عەفرین و میدیا و ڕاگەیاندنی کورد

0
962

هۆمەر نۆریاویی

لە ڕۆژگارێکدا دیسانەوە تاقە دۆستی کورد بە تەنیا هەر چیاکانە و ئەم گەلە بەرستەم کەوتەیە لە هەموو لایەکەوە لە لایەن داگیرکەرانەوە دەکەوێتە بەر پەلاماری دڕانە و هەمە جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی وڵاتانی بە ناو داکۆکیکاری مافی مرۆڤی بەسەردا تاقی دەکرێتەوە و بە دژی دەکار دێت، مخابن میدیای خودی کوردیش بە چەشنێکی دی دەکەوێتە بۆردمانکردنی هەست و نەستی مرۆی کورد و ورە و ئیرادەی تووشی دابەزین ، شکستی دەروونی و ڕووخان دەکات. زۆر جار میدیا و ڕاگەیاندنی دیتیاریی خودی کورد، دەبێتە چەکێکی کوشندە بۆ سەر خۆمان و ڕاست وەک میدیای دوژمن دەور دەبینێت. گەر ڕۆژانە سووکە چاوێک لە ژمارەیەک کەناڵی کوردی بکەن، ئەو ڕاستییە هەژێنەرەتان زێتر بۆ دەردەکەوێت. پەیام و قسەی داگیرکەران هێشتا لە زار دەرنەچووە، بە سەد داخەوە بە کاژێر لەسەر کەناڵەکانی ئێمە بە زەقیی خۆ دەنوێنێت و ژێرنووس دەکرێت و ئاخاوتن و لێدوانی ئەم بەرپرس و ئەو کاربەدەستی دەوڵەتانی نەیار، بەرجەستە دەکرێتەوە. مرۆ تێناگات تۆقاندن و ترساندنی گەل بەم چەکە ماڵکاولکەرەی دەست خۆمان، چ ئامانجێکی لە پشتەوەیە و کوا ئەمە ڕاگەیاندنی پیشەیی پێ دەوترێت و کەی ئەم جۆرە ڕاگەیاندنە خزمەت بە دۆزی نەتەوەییمان دەکات و ئایا ئەمە بەزاندنی هێڵە سوورەکان نییە ؟!

گەر ئێمە ڕەخنەمان لەسەر یەکدی هەیە، ئەمە شێوازێکی شیاو بۆ ململانێکردن و بەرەنگاربوونەوەی سیاسەتە چەوتەکانی یەکتر نییە و نابێت لەسەر خاڵە هاوبەشە نەتەوەییەکان هەرگیز بە گژ یەکدا بچین.

بۆردمانکردنی میدیایی، یەکێکە لە ترسناکترین جۆرەکانی دابەزاندن و ڕووخاندنی ئیرادەی جەماوەریی و زێتریش دەوڵەتان لە شەڕی ڕاستەوخۆی بەرانبەر یەکتردا پەنای بۆ دەبەن. هەر بۆیە بە هیچ جۆرێک ئەم چەشنە شاڵاو و پەلامارە میدیاییە لە کەناڵێکی کوردی چاوەڕوان ناکرێت و ئەم ئەرکەیش هەرگیز ناچێتە خانەی کاری میدیای نەتەوەیی و نیشتمانیی و بگرە ڕاست دووی هەمان ئامانجی کرێت و دزێوی ناحەزانی کورد دەکەوێت و ڕەوشەکە بە فیتی ئەوان بۆ بۆردمانی هەمە لایەنەتر هەموار و ئامادەتر دەکات. ئەوەی دوژمن هەرگیز لە شەڕگە و مەیدانی جەنگ و لە ڕێی هێزی تاسەر ئێسقان پڕچەکی خۆیەوە دەستی ناکەوێت و پێی ناگات، لێرەوە ،هەر لە ڕێی میدیای خۆمانەوە سووک و هاسان ناوشیارانە یانژی بە پێچەوانەوە بە شێوەی بەپلان،بەرنامە و پلانی بۆ دادەڕێژرێت و پێی دەگات. پەلامار و ڕووداوەکانی ڕابردووی سەر کەرکووک و… بۆ خۆ دیوی ئەو ناوشیارییە میدیاییە دەردەخات. ئێمە گەلێک جار هەر بە دەست خۆمان لەسەر بڕێک وردە ناکۆکیی لە نێوان حیزبەکانماندا سووکایەتی بە هێما نەتەوەییەکانمان دەکەین. بۆیە وەک میدیاکارێکی خاوەن ئەزموون داوا لە سەرپاک میدیا و میدیاکارانی کورد دەکەم بە دیدی نەتەوەییەوە سەیری دۆزی گەلەکەیان بکەن و بە وشیارییەوە ئەرکی میدیایی سەرشانیان ڕاپەڕێنن و هەموو شتێک تەنیا لە گۆشە نیگای بەرتەسکی کامێرای ئەم حیزب و ئەو لایەنەوە نەبینن و چیدیی نەبنە ئامرازی دەست داگیرکەران. ئیرادەی ئێستای مرۆی کورد پێویستیی بە پاڵپشتیی و داکۆکیی کەناڵە کوردییەکان هەیە و لەسەر گشت کەناڵێکی کوردییە ڕەچاوی ئەم ڕەوشە ناسک و هەستیارە بکات و لە پێناو بەرزکردنەوەی ورەی مرۆی کورددا تێبکۆشێت و خەبات بکات.

“عەفرین”،ئێستا هێمای بەرخۆدان بۆ هەر هەموو کوردانە و گەرەک گشتمان(بە تایبەت میدیای کوردی) بە یەکدەنگ داکۆکیی لێوە بکەین و دەنگی بوێری شەڕڤانان و جەماوەری نەبەزی ئەوێندەرێ بۆ جیهان بگوێزینەوە و سیمای دژە مرۆیی و شەڕخوازانەی ناحەزان بۆ دنیا پتر دەربخەین. وەک چلۆن کەوتنی “کەرکووک”، تەنیا ئاوی بە ئاشی دوژمندا کرد، بە دڵنیاییەوە ئەم پرسە بۆ عەفرینیش بە ڕاست دەردەچێت و هەر تەنێ خزمەت بە هێزی داگیرکەر دەکات؛بۆیە سەرکەوتنی “عەفرین”، ئەو کارتە لە دەست ناحەزان دەردەخات و شکۆ بۆ تاک و کۆمان دەگەڕێنێتەوە و دۆزی ڕەوای نەتەوەکەشمان بۆ قۆناخێکی باشتر لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەگوێزێتەوە.

21ی ڕێبەندانی 2717

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.