عیرفان ڕەهنموون: دڵنیام کۆماری ئیسلامی لە دوایین ساڵەکانی تەمەنی خۆی دایە

0
156

دۆخی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین بە گشتی لە ئاڵوگۆڕییەکی سەیر و گورچووبڕ و خێرا دایە، ڕووداوەکان هەر ساتە و ڕەنگێکی نوێ دەگرن، چاوی کامێرای هەواڵدەرییەکانی جیهان لە ناوچە براوە، داعش لە عێراق بنەبڕ و لە سووریەش گەمارۆ دراوە، ناوچەیەکی ئەمن لە سووریە تەرخان کرا، کۆماری ئیسلامی بەردەوام پەرە بە بەرهەمهێنانی مووشەک دەدات، ئەوە لە حاڵێکدایە یەکتر بوغزاندنێکی زەق لە نێوان خامنەیی و ڕووحانی لە ئارا دایە، هەرێمی کوردستانی باشوور بەرەو سەربەخۆیی باڵی گرتووە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندەکانیشی بێکار دانەنیشتوون و مام جەلال تاڵەبانیش بە هۆکارێکی گەلێک ناڕوون و بەوپەڕی نەخۆشییەوە بەرەو ئێران ڕۆیی، ئەوەش لە حاڵێکدایە بارزانی ئێستا بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی، سەردانی وڵاتان دەکات.

بۆ تاووتوێ کردنی ڕووداوەکانی ناوچە و ئەنجامەکانیان، ناوەندی ڕۆژی کورد، وتووێژێکی تایبەتی لەگەڵ عیرفان ڕەهنموون، چاوەدێر و چالاکی سیاسیی کورد، رێکخستووە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: لە ئێستادا، جیا لە موسڵ کە بەتەواوی لە دەست ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ڕزگار بووە، ڕەقەی ناسراو بە پێتەختی داعشیش لە دوو لاوە دزەی کراوەتە ناو، هاوکات باس لە کوژرانی ئەبووبەکر ئەلبەغدادیش لە لایەن ڕووسیە و عێراقەوە، بە چڕی لە ئارادایە، کەواتە ئێستا دەکرێ باس لە قۆناغی “پاش داعش” بکەین. لاتان وایە تایبەتمەندییەکانی دوای داعش لە ناوچەکە چ دەبێ؟ بەتایبەت کورد دەکەوێتە چ دۆخێکەوە؟

عیرفان ڕەهنموون

ڕەهنموون:  پێموایە هێشتا زووە کە باس لە کۆتایی هاتنی مەترسییەکانی داعش بکرێت. هەرچەند گومانی تێدا نیە کە ئیدی داعش ناتوانێت فەرمانڕەوایەتیی ناوچەیەکی بەرفراوان بکات و ناچارە تاکتیکی جەنگیی خۆی بگۆڕێت بۆ جەنگی لێدە و هەڵێ (پارتیزانی). تەنانەت ئەگەر داعشیش وەک ڕێکخراوێکی سیاسی، کۆتایی پێبێت، داعش وەک بیر و ئایدۆلۆژیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەنێو هەموو گەلانی ناوچەکەدا -جگە لە کورد- درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆی دەدات و هۆکارەکەشی ئەوەیە کە  بزاڤی نیشتیمانی و سوسیالیستیی عەرەب و تورک و فارس شکستی هێناوە و ڕادیکالیزمی ئیسلامی لە رۆژهەلاتی ناڤین دا – جگە لەکوردستان – یان لەسەر دەسەڵاتە (وەک ڕژیمی ئێران و عێراق و تورکیە و ئەفغانستان و بەشێ  یەمەن) یان ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی دەسەڵاتە.

بۆیە پێشبینی ناکرێ لانیکەم لە کورت-خایەندا، بیری توندئاژۆی مەزهەبی پاشەکشە بکات. هەرچەند سەرهەڵدانی داعش، نەهامەتی بوو بۆ گەلی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوا، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە لەبەرژەوەندیی کورددا بوو و بیروڕای گشتیی جیهان بۆی ڕوون بوویەوە کە لە نێو تاریکستانی ڕۆژهەلاتی ناڤیندا، نەتەوەیەک هەیە کە ئازادیخواز و سیکولارە و توانی کەپۆی داعش بشکێنێ. ئەمەش سۆزی گەلانی جیهانی بۆ لای کورد ڕاکێشا. لەم  ڕۆژهەڵاتی ناڤینەدا، کورد دەتوانێ فاکتەری تێلۆرانس و تەناهی و  شوورەیەکی پۆڵایین بێ  لەبەرامبەر بەربەڕییەتی تەوژمی سەلەفی – جیهادی دا و لەم ڕووەوە، ڕۆژئاواش پێویستی بە کوردە. بەگشتی دۆخەکە لە بەرژەوەندیی کوردە، بە مەرجێ کورد لەنێوخۆی دا، یەکگرتوو بێ و دوژمنان نەتوانن کەرت و پەرتی بکەن.

