سەربەخۆیی و بێ منەتی

0
164

ناسر باباخانی
شەهید دکتور قاسملوو ساڵی ١٩٧٤ بەر لە کۆنفرانسی سێیەمی حزب، بە گەڕاندنەوەی چەمکی سەربەخۆیی بۆ ناو حزبی دیموکرات و سەربەخۆیی لە بڕیارداندا، بناغە تیۆری و فیکرییەکانی ئەم حزبەی سەرلەنوێ داڕشتەوە، ئەمە لە هەمان کاتدا کە پرستیژی حزبی دیموکراتی لەناو ئێران و لە خودی کوردستاندا بردە سەر، شۆکێکی بەهێزی ڕەوانی بوو بۆ ئەم کەس و لایانانە کە دڵیان بۆ حزبی توودەی ئێران لێی دەدا یان دڵبەستەی پارتی دیكه‌ بوون. ئێستا حزبی دیموکرات، حزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ئێرانە و تەنیا هێز و پاڵپشتی حزب، خودی گەلە!
ئەمە سەرەتای بنیاتنانەوەی فۆنداسیۆنێکی بەهێز و مەنتقی بوو بۆ حزبێک کە دەیەوێ خۆی لەناو بازنەی خەڵکەکەیدا ببینێتەوە و بێمنەت لە هێز و لایەنە سیاسییەکانی تر (بە مانا سەربەخۆیی سیاسییەکەی) بەرنامە و پڕۆگرامی خۆی بەڕێوە ببا و دواجار بەهۆی شۆڕشی گەلانی ئێران و سازبوونی بۆشایی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستانی ئێران، ببێتە گەورەترین حزبی هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەمە قۆناغی قاسملوو بوو. ئەم قۆناغە لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران واتە ساڵی ١٩٧٩ تا ١٩٨٩ درێژە پەیدا دەکا و سەرەڕای هەموو کێشە ناوخۆییەکانی ناو حزب، چەمکی سەربەخۆیی وەها لەناو پێکهاتەی حزب و کۆمەڵانی هەراوی خەڵکدا پراکتیزە بووبوو کە نەیدەهێشت پەراوێز بە دژی دەق قوت بێتەوە!
لە پاش تیرۆری دکتۆر قاسملوو و تەواوبوونی شەڕی ئێران و عێراق و ئاڵوگۆڕە ناوخۆییەکانی ئێران و تەنانەت ناوچە و بەتایبەت خویابوونی یاریكەرێکی ناوچەیی وەک هەرێمی کوردستان، حزبی دیموکرات تووشی هەرەسێکی سەیر بوو. هەم لە باری سیاسییەوە هەم لە باری ڕێکخراوەییەوە… کە بە تێپەڕبوونی زەمان قورسایی ئەم هەرەسە لەسەر شان و ملی خەڵک زیاتر دەبوو، بێگومان زۆر هۆکار هەن کە دەکرێ ئاماژەیان پێ بکرێ کە بوون بە هۆی ئەم دۆخەی هەنووکە، بەڵام شک لەمەدا نییە کە گرینگترینیان هەمان باسی سەربەخۆیی بوو.
پاشکۆ نەبوونی حزبی دێموکرات و پەلکێش نەبوونی بۆ لای حزبی پارچەکانی تری کوردستان، بە مانای نەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماتی نییە، بە مانای ئەوە نییە لەمەڕ هاوکێشە سیاسییەکانی تر پاشتر بێ، یان هاریکاری پارچەکانی تر نەبێ، بەڵکوو بەم مانایە دێ کە خاوەنی گوتاری خۆی بێ و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێ.
خۆ ئەگەر لەم ساتەوەختەدا، حزبی دیموکرات لە باری قەوارە و پێکهاتەوە، بچووکیش بووبێتەوە و کەم‌هێزیش بێ، بەڵام سەربەخۆیی خۆی وەک حزبێکی ڕۆژهەڵاتی بپارێزێ لەناو دڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوەندەی تر گەورە دەبێتەوە و پاڵپشتیی دواڕۆژ بۆ خۆی مسۆگەر دەکا. بۆیە شەهید دکتۆر شەرەفکەندی دەیگووت: ئێمە سیاسەتی خۆمان بۆ خۆمان دیاری دەکەین، چونکە حزبێکی سەربەخۆین. چ بچووک بین و چ گەورە، چ بێ‌هێز بین و چ بەهێز، سیاسەتی سەربەخۆی خۆما ناگۆڕین!
دەمەوێ لەسەر بنەمای ئەم وتانەی سەرێ، باسەکەم گرێ بدەم لەگەڵ شێوەڕوانینی حزبەکانی پارچەکانی تر بۆ سەر ڕۆژهەڵات و وەک نموونە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: ماوەیەک لەمەوبەر دوو ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، فەرید ئەسەسەرد و سەعدی ئەحمەد پیرە، لە بابەت چەشنی پیوەندییەکانیان لەگەڵ پارچەکانی تر، ئاوها دەدوێن: زپرسی هاوکارییەکانمان بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان، پەیوەستە بە ئەندازەی گەشەکردنی بزووتنەوەی سیاسیی ئەو پارچەیەس و دواتر بە نموونە باس لە بزووتنەوەی سیاسی لە باکور و ڕۆژئاوا دەکەن کە توانیویانە پێگەیەکی بەهێز و بە هەوڵ و کۆششی خۆیان پێکبێنن. دیارە لەوە پێشتریش مەلا بەختیار باسی لە نەمانی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات کردبوو. وا باشە ڕوانینی فەرمیی یەکێتیی لە زمان مەکتەبە سیاسییەکەشی ببینین، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی، لە ڕاگەیەندراوێکدا لە رۆژی 11.10.2015 سەبارەت بە گرژییەکانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە لە بەندی دووەمدا، لەژێر سەردێڕی هەلومەرجی کوردستان باسی باشوور و بەشەکانی تر وەک باکوور و ڕۆژئاوا دەکا و ئەننەهوو ڕۆژهەڵات بوونی نییە.
دیارە ئەمە مافی یەکێتییە کە چۆن دەڕوانێتە پارچەکانی تر و حزبەکانیان و لەبەر جۆری پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، دوهەم پارچەی کوردستان پشتگوێ بخا، بەڵام ئەوەی کە یەکێتی بە کام شاوڵ و پێوەر ئەندازەی گەشەکردنی بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی دیاری کردووە جێی پرسیار و دڕدۆنگییە! خۆ یەکێتی زۆر باش دەزانی کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بە چ شێوەیەک مامه‌ڵە لەگەڵ کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکا، باش دەزانێ سەرەڕای زەبروزەنگی ئەم سیستمە بە ئیعدام و زیندانی و ئەشکەنجەی زیندانییانی سیاسی ساتێ هەدادانی نەبووە، تۆ بڵێی یەکێتی نەزانێ کە خەڵکی رۆژهەڵات بۆ پارچەکانی تری کوردستان لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی، چییان نەکردووە؟
ڕەنگە سووکە ئاوڕێک بۆ ڕابردوو یارمەتیدەرمان بێ. کاتێ بەڕێز ئۆجالان دەسبەسەر دەکرێ، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن بە دەیان هەزار کەس دێنە سەر شەقام و دەنگ هەڵدەبڕن و دواجار شەهید دەدەن، کاتێ فیدرالیزم لە باشوور پەسند دەکرێ، ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن بە دەیان هەزار کەس دێنە سەر شەقام و شایی لۆغان دەگێڕن، کاتێ کارەساتی شنگال ڕوو دەدا ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن سەرەڕای گرفتی ئابووری خۆیان یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال کۆ دەکەنەوە، کاتێ هاوسۆزیی خۆیان بۆ کۆبانێ لە ڕۆژئاوا دەردەبڕن ئەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتن بە دەیان هەزار کەس دێنە سەر شەقام… باشە ئەمانە نیشانەی زیندوویی ئەم گەلە نییە کە لەژێر زەخت و گوشاری دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری وەک کۆماری ئیسلامی دێتە مەیدان؟ ئەمە یانی خەڵک سەبارەت بە گیروگرفتەکانی پارچەکانی تر خەسیو نییە. با دوور نەڕۆین ئەم دەنگ هەڵبڕینە جەماوەرییەی خەڵکی کوردستان سەبارەت بە کوشتنی شوانەی سەید قادر، سەرانسەری کوردستانی تەنییەوە و خرۆشی اکێرتییە لاتینی پاریسی دێنایەوە یاد نیشانەی زیندوویی خەبات نەبێ چییە؟ داخرانی دوکان و بازاڕ لە ساڵیادی تیرۆری شەهید د. قاسملوو لە کوردستان لەژێر زەبر و زەنگی کۆماری ئیسلامی ئەگەر نیشانەی بەردەوامیی خەبات نییە، ئەدی چ مانایەکی هەیە؟ چالاکیی چالاکڤانه‌ مەدەنییەکان لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا واتە زیندوویی و ئاگایی سیاسی خەڵکی کوردستان. لە وڵاتێکی فرەنەتەوەی وەک ئێران کام بزووتنەوەی نەتەوەیی جگە لە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بوونی هەیە؟ کام بزووتنەوه‌ی کۆمەڵایەتی هەیە جگە لە کورد؟ لە ڕۆژهەڵات کۆمەڵگایەکی زیندوو هەیە کە سەبارەت بە هیچ کێشەیەکی ناوخۆیی و پارچەکانی تر خەسیو و بێ‌ هەڵوێست نییە. هەر بۆیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شۆڕشەوە تا هەنووکە، زیاترین هەزینەی ئەمنیەتی و نیزامیی بۆ کوردستان تەرخان کردووە و لە هیچ چەشنە کردەوەیەک بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئەم بزووتنەوەیە درێغیی نەکردووە.
لە هەمووان گرینگتر، خۆ باشووری کوردستان قەرزداری حزبەکانی رۆژهەڵاتە کە لەبەر ئەم وتە سواوە غەدری لە خۆی و گەلەکەی کردووە کە ئەمیش پاراستنی دەسکەوتی هەرێم بووە! بەڵام داخی گرانم ئەوەی وەک هێڵی 36 دەرەجە بۆ باشوور دیاری کرا، یان دۆخی سووریا، بۆ ڕۆژهەڵات بووزی نەخوارد! کەوابوو دەگەڕێمەوە سەرەتای باسەکەم: سەربەخۆیی حزبی دیموکرات، واتە متمانەی خەڵکی خۆی و بێ‌ منەتیی لە حزب و پارچەکانی تر!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت