شاهۆ مەفاخری: لە کۆماری ئیسلامیدا نە گۆڕانکاری دەکرێت و نە دەنگی خەڵکیش دەبیسترێت

0
398

وتووێژی تایبەتیی ناوەندی ڕۆژی کورد لەمەڕ هەڵبژاردن و بایکۆتی هەڵبژاردن لە هەڵبژاردنی خولی ئێستای سەرۆک کۆماری لە ئێراندا لەگەڵ “شاهۆ مەفاخری ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لیبرال دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندیەکانی ئەمریکا” کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: بە پێناسەیەک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵبژاردن لەو سیستەمەدا دەکرێ چۆن چاوی لێبکرێت؟ ئایا دەتوانین بڵێین لەو سیستەمەدا هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەو ئەنجامەکان ئە وئەنجامانەن کە خەڵک دەنگی پێداون یان نا ڕەوت و ئاسۆیەکی تری لەبەرە؟

مەفاخری: ئەگەر بە وردی چاو لە مێژووی چەندین ساڵەی دەستەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی و هەڵبژاردنەکانی بکەین، ئەوە زۆر بە باشی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا هیچ ڕۆڵێکیان نەبووە بۆ گٶڕانکاری لە ناو سیستەمی دەستەڵاتداری ڕژیمدا. چونکە نە هەڵبژاردنەکانی بەشێوەیەکی دیموکراتیک بەڕێوە دەچن و نە ڕژیم بڕوای بە هەڵبژاردنیکی دیموکراتیک هەیە، لە کۆماری ئیسلامیدا مەرجەعی سەرەکیی بڕیاردان ویلایەتی فەقیهـ ـە، کە هەموو جومگە سەرەکی و بنەماییەکانی دەستەڵاتی لە ژێر کونترۆڵ دایە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر تەماشای هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بکەین ئەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە ئایا هەڵبژاردنەکان کارێگەرییان هەبووە یا نا؟، زۆربەی سەرۆک کۆمارەکانی ئەو ڕژیمە یان ڕایانکردوە یان لەلایەن ویلایەتی فەقیهەوە بێدەنگ و کپ کراون، لە سیستەمێکدا کە ویلایەتی فەقیهـ بڕیاردەری سەرکییە و قسەی یەکەم دەکات چاوەڕوانیی هیچ گۆڕانکاریەک لەو سیستەمەدا ناکرێت.

سەرۆک کۆمار شتێکی ڕەمزی و تەشریفاتییە و هیچ ڕۆڵێکی ئیجرایی و کردەیی نیە، بۆیە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەنگی خەڵک نە ڕۆڵ و نە گرنگی نیە، ئەوە گرنگە بەشداریکردنی خەڵکە لە ڕۆژی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا، لە کاتێکدا فیلتێری پاڵاوتنی کاندیدەکان جگە لەوەی شورای نیگابان بێت، سەرەتا لەلایەن ویلایەتی فەقیهـ واتە ڕێبەرەوە دەبێت شیاوەتی بدرێتێ و قەبووڵی بێت، کە نموونەیش بۆ خولی دووهەمی ئەحمەدی نژاد بە ڕوونی خامنەیی ڕایگەیاند کە بیروڕا و ڕوانگەی ئەحمەدی نژاد لە خامنەییەوە نزیکە و گرنگی بە دەنگە ناڕازییەکانی ناو کۆمەڵگا نەدا و تەنانەت ڕیبەرەکانی دەستبەسەر کرد، واتە ئەو کەسەی کە لەلایەن شورای نیگابانەوە تەئید دەکرێت هەر ئەو کەسەیە کە لەلایەن خودی خامنەییەوە پێش شۆرای نیگانانەوە تەئید کراوە، مەحموودی ئەحمەدی نژاد لە دوایین  کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیدا ناڕاستەوخۆ ڕایگەیاند کە تەنانەت وەزیرەکانیش لەلایەن خامنەییەوە دەستنیشان دەکرێن، واتە سەرەکیترین مەرجعی بڕیاردان ئەمڕۆکە لە کۆماری ئیسلامیدا خامنەییە، بۆیە نە چاوەڕوانیی گۆڕانکاری دەکرێت و نە دەنگی خەڵک دەتوانێ لە گۆڕانکاریەکاندا دەوری هەبێت.

ڕۆژی کورد: بە بەراوردێک لە نێوان سێ سەرۆک  کۆماری دوایی واتا خاتەمی، ئەحمەدی نەژاد و ڕوحانی، بۆمان دەردەکەوێ کە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەرێنی نە لە ڕووی خزمەتگوزاری و پیشەسازی نە لە ڕووی مافی مرۆڤ و نە لە ڕووی کێشە کۆمەڵایەتییەکان نەک نەهاتۆتە ڕوو، بەڵکوو دۆخەکە خراپتریش بووە، بەو پێیە بەشداری کردنەوەی خەڵک لە هەڵبژاردنەکان دەتوانێ چ دەستکەوتێکی بۆ خەڵک هەبێ؟

مەفاخری: کۆماری ئیسلامی وەک سیستەمێکی ویلایەتی فەقیهی، بۆ خۆی بەرنامەو پلانی تایبەتی هەیە و هاتنی هەریەک لەمانە بەبێ پلان و پڕۆژە نەبووە و نابێت. لە سەردەمی خاتەمیدا فەزایەکی دیکە بە ڕووی کۆمەڵگای ئێراندا هاتە ئاراوە، دەرگایەک بۆ ڕێفۆرمخوازەکان و ڕاگەیاندکارەکان و هەروەها تا ڕادەیەک ئازادیی بەیان کرایەوە کە ئەمە وەک یارییەکی نێوخۆیی بوو، پێموایە مەبەست لەو کارە ی ڕژیم ناسینی نەیارەکان و دژبەر و دەنگە ئازادیخوازەکان لە ناوخۆی ئێران بوو کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە تا ڕادەیەک قسەی دلی کۆمەڵگای ئێرانیان دەکرد یان زیندانی و دەستبەسەر کران یان ناچار بوون لە ئێران ڕابکەن کە نموونەی زۆرە، بە پێچەوانەی خاتەمی، ئەحمەدی نژاد هەوڵیدا لە ڕێگای یارانەوە دەنگی خەڵک کپ بکات بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆ ئارام بکاتەوەو هاوکات گەندەڵیی ئیداری لەلایەن بەرپرسانەوە لەماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی زۆرترین ڕێژەی تۆمار کرد، ڕاستە ئەحمەدی نژاد لە ڕیگای یارانەکانەوە هەوڵی هاوکاری کردنئ خەڵکیدا، بەڵام لە لایەکی دیکەوە خەرجیەکانی زیاتر کرد تا بتوانێت بودجە بۆ یارانەکان دابین بکات لەلایەکی دیکەوە لە بواری نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوەدا، ئێران لە خراپترین دۆخ دابوو کە بە هاتنی ڕوحانی هەوڵدرا کار لە سەر سیاسەتی دەرەوە بکرێت، ئەوە بوو ئێران بەرجامی قبوڵ کرد بۆ گەڕاندنەوەی پووڵە بلۆک کراوەکانی بۆ ئەوەی هەم لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئارام بکاتەوەو هەم بتوانێت باردۆخی نێوخۆیی ئێران ئارام بکاتەوە کە ڕووداوەکانی سالی ٨٨ ڕوویاندابوو، واتە هەموو ئەمانە دەکرێت بە شێوەیەک لەلایەن خودی خامنەییەوە پلان و بەرنامەی بۆ دارێژرابیت کە هیچ بەرپرسیک بەبێ ئیزن و ڕەزامەندیی ئەو، توانای هیچ کارێکی نییە، بەو ئەنجامە دەگەین کە تا ویلایەتی فەقیهـ دەمڕاست بێ و قسەی یەکەم بکات، نەهەڵبژاردن و نە دەنگی خەڵک گرنگی نیە و هیچ دەستکەوتێکی ئەوتۆی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران نابێت.

ڕۆژی کورد: بەشێک لە ڕیفۆرمخواز و هەروەها چالاکانی سیاسیی کورد کە ڕێژەشیان زۆر نیە دەڵێن دەبێ کورد پرۆسەی هەڵبژاردن بە قازانجی خۆی بەکار بهێنێت، دژبەرانیش دەڵێن ئەو گریمانەیە لەلایەن حیشمەتوڵا تەبەرزەدیشەوە هاتە ئاراوە و ئەنجامی نەبوو و لە ئەنجامدا تەنیا تەندووری هەڵبژاردن بۆ ڕژیم گەرم دەکات، ئێوە بە گشتی لاتان وایە، تەحریم دەتوانێ دەردێک دەرمان بکات؟

مەفاخری: ڕێفۆرم لە کاتێکدا دەکرێت کە سیستەمی دەستەڵادار، بڕوای بە ڕێفۆرم هەبێت و هەم فەزای گۆڕانکاری بوونی هەبێت کە لە ئێراندا ئەمە نییە، لە سەردەمی ئەحمەدی نژاددا، چارەنووسی ڕێبەرانی ڕیفۆرمخوازمان بینی کە چیان بەسەر هات، لە لایەکەوە دژی سیاسەتەکانی ڕژیم بێت و لەلایەکی دیکەوە هەوڵ بۆ گۆڕانکاری بدەیت.  پێکهاتەی ڕژیم کە لە سەر بنەمای ویلایەتی فەقیهـ کار دەکات مەرجەعی سەرەکیی بڕیاردانە، لە ویلایەتی فەقیهـ دا هەڵبژاردن و براوەی هەڵبژاردن گرنگ نییە، چۆنکە پێشتر ڕژیم پلان و سیاسەتی خۆی داڕشتووە وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد.

لە کاتێکدا کورد بوون تاوانە، کورد کەی  دەتوانێت دەورێکی کارێگەری هەبێت لە گۆڕانکاریەکاندا کە تەنانەت مافی پارێزگارێکیش بە کورد لە پارێزگا کوردییەکان نادرێت؟. با ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە زۆر جار گەلەکەمان بە هۆی کوردبوونیەوە ڕووبەڕووی زیندان و لێدان و کوشتن و ئەشکەنجە بووتەوە،زۆربەی ئەندامانی شورای شار و گوندەکان وڵاتیان بە جێهێشتووە، بەتایبەت ئەوانەی کە هەستی نەتەوایەتیان بووە. ئەگەر بمانەوێت شرۆڤەیەکی شیکارانە بۆ بابەتی هەڵبژاردنەکان بکەین ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ڕژیم تەنیا ڕێژەی بەشداریی خەڵکی بەلاوە گرنگە، بەتایبەت لە داوای ڕووداوەکانی سالی ١٣٨٨ کە  دەستبەسەرکردنی موسەوی و کەروبی لێکەوتەوە. بۆیە ڕژیم هەوڵ دەدات بە هەر شێوەیەک هەیە خەڵک ڕاکێشێت بۆ سەر سەندوقەکانی دەنگدان و هەم بە ناوخۆی وڵات هەم بۆ دەروەی ڕابگەیەنێت کە ئێران دوای سالی ٨٨ ئارامە.

ژێرخانی ئابووریی ئێران ڕووخاوە، لە بواری ئابوورییەوە لە شەرایەتێکی خراپدایە هۆکارەکەش بۆ ئەوە تەحریمانە دەگەڕێتەوە کە خرابوونە سەر ڕژیم کە خودی ڕژیم هەستی بەوە کردبوو بۆیە بە ناچار بەرجامی قبوڵ کرد و قبوڵ کردنی بەرجام نیشانەی ئەوە بوو کە خودی ڕژیم هەستی بە مەترسی کرد و ڕژیم هیچ گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی دەرەوەی خویدا نەکردووە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش هەستی بەوە کردووە بۆیە ئەگەر تەحریمەکان بەردەوام بوایە و بەردەوام بن، بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگای ئێران توانایی قبوڵ کردنی ئەو هەموو گوشارانەی نییە بەهۆی دەیان کێشەی کۆمەلایەتی وئابووری …هتد.

ڕۆژی کورد: پێدەچێت حیزبە کوردییەکان ئێستا لەسەر تەحریم زۆر هاودەنگ بن، لاتان وایە کاریگەرییەکانی چۆن دەبێت و بە گشتی ئایا تەحریم دەتوانێ دەنگی ناڕەزایەتیی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تری ناو ئێران بە گوێی جیهان بگەیێنێ؟

مەفاخری: بەڵی ڕاستە کە زۆربەی هەرە زۆری حزب و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژاردنەکانیان تەحریم کردووە و لەو بڕوایە دان کە هەڵبژاردنەکان شانۆگەریی ڕژیمە، بەس بۆ بەشداریی خەڵک لەسەر سەندوقەکانی دەنگدان هیچی دیکە، سەبارەت بە کاریگەرییەکانی تەحریمی هەڵبژاردنەکان پێویستە ئەوە بە باشی بزانین کە ئەگەر هەڵبژاردنیان لەلایەن هێز و لایەن سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتەوە تەحریم کراوە و ئەگەر خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا کرد بەو ماناییە نیە کە خەڵک بە دەم بانگەوازیی هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتەوە نەهاتووە، بەڵکو پێویستە هۆکارەکانیش ڕەچاو بکەین کە ڕژیم هەوڵی ئەوە دەدات کە فەزای ئەمنیەتی دروست بکات یان لە ڕیگای فرت و فێڵەوە خەڵک ناچار بکات بەشداری بکەین. زۆر جار خەڵک بۆ ئەوەی ناسنامەکەی مۆر لێ بدرێت، بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات کە ترسی لەوە هەیە ڕۆرژێک لەلایەن ڕژیمەوە لێپێچینەوەی لێبکریت “بۆ بەشداری هەڵبژاردنەکانی نەکردووە؟”. ڕژیم نەک کوردستان بەڵکو هەموو ئێران و فەزای کۆمەلگای ملیتاریزە کردووە، بۆیە خەڵک ناچار بەوە دەکات بە هەر شێویەک هەیە دەبێ بەشداری بکەن، فاکتەر زۆرن بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی نەتەوە بندەستەکانی ئێران بەگوێی جیهان بگەیەندرێت، مخابن فەزای کۆمەڵگای ئێران بە ڕووی جیهاندا داخراوە کە چاوەدێران و شرۆڤەکارانی سیاسی و ئابووی و کۆمەڵایەتی بە باشی ناتوانن چاوەدێریی کۆمەڵگا بکەن و لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک لە پەیوەندیدا بن کە خودی ڕژیم هۆکارەکەیەتی، هەموو ساڵێک ڕژیم بە پێشیلکردنی مافی مرۆڤ تاوانبار دەکرێت بەهۆی گرتن و لە سێدارەدانەوە کە ڕۆژانە شاهیدی زیندانیکردن و کوشتن و گرتنی چالاکانی سیاسی و ئایینین لە ناوخۆی ئێران، دروستکردنی فەزایەکی ئەمنیەتی لە ناوچە سنووریەکان لە لایەن ڕژیمەوە بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کۆڵبەران بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان کۆڵبەری دەکەەن ڕۆژانە ڕووبەرووی کوشتن و گرتن دەبنەوە، تەحریم کردنی هەڵبژاردنەکان یەکێکە کە ئامرازەکانی خەباتی مەدەنی، ئەگەر تەحریمەکان بە دڵی کۆمەڵگای نیودەوڵەتی نەبوو بەو ماناییە نییە کە لە خەڵک لە ڕژیم ڕازیە، بەڵکو بۆ فەزا ئەمنیەتیەکەی کۆمەڵگا دەگەرێتەوە کە ڕژیم دروستی کردوە بۆیە دەبێت کاری زیاتر بکرێت بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵک ، کیشەی سەرەکی لە ئێران سیستەمی دەستەڵادارە کە سیستەمێکی دیکتاتۆریە ئەم شێوە حکومەتە خۆی وا نیشان دەدات کە باشترین حکومەتن، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەو قەناعەتە گەیشتووە کە ڕژیمی ئێران، ڕژیمێکی ئایینی و دیکتاتۆرە .

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت