سەربازێکی مەریوانی لە بیجاڕ کوژرا

0
393

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی گوڵانی ١٣٩٦ی هەتاوی، سەربازێکی کوردی خەڵکی مەریوان لە بیجار کوژراوە.

هەرچەند هەندێک سەرچاوەی سەر بە کۆماری ئیسلامی، لە زمان بەرپرسانی نیروی ئینتزامیی بیجاڕەوە، هۆکاری کوژرانی ئەو سەربازەیان، پێکدادان لەگەڵ قاچاغچیەکان راگەیاندووە بەڵام بەوپێیە کە پێشتر لە بیجاڕ و بە گشتی لە کوردستان هیچ چەشنە پێکدادانیکی چەکداری لە نیوان کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد نەهاتۆتە ئاراوە، تا ئێستا هۆکاری ڕێک و دروستی کوژرانی ئەو سەربازە کوردە ناڕوونە.

پێشتر چەند سەربازی کورد بە هۆی هەبوونی جیاوازیی فکری لە ڕووی ئایینی و نەتەوەیی، لەلایەن بەرپرسانی ڕژیم لە پادگان و شوێنە سەربازییەکان کوژراون و هۆکاری کوژرانەکەیان لاڕێ کراوە.

لە ماوەی ساڵی ڕابردووی هەتاویدا، سەربازێکی خەڵکی گوندی “کارێزی مەحموود ئاوا”ـی سەر بە باژێڕی بۆکان، بە ناوی”سەید مەحیەدین حوسێنی” کوڕی سەید عەبدوڵڵا، بە تەقەی فەرماندەی پادگانی شاری ڕوانسەر گیانی لە دەست دا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکەکانی بنەماڵەی حوسێنی، هەتا ئێستا فەرماندەی پایگای شاری ڕوانسەر سەبارەت بە چۆنیەتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە، وڵامێکی بە بنەماڵەی حوسێنی نەداوەتەوە.

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی حوسێنی ڕایگەیاندبوو: “بەرپرسانی حکوومەتی لە کاتی دانەوەی تەرمی سەید مەحیەدین حوسێنی بە بنەماڵەکەی پارەی گوللەکەیان وەرگرتووتەوە.”

بەپێی ئەو سەرچاوەیه، ئەو هەوڵە دەتوانێ بەو واتایە بێت کە کوشتنی ئەو سەربازە کوردە، نەک وەک ڕووداوێکی نەخوازراو، بەڵکوو جۆرێک لەسێدارەدان بە ئەژمار بێت.

پێشتریش ڕۆژی شەممە۲۲ی گەلاوێژی 1395ی هەتاوی، “ئیسماعیل بەسامی”، کوڕی فایق بەسامی، تەمەن ۲۰ساڵان، خەڵکی گوندی لاویسان و دانشتووی گەڕەکی ئیدارەی رێگەوبان لە نزیک کۆرەپای شەبرەنگ لە شاری مەریوان کە لە کۆتایی ڕۆژەکانی دوورەی زۆرەملیی سەربازی خۆیدا بوو، لە پاسگای بەردە ڕەشە و لە کاتی پشوودا لە ناو حەوشەی پاسگا لە پشتەوەڕا تەقەی لێکراوە و دەست بە جێ گیانی لە دەست داوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت