عەفرین لەلایەن ئیسلامییە توندڕەوەکان بە پاڵپشتی تورکیە بە تاڵان برا.

0
1060

ڕۆژێک دوای ئەوەی کە سەربازانی تورک بە هاوکاری ئیسلامییە توندڕەوەکانی سووری کۆنتڕۆڵی شاری عەفرینیان بەدەستەوە گرت، ڕۆژی دووشەممە ڕێکخراوێکی تورکی بۆ هاوکاری کردن دەستیان بە دابەشکردنی کەلووپەلی پێویستی کرد، بەڵام ڕاپۆرتی بە تاڵان بردن و هەروەها چۆڵکردنی شار لەلایەن دانیشتووانی عەفرینەوە بڵاوکرایەوە.

ڕۆژی کورد: شێوە چەکدارە ئیسلامییە سووریەکان بە پاڵپشتی دەوڵەتی تورک لە کاتێکدا بە ماشێنە سەربازییەکانی تورکیە کۆڵانەکانی شاری عەفرینیان تەنیوە بۆ دەستبەسەرکردنی هێزەکانی ی.پ.گ، لەسەر پەیکەرێک ڕاوەستاون و وێنەگەلێکیان بەرەو ئاسمان هەڵدەدا.

دوکان و بازار داخراون و خەڵک پەنایان بۆ گوندەکانی دەرەوەی شار کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردییەکانە بردووە لە بەشی باکووری ڕۆژئاوایی سووریە. یەکێک لە دانیشتووانی شاری عەفرین گوتی، ڕۆژی یەکشەممە چەکدارە ئیسلامییەکان ڕژانە نێوشار و دەستیان بە ڕاوڕووت کرد و ماڵەکانیان بەتاڵان برد.

پیاوێک کە ناوی خۆی نەدرکاند گوتی: ئەرتەشی ئازادی سووریە کە هات بەو شێوەیە خۆی نیشاندا کە گوایە بۆ پاراستنی ئەوان هاتوون بەڵام وادەرکەوت کە دوژمنی ئێمەن.
ئەرتەشی ئازادی سووریە، ماڵ، ماشێن، دووکانەکانی ئێمەیان بە تاڵان برد، ئێمە هەموومان ئێستا بێ ماڵ و حاڵ، بێ خواردن و شوێن و جێگەین.

وەزارەتی دەرەوەی سووریە لە نامەیەکدا بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان نووسیویەتی، کە لە ڕاگەیاندە سووریەکان بڵاوبووەتەوە گوتی: ماڵ و حاڵی خەڵکی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیە و شێوە چەکدارییەکانی هاوپەیمانی بە تاڵان بردراوە و خانووەکانیان خاپوور کراوە.

ئیبراهیم کالین وتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیە بە سی.ان.ان ی ڕاگەیاند: ڕاپۆرتەکانی بە تاڵان بردنی ماڵ و حاڵی خەڵکی عەفرین ڕاستە و ئێمە بە جیدی بەدواداچوونی بۆ دەکەین، هێندێک لە گرووپەکان ئەم کارەیان بە فەرمانی فەرماندەکانیان ئەنجام داوە.

پیاوێکی دیکە کە دۆشەک و فەرش و هێندێک کەرەستەی پێویستی نێوماڵێکی لە پشتی تەراکتۆرێک بارکردبوو گوتی: بنەماڵەکەی لە ۳۰ی کیلۆمەتری شاری بەلبۆل، کاتێک کە دەوڵەتی تورک هێرشە ئاسمانییەکانی دەست پێکرد پەنایان بۆ شاری عەفرین هێناوە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان بەڵام ئێستا و دووبارە پەنا بۆ شوێنی یەکەمی خۆیان بردووەتەوە لەبەر ئەوەی ئەوێ ئێستا زۆر لە عەفرین باشترە بۆ ئەوان لەڕوویی ئاسایش و ئەمنییەتی گیانیەوە.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، دوو لەسەر سێی دانیشتوویی شارەکە(۳۲۳۰۰۰)، ناوچەکەیان بەجێهێشتووە.
ئەم ڕێکخراوە خوازیاری هەرچی زووتری گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویستە لە ئێستادا تاوەکوو تراژیدیایەکی مرۆیی ڕووینەداوە، چوونکە چەکدارە سوورییە توندڕەوەکان وادیارە لە هەوڵی کۆمەڵکوژی ئەواندان.

کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ڕۆژی دووشەممە بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە خەڵکی مەدەنی چوونەناو شاری عەرینەوە و ڕایگەیاند مانگی سووری تورکی کە لە دوای هێرشەکە هاتبوونە ناوچەکە جێگەی متمانەی خەڵکەکە نەبوون.

لەئێستادا دەوڵەتی تورکیە بەڵێنی پاراستنی گیانی خەڵکی عەفرینی داوە و ڕۆژی دووشەممە ڕێکخراوی گەیاندنی یارمەتی بەپەلەی AFAD یارمەتییەکانی خۆی لە ناوەندی شاردا دابەش کرد.

محمد گوولوو بەڕێوەبەری AFAD گوتی: لە دوێنێوە کە ئەرتەشی تورکیە و ئەرتەشی ئازادی سووریە چوونەتە نێوشار ئەوان هەستاون بە ئەرکی مرۆیی خۆیان بە دابەشکردنی پێداویستیەکان.
ئەمڕۆ ئێمە بۆیە لێرەین بۆ ئەوەی کە پێویستیەکانی خەڵک وەک پەتوو، خواردن، کەلووپەلی تەندرووستی دابین بکەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.