شرۆڤەی دەور و پێگەی کورد لە سیاسەتی ئێستای جیهان و ناوچەدا/وتووێژی ژووری ڕاسانی خۆرهەڵات لەگەڵ هەڵمەت مەعرووفی

0
493

خوێنەری هێژا:

وتووێژی بەردەستت، وتووێژێکی چڕە کە ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی لە ژووری “ڕاسانی خۆرهەڵات” لە ڕایەڵەی تلێگرام لەسەر مژاری “دەور و پێگەی کورد لە سیاسەتی ئێستای جیهان و ناوچەدا” بە پێشکەشکاریی خاتوو تاڤگە، لەگەڵ ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی، هەڵمەت مەعرووفی ئەنجام دراوە.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات: بەگشتی لە ئیستادا دەورو دۆخی کوردلەسیاسە تی جیهانداچۆن دەبینن؟

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

مەعرووفی: بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێ باس لە دوو بابەت بکەین، یەکیان دەوری کورد لە ئێستای لە چاو ڕابردوو و یەکیان ئەو دەورەی کە دەبا کورد هەیبا واتا ڕئال و ئیدئالەکەی. لەچاو ڕابردوو ئەگەر بە بەراورد چاوی لێبکەین، کورد ناسراوە و پێگەی لە جیهاندا هەیە و ئیتر وشەی کورد وەک پێشوو نامۆ نیە بەڵام ئەگەر باس لەو پێگەیە بکەین کە دەبا کورد هەیبا دەبێ بڵێم پێگەی کورد لاوازە و ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە.

هۆکارەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەر چەند خاڵ کە من بە کورتی ئاماژەیان پێدەدەم:

یەک: پێکەوە نەگونجان و یەکنەگرتوویی کورد

دوو: نەبوونی دیپلۆماسی لە دەرەوە و گوێ نەدان و گرنگی نەدان بە لابیگەری

سێ: لێک جیاوازبوونی ویست و داوای هێزە کوردییەکان و جارجار دژ بەیەک بوونی ئەو داواکارییانە.

چوار: کارتێکەریی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان لەسەر هێزی پارچەکانی تر و چەندین خاڵی تر

لە ئێستادا کورد لە سایەی هەوڵی کەسانێکی وەک شەهیدی سەرکردە، دوکتور قاسملوو و چەند کەسێکی دەگمەنی تر ناسراوترە لە پێشوو. هۆکارێکی تریش، بەشداریی پێشمەرگە و گریلا لە شەڕی دژ بە داعشە کە سیمایەکی جوانی بە کورد بەخشیوە و بە میدیایی کردووە. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە کورد نەیتوانیوە تا ئێستاش ببێت بە فاکتەرێک لە ناو گەمە سیاسییەکاندا و زۆرتر کەڵکی لێوەرگیراوە و کەڵک لیوەرگیرانەکەش کاتی بووە و بۆ کورد هیچی بەدواوە نەبووە

ڕاسانی ڕۆژهەڵات: دوای هاتنە سەرکاری ترامپ وبەپێی دروشمەکانی، بەڕای جەنابت جیهان بەرەو چ ئاستێک دەڕوات؟

مەعرووفی: ئەگەر چاوێک لە چەند ڕووداو و گۆڕانکاریی ئەو دواییانە بکەین دەبینین دۆخەکە دوای هاتنە سەر کاری ترامپ زۆر گۆڕاوە:

یەک: ڕەوانە کردنی هێز بۆ چەند وڵات کە زۆربەیان بە دژی ڕووسیەن و دۆینێش ناوشکێنێکی ئەمریکایی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی حوسیەکانی سەر بە ئێران ڕەوانەی قەراغ ئاوەکانی لای یەمەن کرا

دوو: فیلین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ترامپ بە ڕاشکاوانە کوتی ئیتر کاتی چاوپۆشی کردن لە کردەوە دوژمنکارانەکانی ئێران بەسەرچووە

سێ: ترامپ لە سێ تویت دا لە تویتێری خۆی هەڕەشەی لە ئێران کرد و کوتی کایە بە ئاگر دەکا، من ئۆباما نیم

چوار: دانانی گەمارۆ لەسەر ١٣ کەسایەتی و ١٢ کۆمپانیای سەر بە ئێران

پێنج: هەڵوەشاندنەوەی ویزای ئێرانیەکان و چەند وڵاتی ئیسلامیی تر

ئەوانە سەرجەم نیشان دەدا کە گۆڕانکارییەکان لە ئارا دان بەڵام من پێشتریش نووسیومە کە ناکرێ هەر لە ئێستاوە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر ترامپ بدەین.

سیاسەت وەک شەتڕەنجە، بۆ شرۆڤەیەکی باش و بەهێز دەبێ مۆرە و جووڵەی زۆر لەبەر چاو بگرین، ئێستا ڕوون نیە ئێران لە ماوەی کورتی داهاتوودا چ هەڵوێستێکی دەبێ، کۆماری ئیسلامی هەر کات گوشاری لەسەر بووبێ، پاشەکشەی کردووە کە من لام وایە ئامانجی سەرەکیی ترامپ، پاشەکشەکردنە بە ئێران نەک لە ناو بردنی.

لە لایەکی تریشەوە وڵاتانی عەرەبی زۆر مەند و بێدەنگترن لە ڕابردوو، ئەوە پێدەچێ سازانێکی لەبنەوە و نهێنی لەسەر هەبێ. بەڵام فاکتەرێکی تر وڵاتی چین ـە کە ئیستا دەیهەوێ ببێتە دەمڕاستی جیهان، ئەوەش بۆ ئەمریکا قەبووڵ ناکرێ و لە لایەکی تریشەوە ڕووسیەش ئەو داواکارییەی هەیە و دەیهەوێ بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی.

کۆی ئەو قسانە ئەوەمان پێدەڵێ کە جیهان بەرەو ئاراستەی شەڕێکی بەهێز دەڕوا کە ئەو شەڕە ئێرانیش دەگرێتەوە بەڵام باسێکی تر کە هەیە و دواتر باسی دەکەین ئەوەیە ئایا کورد چەندە ئامادەیە

ڕاسانی ڕۆژهەڵات: زۆرێک لە شارەزایان سیاسەتی جیهان و ناوچە لایان وایە کە خەریکە گۆڕانکارییەک لە هاوکێشە سیاسیەکان وهێز دێتە ئاراو، ئەو گۆڕانکارییانە چین؟

مەعرووفی: گۆڕانکارییەکانم لە سەرەوە باس کرد، بەڵام لام وایە ئەو گۆڕانکارییانە گرێ دراون بە چەند باسەوە:

یەک: ئایا ترامپ وەک تا ئێستا کردوویەتی و هێرشی بەهێزی کردە سەر ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە یەمەن و بە دژی ئیسلامخوازی هەنگاو دەنێ، هەروا بەردەوام دەبێ یان لەوەبەدوا لە ڕووی ئابوورییەوە کار دەکا و لەو خۆتێهەڵقوتان لە هاوکێشەکانی جیهان دەکێشێتەوە یان نا؟ لەبیرمان بێ، ترامپ بازرگانێکی یەکجار بەهێزی جیهانە و ئێستا هاتۆتە ناو گەمەی سیاسیەوە.

دوو: ئایا ڕووسیە و چین دەتوانن بێنە ناو هاوکێشەکانەوە یان نا؟ ئایا چین کە تا ئێستا تەنیا لە ڕووی بازرگانییەوە جیهانی داگیر کردووە، ئەمجارە لە ڕووی سەربازیشەوە دێتە پێش؟

سێ: کشانەوە یان بەردەوام بوونی کۆماری ئیسلامی لەسەر سەرەڕۆییەکانی

بە ڕوون بوونەوەی ئەو بابەتانە دەکرێ ئەو جار لەسەر گۆرانکارییەکان ڕاوەستە بکەین و شیکارییان بۆ بکەین کە من وەک خۆم پێی گەشبینم و لام وایە ئەوەی کە یەکێک لە ژنرالە پلە بەرزەکانی ئەمریکا دەیڵێ، ئەوان لە شەڕی ئەفغانستانەوە پلانی ڕووخانی ئێران و چەند وڵاتی تریان هەیە کە تا ئێستا ئێراق و سووریەی جێبەجێ ىوە و یەمەنیش خەریکی گۆرانکارییە.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات: باس لە ڕوخانی کۆماری ئیسلامی و هەبوونی پلان بۆ ئەو مەبەستە و دابشبوونی چەندین وڵات یەکێک لە باسە گەرمەکانی ئیستایە، لاتان واهەیە بەرنامەیەک بۆ ڕوخانی کۆماری ئیسلامی لە ئارادا هەبئ؟

مەعرووفی:  تا ئێستا چەندین باس لەو بارەوە لە ئارادا بووە:

یەک: دانیشتنە نهێنییەکانی نێوان سعودیە و ئیسراییل بۆ ٥ جار و دانانی پلان لەو بارەوە

دوو: چەند جار ژنرال و بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا باسیان لێوە کردووە

سێ: وەزیری بەرگریی دەوڵەتی ترامپ، لەو باوەڕە دایە کە ئێران لە داعش مەترسیدارترە و چەندین ئاماژەی تر.

بەڵام چەند بابەتیشمان دەبێ لە بیر بێ:

یەک: نەتەوە بندەستەکانی ئێران بێ هێزن

دوو: کورد پێکناکۆکە و شەقامی کوردیش تا ئاستێک نایەکدەست و کپە

سێ: فارسەکان بەر لە هەر شتێک بیر لە لێک دانەبڕانی خاکی ئێران دەکەنەوە و بۆیە دژی دەوێستن و بەڕاستی هەر فارسێک یەک فاشیستە لەم ڕووەوە و ڕازیە بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی نەک ئەوەی ناوی دەنێن تەجزیەی خاکی ئێران.

چوار: ئێران لابیگەرییەکی بەهێزی لە دەرەوە و بەتایبەتی ئەمریکا هەیە. چاو لە کابینەی حەسەن ڕوحانی بکەن، زۆربەیان لە ئەمریکا ژیاون و دەرسیان خوێندووە وەک زەریف و مەعسوومە ئیبتکار و زۆری تر.

بەڵام ئەگەر سەرنجیش بدەین دەبینین کە پێکهاتەی کۆماری ئیسلامی بە گشتی بە هاتنە سەر کاری ترامپ و کردەوەکانی، کەوتۆتە ترس و لێوەلەرزەوە

ئەو ترسە بێ گومان لە خۆڕا نیە، هەڕەشەکانی حسێن دێهقان، وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبردنی مانۆڕ لە سمنان و خستنە ڕووی چەندین موشکە و چەک و تەقەمەنیی نوێ.

لێدوانی جێگری یەکەمی حەسەن ڕووحانی واتا  ئیسحاق جەهانگیری کە هەڕەشەکانی ئەمریکای بە فشەفش وەسف کرد بەڵام ڕقێک لە قسەکانیدا دیار بوو. بێدەنگیی خامنەییش خۆی جێگای پرسیارە.

لەلایەکی تریشەوە ئەگەر چاو لێبکەین، ئەمریکەن ئینترپرایز لە بابەتێکدا بە راشکاوانە ئاماژە بەوە دەکات کە دەبێ قاسم سلێمانی یان دەستبەسەر بکرێ یان بکوژرێ کە ئەوە دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەمریکا چیتر ناتوانێ دەستێوەردانەکانی ئێران قەبووڵ بکات.

بە گشتی ئەو هەڕەشانەی ئەمریکا، بێدەنگیی وڵاتانی عەرەبی و ئوروپایی و لەلایەکی تریشەوە ترسی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەموو ئاماژە بە هەبوونی گەڵاڵەیەک بۆ ڕووخانی ڕژیمی ئێران دەکەن بەڵام وەک گوترا نابی زۆریش خۆش بین بین و بەو هیوایە لە ماڵی خۆمان پاڵ بدەینەوە کە مخابن زۆرێک لە هێزە کوردییەکان بەو هیوایەن و بۆیەش خەریکن خۆیان تەنیا ناویان دەمێنێ.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات:‌ ئەگەر پلانێکی ئەوتۆ لە ئارادا هەبێ، لاتان وایە کور دچەند ئامادەیە؟

مەعرووفی: من بەداخەوە لەمبارەوە ڕەش بینم ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکار:

یەک: ئێستا لە ناو کورددا دوو هێزی پارتی و پەکەکە، خۆیان وەک تاکە هێزی کوردستان چاو لێدەکەن و هێزەکانی تر بە پاشکۆی خۆیان ئەژمار دەکەن و ئەوەش بە واتای ئەوە دێت کە ئەوان تەنیا خۆیان قەبووڵە و لێرەشدا هێزە دژبەرەکانی خۆیان یان هێزەکانی تر دەسڕنەوە یان هەوڵی تواندنەوەیان دەدەن یان هەوڵ دەدەن بیانکەن بە کۆیلەی خۆیان کە ئەوە گەورەترین خەساری لە کورد بە گشتی داوە

دوو: کوردی خۆرهەڵات، مەبەست حیزبەکانیەتی، هەندێکیان تواونەوە و هەندێکیان تەنیا لە ئاستی ٢٠ تا ٥٠ پێشمەرگەیان هەیە کەچی بەو حاڵەشەوە چون رابردوویان هەیە تا ئێستاش ئیدعایان هەیە و ئامادە نین بچنە هیچ چوارچێوە و بەرە و یەکگرتنێکەوە و بۆ شاردنەوەی لاوازییەکانی خۆیان، دەستیان داوەتە دژایەتیی خەباتی چەکداری.

سێ: تا ئیستاشی لەگەڵدا بێ بەشێک لە حیزبەکانی خۆرهەڵات، هەر بەدوای ئیسلاح تەڵەبی و فارسە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بزووتنەوەی سەوز دان. مخابن بەشێک لە کوردە ئیسلاح تەڵەبەکان کە من لاموایە هەموویان سەر بە ڕژیمن، ڕخنەیان کردۆتە ناو هەندێ حیزب و هەندێ ئەندامانی ڕێبەریی هەموو حیزبەکانەوە و ئەوەش لێکەوتەی نەرێنی هەبووە.

چوار: کورد لە ناوخۆ بە چەنف دەردەوە گیرۆدە بووە کە مادە هۆشبەرەکان، بێکاری، گیرۆدەبوون بە کەلتووری فارس، دووربوونەوە لە هەستی نەتەوەیی، زێدەبوونی ترس و دڵەڕاوکێ، بیرکردنەوە لە داهاتووی ئابووری و بەرژەوەندیی تاکەکەسی و دەیان شتی تر و هەروەها توانەوە یان لاوازبوونەوەی هەستی نەتەوەیی لە کرماشان و ئیلام، کە وایکردووە ڕوحیەی شۆڕشگێڕی دابەزیوە و ئەوەش خۆی لە پاشەکشەی ناڕەوای حیزبەکان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو، سەرچاوەی گرتووە

لەلایەکی تریشەوە کورد بەڕاستی بەتایبەت دوای دوکتور قاسملووی شەهید، کورد هیچ بەدوای دیپلۆماسی و لابیگەری لە دەرەوە نەبووە، تەشکیلاتی حیزبەکان لە دەرەوە لاواز کە چ بڵێم هەر نیە، مەیدان بە کەسانی چالاکیش نەدراوە، ئەوە وایکردووە کە کورد نەناسراو بێ یان وەک شیاویەتی نەناسرابێ

من لە قوتابخانەی سویس بە قوتابیەکانم گوت کورد دەناسن، لە چەند پۆلی جیاواز، تەنیا ٢ کەس کوتیان ناسمان بیستووە، ئەوە یانی کار نەکراوە. بەڵام کۆی ئەو باسە بەو واتایە نیە کە هیچمان لە هیچە و هیچ نیە و ناکرێ، بەڵکوو بەو خەباتە چەکدارییە کە هێشتا لە سەرەتا دایە دەبینین کە گۆرانکاری هاتۆتە ئاراوە بەڵام بەو مەرجە بەردەوام بێ و بەو مەرجە بە بەرنامە بێ و بەو مەرجەش کە هەموو فاکتەرەکان لە خۆ بگرێ و میدیای بۆ دامەزرێ و تەشکیلاتی دەرەوەی حیزبەکانیش پاکسازی تێدا بکرێ و نوێ بکرێتەوە ئەوا ئەو کات دەتوانین گەشبین بین.

باسێکی تر کە لاوازە ئەوەیە کە نەتەوە بندەستەکانی ئێرانیش لێک جیاوازن و دۆخیان یەک نیە و لە هەمان کاتێشدا حیزبی زۆرێک لە نەتەوەکان، نوێنەری خەڵکەکەیان نین و تەنیا بەلووچ و ئەلئەحوازییەکان کەمێک ئامادەن کە دەکرێ کورد هاوکاریی ئەوانیش بکا بەڵام ئەو ەلە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئیرانی فیدراڵ دا جێبەجێ نابێ بە ڕای من و کاری مەیدانی گەرەکە

ڕاسانی ڕۆژهەڵاتوەک باس کرا، هاوکێشەکان ئاڵۆزن و دۆخەکە بەرەو ئاراستەیەکی ئاڵۆز دەڕوات، کورد لەو ناوەدا چەند لە هاوکێشەکاندا هەیە، دۆخ و دەوری کورد چۆن دەبینن؟

مەعرووفی:  کورد دەیتوانی و دەتوانێ لە دۆخێکی باشتر دابێ لەوەی کە هەیە کە ئەویش بەستراوەتەوە بە هەندێ حافزەی مێژوویی حیزبەکان کە مخابن پێناچێ ئەو حافزە مێژووییە کە کەمێکیش ڕەشە، جێگای خۆی بدا بە بەرژەوەندیی نەتەوەیی کە من لێرەدا بە ڕاشکاوانە ئاماژەی پێناکەم و بەو هیوایە کە ئەو حافزە مێژووییە جێگای خۆی بدا بە هاوکاریی نوێ، ئە وباسە بەجێ دەهێڵم، بەڵام دۆخی ئیستای کورد ئەوە نیە کە دەبێ هەبێ.

ئێمە دوو جۆر دۆخمان هەیە، دۆخی هەنووکەیی و ئەو دۆخەی کە دەبێ هەمانبێ، دۆخی ئێستا بەڕای من وەک ڕۆژنامەوانێک کە باسەکان دەبینم و بەدواداچوونیان بۆ دەکەم، هیچ گونجاو نیە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یەکگرتووەیی کە من هەمیشە کوتوومە پێش مەرجی یەکگرتوویی یەکگرتنەوەیە کە وەک من دەیبینم بە هیچ شێوەیک هیچ یەکگرتنەوەیەک لە ناو حیزبەکانی خۆماندا لە ئارادا نیە کەواتە یەکگرتووییش هەر لە ئارادا نابێ و وەک کوتراش بەشێک لە حیزبەکان هەر ناوە مێژووییەکەیان لەگەڵدا ماوە و ئێستا بەو ناوەوە دەژین و ئیدعاشیان زۆرە. بەڵام هیوادارم کاری هاوتەریب و موازی بکرێ و بەر لە هەر شتێک هەموو لایەک خۆیان بۆ خەباتی چەکداری ئاماد ەبکەن و ئەگەر ناشتوانن و لە هێزیشیاندا نیە ئەوا بەدژی نەوێستنەوە کە کۆماری ئیسلامی کە سەردەمانێک نزیک بە ٢٠ هەزرا پێشمەرگە لە خۆرهەڵات هەبوو، هێندەی ئەو چەند سەد پێشمەرگەی ئێستا ترسی ڕێنەنیشتبوو کە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆرانکارییانەی کە لە ڕێگادان

ڕاسانی ڕۆژهەڵات: کوردستان بە 4 پارچەیەوە، هێزەکانی تا چەند ئامادەی کاری هاوبەش و یەکگرتن لە کاتی پێویست دان و ئەگەر نەبن، خەسارە کانی چیە؟

مەعرووفی: بەداخەوە من ئەو ئامادەبوونە نابینم بە چنەد هۆکار:

یەک: پەکەکە سیاسەتەکەی تا ئێستاش دژ بە دەوڵەت بوونی کوردە هەرچەند ئەوا لە خودموختاریی پێشنیارکراوی ڕووسیە لە دانیشتنی شاری ئاستانە، شاگەشکەیە بەڵام دیسانیش ئاسۆی دەوڵەتی نەتەوەیی لە پەکەکەدا بەدی ناکرێ

دوو: پارتی دێموکراتی کوردستان وەک لە لێدوانەکانی کاک مەسعوود بارزانی دیارە، هیچ بەنیازی سەربەخۆیی نەیو زیاتر وەک کەرستە و مامەڵە کەڵکی لیوەردەگرن وهەر ڕۆژ بە بابەتێکی لاوەکییەوە دەیبەستنەوە

سێ: حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بەشێکیان ئەو ئامدەییەیان نیە و تەنانەت لایەنە جیابووەکان بۆ جیاواز نواندنی خۆیان، دروشمی دژ بە لایەنی لێ جوابۆوە دەگرنە پێش و من وەک خۆم تێبینیم کردووە دەبینم کە ئەو لایەنانە خەریکن بە دژی خەباتی چەکداری لە ژێرەوە پێکەوە دەلکێن لە سەرەوەش باس لە بەرەی یەکگرتوو دەکەن.

لێکەوتە و کاریگەرییەکانی مخابن ئەوەیە کە کورد وەک هەمیشە لە پێناو ناتەبایی ناو ماڵی خۆی، خەریکە ئەو دەرفەتە مێژووییەش دەدۆڕێنێ.

بابەتێکی تر کە هەیە ئەوەیە بەڕای من کورد هێشتا نە بە تاک و نە بە کۆ، فێری سیاسەت نەبووە، کورد تەنیا چەک و پارەی وەرگرتووە و شەڕی بۆ خەڵک کردووە و لای وابووە بۆ  خۆیەتی.

پۆل بریمەر، نوێنەری ئەمریکا لە عێراق دەڵێ کە سەدام لاچوو، کوردەکان هاتن، ترسی ئەوەم بوو دوای سەربەخۆیی بکەن بەڵام هەم پارتی و هەم یەکیەتی داوای پارەیان کرد، هەر ئەوەشە ئیستا مەزنترین خەمی باشوورییەکان، پارە و مەعاشە.

ڕاسانی ڕۆژهەڵاتباستان لەدەوری چین کردو ئەوەی کە دەیهەوئ ببێ بە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی جیهان، کاریگەرییەکانی بوونی چین بەو هێزە بۆ کوردو ناوچە چیە؟

مەعرووفی:  چین تا ئێستا هەر بە بازرگانی و کاڵاکانییەوە جیهانی تەنیبوو، بەڵام لەوەبەدوا ئەگەر وەک وەزیری دەرەوەی دەڵێ بیانهەوێ ل ەئەگەری ئامادە نەبوونی ئەمریکا بۆ وەئەستۆگرتنی ڕێبەریی جیهان، ئەوان دەیگرنە ئەستۆ ئەوە بەو واتایەیە کە چین دەیهەوێ لە ڕووی سەربازیشەوە بێتە ناو هاوکێشەکانەوە. چین لەگەڵ ئیران لەلایەک و لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لەلایەکی تر و تەنانەت لەگەڵ ڕژیمی ئەسەدیش، پەیوەندی خۆشە و بە ئاشکراش پشتگیری لە ئەسەد کرد چون ئەوان بەدوای ئەوەن دوای ئەوەی سووریە کاول بوو، کۆمپانیاکانیان بچن بۆ ئاوەدان کردنەوە و پشکی شێریان لەمبارەوە بەربکەوێ

کەواتە هاتنە پێشی چین بە واتای زیندووتر بوونەوەی ئێران و ئەقمار و دەست و پیوەندییەکانیەتی، چینێک کە خۆی تا ئیستاش مافی مسوڵمان و تبتیەکانی بە فەرمی نەناسیوە و لەگەڵ تبتیەکان لە شەڕ دایە و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەکا و زۆربەی ڕێسا کۆمونیستییەکان تا ئێستاش باون.

چین خۆی لەگەڵ چەند وڵاتی تریش کێشەی کۆن و مێژوویی هەیە و ئەوەش خۆی هاوکێشەکان زاڵ دەکا و دەکرێ بڵیین هاوکێشەکان زۆر ئاڵۆز دەکا،

چین هەرچەند لەگەڵ ڕووسیە ل ەهەندێ بەرژەوەندیدا پێک ناکۆکن بەڵام لە ئەمریکا زیاتر لەگەڵ ڕووسیە کۆکە، ئەوە بەو واتایەیە کە دەوری ئامریکا و وڵاتانی دێموکرات لاواز دەکات.

ئەوە خەسارێکی مەزنە بۆ جیهان و هیوادارم هیچ کات جیهان تووشی ئەو قەیرانە نەبێ کە وڵاتێکی بەرژەوەندیخوازی وەک چین ببێتە سەرەڕۆ یان دەمڕاستی جیهان.

ڕاسانی ڕۆژهەڵات: تڕامپ بەتوندی بەڵێنییەکانی خۆی کە لە هەمبەرئێران دێنێتە ئاراوە،پێتان واهەیە مەبەستی سەرەکیی ئەوفەرمان وگەمارۆیانە چیە؟

مەعرووفی: پێشتریش باسم کرد کە ترامپ دەتوانێ دوو مەبەستی هەبێ:

یەک: گۆڕینی خەریتەی خۆرهەڵاتی ناوەراست کە لەمێژە لە ئارادایە و تەنیا لە کۆماریخوازەکانیش چاوەڕوان دەکرێ ئەنجامی بدەن

دوو: پاشەکشە کردن بە کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندەکانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی

ئەگەر یەکەمی بێ کە تا ئێستاش ڕوون نیە، ئەوا دەکرێ کورد لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرێ، ئەگەر دووهەمی بێ بۆی هەیە کورد بکرێتە قوربانی.

بەڵام کێشە ئەوەیە کورد تا ئێستاش خۆی نە لابیگەری هەیە، نە خۆی ناساندووە و نە لە هاوکێشەکان دایە، کەواتە کورد دەبێ سەرەتا خۆی و هێز و ویستەکانی بناسێنێ. کورد لە ناساندنی خۆیدا هەر خۆی بە نەتەوەیەکی بندەست و زۆرلێکرا و هەژار دەناسێنێ و تا ئێستا جیهانی بەرژەوەندیپەرەستی تێنەگەیاندووە کە ئەگەر بێت و ببێتە وڵات، چ قازانجێکی بۆ ئەوان دەبێ. مخابن مەیدانیش قۆرغ کراوە و بەربەست بۆ گەنجان و کەسانی زمانزان و چلاک کەمە و ئەو کارەش بەڕاتسی بە هەوڵی تاکەکەسی ناکرێ و پێویستی بە ڕێکخستن و پشتگیری و هاندان هەیە

 ڕاسانی ڕۆژهەڵات: لە کۆتاییدا پرسیار ئەوەیە کە کورددەبێ چی بکات بۆ ئەوەی بتوانئ لەودۆخەکەڵک وەربگرێت؟

مەعرووفی:  کورد یەک بژاردەی زیاتر نیە، کورد دەبێ یەکتری بگرێ و هیچ ڕێگایەکی تری نیە. ئەو یەکگرتووییەش من کارم بە پارچەکانی تر نیە بەڵام کوردی خۆرهەڵات دەبێ

یەک: لە دەشتی کۆیە و زڕگوێز بێتە دەر، مەبەستم هەر پێشمەرگە نیە بەڵکوو رێبەرایەتییەکانی حیزبەکان

دوو: لە ناوخۆ ڕێکخستن بکرێ و گەنجان و خەڵک دەست بکەن بە خۆڕێکخستن ئەوەش دەکرێ هەم خۆیان بیکەن و هەم حیزبەکان بیکەن.

سێ: لە دەرەوە دەست بکەین بە لابیگەری، دانانی سمینار، گرتنە دەستی ڕۆژنامە و ڕادیۆ و گۆڤارەکان و چون بۆ کۆڕ و کۆبوونەوەکان، تەنانەت ئەگەر دانیشتنی سادەش بن نابێ خۆ ببویرین

هەندێ گۆڕانکاریی پێکهاتەییش لە ناو حیزبەکان و لە ڕێبەرایەتیی حیزبەکان و هەڵبژاردن و بەکردەوەیی کردنی ستراتژی و تاکتیکەکان پێویستە کە منێکی ڕۆژنامەوان ناتوانم بڵێم چۆن ئەو کارە بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت