانی سەر بە دێموکراتخوازەکانی کۆنگرێسی ئامریکا نیگەرانی خۆیان لە هەمبەر زیادبوونی کێشە و ئاڵۆوییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەربڕیووە و بێجگە لەوەش کۆنگرێسی ئامریکا بڕیاردان لە مەڕ ڕوودانی شەڕ و چالاکی سەربازی لە پانتایی مافەکانی خۆی دەزانێت.
فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە وڵاتانی عەرەبستان، ئۆردۆن و ئەمارات بە پێچەوانەی دژایەتی کۆنگرێس و هاوکات زیادبوونی ئامادەبوونی هێزی سەربازی ئامریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕاستی دا باس لەوە ئەکات کە دەوڵەتی ئامریکا سەربەخۆ لە ڕای ئەنجۆمەنی نوێنەران و کۆنگرێس هەنگاو هەڵدەگرێت.
مایک پۆمپێئۆ لە ڕاگەیەندراوەکی دا باس لەوە ئەکات کە فرۆشتنی کەرەستەکان هاوپەیمانەکانی ئێمە پشتیوانی و بە هێز ئەکات، سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوین جێگر ئەکات و یارمەتی ئەم وڵاتانە ئەکات بۆ بەرگری کردن لە خۆیان و ناوچەکە لە بەرانبەر ئەگەری هێرشی ڕژیمی ئێران بۆ ناوچەکە و هاوکات بەرگری کردن لە خۆیان و بەرژەوەندییەکانی ئێمە. وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا هاوکات ئەوەشی ڕاگەیاند کە بڕیار بۆ سنووربەزاندنی کۆنگرێس تەنیا بۆ ئەمجارە و لە سەر ئەم بابەتە ئەبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.