ئەگەر کورد لە باشوور و ڕۆژئاوادا، خۆیان لە خۆیانی تێکنەدەن، دەکرێ چاوەڕێی سەرهەڵدانی دوو قەوارەی سیاسی-جوگرافیی کوردی بین لەو دوو بەشە لە نیشتیمانی داگیرکراوی کورداندا .

ڕۆژی کورد: بەشێک لە توێژەر و خاوەن رایانی سیاسی، لایان وایە قۆناغی دوای داعش بە واتای دەستپێکێکە بۆ قۆناغێکی نوێ کە “نەمان و لەناوچوونی کۆماری ئیسلامی”ـیە، ئەوەش پێدەچێ بە جووڵەکانی ئیسراییل، گۆڕانکارییەکانی سعوودیە، لێدوان و سەفەرەکانی ترامپەوە هاتبێتە ئاراوە، بەڵام لەلایەکی تریشەوە کۆمپانیای فەڕانسەویی توتاڵ، هاوکات لەگەڵ دانیشتنی گرووپی ٢٠، ڕێکەوتننامەیەکی ٥ میلیاردی لەگەڵ ئێران گرێدا، ئێوە لەو پێوەندیەیدا ڕاتان چیە؟

ڕەهنموون: ئەوەی کە تا ئێستا سەرەداوەکانی دەرکەوتوە، هەم ئامریکا وئیسرائیل و هەم زۆربەی وڵاتانی عەرەبی- ئیسلامی، ئێران بە مەترسییەکی گەورە بۆسەر تەناهی ناوچەکە و جیهان دەزانن و ئەو هێزانە بڕیاریان داوە کە سنوورێک بۆ دەستێوەردانەکانی ئێران دابنێن و تەنانەت، ئێران بکەنەوە بە قاوغی خۆیدا . ئەوەی لەم پرۆسەیەدا گرنگە، ڕادە و چۆنیەتیی پەرچەکرداری ڕژیمی ئێرانە لە بەرامبەر گوشارەکانی سێ کوچکەی ئامریکا- عەرەب- ئیسرائیل دا. بە واتەیەکی دیکە، پەرچەکردارەکانی ئێران، دەتوانێ چارەنووسی ئەو ڕژیمە دیاری بکات. سیاسەتی نەرمی نواندنی ئەوروپا لەبەرامبەر ئێراندا، سیاسەتێکی نوێ نیە و زیاتر لە سێ دەیەیە، مێژووی هەیە و هەرکاتێ ئەوروپا، سیاسەتێکی توندی لە بەرامبەر ئێراندا ڕەچاو کردووە، لە ژێر کاریگەریی گوشارەکانی ئامریکا و عەرەبستان و ئیسرائیل دا بووە. ئەوەی بۆ ئەوروپا گرنگە تەنیا بازرگانی و ساتوسەودای ئابوورییە، بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیر بچێ کە ئەگەر ئامریکا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، تەبا بن لەسەر گوشار هێنان بۆ ئێران، ئەوروپاش ناچارە لە سیاسەتەکانی خۆیدا سەبارەت بە ئێران، چاوخشاندنەوە بکات. بەڵام جارێ ڕادەی گوشارەکان و پەرچەکرداری ئێران لەو پێوەندییەدا ڕوون نیە . ڕەنگە پاش کۆتایی هاتنی قەیرانی سوریە ، سەرەداوەکانی زیاتر دەربکەون.

ڕۆژی کورد: جیا لە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە سووریە گرووپی تریش زۆری وەک، بەرەی نووسرە، فەیلەقوشام، ئەحراری شام و هەروەها گرووپەکانی سەر بە ئێران وەک زەینەبیوون و فاتمیوون و …تاد، لەلایەکی تریشەوە حەشدی شەعبی و حیزبووڵای لوبنانیش هەر لە سووریە پێگەیان هەیە، چۆنە هەموو چەقی ڕوانینی جیهان و میدیاکان لەسەر داعش و نەمانیەتی؟ ئایا دوای لەناوچوونی داعش، دەکرێ بڵێین گرووپەکانی تر بە سانایی کۆ دەکرێنەوە یان ئەوەتا ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی، دەتوانن ئەو گرووپانە بە ئاراستەی خۆیاندا ببەن؟

ڕەهنموون: ڕاستییەکەی ئەوەیە، داعش ئەوەندەش ڕێکخراوێکی مەزن و پۆڵایین نیە کە بە تاقی تەنیا بە گژ جیهاندا بچێ. هەموو ئەو هێزانەی کە شەڕی داعشیان کردووە، پێش شەڕەکە لە بیری پێگەی خۆیاندا بوون و زۆربەی دژبەرانی داعش، لە بڕێک دۆخدا، هاوکاری داعش بوون یان وەک تاکتیک، داعشیان بەکارهێناوە. قەیرانی سوریە، تەنیا قەیرانی وڵاتێک و ناوچەیەکی دیاریکراو نیە، بەڵکو تێکچڕژانی کۆی هێزە دژبەرە جیهانی و ناوچەییەکانە و بەرجەستەکەرەوەی کۆی قەیرانەکانی گلۆبالیزمی سەرمایەیە.

بۆیە پاش کۆتایی هاتنی داعشیش، ئەو قەیرانە درێژە دەکێشێ و هێشتا هیچ ئاسۆیەک بۆ تەناهی و ڕێکەوتن لە سوریەدا نابینرێ و بە بۆچوونی من نەتەنیا قەیرانی سوریە بەو ساناییە کۆتایی پێ نایەت، بەڵکو بەدووریشی نازانم، قەیرانەکە گەورەتر ببێتەوە و سەراسەری ناوچەکە و یەک لەوان ئێران و تورکیەش بگرێتەوە .

ڕۆژی کورد: دوای هاتنە سەر کاری ترامپ، من خۆم یەک لەو کەسانە بووم کە لام وابووە، ئەمریکا گەڵاڵەیەکی هەیە بۆ ئەوەی سەرەتا دەست و پێیەکانی کۆماری ئیسلامی بپەڕێنێ، مەبەست حیزبووڵا و حوسییەکان و دەیان گرووپی تر و هەروەها پێشگرتن بە سازبوونی ڕێگایەکی ژێرزەوی لە عێراقەوە تا سووریە و لەوێوە بۆ لوبنان بوو. ئێستا دەبینین کە ئێران دەست و پێوەندیی زیاتر لەو گرووپانەی هەیە و تەنانەت هاوپەیمانەتییەکی ناوچەیی بۆ پشتیوانی لە تیرۆریسم پێکهێناوە کە قەتەر بەشێکی زەقە لەو هاوپەیمانەتییە و لەولاشەوە کارخانەی بەرهەمهێنانی بەکۆمەڵی چەک و تەنانەت مووشەکی بۆ حیزبووڵا لە لوبنان دامەزراندووە، لاتان وایە، داهاتووی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی نزیک بە ٥ تا ١٠ ساڵی داهاتوو، چۆن دەبێ؟ ئایا ئەگەری لێدان یان هێرشی سەربازی بۆ ئێران، دەبینن؟

ڕەهنموون: بەگشتی پێم وایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە  دوایین قۆناخی تەمەنی خۆی دایە. ئەو ڕژیمە هیچ چەشنە ڕەواییەکی نەماوە تەنانەت ڕەوایی ئیدئۆلۆژیکیش. ئەو ڕژیمە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تەناهیی جیهانی و ناوچەکە و جگە لە تاقمە تیرۆریستییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دا، تەنانەت یەک دۆست و پاڵپشتیشی نیە. بۆیە دڵنیام کە لە دوایین ساڵەکانی تەمەنی دایە. بەڵام کەس ناتوانێ پێشبینی بکات کە ئەم قۆناخە چەند ساڵ درێژە دەکێشێ. بەو حاڵەش دوو ڕووداوی گرنگمان لە پێشە: یەکێکیان هاوپەیمانێتی  سێ کوچکەی ئامریکا-عەرەب- ئیسرائیلە کە بڕیاریان داوە پاشەکشە بە ئێران بکەن. ئەویدیکە پیربوونی خامنەیی و ئەگەری مردنیەتی کە ڕەنگە زیاتر لە ٥ ساڵ نەکێشێت. ئەو دوو فاکتەرە زۆر گرنگن. چونکە ئەمە یەکەم جارە کە هاوپەیمانێتییەکی وەها بەرین دژی کۆماری ئیسلامی پیکدێت.

مردنی خامنەییش لەوڕوەوە گرنگە کە ناوبراو سیاسەتمەدارێکی زۆر زیرەک و بەئەزموونە و هیچ کەسایەتییەک لە نێو ئاخوندەکاندا نیە کە بتوانێ بۆشایی پاش مردنی خامنەیی پڕ بکاتەوە و باڵەکانی ڕژیمیش هیچ کۆدەنگییەکیان لەسەر جێگرەوەی ناوبراو نیە و بەدوور نازانرێ کە تەنانەت سوپای پاسداران پاش مردنی خامنەیی، کودەتای نیزامی بکات. ئەم پرسە بەسەرنجدان بەو هاوپەیمانێتییەی کە دژ بە رژێمی ئێران پێکهاتوە، دەتوانێ ئەو ڕژێمە بەرەو هەڵدێری نەمان ببات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت