عەبدوڕڕەحیم مەعریفەتی: پێکهێنانی بەرە پێویستیی بە لێبڕاویی و فیداکاریی زۆری لایەنەکان هەیە.

0
542

دۆسیەی تایبەتی رۆژی کورد سەبارەت بە بەرەی کوردستانی

بۆچی لە پاش 37 ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئێران، پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵ نادەن هێز و توانای سیاسی و نیزامی خۆیان لە چوارچێوەی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوودا بەکار بێنن؟ لەمپەرەکانی بەردەم پێکنەهاتنی ئەو بەرە یان هاودەنگییە سیاسییە چییە؟ چۆن دەکرێ لایەنە سیاسییەکان لە دەوری یەک پلاتفۆرمی هاوبەش کۆ ببنەوە و خەباتێکی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەدژی کۆماری ئیسلامی بکەن؟
ماڵپەڕی رۆژی کورد لە پێناو لێک نزیککردنەوەی هێز و لایەنەکان و لێک تێگەیشتنیان لەسەر پرس و بابەتی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستان ئەم دۆسیەی کردۆتەوە و ڕای ئەندامانی رێبەریی حیزبەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و شرۆڤەکارانی سیاسی وەرگرتووە.
بەرێز عەبدوڕڕەحیم مەعریفەتی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان وەڵامی پرسیارەکانی رۆژی کورد دەداتەوە.

ڕۆژی كورد: گرنگیی پێک هێنانی بەرەی کوردستانی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چی دایە و زەروورەتەکانی پێکهێانی ئەو بەرەیە چین؟

 مەعریفەتی: سەبارەت بە ناو و دەستەواژەیەک بۆ قەوارە و پێکهاتەیەک کە هێز و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان پێکەوە لە ژێر سەیوان و هەیوانێکدا کۆ دەکاتەوە، دەبێ بڵێین: لێککۆبوونەوەی چەند کەس و لایەنێک بەمەبەستی یەکخستنی هێزەکانیان و بۆ کارکردن لە پێناو ئامانجێکی هاوبەشدا و لە بڕگەیەکی زەمانی سنوورداردا، دەکرێ یا دەبێ ناوێکی پڕ بە ناوەرۆکی خۆی بۆ دیاری بکرێ؛ وەک: “بەرە” ، فیدراسیۆن، یەکیەتی و… .

“بەرە” لە مێژووی تێکۆشانی گەلاندا مانایەکی تاڕادەیەک تایبەتیی وەرگرتووە. هەر بۆیە بە تێگەیشتنی ئێمە پێداگریی لەسەر ئەو ناوە لەسەرەتاوە، ڕەنگە ببێتە گرفت.  بە سەرنجدان لەو چەند خاڵەی خوارەوە دەتوانین تا ڕادەیەک لە گرینگیی و پێویستیی پێکهێنانی “بەرە” تێبگەین:

   بە داخەوە بزووتنەوەی چەکداریی لەم قۆناغەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پڕژوبڵاوی دەستی پێکرد، لایەنەکان ستڕاتیژێکی ڕوون و یەکگرتوویان نەبوو، هێزە کوردستانیی و سەرتاسەرییەکان بە هۆی جیاوازیی زۆر و تەنانەت دژبەیەک  لە فکر و بۆچوون و داخوازدا تاکتیکی کورتماوە و درێژخایەنیان یەکتری نەدەگرتەوە، ئەمانە و زۆر خاڵی دیکە بوونە هۆی دابڕانی و لێکدابڕانی زیاتر و لاوازبوونی بزووتنەوەی ئازادییخوازیی کورد لە رۆژهەڵات.

    پێمانوایە ئێستا مەترسیی جینۆسایدی کورد لەو بەشەی کوردستان، بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵات، زیاتر و بەرچاوترە. بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات سەرەڕای مەترسیی دوژمنانی داگیرکەر گرفتی ڕێکخستنی پێوەندییەکانی لەگەڵ چالاکان و ناڕازییان و خەباتکارانی ناوخۆی ئێران و کوردستان و گەلانی ناوچە و تەنانەت کوردی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە، بە جۆرێک کە نارێکیی و ناهاوسەنگیی لەو پێوەندییانەدا زۆر جار ترس لەسەر هێندێک کەس و لایەنی بەشداری بزووتنەوەکە دروست دەکا و، جاری وایە سکاڵا دەگاتە ئاستێک ئاواتەخواز بین دوژمنان فریا کەون، دۆستان کوشتیانین.

   لە ڕابردوو و ئێستاشدا زۆربەی وزەی هێزەکانی نێو بزووتنەوەی مافخوازانەی ڕۆژهەلاتی کوردستان لە تێکگیران و بەریەککەوتنی ناوخۆییدا هەم خەسار بووە و هەم خەسارەشی لێکەوتۆتەوە، بۆیە پێویستە هەم وزەی شۆڕش و شۆڕشگێڕان جێی خۆی بگرێ و هەم شێلگیرانە هەوڵ بۆ گێڕانەوەی متمانە و ساڕێژکردنەوەی زامەکان بدرێ.

   ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە کورد بە بەراورد لەگەڵ  گەلانی جیهان و لەچاو قەوارە و پێگەی جوگرافیی و مێژوو و فەرهەنگی خۆی و زۆریی و گەورەیی قوربانییەکانی، بەشخوراوترین و مەزڵوومترین نەتەوە لە ناوچە و تەنانەت لە جیهانیشدایە، بە تایبەت بەشە ڕۆژهەڵاتییەکە کە لە دۆخێکی زۆر هاڵۆز و هەستیار و دژوار دایە و، بارستایی ستەمی چەند قاتی کۆماری بەنێو ئیسلامیی ئێران لەسەر خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەستوورتر بووە و، تا ئەوڕۆش ڕۆژی ڕۆژهەڵاتییەکان لەودیوی ئاسۆ ماوەتەوە.

   ئەمڕۆ کورد و خاك و فەرهەنگ و مێژووەکەی لە ڕۆژهەڵات کەوتۆتە بەر پیلان و پەلاماری پیسی دوژمنێکی نەگریس کە سەرەڕۆیی و ستەم و دەستدرێژییەکانی سنووری وڵاتی پەڕاندووە و خەریکە کەوشەنی قاڕڕەش دەبڕێ. ئەو داگیرکەرە ناڵە و نووزەی لانەوازانی بەرپێی خۆی نابیسێ و گوێ لە دەنگ و داوای دادگەرانەی لایەن و ناوەندە جیهانییەکانیش ناگرێ.

ڕۆژی كورد:هۆكار ، به‌ربه‌ست و له‌مپه‌ره‌كان له‌ به‌رده‌م پێكنه‌هاتنی به‌ره‌ی كوردستانی له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات  چین؟ 

  مەعریفەتی: بە تێگەیشتنی ئێمە لەمپەرەکانی سەر ڕێی پێکهێنانی “بەرە” لە نێو هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرن، بەڵام بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەین:

–  مێژووی تێکۆشانی پڕ کەموکورتیی لایەنەکان چەندە پاڵنەرە بۆ یەکڕیزیی و هاوکاریی، جێی داخە بەو ڕادەیەش – بەهۆی جۆری هەڵسوکەوتیانەوە- کۆسپە لەبەردەم دروستبوونی بەرە. بە بڕوای ئێمە ئەو کەس و لایەنانە لە پێناوی نەهێشتنی ئەو کۆسپانە و پڕکردنەوەی ئەو کەلەبەرانە و دووبارە و چەندبارە نەبوونەوەی هەڵە و خەسارەتەکان پێویستییان بە دانبەخۆداگرتن و دان بە هەڵەدانان و دان بەیەکتردانان هەیە.

– لەمپەرێکی دیکەی سەر ڕێی پێکهێنانی بەرە باری سایکۆلۆژیی و تایبەتمەندیی چینایەتیی کەسەکان و بەتایبەت بڕیاربەدەستەکانی نێو لایەنەکانە، بە رادەیەك کە دژوارە لە قاڵبی دیسیپلیندا قاڵ ببن و پێکەوە لە جامێکدا جێیان بێتەوە.

– پێگە و هەڵکەوتەی جوگرافیی و شوێنی بنکەی لایەنەکان، کە دەبوو هاندەر و ڕێخۆشکەر بێ بۆ دروستبوونی بەرە، بە داخەوە ڕێگرە لە بەر دەم یەکیەتییەکە.

–  دۆخی ئێستای بزاڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە چەشنێکە کە کەلێنی کردۆتەوە بۆ دەستێوەردانی کەس و لایەنی  دەرەکیی بە دۆست و دوژمن و دوور و نزیکەوە و، تەنانەت بە بیانوو و لەژێر ناو و پەردەی هاوخەباتیی و هاوکاریی و دڵسۆزییش.

– گرفتێکی دیکە بوونی ڕای جیاوازە لەنێو ڕیزەکانی بزووتنەوەدا سەبارەت بە چەشن و جۆرەکانی خەبات لە ئەوپەڕی مەدەنیی و ئاشتییخوازانەوە تا ئەوپەڕی شۆرشگێڕانە و چەکدارانە و، لەوپەڕی راستەوە بۆ ئەوپەڕی چەپ و، لەوپەڕی ئیسلامییەوە بۆ ئەوپەڕی سێکولار.

عەبدوڕڕەحیم مەعریفەتی: پێکهێنانی بەرە پێویستیی بە لێبڕاویی و فیداکاریی زۆری لایەنەکان هەیە.

ڕۆژی كورد:بەرەی کوردستانی بە چ میکانیزم و شێوەیەک پێک بێ کە هەموو لایەنەکان خۆیان تێدا ببیننەوە؟ 

  مەعریفەتی: لە ڕاستییدا میکانیزمی کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەو هەموو جیاوازییانە لەو بڕگە زەمانیی و لەم شوێنەدا کە زۆربەی لایەنە دیار و زەقەکانی بەشداری بزووتنەوەی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی تێدا جێگیرن، ئاسان نییە، ئەگەر نەڵێین زۆر ئاستەمە. ئەم خاڵە پێویستیی بە لێبڕاویی و فیداکاریی زۆری لایەنەکان هەیە، بە شێوەیەک کە هەر لایەنە قەوارە و توانا و وزە و بڕشتی خۆی هەڵسەنگێنێ و، وەک هەیە خۆی ببینێ نەک وەک سێبەری بەری بەیانی.

   قەناعەتهێنان بەوە کە چ جۆرە خەباتێک گونجاوە لەگەڵ ئەو بارودۆخە و چۆنییەتیی کۆکردنەوە و گونجاندنی جۆرەکانی خەبات لە ژێر چەترێکدا بێگومان کاریگەریی لەسەر میکانیزمی دڵخواز بۆ ڕێکخستنی “بەرە” دەبێ.

   وەک لە ڕووی فکرییەوە پێویستیمان بە لێکنزیککردنەوەی ڕا و بۆچوونە جیاوازەکان و خاڵی هاوبەش هەیە، لە پراکتیکیشدا دەبێ هێز و لایەنێکی کاریگەر و متمانەبەخۆ و فیداکار هەبێ ببێتە تەوەر بۆ کۆکردنەوەی لایەنە پەرتەوازەکان، کە بە بڕوای ئێمە تا ئێستا هیچ لایەنێك نەیتوانیوە ئەو هێز و وزەیە لە خۆیدا نیشان بدا.

ڕۆژی كورد:پێشنیارتان بۆ خێرایی بەخشین بە دروستبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو چیە و چ رێکارگەلێک دەتوانن ببنە ڕێخۆشکەر بۆ پێکهێنانی بەرە؟

  مەعریفەتی: پاڵنەر بۆ پێکهێنانی بەرە، سەرەڕای هەموو ئەو خاڵانەی ئاماژەمان بۆ کردن، هەستکردنە بە بەرپرسیاریی و مەترسییەکان و، تێگەیشتن و خوێندنەوەی وردی بارودۆخی ناوچەیی و نێونەتەوەیی و، حاڵیبوونە لە ئاراستەی ڕەوتی ڕووداوەکانی نزیک و دوور. ئەوە وەڵامێکە بە پرسیارەکانی داهاتوو و هیوایەکە بەوە کە بەوەجێهێنانی ئەو ئەرکە لەو دۆخە دژوارە دەرباز بین.

abdulrehim-merifi-marifi

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت