سەرقاڵ بون بە خۆمان و لە بیر کردنى دوژمن

0
324

نوسینى ئەلبورز ڕۆئین تەن

یەکێک لە خەسارەکانى سیاسەتى کورد، کە  بە درێژاى مێژوو وەک نەخۆشیەکى سیاسی دوبارە دەبیتەوە، دەتوانم بە یە کێک لە گرنگترین فاکتەرەکانى نەگەیشتن بە ئامانج ناو ببەم، سەرقاڵ بونى کوردە بە خۆیەوە تا ئەوەى بیر لە چۆنیەتى ڕوبەروبونەوەى دوژمن بکات. کارى کورد دژوارتر دەبێ، کاتێک دوژمنەکان بۆ ڕێگرى کردن لە کورد، لە گەڵ یەک هاوبیرو هاوکارن، کورد لە گەڵ یەکتر ناکۆکە. ڕاستە بە هۆى گۆڕانکاریەکان هاوکارى نێوان دوژمنەکان کەم ڕەنگ تر بوە. بەڵام کورد هەر بە ڕێژەى پێویست یەک دەنگ و یەک ڕێز نیە. بێ گومان شەڕى براکوژى لە نێوان کورد تا ڕادەیەکى زۆر نەماوە، کە پێشکەوتنێکى گەورەیە. بەڵام تەنیا ئەم فاکتەرە ناتوانێ سەرکەوتنى کورد لە ناوچە دا مسۆگەر بکات. ئەگەر بێت و گۆرانکاریە کانى خێراى ناوچە وئەو ئاڵۆزەى هەیە لە بەر چاو بگرین. دەتوانین هەست بە گەورەى ئەو دەرفەتەى کە بو کورد هەڵکەوتووە بکەین. هەر بۆیەش هەموو کورد لە هەر ساتێکى تر پێویسیتى بە یەک ڕێزى هەیە تا بتوانین سود لە گۆڕانکاریەکان وەربگرین. هێنانى  نمونەى ئەم یەکنەبونە لە بەشەکانى کوردستان و کورد بە گشتی لە گەل یەکتر گرنگى ئەم بنەمایە باشتر دەردەکەوێ. کە ئێمەى کورد زیاتر لە دوژمن خەریکى خۆمانین.

باکور: لەم بەشەى کوردستان هێزە سیاسیەکان دابەش بوون بە سەر سێ ئاراستەى پەکەکە و کوردەکانى نزیک لە دەوڵەت و هێزەکانى تر کە بە نیسبەت بە دوو هیزەکەى تر بچوکترە. ئەمڕۆ لە گۆڕەپانى سیاسی باکوری کوردستان ئەم سێ ئاراستەیە هەریەک بە ڕوانگەى جیای خۆى هەیە کە زۆر لە یەک دوورن. لە دوایین هەڵبژاردنى تورکیا تەنیا ئاکپارتى لە دوازدە پارێزگاى کە هەدەپە یەکەم بووە توانیویەتى نزیکەى یەک ملیۆن دەنگ بهێنێت کە بەشێکى بەرچاوى کوردەکانى باکورى کوردستان دەگرێتەوە. لە حیزبەکانى تری کوردى نزیکەى  دوسەد هەزار دەنگیان هەیە. پەکەکە لە چوارچێوەى نەتەوەى دەرچووەو داخوازیەکانى لە قالبی تر دێنێتە زمان سەرەڕاى شێواویەکى زۆرى کە لە سیاسەتى ئەم ئاراستەیە دا بە دی دەکرێ و ئاراستەکانى تریش بە توندى ڕەتدەکاتەوە. تەنانەت مێژوویەکى دورى ناکۆکیش لە نێوان هێزى پەکەکە و حیزبەکانى ترى باکورى کوردستان هەیە. لە نێوان حیزبەکانى بچوک کە ڕوانگەیان بۆ کێشەى کورد لە یەک نزیکە دیسان نەیان توانیوە ئەو هاوکاریە دروست بکەن بۆ ئەوەى بتوانن بە یەک لیست لە هەڵبژاردن بەشدار بن و دەنگیان بەرز بکەنەوە. بە خوێندنەوەى ئەو تابڵۆیەى سەرەوەو پەرتەوازە بوونى کوردەکان دەردەکەوێ و ئاسۆى چارەسەرى پرسی کورد تا دێت و ئالۆزتر دەبێت. واتە ئەگەرڕوانگەیەکى نزیک بۆ پرسی کورد دروست نەبێت، ئەوا لە بەرامبەر دەوڵەتى تورکیا کاریگەر نابین وهەموو وزەى کورد بۆ ناکۆکىەکانى بە فیڕۆ دەچێت. پەکەکە کە هێزەکانیترى هەر قەبوڵ نیە و گەوەرەترین بەرهەڵەستکارانى پەکەکەش لە نێو حکومەتى تورکیا کوردن. حیزبەکانى تریش یەکیان نەگرتوە. واتە هەر خۆمان سەرقاڵین بە یەکتر.

ڕۆژئاوا: هەمان گرفت بە هەمان شێوە لە ڕۆژئاواى کوردستانیش هەیە. پەیەدە هێزی پەکەکە لە ڕۆژئاوا لە گەڵ هەموو لایەنەکانى تری کورد جیا بیر دەکاتەوە و دژایەتى لایەنەکانى تریش دەکات. پەیوەندى لە گەڵ ئەسەد دا هەیە بە پێچەوانەوەى هێزەکانى تر کە یەکگرتوون و لە بەرێز مەسعود بارزانى نزیکن. ئەنجومەنى کوردى ڕۆژئاوا کە ناتوانێ لە کانتۆنەکانى سەربەپەیەدە بە ئاسانى و ئازادى تەواو کار بکات. ئێستا لە بڕى ئەوەى لە گەڵ ئۆپزسیون دەوڵەت کار بکەن بۆ ئەوەى داخوازى کوردان جێبەجێ بکەن. خەریکى چارەسەرى گرفتەکانى خۆیانن. کە هیوایەکی وا زۆربۆ چارەسەر بونیان بەدی ناکرێ. لە وەها بارۆدۆخێک دا چۆن دەتوانن لە دەرفەت کەڵک وەرگرن پرسیارێکى بێ وەڵامە

باشور: سەڕەڕای هەبونى دەزگاى شەرعى ویاسای، ئەزمونى چارەکە سەدەیەک لە خۆبەڕێوەبردن و دەرکەوتنى ئاسۆى سەربەخۆى. بەڵام ناکۆکیەکى زۆر لە نێوان هێزەکان دا هەیە و دابەشبون بە سەر دوبەرەدا، کە کورد لە و ئاسۆی گەیشتن بە سەربەخۆی دورتر دەکات. ئێستا گەورەترین گرفتى کورد دروست کردنى ئیرادەیەکى یەکگرتوو لە هەمبەر کێشە نەتەوەییەکانە. بچوکترین گرفتى کۆن و نوێ لە نێوان هێزەکان دا کاریگەرى  لە سەر یەکڕێزى کورد دروست دەکات. ئەمەش بۆتە هۆى لاوازى کورد لە بەغدا و ناوچە. تەنانەت ترسی ئەوە هەیە کە ئەو ناکۆکیانە ببنە هۆى لە دەست چوونى ئەو دەرفەتە زێڕینە و پەک خستنى کارى دەزگا شەرعیەکان. دەتوانم بڵێم ئێستا کورد سێ لە سەر چوارى وزەى خۆى لە ناکۆکیەکانى بە کار دێنێت و یەک لە سەر چواری بۆ پلان بۆ داهاتوو ڕوبەڕوونەوەی دوژمنان .

ڕۆژهەڵات: جیاوازیەکى کە ڕۆژهەڵات لە بەشەکانى تر جیا دەکاتەوە، ئەوەىە ئەم بەشە تا ئێستاش بە تەواوى لە ژێرچەپۆکى دوژمنە. لەوەها بارودۆخێک دا ئەوەى گرنگە دەبێ هێزەکان لە بەرەیەکى ڕێکخراو شۆڕشێکى گەورە ڕێک بخەن، تا بتوانن نیشتمان لە دەستى داگیر کەر ئازاد بکەن. هەر چەند لەوانەیە ڕوانگەىان بۆ داهاتووى کوردستان، جیا لە پەژاک (کە بەشێکە لە پەکەکە لە ڕۆژهەڵات)  زۆر جیاواز نەبێت. بەڵام لە میکانیزمى کارکردنى پێکەوە سەرکەوتوو نەبون. هەروەها وزەیەکى بەرچاویان لە دابڕان و بەسەر یەکنانەوەی حیزبەکان تا ڕیکخستنى شۆڕش بەکار دێنن. ئەمەش بە خەسارێکى گەورەى شۆڕش لەم بەشەى کوردستانە کە هێزەکان و ئەندامەکانیان بە ناکۆکیەکانى نێوخۆیان  سەرقاڵ دەکات دەزانم.

ئەگەر بێت کوردستان بە گشتى سەیر بکەین، بێگومان چاوەڕێى کوردێکى یەکگرتوو لەوەها کوردستانێک بەوهەموو ناکۆکىە ناکرێت. واتە ئێمەى کورد بەم شێوەیە  بە هەموو هیزمان سەرقاڵی یەکترین تا ئەوەى بیر لەوەى بکەینەوە چۆن دەتوانین دوژمنمان ببەزێنین. هەر ئەمەش هۆى سەرەکى دواکەوتنمان لە بە دەست هێنانى مافەکانە. ئەبێ فێر بین زیاتر لەوەى سەرقاڵى یەکتر بین بۆ دروست کردنى ناکۆکى، هەنگاو بنێنین بۆ دروست کردنى کەلتورى یەکترقەبوڵ کردن و هاوکارى کردن. ئەگەر بێت و لە هەڵگرتنى ئەم هەنگاوە سەرکەوتوو نەبین، بێ گومان سیاسەت کردنمان شتیکى جیاوازتر لە خوڵانەوە لە بازنەى دژایەتى یەکتر نابێت .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت