شلێر ده‌روێشی:كۆماری ئیسلامیی له‌ پاش هاتنه‌ سه‌ر كاریه‌وه‌ ، ده‌یان شانۆی به‌ ناوه‌رۆك ته‌نز و به‌ ئه‌نجام تراژێدی له‌ ژێر ناوی هه‌ڵبژاردن دا به‌ڕێوه‌ بردووه‌

0
799

شانۆی هه‌ڵبژاردن و ره‌وایی دان به‌ رژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران
نووسینی : شلێر ده‌روێشی
كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ مێژووی ته‌مه‌نی دا و له‌ پاش هاتنه‌ سه‌ر كاریه‌وه‌ ، ده‌یان شانۆی به‌ ناوه‌رۆك ته‌نز و به‌ ئه‌نجام تراژێدی له‌ ژێر ناوی هه‌ڵبژاردن دا به‌ڕێوه‌ بردووه‌ كه‌ هیچ كامیان له‌ سه‌ر شێوه‌ و سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری و حوكمڕانی جیاوازییان نه‌بووه‌ و هه‌ر هه‌موویان پێبه‌ند به‌ بنه‌ماكانی كۆماری ئیسلامی و ولایه‌تی فه‌قیه بوون .
ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له‌ یه‌كه‌م به‌ ناو رێفراندۆمی كۆماری ئیسلامی بده‌ینه‌وه‌ به‌ ڕوونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ كۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ره‌تای به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵات بۆ خۆی شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیاری كردووه‌ و جگه‌ له‌ خۆی هیچ ئاڵتێرناتیڤێكی به‌رانبه‌ر خه‌ڵك دانه‌ناوه‌ ، واته‌ ده‌ڵێ: جمهوری ئیسلامی ئا یا نا ، ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێكدایه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر تۆزێك دێموكراتیانه‌ بوایه‌ ده‌بوو لانی كه‌م چه‌ند حیزب و لایه‌نی دیكه‌ش له‌و ده‌نگدانه‌ دا به‌شدار بن و خه‌ڵك له‌و نێوه‌ دا یه‌كیانی هه‌ڵبژاردبایه‌ .
پڕۆسه‌ی به‌ ناو هه‌ڵبژاردن له‌ ئێرانی ئیسلامی دا له‌ ماوه‌ی ٣٩ ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران هه‌ر به‌م ئاقاره‌ دا رێگه‌ی بڕیوه‌ و هیچ كات له‌و چوارچێوه‌یه‌ نه‌چۆته‌ ده‌ره‌وه‌.
له‌ هه‌موو پڕۆسه‌كانی به‌ ناو هه‌ڵبژاردن دا داوا له‌ خه‌ڵك كراوه‌ كه‌ خۆیان وه‌ك به‌ربژێر بۆ شووڕا، نوێنه‌ری پارلمان و یان سه‌رۆك كۆماری ناونووس بكه‌ن ، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا ده‌سه‌لاتدارانی ویلایه‌تی فه‌قیهن كه‌ دیاری ده‌كه‌ن چ كه‌سانێك شیاوی ئه‌وه‌ن وه‌ك به‌ربژێر ، خه‌ڵك ده‌نگیان پێبدا .
به‌ پێی یاسای بنه‌ڕه‌تیی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان وه‌ك به‌ربژێر بۆ پارلمان یان سه‌رۆك كۆماری ناونووس ده‌كه‌ن له‌ لایه‌ن كۆڕی چاوه‌دێری ” شووڕای نیگابان ” كه‌ ئه‌و شووڕایه‌ بۆ خۆی له‌ لایه‌ن ڕێبه‌ری كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ دیاری ده‌كرێ ، په‌سه‌ند یا ره‌ت ده‌كرێنه‌وه‌ ، واته‌ به‌ربژێره‌كان ڕاسته‌وخۆ له‌ لایه‌ن ڕێبه‌ری ڕژیمه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێن .
له‌ ئه‌سڵی ١١٥ی یاسای بنه‌ڕه‌تیی كۆماری ئیسلامی دا هاتووه‌ كه‌ “سه‌رۆك كۆمار ده‌بێ له‌ نێوان پیاوانی ئایینی و سیاسی كه‌ ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌یان تێدا بێ هه‌ڵبژێردرێ:
به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی ، نیشته‌جێی ئێران ، مودیر و شایسته‌ ، پێشینه‌ی ئه‌مانه‌ت داری و ڕاستگۆیی ، ئیماندار و باوه‌ڕمه‌ند به‌ بنه‌ماكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و مه‌زهه‌بی ڕه‌سمیی وڵات واته‌ شیعه‌ ی هه‌بێ .
هه‌ر له‌ یه‌كه‌م خاڵه‌كانی ناو یاسای بنه‌ڕه‌تیی كۆماری ئیسلامی دا نادێموكرات بوونی ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ ده‌رده‌كه‌وێ چونكه‌ ژنان كه‌ نیوه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ن له‌ خۆ پاڵاوتن بێبه‌ش كراون و هه‌روه‌ها ته‌نیا شیعه‌ی سه‌ر به‌ ویلایه‌تی فه‌قیه ده‌توانێ خۆی به‌ربژێر بكا و سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ش له‌ كۆتایی دا كه‌سێك كه‌ هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌شی تێدا بێ ، ده‌بێ له‌ لایه‌ن شووڕای نیگابانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێ .
له‌ وه‌ها سیستمێك دا كۆماری ئیسلامی و ڕژیمه‌كه‌یتی كه‌ بۆت دیاری ده‌كا له‌ نێوان ئه‌وانه‌ی بۆ خۆی په‌سه‌ندی كردوون ، ده‌نگده‌ر ، ده‌نگ به‌ یه‌ك له‌وان بدا .
گه‌لی كورد هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ به‌ بایكۆت و به‌شداری نه‌كردن له‌ ڕێفراندۆمی به‌ڵێ یا نه‌خێر به‌ كۆماری ئیسلامی، دژایه‌تیی خۆی له‌ گه‌ڵ سیستمی جمهوری اسلامی ده‌ربڕیوه‌.
شانۆی هه‌ڵبژاردن له‌ ئێراندا ، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ كه‌ خه‌ڵك خۆی له‌ چاره‌نووسی خۆی دا به‌شدار بێ و بۆ خۆی چاره‌نووسی سیاسیی خۆی دیاری بكا ، به‌ڵكوو ته‌نیا بۆ ڕه‌وایی دان به‌ ته‌وایه‌تی نیزام له‌ ئاستی جیهاندا بووه‌، رژیم به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵ دابووه‌ وه‌ك سیاهی له‌شكه‌ر كه‌ڵك له‌ ڕێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵك وه‌رگرێ، ده‌نگی خه‌ڵك له‌و به‌ناو هه‌ڵبژاردنانه‌ دا تا ئێستا كاریگه‌ری نه‌بووه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌بێ ببێ به‌ نوێنه‌ر ، زۆر پێش له‌ شانۆكه‌ ده‌وره‌كه‌ی پێدراوه‌ و ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كیه‌كان پێشتر داندراون و سیناریۆ له‌ لایه‌ن خامنه‌ییه‌وه‌ له‌ مێژه‌ نوسراو و ئاماده‌ كراوه‌ .
خه‌ڵكی كوردستان له‌ ئێستا دا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و قۆناغه‌ له‌ هوشیاریی سیاسی و له‌وه‌ تێگه‌یشتوون كه‌ ڕژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌میشه‌ دژی كورد و نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كانی دیكه‌ بووه‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژیش په‌ره‌ به‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌دا، ڕژیمێك كه‌ هه‌میشه‌ به‌ دیدێكی ئه‌منیه‌تیه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ كوردستان له‌ دار و به‌رد و مرۆڤی كوردستان هه‌موو به‌ یه‌ك چاو، ڕوانیوه‌ و هه‌مووی به‌ وه‌ك زیددی ئینقلاب و دژه‌ شۆڕش ده‌بینێ
ده‌نگدان و به‌شداری كردن له‌ وه‌ها شانۆیه‌ك دا ، مه‌شڕووعیه‌ت به‌خشینه‌ به‌ ٣٩ ساڵ جینایه‌ت و كوشت و كوشتار ، ڕه‌وایی دانه‌ به‌ ئێعدام و زیندان .
هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و ساڵ ٦ حیزب له‌ حیزبه‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ كۆده‌نگی ڕایانگه‌یاند و داوایان له‌ خه‌ڵك كرد كه‌ به‌شداری له‌ شانۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕژیم نه‌كه‌ن و ئه‌و شانۆیه‌ به‌ ته‌واوی بایكۆت بكه‌ن .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت