عەفرین و کەرکووک، وانەیەک بۆ ڕۆژهەڵات

0
83
هەڵمەت مەعرووفی

لە ١٦ی ئۆکتۆبر تا ٢٠ی ژانویە کە چوار مانگ مەودای زەمەنی هەیە، دوو ڕووداوی مێژوویی لە کوردستان ڕووی دا کە هەڵبەت هەر بە کوردستانەوە بەند نیە و کاریگەرییەکانی لە ئاستی ناوچە و جیهانیدا شایانی باس و مشتومڕن کە لێرەدا باس لەسەر ئەوە نیە و خۆی لە قەرەی نادرێ، باسی ئەو نووسراوەیە، ئەزموونی هەڵکڕێندراو لەسەر ئەو دوو کارەساتەن کە ئەگەر لەگەڵ ڕووداوی بوومەلەرزە لە کرماشان و هەرەوەزیی گشتیی ڕۆژهەڵات لەلایەک و ڕێپێوانە ناڕەزایەتیە سەرانسەریە دژەحکومەتیەکان کە تا ئێستاش نەخەوتوون لەلایەکی ترەوە، پێکەوەیان بلکێنین و شیکاریەکیان بۆ بکەین، دەردەکەوێ کە وانەیەکی فرە گرینگیان بۆ ڕۆژهەڵات پێیە کە ناکرێ خۆی لێ نامۆ بکەین. لە ئەگەری هەنگاونەنانی درووستی خەباتی نەتەوەیی- دێموکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵات، مەترسیی زۆر لەلایەن گرووپە ئیسلامیەکان و هەندێ هێزی کوردیی پارچەکانی تر لە ئارادایە کە بەپێی جووڵە و چالاکیانە لە شارە جیاجیاکانی کوردستان لە ڕۆژهەلات، ئەو مەترسیە بە باشی هەست پێدەکرێ و ڕۆژ لە ڕٶژ زیاتر پەرە دەستێنێ.

لە کەرکووک، هەموو لایەنەکان –با بۆخۆشیان بێژن وا نیە- بە هاوڕایی یەک لە دانیشتنی دووکان بڕیاران دا، شار و خەڵک و خاک، ڕادەستی ئێران و ئەو هێزانە بکەن کە لە لایەن ئیرانەوە پشتیوانی و پڕچەک و پۆشتە دەکرێن. لە عەفرین کە تا ئێستا ١٠ ڕۆژی بەسەردا ڕابراوە، خەڵک لەلایەک و هێزەکانی یەپەگە لەلایەکی تر، بڕیاران دا بەرگری بکەن و بەرخۆدان بنوێنن و تا ئێستاش ئەوەندەی زانیاری هەبن، ئەرتەشی زەبەلاح و تەیاری تورک کە لە ڕێگای ویشکانی و هەواییەوە هێرشی کردووە، تەنیا ٢٠٠ مەتر پێشڕەوی کردووە و لانیکەم ئەمڕۆ دووشەممە 29ی ژانویە، ٤٠ کوژراو و ٢٠ دەستبەسەرکراوی تەنیا لە ناوچەی تێل قاسێت داوە و پاشەکشەشیان پێکراوە ئەوە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیاریەکان، فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورک، ناپاڵم بە دژی کوردەکان بەکار دەهێنن. بەڵام ئایا ئەگەر یەپەگە، تاکڕەو نەبوایە و لایەنەکانی تریشی لە دەسەڵات بەشدار کردبا، ئێستا ئەنجامەکان باشتر نەدەبوون؟

هاوکات لەگەڵ ئەو ڕووداوانە، ئێران شڵەژاوە، ڕاستە ئەو ناڕەزایەتیانە، ئێستا بە بەراورد لەگەڵ ٢٠ ڕۆژ بەر لە ئێستا کە بۆ ماوەی نزیک بە ١١ ڕۆژ هەموو ئێرانی گرتەوە کەم بوونەوە بەڵام سەرجەم چاوەدێران و خودی کۆماری ئیسلامیش لەوە دڵنیان کە ئەو ناڕەزایەتیانە سەرهەڵدەداتەوە کە هەر ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ژانویە لە چەند شاری وەک شیراز و نەجەفئابای ئیسفەهاند و خودی تارانیش کەم تا زۆر بیندران.

لەلایەکی ترەوە، وزەی کورد لە ڕۆژهەڵات و مەیلی بە سەربەخۆیی و ئازادی، لانیکەم لە چەند ڕووداوی وەک “گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی باشوور لە ئێراق” لە ٢٥ی مانگی سیپتامبری ٢٠١٧ و بوومەلەرزەی کرماشان ـدا بە باشی دەرکەوت و ڕوحی یەکگرتوویی، هاوکاری، نەترسی و بوێری و هەست بە ئازادیخوازی لە ناو خەڵکدا بە باشی بۆ کورد و دوژمنانی و هەموو جیهان کەوتە ڕوو.

کۆبەندی ئەو ڕووداوانە چەند شتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە:

  • ناوچە خەریکی ئاڵوگۆڕیە، ئەوەش وایکردووە وڵاتان لە هەوڵی براوەبوون و پشکی زیاتر بۆ خۆیان دابن، هەوڵەکانی تورکیە و ڕوسیە و ئەمریکا لە سووریە و لێدوانەکانی ئیسراییل بۆ نموونە لە سەردان لەگەڵ پوتین لە مسکۆ لە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ژانویەی ٢٠١٨ کە گوتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ئێرانین، بەشێک لەو هەوڵانە و دەرخەری ئەو ڕاستیەن. هەموو لایەکیش باش دەزانن، گۆڕانکاریەکان بە واتای تێکچوونی نەخشەی ئێستای ڕٶژهەڵاتی ناڤینە کە وڵاتەکانی لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی پێکهاتوون کە لە بنەڕەتدا چەندین نەتەوەیان لە یەک نەتەوەدا تواندووەتەوە یان خاسترە بڵێین، هەوڵیان داوە بیتوێننەوە بەڵام نەیانتوانیوە.
  • ڕژیمی ئێران بە ڕادەیەک لە ڕاسانی خەڵکانی ئێران لە ناوخۆ ترساوە کە ئێستا هەست دەکرێ بە ئاواتی کۆتایی هاتنی شەڕی سووریە و گەڕاندنەوەی ٣ هەزار چەکداری خۆی و گەڕاندنەوەی بەشێکی زۆر لەو ٨٢ هەزار هێزەیە کە لە سووریە لەبەر دەستی دایە، بە بێ بوونی ئەو هێزانە، ڕژیمی ئێران ناتوانێ سەرکوتی ڕاسانی خەڵک لە ئێران بکات کەواتە دەبێ هەموو لایەک ئامادە بن، لە قۆناخەکانی داهاتووی ناڕەزایەتیەکاندا، بزوێنەر و هاندەر بن و پلانیان هەبێ.
  • ئەو هێز و لایەن و نەتەوانە براوەن یان دەتوانن لانیکەم دۆڕاو نەبن کە هێزی چەکداریان هەبێ، دیپلۆماسی و کاری سیاسی بەشێکی حاشاهەڵنەگرە لە خەبات و بزووتنەوە بەڵام هیچ کات ناتوانن یەکلاییکەرەوە بن، لەوەش زیاتر، سەرکەوتنی دیپلۆماسی و کاری سیاسی، گرێ دراوە بە خەباتی چەکداریەوە، بەڵام ئایا خەباتی چەکداریی بێ بەرنامە، پڕش و بڵاو و نایەکگرتوو کە ئەگەری شەڕی براکوژیشی لێدەکەوێتەوە، دەتوانێ ڕێگاچار بێ؟ ئایا یەک حیزب و هێز و لایەن، بە تەنیایی دەتوانێ ڕزگاریدەر بێ؟ وڵامی ئەو پرسیارانە ڕوونە بۆیە خۆی لێ دەبوێرین.

کۆی ئەو باسانە بۆ ڕۆژهەڵات چەند وانەی تێدایە:

  • پێویستە حیزبەکان یەک بگرن، ڕاستە یەکگرتنەوە ئامانج و هیوایە بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەویش نەکرێ دەبێ یەکگرتوویی لە ئارا دابێ، ئەوەی کە ئێستا هێزەکانی ڕۆژهەڵات، تەنانەت ئەوانەش کە یەکتری بە هۆی ناوەوە قەبووڵ ناکەن، لەگەڵ یەک، دانیشتوون و شێوەبەرەیەکیان ڕاگەیاندووە، جێگای خۆشحاڵیە لێ بەرنامەکانیان هەر لە قسە و لێدوانی خودی بەرپرسانیانڕا دیارە کە لێڵ و ناڕوونە و زیاتر لە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی دەچێ تا کارێکی پلان بۆ داڕێژراو. ئەگەر ئەو کۆبوونەوە بکرێ بە ژێرخانی کاری هاوبەشی سیستماتیک و ئامانجدار و گەڵاڵەکراو، ئەوا بەرگری براوەی ڕۆژهەڵاتە.
  • پێویستە تاکڕەوی بخرێتەوە لاوە، یەکەم هەنگاوی کاری هاوبەش، کاری سەربازیی هاوبەشە، بە بێ سرنجدان بە قەوارەی هێزەکان، دەبێ کار بۆ ئەو خۆزیایە بکرێ و پەراوێزخستنی هەر هێز و لایەنێک بە واتای گەلێک قەیران و کۆسپ سازکردن لە داهاتوویە کە دەکرێ و دەتوانێ هەنگاوەکان شل یان شەل بکات.
  • باشوور و ڕۆژاوا بکرێن بە ئەزموون. باشوور لەو ڕوویەوە کە لە ئێستادا حیزبەکان یەک بگرن و لە داهاتووشدا تاکڕەوی نەکەن و ڕوو لە بازرگانی نەکەن و سیستەمێکی پەروەردەی تۆکمە و ئەرتەشی کوردستان دابمەزرێندرێت. ڕۆژاوا لەو ڕووەوە کە هەموو هێزەکان لە ئەرک و خەبات و دەسەڵاتدا بەشدار بکرێن و پەراوێز نەخرێن.
  • ویستی سەرەکیی ڕۆژهەڵات سەربەخۆییە، بۆیە لە پێشەڕۆژدا، لەگەڵ ئەوەیدا کە لەگەڵ ناوەند دانوستان دەکرێ، دەبێ پێشتر، لە ناوخۆ، دەسەڵاتێکی کوردی دابمەزرێ و بە پشت بەستن بەو دەسەڵاتە کە لە هەموو هێز و لایەنەکان پێکهاتووە، لەگەڵ ناوەند ململانێ و دانوستان بکرێت نەک ئەوەی کە هەموو شت بۆ دوای دانوستان و بە هیوای دانوستانەکان ڕابگیردرێ.

سەرکەوتنی هەموو هەوڵ و خەبات و کردەوەیەک بەندە بە، ئەنجامدانی هەندێ کاری تیۆریک و چارەسەرکردنی کێشەکان لە قالبی وتووێژ و پێکەوە دانیشتن و وتووێژ لەسەر کردن، ئەوە دەبێ بەر لە هاویشتنی هەر هەنگاوێکی کردەیی سەربازی ئەنجام بدرێ، چون لە هەنگاوەکانی تردا، چەک لە ئارا دایە و ڕێگا بە چارەسەریی مەنتقی و لۆژیکی دەگرێ.

  • دەست نیشان کردن و دیاری کردنی جوغرافیای کوردستان
  • پێکهێنانی هێزی سەربازیی هاوبەش
  • پێکهێنانی ڕێبەری یان مانیفێستێکی هاوبەش و ڕوون
  • پێکهێنانی ژووری عەمەلیاتی هاوبەش و
  • …..

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