سەرنجێک لەسەر نامەکەی ڕووحانی کە ئاراسته‌ی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کرد

0
1110

– باهۆز زرێبار

حەسەن ڕووحانی لە کۆبوونەوەی چوارشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران پەیامێکی بۆ خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات نارد. دەقی پەیامەکەی بەو شێوەیەیە: ((دەمهەوێت بە خەڵکی کوردی ئێران بڵێم، ئێمە سەدلەسەد متمانەمان بە ئێوە هەیە. ئەوەی کە هەندێک کەس لە هەرێمی کوردستانی ئێراق هەڵەیەکی سیاسییان کردووە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک بە حیسابی ئێوەی نانووسین. ئێوە قەومی وەفادارن. ڕەسەنترین قەومی ئێرانین لەو ناوچەیە. هەمیشە لەگەڵ شۆڕش بوونە. لە شەڕی سەپێندراو لە تەنیشت گەلی ئێراندابوون، هەڵبەت لە شەڕی سەپێندراو، کوردانی ئێراقیش لەگەڵ ئێمە بوون دژ بە سەدام. ئێمە ئۆگریمان بۆ خەڵکی کوردستانی ئێراقیش هەیە. ئۆگری خەلکی کورد لە سووریایشین. هەروەها ئۆگریمان بۆ خەڵکی کوردی تورکیا هەیە. ئێمە نامانهەوێت هیچ گوشارێک بخرێتەسەر کورد، ئەگەر بەرپرسانی ئەوان هەڵەیان کردووە دەبێ تێچووی ئەو هەڵەیە بدەن، بەڵام خەڵکی کورد لە ناوچە خەڵکێکی ئاشتیخوازن کە لەدوای پێشکەوتنن. ئێمە بە گشتی متمانەمان بە هەموو کوردانی ئێران و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لە بەلوچ، تورکمان و عەرەبەوە بگرە تا تورک و ئازەری زمانەکان و لۆڕەکان هەموویان هەیە. تەواوی گەلانی ئێران یەکگرتوو و یەکپارچەن، بران و لە تەنیشت یەکدین و ئەمڕۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئێمە لە هەر کاتێک زیاترە.))

بە خوێندنەوەی ئەو نامەیە یان باشترە بڵێم هەڕەشەنامەیە یان زۆر باشتر بڵێم: ترس‌نامەیە، چی دەگاتە مێشکتان؟! حەسەن ڕووحانی، نامەیەک ئاراستەی کوردی ڕۆژهەڵات دەکات، ئەویش بە چ زمانێکەوە! ((دەمەوێت بە خەڵکی کوردی ئێران بڵێم.)) سەیر بکەن لەم ڕستەدا چۆن خەڵکی ڕۆژهەڵات دەکاتە بەردەنگ! واتە ئەوەندە ڕێز لەو خەڵکە ناگرێت کە بە ڕستەیەکی ڕێزدارەوە بیانکاتە بەردەنگ و وەک ئەوە وایە لەگەڵ تاکێک قسە دەکات و ئەو تاکە لە ئاستێکدا نابینێت کە ڕێزدارانە قسەی بۆ بکات. ((ئێمە سەدلەسەد متمانەمان بە ئێوە هەیە.)) واتە بێ‌متمانەیی لەم ڕستەدا شەپۆل لێ دەدات! لە شتێک ترساوە و دەیەوێت بەم ڕستەیە خەیاڵی خۆی ڕاحەت بکات. ئایا بیرتان کردووەتەوە کە چ کاتێک ئەم ڕستەیە بەکار دەبرێت؟ کاتێک کە شتێک قەوماوە یان بیر دەکەینەوە کە شتێک قەوماوە و دەترسین یێخەی خۆیشمان بگرێت. دەمانەوێت دڵنیایی بدەینە خۆمان؛ دەمانەوێت پاساو بهێنینەوە و ئەو ڕستەیە بەکار دەبەین، بەڵام هەر بێ‌متمانەیی بوونی هەیە و زۆریش بەهێزە.

((ئەوەی کە هەندێک کەس لە هەرێمی کوردستانی ئێراق هەڵەیەکی سیاسییان کردووە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک بە حیسابی ئێوەی نانووسین.)) ئای لەم ڕستانە چەندە منداڵانەن. هەندێک کەس لای ئەوان مەبەستیان چەند کەسە؟ زۆرتر لە نەوەد لە سەدی خەڵکی باشوور! یان حیزبێک و دووان؟ یان هەموو حیزبێک؟ هەڵە بە چ واتایەک؟ خەڵکێک کە بەپێی مافەکانی مرۆڤ و لە ڕێگایەکی دێموکارتیکەوە دەیەوێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات، هەڵە بە چ واتایەکە؟ لە درێژەدا دەڵێت بە حەسێبی ئێوەی نانووسین! لەم ڕستەیەدایش دڵنیایە کە ئێمە (کورد) و خۆیان (فارس) پێکەوە جیاوازین. دواتر ڕوونە کە حەسێبێکی تایبەتیان بۆمان کردووەتەوە و خەریکن شتی لێ دەنووسن! بەڵام چی دەنووسن؟ ئەو شتانەی کە مافی ڕەوای ئێمەیە و هەڕەشەیە لەسەر بەرژەوەندی و دیکتاتۆریی ئەوان؟ ئەڵبەت لەم ڕستەیەدا ئاماژەی بە شتێکی باش کردووە و ئەویش ئەوەیە کە زۆر چاک دەزانێت پەیوەندییەکی بەهێز و پتەو لە نێوان کوردانی هەر چوار بەش هەیە.

((ئێوە قەومی وەفادارن.)) ڕستەیەک کە داگیرکەر دژی نەتەوەکانی ژێردەستی خۆی بەکاری دەبات و خۆزگە دەمزانی ئێستا جاشەکان چەندە پێی دەگەشێنەوە! بەڵام ئێمە قەوم نین؛ گەلێکین کە حەشیمەتمان لە فارسەکان زۆرترە و ئەو وشەیە بۆیە بەکار هێنراوە کە سووکایەتیمان پێ‌بکات و ئاستمان بێنێتە خوارەوە. ((ڕەسەنترین قەومی ئێرانین لەو ناوچەیە.)) لێرەش پارادۆکسێک هەیە! قەبووڵمانە ڕەسەنین، وەک گەلێک کە هەزاران ساڵە نیشتەجێی ئەم ناوچەیەین. بەڵام دەیەوێت چی بسەلمێنێت؟ یان دەیەوێت هەستی کێ ببزوێنێت؟ ئیسڵاح‌تەڵەبە کوردەکان؟ ((هەمیشە لەگەڵ شۆڕش بوونە.)) ئێمە لەگەڵ شۆڕشێک بووین کە دژ بە شای ئێران بوو، بەڵام دواتر نەبووین، جگەلە چڵپاوخۆرەکان. ئەم ڕستەیش جوان ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە خۆیان بە خاوەن شۆڕش دەزانن نە کورد و دەڵێت لەگەڵی بوون! ئێستا تێناگەم چۆن کاسەلێسان ئەمە دەبینن و بەردەوامن لە لێسان! هەروەها ترسێک لەم ڕستەیەدایە: هەمیشە لەگەڵ شۆڕش بوونە و چاوەڕێین لەگەڵیشمان بن. چونکە دەزانێت لەگەڵیان نین، هەر لە مێژە لەگەڵیان نین. بەم ڕستەیە دڵخۆشیی خۆیان دەدەنەوە، بەڵام درەنگە…

((لە شەڕی سەپێندراو لە تەنیشت گەلی ئێراندابوون،)) ئەم ڕستەیەم بەدڵە! لەگرە ئێمە بە گەلی ئێران نازانێت و دەڵێت کە لەگەڵ گەلی ئێراندا بووین. واتە ئێمە گەلی کوردین و لەگەڵ گەلێکی تردا بووین. بازم لەگرە ترسێک هەیە، ترسێکی شاراوە! ((هەڵبەت لە شەڕی سەپێندراو، کوردانی ئێراقیش لەگەڵ ئێمە بوون دژ بە سەدام.)) ئەو ترسە شاراوەیە، لەگرە خۆی زۆرتر دەردەخات. دەزانێت کە لە شەڕی داهاتوودا، کورد وەک جاران دژی دیکتاتۆر، بەرەی ڕووبەڕوویان دەگرێتەوە، وەک ئەو کارەی کوردی باشوور کردی. لەگرەیش نەیتوانیوە بیشارێتەوە و پەیوەندیی خوێنیی کوردانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی درکاندووە.

((ئێمە ئۆگریمان بۆ خەڵکی کوردستانی ئێراقیش هەیە. ئۆگری خەلکی کورد لە سووریایشین. هەروەها ئۆگریمان بۆ خەڵکی کوردی تورکیا هەیە.)) دووبارە ترس و ترس و ترس! بەڵام ترس لە چی؟ لە ڕیفراندۆم یان سەربەخۆیی بەشێک لە کوردستان؟ بەڵام ڕوونە دەستکەوتەکانی کوردانی ڕۆژاوایش تۆقاندوویانیە؛ چارەنووسێک کە لە داهاتوودا لە بەردەم خۆیاندا دەیبینن. بۆ نابینن وێڕای هەموو جیاوازی و دژایەتییان لەگەڵ تورکیا، چۆن دەستیان خستووەتە دەستی یەک؟ کە باسی کورد بێتە پێشەوە، هەمووی لە لا دەنێن! شتێک کە ئێمەیش دەبێ بیکەین.

((ئێمە نامانهەوێت هیچ گوشارێک بخرێتەسەر کورد، ئەگەر بەرپرسانی ئەوان هەڵەیان کردووە دەبێ تێچووی ئەو هەڵەیە بدەن،)) لە جیهاندا حکومەتێکی تر وەک ئێران بوونی نییە کە زۆرترین هەڵە بکات، گوشاریش کە دەخرێتە سەر ئێران، گەلی ئێران لەهەمبریدا زەبر و ئازار دەبینێت، نەک خۆیان؛ بۆیە لێرە گوشار لەسەر بەرپرسانی باشووریش، خەڵکەکە دەگرێتە بەر. بەڵام شتێک کە پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانە دێنتە سەر لێوم ئەوەیە کە ئێرانێک کە خۆی لەژێر گەورەترین هەڕەشەکان و گوشارەکان و تەحریمەکانە، چۆن لە ڕوو ناکەوێت و هەڕەشە لە وڵاتێکی تر دەکات کە تەحریمی دەکات؟ ئەڵبەت لە کۆتایی ڕستەکەدا کە دەڵێت دەبێ تێچووی ئەوە هەڵەیە بدەن، جوان و پوختە ڕووخساری ئێران دەردەخات! دەبێ یان ئەشێ، زۆر فاشیزمانە و دیکتاتۆرییانەیە و دڵنیام چالاکیی تیرۆریستی لە لووتکەی ئەم ڕستەیەدایە و بەو جۆرەی کە مێژوو دەم دەکاتەوە و لێمان بیستووە و دیتووە، تیرۆرێک کە لە داهاتوودا ڕوو بدات، ئێران بەرپرسیەتی.

دوابەدوای ڕستەی پێشوو دەڵێت: ((بەڵام خەڵکی کورد لە ناوچە خەڵکێکی ئاشتیخوازن کە لەدوای پێشکەوتنن.)) “بەڵام”ـەکەیشی پڕە لە هەڕەشە! یانێ دەمانەوێت بێینە شەڕتانەوە، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ. ئەڵبەت ئەم شەڕە سەردەمانێکە دەستی پێکردووە. ئاشتیخوازیی ئێمەیش بۆ هەموو جیهان ڕوونە، پێویست ناکات لە زمانی گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهان بیبیسین. لەم ڕستەیەدا بە هێنانی وشەی “پێشکەوتن” دەیەوێت بڵێت: ئێمە دەبینە بەربەست لە بەردەم پێشکەوتنی ئێوەدا. بەڵام شتێک کە دەتوانێت بەربەست بێت لە بەردەم ئەم پیلانەی ئێرانەدا، یەکگرتن و یەکدەنگیی کوردە و وەک قازی کە دەڵێت: ((نابێ دوژمن هەڵمانخەڵەتێنیت، بەتایبەت عەجەم، کە لە هەموویان فێڵبازتر و بێ‌ڕەحمترە و…))

((ئێمە بە گشتی متمانەمان بە هەموو کوردانی ئێران و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لە بەلوچ، تورکمان و عەرەبەوە بگرە تا تورک و ئازەری زمانەکان و لۆڕەکان هەموویان هەیە.)) شپرزییەکی زۆر لە قسەکانیدا بوو، بەڵام هەمووی ئاراستەدار و لە ترسێکی گەورەوە سەرچاوەی دەگرت! لێرەیش کورد جیا دەکاتەوە و دەبێ کورد تێبگات کە بە ڕاستیش وایە و ئەوەی کە پێشتر دەگوترا، تەنیا هەڵخەڵەتان بووە. لەم چەند ڕستەدا کورد لە پێشەوەدایە، واتە کورد دەروازەی ڕاپەڕینی گەلە زوڵم‌لێکراوەکانی دیکەی ئێرانە، ترسێک کە ئێران لێی هەیەتی. بەڵام وێڕای هەموو ئەمانە، چاک دەزانن کە کورد سەرچەشنێکی گەورەیە بۆ گەلانی تر کە جگە لە زوڵم و سەرکوت، هیچیان لە حکومەتی ناوەندی نەدیوە.

((تەواوی گەلانی ئێران یەکگرتوو و یەکپارچەن، بران و لە تەنیشت یەکدین و ئەمڕۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئێمە لە هەر کاتێک زیاترە.)) خۆیشیان چاک دەزانن کە وا نییە و هەموو ئەم قسانە لەو ترسەوە دیلان دەکات کە ڕیفراندۆم و باسی سەربەخۆیی کوردستان، لە دڵی ئێراندا چاندوویەتی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.