شرۆڤەیەکی چڕی پان ئێرانیسم و لایەنە جیاجیاکانی/وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ کەیوان دروودی

0
419

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت یەکێکە لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژ لە ڕایەڵەی تلێگرام لە ڕێکەوتی ٨ و ٩ـی ڕەزبەری ١٣٩٥ لەسەر مژاری “پان ئێرانیسم و لایەنە جیاجیاکانی” بە میوانداریی بەڕێز کەیوان دروودی، چالاکی سیاسی و بە پێشکەشکاریی هەڵمەت مەعرووفی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی گەورەژووری ڕاوێژ، ئەنجام دراوە.

کەیوان دروودی
کەیوان دروودی

ڕاوێژ: بەر لە هەر پرسیارێک حەز دەکەم بۆمان ڕوون بکەنەوە، پێشگری “پان” لە وشەگەلێکی وەک پان ئێرانی، پان عەڕەب و …تاد، بە چ واتایەک دێت؟

دروودی: پان بەرەچەڵەک پێشگرێکە کە لە زمانی یوونانیەوە هاتووە و بەواتای “هەموو” بەکار ئەبردرێ کە لە سەرەتاوە لە ئەدەبییاتدا بووە و دواتر لایەنی سیاسی بەخۆیەوە گرتووە و زۆرتر بۆ ئەو ڕەوتە سیاسییانە بەکارئەبردرێ کە بەدوای یەکدەست کردنئ خاک، ڕەگەرز، مێژوو و جوغرافیا دان  وەک نازیستەکانی ئاڵمان کە لەهەوڵی پەرەپێدانی ڕەگەزی ژێرمەنی و ڕووبەری خاکی ئاڵمان و .. بوون، لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نموونەی زۆرن کە ناسیۆنالیزمی فارس و بەدیاریکراوی پان ئیرانیستەکان نموونەیەکی هەرەسەرەکی و زەقن لەو بارەوە.

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

ڕاوێژ: پان ئێرانیسم لە کەیەوە سەری هەڵداوە؟

دروودی: لە ڕاستیدا بیرۆکەی پان ئیرانیستی و بەگشتی ناسیۆنالیزمی فارسی کە خۆیان پێیان وایە نوێخوازانەیە، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە و کۆتاییەکانی سەردەمی قاجارەکاندا و لە ئاکامی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران  لەگەڵ ڕۆژئاوا، هاتووەتە گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانەوە و دواتر لە ڕێگەی نووسەرانی فارسی نیشتەجێی دەرەوەی وڵاتەوە تیۆریزە کراوە، بەڵام یەکێک لە مانیفێستەکان یان بڵێین دیارترینیان نووسراوەکانی فیردەوسی ـیە.

ڕاوێژ: خودی وشەی ئێران بەو مانایەی ئەمڕۆی لە کەنگێوە هاتۆتە ئاراوە؟ ئایا ئێران لە کۆنەوە هەر ئێران بووە یان بە ناوی تر ناسراوە؟

دروودی: وشەی ئێرانی لە شانامەی فیردەوسیدا دەیان کەڕەت هاتووە، بەڵام بۆ تەنیا جارێکیش ئێران بەم یەکە سیاسی جوغرافییەی هەنووکەیی نەهاتووە، بەدەیان کەڕەت لە شانامەدا مازەندەران و ئەهواز و تەنانەت سیمبۆلی بەرزەفڕی و سەربەستیی پان ئیرانیستەکان کە لووتکەی دەماوەندە وەک کیانێکی جیا لە ئێران هاتووە، لەڕاستیدا ئێران تەنیا فەلاتی ئێران یان بەشێک لە خوراسانی ئەوکات بووە، بەڵام بە فەرمی لە ساڵی 1314 بەملاوە لە سیستەمی برۆکراسیی ئێران و نامەنووسینە دەرەکییەکاندا هاتووە و پێش لەوە بەڕەسمی نەبووە.

ڕاوێژ: ئامانجەکانی پان ئێرانیەکان چیە؟ داواکارییەکانیان چیە و بۆچی تێدەکۆشن؟

دروودی: پان ئێرانیستەکان وەک هەموو هاوشێوەکانی خۆیان بۆ یەکدەست کردنێکی ڕەگەزی، نیشتمانی، زمانی و مێژوویی هەوڵ ئەدەن کە ڕەگەزەکە بریتییە لە ئارییایی پاقژ و ڕووت، نیشتمانەکە ئێرانی هەنووکەیی و جاری واشە ئەرمەنستان و وڵاتانی قەفقاز و عێراقیش دەگرێتەوە و زمانەکەش پارسی و لە کۆتاییدا مێژووەکەش ئەو مێژووە ئەساتیرییەیە کە لە سەرچاوەکانی خۆیاندا هاتووە و مەبەستیشی پێکهێنانی ڕووبەرێکی جوغرافیی گەورەیە بە سەردەستیی نەتەوەی فارس بە کورتی، هەربۆیەش دەبینین لە سەردەمی ڕەزاشاوە پیلانی سڕینەوەی نەتەوە جیاجیاکان بە لەتکردنی خاکی نەتەوەکان دەستی پێکردووە وەک ئەوەی لە بەلووچستان و کوردستان کردوویانە و وردەوردە هەتا ئێستە پەرەی سەندووە و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ئەجیندای حاکمییەتی نەتەوەی سەردەست.

ڕاوێژ: لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بە هۆی ئەوەی کە بە گوتەی خومەینی و بەپێی ئیسلام، هەموو مرۆڤەکان بەرانبەرن، ئایا پان ئێرانیسم زیاتر سەری هەڵداوە یان ئەوەتا بەپێی ئیسلام سەرکوتکراوە؟

دروودی: ئەو گوتەیەی خومەینی کە پراکتیزە کراو ناوی نرا (امت اسلامی) لە ڕاستیدا ڕێک لە کاناڵی دڵخوازی پان ئیرانیستەکاندا بوو، چونکە خاڵی جەوهەریی ئەوان کە هەمان یەکدەست کردنە، بە زەقی تێیدا دیارە و هەربۆیەش ئەو یاسا بنەڕەتییەی لێکەوتەوە کە ئایینزا و زمانی رەسمیی کرد بە شیعەی دوانزە ئیمامی و زمانی فارسی و لابردنی بەشداریی سیاسی لە ڕێگەی حیزب و رێکخراوە و دەیان مادە و بڕگەی یەکدەستکەر و پاکتاوچی هێنا ئارایەوە، بۆیەش پان ئیرانیزم تەنیا شێوازی گۆڕدرا، ئەگینا هەمان بەرنامەی پراکتیزە بوو بەڵام لەپێناوی ئوممەت بە جێی میللەت.

ڕاوێژ: زەقتر بوونەوەی پان ئێرانیەکان و درووشەکانیان لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بۆ چی دەگەڕێتەوە و بە چ ئامانجێکەوە دەکرێ؟

دروودی: کۆماری ئیسلامی یان پاشایەتی یان هەر سیستەمێکی سانتراڵیترو ناوەندگەرا کە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەیەکی تایبەتی فارسی هەبێت، پشتبەستووە بە شێوازی حوکمڕانیی ناوەندگەرا کە پارس لە ناوەنددایە و لە میحوەرییەت و چەقی بڕیارە، هەربۆیەش کۆماری ئیسلامیش وەک حکوومەتێکی پراگماتیست بەباشی درکی بەوە کردووە کە لەسەر ئەو پاشخانەیە کە خۆی بۆ ڕادەگیردرێ و ئەگەر وەلای بنێ تووشی لەکیسچوونی ئەو پشتگیرییە دەبێت، بۆیەش کەسێک وەک سەید جەواد تەباتەبایی و ئەوانە دەتوانن نووسراوەکانیان ئاوا پەرەپێبدەن، کەونگەرایی یان باستانگەرایی خۆی لە خۆیدا مەحکوومە بە گەڕانەوە بۆ مێژووییەکی ساختە و دەرکێشانی سەرچاوەی ڕەوایی لەو مێژووە، هەربۆیەش کۆماری ئیسلامی ناتوانێ ئەوان وەلابنێ و جاری واشە بۆ دەرخستنی جەماوەری خۆی کەڵک لە پان ئیرانیستەکان وەردەگرێ. پێمخۆشە ئەوەش ئاماژە پێبکەم کە ئەم جۆرە حەز و ویستە کە ناسیۆنالیزمێکی پاکتاوکەرە، جیاوازیی جەوهەری لەگەڵ پاترۆتیزم یان نیشتماندۆستی هەیە، بەڵام ئەوان لەژێر ناوی نیشتماندۆستی خەریکی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی پان ئیرانیستیی خۆیانن.

ڕاوێژ: ئەگەر باش سەرنج بدەین، دروشمی پان ئێران و گەڕانەوە بۆ شانازییە درۆیینەکانی پان ئێرانیەکان، لە سەردەمی ئەحمەدی نەژادەوە زیاتر پەرەی سەندەووە، بەڕای ئێوە هۆکار چیە؟

دروودی: ئەمە هەڵدەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری خۆیی و وجوودیی کۆماری ئیسلامی، لەڕووی چییەتیەوە. کۆماری ئیسلامی لەسەر کۆڵەکەی دروشمی “نە شرقی نە غربی جمهوری اسلامی” دامەزرا، بەڵام بەجیهانیبوون و پەیوەندیداربوونی شادەمارەکانی پەیوەندیی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی وادەکات کە ئەم کۆڵەکە جاروبار بکەوێتە لەرزە و بەرەو داڕمان بچێت، هەربۆیەشە کە لە سەردەمی ئەحمەدینژاددا، هاوکات لەگەڵ داخستنی پەیوەندییە دەرەکییەکان و زەختی دونیای ئازاد لەسەر دۆسییەی ناوکی، ناچاربوون دەست بەرن بۆ ئەو پاشخانە کەونگەرایانەتان تا لە ئەگەری بەرەوڕووبوونەوەیان لەڕووی سەربازییەوە، لەو پۆتانسییەلە کەڵک وەربگرن و لانیکەم نیشانی بدەن کە ئەوان ئەوەندە بەهێز هەن کە پێویستییان بە شەرق یان غەرب نەبێت، بەکورتی ئەوە گەڵاڵەکراو و ئامانجدار بوو بۆ مانەوەی نیزامی کۆماری ئیسلامی.

ڕاوێژ: پان ئێرانیەکان زۆرتر لەوەی کە داکۆکی لەسەر پێکەوە ژیانێکی ئاشتیانە لە ئێران بکەن، بە دژی داواکانی نەتەوەکانی ترن و وەک کۆماری ئیسلامی دەیانهەوێ ئەو نەتەوانە بچەوسێننەوە، پێتان وایە لە داهاتوودا زۆر مەترسیدار نابن؟

دروودی: لەسەرەتاوە ئاماژەتان بەگوتەی خومەینی و یەکسانیی مرۆڤەکان کرد، ئەمە هەر ئەو دروشمەیە کە پان ئیرانیستی بەناو ئۆپۆزیسیۆن لەژێر ناوی لیبراڵیزم و تاکگەری دەڕشێنێتەوە، چارەسەری سیستەمی سیاسی، دەستنیشان کردنی جۆری پێکهاتەی حکوومەت و شێوازی بەشداریی دەسەڵات و ڕەوایی نەک دروشمی سەرکاغەز، بەداخەوە دەبێ بڵێین کە ئەوە پارسەنگی هێزە کە دەتوانێ ملی ئەوانە بۆ نەتەوەکانی تر ڕاکێشێ و ئەوەش بە یەکگرتوویی نەتەوە بندەستەکان نەبێت بە شتیتر بەدی نایەت، هەرچەندە بەخۆشیەوە لە ئاستی بەدەنەی کۆمەڵگە نەتەوەبندەستەکان خەریکن دەگەن بەشعوورێکی نەتەوەیی و مەدەنی و ئەوە لە درێژخایەندا دڵخۆشکەرە.

ڕاوێژ: با بگەڕێینەوە سەر پان ئێرانیەکان، فاکتەر و چەمکی سەرەکیی وتەکانیان چیە؟ واتا ئەوان هزری خۆیان لەسەر کام بنەماگەل داڕشتووە؟

دروودی: ئەوان بەپێی چییەتییان لە بنەڕەتدا لە چەمک و فاکتی تایبەتی کەونگەرایی کەلک وەردەگرن کە کۆڵەکەکانی هەمان زمانی یەکدەست، مێژووی یەکدەست، نیشتمان و رەگەزی یەکدەستە، کە ئانتییەکانی زۆریش سادەن بۆ هەر تاکێک کە باوەڕی بە فرەچەشنی، سیکۆلاریزم، مافی دیاریکردنی چارەنووس و وێژمان و پارادایمی سەردەم هەبێت بۆ نموونە بە کورت ئاماژەی پێدەکەین.

زمان: لە ئێراندا چەند بنەماڵەی زمانیمان هەیە کە ئەمانەن: هیندوئورووپی کە پێکهاتووە لە بەلووچی، کوردی و فارسی، بنەماڵەی سامی کە عەڕەبەکان سەر بەو بنەماڵەیەن و هەروەها ئوراڵ ئاڵتا کە زمانی تورکی و مەجاری و مەغوولییە. بۆیەش زمانی یەکدەست لە ئێرانێک کە سێ بنەماڵەی زمانیی زیندووی تێدایە هیچ واتایەکی نییە.

ڕەگەز: زانستی بیۆلۆژی ئەمڕۆ سەلماندوویە کە شتێک بەناوی ڕەگەزی پاقژ بوونی نییە و ئەوە بەتەواوی ڕەتکراوەتەوە، جیا لەوەش تەنانەت ئەگەر ئێمە هەموو ئاریایی بین، ناکرێ ئەو ئاریاییە بەمانای پارس بێت، ئەگەر وابێت هەموو ئاڵبانیاییەکان، سیربیەکان، لەهستانییەکان، بیلارووسیەکان و ئوکراینییەکان دەبێ سلاڤ بن، بەڵام وانییە، یان عەڕەب و جوولەکە کە سەر بە تۆرەمەی سامییەکانن، بەڵام نەک هەر یەک نین بەڵکوو دوژمنن و هەرکامە شوناسی تایبەتی خۆیانیان هەیە، کەوابوو ڕەگەز هەمان شوناس نییە.

نیشتمان: ئەم فاکتەش لە دوو بڕگەدا شی دەکەینەوە. لە یەکێکیان گریمانە ئەوەیە کە ئێمە نشتمانمان یەک بووبێت، بەڵام ئاخۆ هیچ کورد یان بەلووچێک هەستی تایبەتی سەبارەت بە ئەو شەڕانەی ئیمپراتۆرییەکانی ئێران کردوویانە و بەشێکی ئێرانیان لە دەستداوە هەیە؟ ئایا هیچ بۆیان گرینگە کە ڕووسەکان بەشێکی ئێرانیان لە سەردەمی قاجار برد؟ بەدڵنییایەوە نەخێر.

بەڵام لەلایەکیترەوە بۆ نەتەوە بندەستەکان هیچکات شیراز و ئیسفەهان،  نیشتمانیان نەبووە چونکە هیچکات بەشدارییان لە بەڕێوەبەری یان بڕیاردان پێنەکراوە.

مێژوو: سەرجەم ئەو مێژووە نووسراوەی لەبەر دەستە لە زاری نووسەرانی دەرباری پاشایەتی نووسراوە، هەروەک ئیستە و تەعبیرەکانی شەریعەتمەداری لە ڕووداوەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران کە چەواشەیە، ئەوکاتیش هەموو شتێک لەزاری ئەوان یان بەدەستی ئەوان نووسراوە، خۆ هەمووشمان دەزانین کە دوهەزاروپێنسەد ساڵە دەسەڵات بەفارسە، کەوابوو مێژووەکە دەربارێک نووسیویەوتەوە کە هی نەتەوەی سەردەست بووە، ئەمە بەجیا لەوەیە کە ئەوکات خەڵک سەوادی خوێندن و نووسینی نەبووە و ئیتر بەڵگەیەک بە هەڵکەوتیش لەلای کەسێکی بێلایەن لەبەردەست نییە، بەڵام ئەمجاریش ئەگەر ئەو مێژووە هاوبەشەی دڵخوازی ئەوان قەبووڵ بکەین، خۆ ئاڵمان، ئیتالیا، ئیسپانیا و … هەموو مێژووی هاوبەشیان لەژێر ئیمپراتۆریی ڕۆم دا هەبووە و هەمووشی بە زمانی لاتینی لە کۆشک و دەربار نووسیویە و دواوە بەڵام ئێستا زمانی هەرکام لەوانە سەربەخۆیە و گرینگترین دەقەکانمان بەهەرکام لە زمانەکانی ئەو وڵاتانە هەیە کە سەردەمانێک لەژێر چەتری یەک ئیمپراتۆری و یەک زمان و یەک نیشتمان دواون و ژیاون.

ڕاوێژ: باس لە کوروش زۆر دەکرێ. کوروش بە باوکی خۆیان دەزانن، کوروش بە پێی زانیارییەکانی ئێوە کێ بووە؟

دروودی: کوورۆش یەكێک بووە لە پاشاکانی هەخامەنیشییەکان کە پاش مادەکان گەیشتنە دەسەڵات لە ئێراندا و لەسەرجەم ئەو ماوەیەی کە لە دەسەڵاتدا بووە بەردەوام لەحاڵی هێرش بۆ سەر ژیارەکانی ئەو سەردەمە وەک ئاشوور و عیلام و ماد و هتد بووە و گێڕانەوەی جۆراوجۆر هەیە لەسەر بنەماڵەکەی کە هەرکامەو و ئەویتر بە درۆ دەخاتەوە.

ڕاوێژ: بەشێک لە دروشمەکانی پان ئێرانیەکان لەسەر بنەمای درۆ دامەزراوە، بۆ نموونە دەڵێن جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ هی کوروشە، ئایا ئەوە ئەوەمان پێ دەڵێ کە پان ئێرانیسم لە بنەماوە لەسەر درۆ دامەزراوە؟

دروودی: بۆ هەرکەسێک کە بۆ تەنیا جارێک بەدوای پرسی مافی مرۆڤ و سەرهەڵدان و چەسپاندنی ئەو چەمکە لە دونیای هاوچەرخ کەوتبێ، ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە مافی مرۆڤ دەرهاویشتەی نەزمی سەرمایە و پیشەیە و بەهیچ شێوازێک تەنانەت بە یەک سەدەی پێش ئێستایش ناگەڕێتەوە چ بگات بە دوو هەزارە بەر لە ئیستە، بۆیە ئەوە تەنیا لێکدانەوەیەکی دڵخوازی پان ئیرانیزمە و هیچ بنەمایەکی، واتە بەڵێ درۆیە هەروەک ئەوەبەولای درۆکانی پان ئیرانیزم.

ڕاوێژ: کاک کەیوان ئەو پرسیارەم کەمێک دوورودرێژە بەڵام بە هۆی گەیاندنی مەبەستە ببوورن. عەرەبستان نەیهێشت حاجیە ئێرانیەکان ئەمساڵ لە حەج بەشدار بن، لەو لاشەوە پرسی شێخ نەمر و سووتاندنی سەفارەت و کونسولی سعودیە لە ئێرانیش هەیە، بەشێک لە کەسانی سەر بە ڕژیم لە میاندواو ماڵێکیان وەک ماڵی خوا ساز کرد و ڕێوڕەسمی حەجیان بەجێهێنا، لە لایەکی ترەوە ئێران و سعودیە لە سوریە و ئێراق بە گژ یەکدا دەچنەوە، ئەو ڕۆژانەش حوسیەکانی یەمەن موشەکێکیان لە عەڕەبستان هەڵکرد کە عەڕەبستان کوتی مەبەستیان هەنگاوتنی کەعبە بووە و فەڕانسە و چەند وڵاتی تریش ئەوەیان مەحکووم کرد، لەو لاشەوە دەبینین کە لە قەبری کوروش نوێژیان کرد ئەوەش لە حاڵێکدا کە تێریان جنێو بە عەڕەبان دا، بەڕای ئێوە لاتان وا نیە ئێران هەموو ئەو شاپ و گوپ و شانۆکارییانە بۆ هەڕەشە لە سعودیە دەکا کە ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئێران یان واز لە ئەسەد و حوسیەکان نەهێنێ ئەو شتێکی تر لە جیاتی کەعبە بۆ شیعەکان دادەنێ؟

دروودی: شتێکی وەک کەعبە نە بەڵام ئەو هەوڵانە بە ئەنقەست لەلایەن ڕژیم، ڕێخۆشکەریی بۆ کرا و لەڕاستیشدا ئامانجدارە. ئامانجەکەش زیاتر دەرخستنی هێز و خۆنواندنێک بوو بۆ سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا کەوتوونەتە تەنگەژەیەک لەگەڵ ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە لە ئامریکاوە بگرە هەتا ئیسراییل، وڵاتانی کەنداو، تورکیە و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بەپێی ڕووداوەکان، لانیکەم شەڕێکی نیابەتی لەئارادایە و هەربۆیەش کۆماری ئیسلامی ویستی تا بەجۆرێک وابنوێنێ کە جیا لە لایەنگرانی کۆڵەکەی دووەمی شۆڤینیزمی فارس کە مەزهەبییە توندڕەوەکانە، لایەنگرانی کۆڵەکەی یەکەمیش کە ناسیۆنالیستە بەرچاو تەنگەکانە بۆ چوارلای ئێران شەڕ دەکەن و ئامادەی بەشدارین بۆ ئەو ڕووداوە.

ڕاوێژ: بێ ئەدەبی، زمان پیسی و جوێن فرۆشی بەشێکە لە ئەخلاقی سەرەکیی پان ئێرانیەکان، ئایا ئەوە هەر بەو واتایە نیە کە بێ لێکۆڵینەوە و بێ زانست و لەسەر بنەمای گۆڕینی مێژوو و بۆ ئامانجی سیاسی، ئەو درووشمە دەدەن و زەقی دەکەنەوە؟

دروودی: بەدڵنیاییەوە وایە. هەموو دەزانین کە ئەوانەی دەست و دەمیان بەتاڵە، لە ژیربێژی بەناچار بۆ بەرگری لە خۆیان، پەنا بۆ جنێو و ناوناتۆرەی نەشیاو دەبەن و سەیر لەوەدایە کە لە نیوە زیاتری حەشیمەتی ئێران وەک بەکرێگیراو ناو دەبەن، ئیتر ئەوەش یەکێک لە لایەنە سەیروسەمەرەکانی ئەقڵانییەتی شۆڤینیزمی ئێرانی فارسییە کە نیوەی خەڵکی وڵاتی خۆیان بە خۆفرۆش لەقەڵەم دەدەن.

ڕاوێژ: هەندێ کوردیش لە ناو ئەو ڕەوتەدا دەبیندرا هەرچەند عەڕەب و تورکمان و …تادی تێدابوو، ئەوە چیمان پێ دەڵێ و چیمان بۆ دەسەلمێنێ؟

دروودی: بەداخەوە ئێمە سێ کۆڵەکەی بنەڕەتیمان لەدەست دوژمن دایە، فێرکاری و پەروەردە، سیستەمی برۆکراسی و دەنگوڕەنگ و راگەیاندن هەموو لەبەردەستی ڕژیمدایە و لەلایەکیترەوە نەچوون بەدوای سەرچاوەکان و کەمیی ئاستی خوێندن و هەموو فاکتەکانی هاوشێوە کارتێکەریی لەسەر ئەو مەسەلە هەبووە، ئەڵبەت هەنە کەسانێكیش کە بەرژەوەندییان لە وتنەوەی ئەو دروشمانەدایە، بەڵام بەگشتی ئەوە مەترسییە و دەبێ ووناکبیران و خاوەنڕایان سەبارەت بەو دیاردەیە هەستیار بن.

ڕاوێژ: هەندێک کەس و لایەن لایان وایە، کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی کە نیشانی وڵاتانی ناوچە و جیهان بدات کە ئەگەر هێرشی بکەنە سەر ئەوا خەڵک بەرەوڕوویان دەبنەوە، ئەو کارە دەکا و لە ڕاستیدا نیشانەی ترسی ڕژیمە لە هێرشی دەرەکی، ئێوە ڕاتان چیە؟

دروودی: وەک لە وڵامی پرسیارێکی تردا وتمان، بەدڵنییاییەوە ئەوە خۆنواندنێکە بۆ وڵاتانی ناوچە کە لە تێرمینۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی بە “دول متخاصم” ناو دەبرێن و هەروەهاش ڕۆژئاوا، بەڵام دیارە کە بەکەڵکهاتوویی بۆ نێوخۆ و ئۆپۆزیسیۆنی پێکهاتەشکێن هەیە، واتە ئامانج زیاتر خەڵکێکە کە باوەڕیان بە گشتایەتی و بوونیەتی رێژیم نییە و لە چاوەڕوانیی بۆشاییەکدان تا خۆیان بێنە گۆڕەپانی شۆڕشەوە و رێژەشیان کەم نییە بەدڵنییاییەوە.

ڕاوێژ: مەترسییەکانی بوونی هێژمونی و هزری پان ئێرانیستی لە داهاتوودا بەتایبەتی بۆ سەر کورد، چۆن دەبینن؟

دروودی: هیژمۆنی وەک دەزانین دەتوانێ زاڵ بوونی سەربازی بێت، دەکرێ سیاسی ئیدیۆلۆژیک یان تەنانەت ئابووری بێت بەڵام تۆقێنەرترین جۆری هیژمۆنی جۆری فەرهەنگییەکەیەتی کە لە پێناسەیەکی کورتدا ئەو هیژمۆنییەیە کە خۆخافڵی یان ناخودآگاە مرۆڤ دەکاتە ئامانج و لە درێژخایەندا ئەو نەزمەی سەپێندراوە بەلای تاکی ئامانجکراوە وەک نەزمێکی سروشتی هەتاهەتایی وێنا دەکرێت، هەربۆیە دەبێ کورد دیسانەوە خۆی وەک نەتەوە دابڕێژێتەوە و باشترین بژاردە بۆ ئەمەش دەکرێ لە دۆکتورینی بەڕێز فاروق رەفیق ببینرێتەوە کە دەڵێ دەبێ لەم داڕشتنە نوێیەدا دەبێ تک لە سەنتەردا بێت، واتە تاکی کورد بکرێتە داڵی ناوەندیی گوتارێک بۆ ئەو شتەی ئێمە بە کوردایەتیی ناودێڕ دەکەین، پێموایە ئەوە دەتوانێ سەردێڕێکی باش بێت بۆ ئەو شوناسە نوێیە.

ڕاوێژ: لە ئێستادا خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ژێر کۆد و ناوی “ڕاسان” لە ئارادایە، زیانەکانی گەشانەوە یان پاڵنانی هزری پان ئێرانیستی بۆ کورد لەو دۆخەدا چٶن مەزەندە دەکەن؟

دروودی: خۆی خەباتی چەکداری بابەتێکی فرەلایەنە، بەڵام ئەگەر لەو ڕووەوە بڕوانین، دەبێ ئەوە بزانین کە هیژمۆنیی شۆڤینیزمی فارس بە ڕۆژ و دوان جێی نەگرتووە تا بەو ماوەیەش جێ پێی لێژ بکرێت، بەڵام وەک وتمان ئەوە مەترسییەکی جیددیە و ئێرانی ژێرچەپۆکی نەتەوەی سەردەست بەلای  ئەو تاکانەی بوونەتە ئامانج و کارلێکراوی ئەو ئیدیۆلۆژییەن وەک قەڵایەکی لەبڕان نەهاتوو وێنا دەکرێ کە جووڵەی جەماوەری و پارتیزانی لە کۆتاییا ناتوانێت ئەو نەزمە ئەبەدی – ئەزەلییە بگۆڕێت، هەربۆیەش وادەکات کە ئەو تاکانە وێڕای ویستیی دەروونییان بۆ بەشدار یان پاڵپشتیی ئەو جووڵە و هەوڵانە نەکەن، بەڵێ مەترسییەکی جیددییە.

ڕاوێژ: بەبوونی هزرێکی ئەوتۆ چەقبەستوو، بەڕای ئێوە بیرکردنەوە لە ئێرانێکی فیدرال، بەفیڕۆدانی هەوڵەکان نیە؟ ئایا باشتر نیە کورد بیر لە جیابوونەوە بکات؟

دروودی: بیری جیاییخوازی لەلای ڕای گشتییەوە بەڕای من زۆریش ئاساییە و سروشتییە، بەپێی ئەو ئەزموونەی نەتەوە بندەستەکان و بەر لە گشتیان کورد هەیەتی سروشتیە کە هیوایان لە پێکەوەژیانێکی ئیدەئال لەلای فارس بڕابێت، بەڵام لەڕووی ڕێکخراوەیی و گوتاری سیاسیی لایەن و ئەحزاب ئەو شتە لەمپەری جیددیی لەپێشدایە، بەڕای من خودی ئەزموونی باشووری کوردستان دەتوانێ ئەوە بسەلمێنێ کە جیابوونەوە ئەگەریش بکرێت لە درێژخایەندا لەبەر هەڵکەوتەی ژیۆپۆلئتیک و جۆغرافی تووشی تەنگەژەو کۆسپی بڕستبڕ دەبێتەوە، جیا لەوەش جیاییخوازی وادەکات کە ئەو تۆزە یەکگرتووییەی نەتەوە بندەستەکان لە ڕێکخراوگەلی وەک کۆنگرەی نەتەوەکان کاڵ بێتەوە و کۆدەنگی ئەو لایەنانەی نوێنەرایەتیی ئێرانێکی ناناوەندگەرا دەکەن بەرەو ترازان بچێت، هەروەهاش بەو زانیارییانەی کە لەسەر ئاستی تێگەیشتوویی سیاسی – نەتەوەیی لەنێو نەتەوە بندەستەژان هەمانە جێگرتنی ئەو ئاڵتەرناتیڤە ئەستەمە.

ڕاوێژ: داهاتووی پان ئێرانیزم چۆن دەبینن؟ ئایا خۆیان و ئێران بەرەو هەڵدێر دەبن یان ئەوەتا دەبن بە بزاڤێکی بەهێز لە ناوچەکەدا؟

دروودی: لەمبارەوە پێش لە هەموو پرسێک، دەبێ بزانین بەرامبەرەکەی ئەم ئەقڵانییەتە کامەیە؟ ئەوە بۆ هەموومان دیارە کە نەتەوە بندەستەکان و ئەوانەی لە درێژەی ڕەوتی سیستەمی نەتەوەی سەردەست – بندەست خەساریان بەردەکەوێ بەرامبەری ئەم بیرە قیزەونە پاوانخوازەن، بۆیەش هەتا بڕێک کەلێن پڕ نەبێتەوە. بەڕای من پان ئیرانیزم سەرکەوتوو دەبێت لە بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانی، بۆ نموونە سەیر دەکەین کە زۆرینەی تورکەکان لە ترسێکی ساختە کە ئەویش زاڵییەتی بیری پاوانخوازی سررچاوە دەگرێت ئامادەن لەگەڵ عەرەبی ئەحوازدا هاوکاریی زۆرتر بکەن هەتا کورد، لەلایەکیترەوە زاڵییەتی بیری مەزهەبیش وایکردووە کە تەنانەت ئەم نەتەوەگەلە نەتوانن کۆک بن، بەڕای من کلیلی چارەسەریش لەلای کوردە، چونکە کورد مێژوویەکی لە خەبات بۆ ئازادیخوازی هەیە و هەروەهاش بیری لائیسیتە لە قەوارەی وێژمانی گشتیی گوتاری کورد چەسپاوە و لە فاکتی ڕێکخستنی چەکداریش بەهێزە، بۆیە کورد وەک ئیستەش هەیە یەکەم لایەن بووە کە دەستی لە قازانجی خۆی لەبەر نەتەوەکان کێشاوە (هاتنەدەرەوە لە شورای میللی مقاومەت لەبەر نەتەوەی بەلووچ و تورک) و یەکەم لایەن بووە کە بەفەرمی لەڕووی ئیستراتیژی باسی ئێرانێکی دیمۆکراتیک و فیدراڵی کردووە، هەڵبەت فاکتی دەرەکی و گشتی و ناوچەییش هەن بەڵام گرینگترین ڕێگر ئەوەیە و دەبێ بەهێز بکرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت