شرۆڤەیەکی کورت لەسەر هەڕەشەی تێرۆری کۆماری ئیسلامی

0
597

شرۆڤەی تایبەتیی ڕۆژی کورد

رۆژی ١٠ خەزڵوەری ١٣٩٥ـی هەتاوی، حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی گشتیی سپای تیرۆریستیی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی لە بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی کرد و گوتی “ئێمە بۆ سەرکوتی ئەوان هیچ سنوورێک ناناسین”.

لێرەدا چەند پرسیار دێتە ئاراوە. پرسیاری یەکەم ئەوەیە “ئەو لایەنەی کە حوسێن سەلامی هەڕەشەی لێدەکات کێیە؟ و مەبەستی سەلامی لە سنوور چییە؟”

حوسێن سەلامی، لە هەڕەشەکەیدا وشەی “دشمن” بەکار دێنێت و ئەو وشەیەش لە زاراوەی کۆماری ئیسلامییدا، چەمکێکی گشتییە بەڵام بەو هۆکارانەی خوارەوە مەبەست لە دوژمن، هێزە کوردییەکانن:

١- ئەو هەڕەشەیە لە ورمێ کە خاکی کوردستانە کراوە.

٢- ئەو قسەیە لە کۆبونەیەوەیەکدا کرا کە بۆ “رێزگرتن” لە کوژراوەکانی ئیتلاعاتی سپا ڕێکخرابوو، ئەو ٢٣٠ کەسەی لەو کۆبونەوەیەدا ڕێزیان لێ گیرا، زۆرینەی نزیک بە تەواویان لە پرۆسەی سەرکوتی هێزە کوردستانییەکان لەلایان کۆماری ئیسلامییەوە، بەدەستی هێزە کوردستانییەکان کوژراون.

٣- بەردەنگی کۆبونەوەکە “جاش” و کاربەدەستانی سپا لە کوردستان بوون.

٤- لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا، گرینگترین ئاڵوگۆڕیی نێوخۆی کە لە ئێران هاتە گۆڕێ،پرۆژەی “ڕاسانی خۆرهەڵات” لەلایان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بوو کە لەو ماوەیەدا چەندین تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە و سپای تیرۆریستیی پاسداران ڕووی داوە.

کەواتە بەو بەستێنەی کە وشەی “دشمن” (بە کوردی دەبێتە دوژمن) تێیدا گوتراوە، دەردەکەوێت کە ڕووی هەڕەشەی حوسێن سەلامی، بە گشتی لە ڕاسانی کوردستانی خۆرهەڵات و بەتایبەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە.

لەسەر وشەی “سنوور” لە ڕستەی هەڕەشەی حوسین سەلامی ـدا، دەبێ بڵێین لێرەدا تەنیا سنووری سیاسی یان جوگرافیای مەبەست نییە بەڵکوو سنووری کردەوەش دەگرێتەوە، واتە هەم لە ڕووی جوگرافیای سیاسی خۆیان پێبەندی سەروەریی وڵاتانی دنیا نازانن و هەمیش لە ڕووی کردەوەییەوە خۆیان پێبەند بە ئەخلاقی سیاسی نازانن.

 پرسیاری دواتر ئەوەیە کە لە ئەگەری بەکردەوە کردنی ئەو هەڕەشەی سەلامی کام لاینەی ڕاسانی خۆرهەڵات دەکەوێتە بەر هێرشی تێرۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران؟!

کۆماری ئیسلامی لە تێرۆی بەرهەڵستکارانی خۆی، دەستێکی باڵای هەیە و ئەو ڕژیمە بەردەوام تێرۆری وەکوو کەرستەیەک بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکار هێناوە، بە ڕاشکاویش دەتوانین بڵێین، تێرۆر بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی و بۆ لاواز کردنی بەرهەڵستکارانی، چەکێکی کاریگەر بووە.

تێرۆر وەکوو کەرستەیەک لەلایان کۆماری ئیسلامی هەم بەرانبەر بە بەرهەڵستکارانی نێوخۆیی خۆی بەکارهاتووە و هەمیش دەرهەق بە نەیارانی نێودەوڵەتیی خۆی دەکاری کردووە،

بەڵام لەگەڵ ئەوەی تێرۆر وەکوو کردەوە ڕوو بە هەردوو لایەن یەک شێوە هەڵسووکەوت بووە، بەڵام ئامانجی کۆماری ئیسلامی لە بەکارهێنانی تێرۆر، ڕوو لە بەرهەڵستکارانی نێوخۆی و نەیاری نێودەوڵەتی زۆر جیاواز بووە.

لێرەدا باس لە تێرۆر تەنیا وەکوو کردەوەیەکی کۆماری ئیسلامی دەکرێ کە دەرهەق بە بەرهەڵستکارانی نێوخۆی بەکاری هێناوە.

بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ڕواڵەتی  تێرۆری کۆماری ئیسلامییەوە دیارە،  ئەو ڕژیمە لە بەکارهێنانی تێرۆر ڕوو بە بەرهەڵستکارانی نێوخۆی، خۆی ئامانجی سازکردنی ترس و دڵەڕاوەکێ نییە، بەڵکوو یەکەم  ئامانجی، لاوازکردن و لەنێوبردنی خاڵە بە‌هێزەکانی بەرهەڵستکارانێتی.

 تێرۆری بەرهەڵستکاران لە دەرەوەی سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی، هەم تێچووی ئابووری و سیاسی  بۆ ئەو ڕژیمە زۆرە و هەمیش دەستی زۆر تێدا ئاواڵە نییە. لێرەدا مەبەست لەو قسەیە ئەوەیە کە تێرۆری بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران بە گشتی و لە ڕۆژئاوا بەتایبەتی، هێندە بە شارەزایی نەکراون کە دەستی کۆماری ئیسلامی تێدا دەرنەکەوێت، بەڵام ئەوەی کە تەنیا بەشێکیان هەڵڵای زۆر گەورەیان لێ ساز بووە و زۆرینەی “دیزە بە درخۆنە کراوە” هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگ کردنی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، لەسەر تێرۆرەکەی کە لە خاکی ئەواندا کراوە، تێچووی سیاسی و ئابووری داوە و دیارە ئەو تێچووە لەگەڵ خۆی سنووریشی بۆ کۆماری ئیسلامی دیاری کردووە؛ واتە وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەر بەوە ڕازی نەبوون کە هێندێ خاڵی سیاسی و ئابووری لە ئێران وەربگرن، بەڵکوو سنووری ڕێژەییان بۆ کردەوە تێرۆریستییەکانی دیاری کردووە و وانەبووە کە دەستی ئاواڵەبکەن، کەوایە کۆماری ئیسلامی لە تێرۆرەکانییدا دەبێ تەنیا تۆقاندن و چاوترساندنی لەبەر چاو نەبێت بەڵکوو زیاتر ئەوەی لەبەرچاو بێت کە بە تێرۆری ئەو کەسە بتوانێ زەبری گورچووبڕ لە بەرهەڵستەکەی بدات.

ئەو یاسایەی کە لەسەرەوە باسی کرا، تێرۆری هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە  کوردستانی باشوور ناگرێتەوە . لە قۆناغی ساڵی ١٩٩١ هەتا ١٩٩٩ کە پتر لە ٢١٧ ئەندامی هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات تێرۆر کران، بەو هۆکارانە ئامانجی زۆربەی تێرۆرەکان، سازکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو هێزە کوردییەکان بوو:

 ١- ئەو سەردەم، کۆتایی خەباتی چەکداری و سەرەتای ڕاگرتنی خەباتی چەکداریی کوردستان بوو بۆ ئەوەی جارێکیتر ئەو خەباتە سەرنەگرێتەوە، دەیانویست ترس و خۆف لە نێو ئەندامانی حیزبەکان بەگشتی و  حیزبی دێموکرات بەتایبەتی ساز بکەن و بەو شێوەیە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوانە پەراوێز بخەن و بەم شێوەیە بتوانن رێکخراوەکان وەک رێکخراوە ئێرانییەکان  تووشی هەڵوەشانەوە و لێکترازانیان بکەن.

٢: تێرۆر لەو قۆناغەدا لە کوردستانی باشوور بە هۆی نەبوونی سەرەوەریی سیاسیی ئەو ناوچەیە نە لە ڕووی ئابووری و نە لە ڕووی سیاسییەوە، هیچ تێچوویەکی بەرچاوی بۆ کۆماری ئیسلامی نەبوو.

٣: کۆمەڵگای جیهانی بە گشتی گوێی خۆی لەو تێرۆرانە ئاخنی بوو و هیچ گرینگییەکی بەو کردەوانەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی باشوور نەدەدا.

پاش ئەو پێشەکییە دێینە سەر وڵامی پرسیاری دووهەم

لە ئێستادا سیاسەتی جیهانی، یەکێ لە تەوەرە گرینگەکانی،  بابەتی “شەڕی تێرۆریسم”ـە

هەرچەند بە هۆی ئاڵۆزییەکی زۆر کە لە دەستنیشان کردنی واتای “تێرۆریسم” دەکرێت، بواتا ئەو سیاسەتە نە لە ڕووی چەمکەوە بابەتێکی ڕوونە و نە لە ڕووی کردەوەشەوە دیارە کە بەردەنگی ئەو شەڕە کێیە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەش بابەتی “شەڕی تێرۆریسم” لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا گرینگی تایبەتی هەیە و کەم دەوڵەت دەتوانن وا هەڵسووکەوت بکەن کە کردەوەکانیان بکەوێتە خانەی “تێرۆر”ـەوە. دیارە لەگەڵ ئەوەی کە واتای تێرۆریسم ناڕوونە و هەر لایەنێکی سیاسی لە جیهاندا لێکدانەوەی خۆی بۆ ئەو دیاردەیە هەیە، بەڵام واتای  “تێرۆر” ڕوون و دەستنیشان کراوە و هاوکۆکییەکی جیهانی لەسەر هەیە.

سەرەڕای ئەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی عەڕەبی و ئیسرائیل لە چڵەپۆپەی گرژی و ناکۆکی دایەوە، بێگومان  ئەو وڵاتانە هەوڵدەدن لە ئەگەر ئەوەدا کە کۆماری ئیسلامی بەرهەڵستکارانی خۆی تێرۆر بکات و لە ڕێگای پانتایی سیاسەتی “شەڕی تێرۆریسم” کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانی نێودەوڵەتی بکەن و ئاراستەی سیاسەتی شەڕی تێرۆریسم بەرەو لای کۆماری ئیسلامی بگۆڕن. کەوایە لەو ڕووەشەوە کۆماری ئیسلامی پێویستی بەوەیە لەسەر هەست بێت و دەستی بۆ تێرۆر ئاواڵە نییە.

سێهەم دیارەدە کە دەتوانێ وەکوو لەمپەری سەر ڕێی سیاسەتی تێرۆری کۆماری ئیسلامی دەرهەق بە بەرهەڵستکارانی نێوخۆی سەیر بکرێت، ڕاگەیاندنی سەتەلایتی، ئینترنێت و ڕایەڵەی کۆمەڵایەتییە؛ لە ئێرانی ئێستادا ڕاگەیاندنی سەتەلایتی و ئینترنیت بەگشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی، بۆتە تۆڕێکی گەورەی زانیاری کە دەنگی ناڕەزایی خەڵک و بەرهەڵستکارانی  کۆماری ئیسلامی لە ڕێگایی ئەو ڕاگەیاندنەوە، دەگاتە گوێی کۆمەڵگای ئێران و جیهان، کەوایە بەپێچەوانەی ڕابردوو، کۆماری ئیسلامی ناتوانێ کردەوەکانی خۆی زۆر بە ئاسانی “بن بەڕە دەدا” و حاشای لێبکات؛ ئەگەریش نەتوانێ کردەوەکانی خۆی لە چاوی کۆمەڵگای نێوخۆی ئێران بشارێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە ڕای گشتیی ئێران لەسەر بابەتی تێرۆر، لێی وەدەنگ بێت و قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران  قووڵتر لە پێش تێرۆرەکان ببێتەوە.

بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کۆماری ئیسلامی ئامادە نییە تێچووی تێرۆری بەرهەڵستکارانی خۆی بدات، وەکوو لە ڕابردووشدا بینیومانە، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو ڕژیمە “سەرەڕۆ” بوونییەتی و بۆ وەدیهێنانی مەبەستێکی خۆی، ئامادەیە تێچووی زۆر بدات، باشترین نمونە بۆ بابەتی سەرەڕۆیی سیاسی، باسی پرۆژەی ناوەکییەکەیەتی ، وەکوو دیترا کۆماری ئیسلامی لە پێناو سەرخستنی مەبەستی خۆی لەو پرۆژەیەدا، تێچوویەکی قورسی چاوەڕوان نەکراوی دا. کەوایە کاتێک حوسێن سەلامی هەڕەشەی تێرۆر دەکات، ئەوەشی لەبیرە کە ئەو هەڕەشەیە تێچووی بۆیان هەیە، بەڵام لێرەدا ئەو تێچوویە نابێتە لەمپەر بەڵکوو دەبێتە ئاراستەکەری جۆری تێرۆرەکە.

بەگشتی پاش ئەو خوێندنەوەیە چاوەروان دەکرێت، چوار لایەنی ڕاسان لە هێرشی تێرۆری کۆماری ئیسلامی پەلامار بدرێن:

١: لایەنی سەربازی لە ئاستی فەرماندەردا

٢: لایەنی سیاسی لە ئاستی بڕیاردەر و پەیوەندیکاردا

٣: لایەنی ڕاگەیاندن

 ئەوە بەشە پێویستی بە ڕوون کردنەوەی زیاترە؛ کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕژیمێکی تۆتالیتێرە و ئەو ڕژیمە، سانسۆڕی زانیاری کردۆتە یەکێک لە بنەماکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای ئێران و لە ئێستا بەهۆی بەربڵاوی راگەیاندن و بەهۆی زۆری هاتوچۆی زانیاری ئەو بنەمایەیی دەسەڵاتدارییەکەی لە ژێر رکێفی دەرچووە و ئەوەش وای کردووە کە کۆماری ئیسلامی لەسەر لایەنی ڕاگەیاندنی ڕاسان زۆر هەستیار بێت، دیارە لێرەدا مەبەست لە لایەنی ڕاگەیاندنی ڕاسان تەنیا بڵاوکراوەکانی ناوەندی ڕاگەیاندنی حدکا نییە ، بەڵکوو زیاتر مەبەست ئەو ڕاگەیاندنانەیە کە لە ڕاستییدا سەر بەناوەندی ڕاگەیاندنی حدکا نین، بەڵام هەواڵ و بابەتی پەیوەندییدار بە ڕاسان لە دەلاقەی ڕوانینی حدکاوە دەگوازنەوە.

٤: لایەنی ئابووری

سەرەڕای ئەوە بەربەستەکانی پێش کۆماری ئیسلامی لە بەکارهێنانی تێرۆر،  لەبەرانبەر بە ڕاسان دا ؛ تەنیا دیاریکەری لایەنی بەردەنگی تێرۆرەکانی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو دیاریکەری شێوەی تێرۆرەکانیشە، ئەزموونی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆردا دەریخستووە ئەو کاتەی کە ئاشکرابوونی تێرۆر دەبێتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی ناچار بێت تێچوویەکی زۆر بدات ڕژیم  زیاتر تێرۆری بیولۆژیکی بەکار هێناوە وەکوو تێرۆری “محەمەد میهدی رەبانی ئاملشی” ئەندامی “شورای نگهبان قانون اساسی” لە ساڵی ١٣٦٤ کە پاش گیرانی “مێهدی هاشمی” تاوانی تێرۆرەکە خرا ئەستۆی ناوبراو.

 هاوکات لەگەڵ ئەو بابەتە  محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران لە ٢٧ سەرماوەزی ١٣٩٢ لە گوتارێکیدا بۆ کارمەندانی بەشی تەناهی فرۆکەخانەکانی ئێران زۆر بە توندی لەو بابەتەی  کە خۆی پێی دەگوت مەترسی “تێرۆری بیولۆژیک” ئاگاداری کردنەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەوە کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیاندنەکانی خۆیدا بە فەرمی دەلێت: دوکتور سەعید ئاشتیانی بەرپرسی ناوەندی “رۆیان” کە ناوەندێکی لێکۆلینەوە لە بواری نەزۆکی و چاوە بنەرەتییەکانە(سلولهای بنیادی) ، سید عەزیز حەکیم بەرپرسی مەجلیسی باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێراق و فەروجوڵڵا سەڵەحشوور ڕاگەیاندنکار و دەرهەێنەری سەر بە سپای پاسداران بە تێرۆری بیولۆژیک کوژراون. کە وایە کۆماری ئیسلامی بابەتی تێرۆری بیولۆژیک بە پانەوە باس دەکات و لێشی شارەزایە.

بێگومان لە ئەگەری بەکارهێنانی تێرۆر لەلایان کۆماری ئیسلامییەوە لە بەرانبەر راساندا، دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە تێرۆی بیولۆژیکی زیاتر لە شێوە تێرۆرەکانیتر بەکار بهێندرێت.

سەرەڕایی ئەو باسە چاوەڕوان دەکرێت کە تێرۆری کەسایەتی بە مەبەستی قێزەون کردن بیری و بۆچونی ئەو کەسایەتییە و هەروەها بە مەبەستی لاواز کردنی پێکەی کۆمەڵایەتی ڕاسان زۆر بەبەرینی بکرێت، دیارە لەسەر باسی شێوەی تێرۆری کەسایەتی ئەوە خۆی دەتوانێ تەوەری بابەتێکی سەربەخۆ بێت، بەڵام هەر ئەوەندە دەلێم کە لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای کوردستان دەرهەق بە لایەنەی کە پێی دەگوترێ، “ناموس” زۆر هەستیارە بەشی زۆری تێرۆری کەسایەتییەکانی نزیک لە ڕاسان لە دەلاقی ئەو روانیینەوە دەکرێت، واتە لە دەلاقەی ڕوانینی بابەتی “ناموس” لە کۆمەڵگای کوردستان دا تێرۆری کەسایەتییەکانی نزیک لە ڕاسان دەکرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت