سکرتێری حدکا و حدک لە ھەولێر کۆ دەبنەوە

0
966

دوای ماوەیەک ساردی لەسەر پرسی یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێموکرات، باس لە چاوپێککەوتنی سکرتێری هەر دوو باڵی دێموکرات دەکرێت.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی باس نیوز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوە و دیدارەکانی ھەردوو حزب بۆ (باس) ڕایگەیاند، لە ماوەکانی ڕابردوودا، ھەردوو سکرتێری حدکا و حدک، مستەفا ھجری و خالید عەزیزی لە ھەولێر دیداریان ھەبووە.

سەرچاوەکە گوتیشی: “لەو دیدارەدا ھەردوو سەرکردەی دیموکراتەکان سوور بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت پارتەکانیان یەک بگرنەوە”.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ھەردوو سکرتێر باسیان لە ئامادەکردنی نەخشەڕێگای لێک تێگەیشتن بۆ یەکگرتنەوە کردووە، کە لەلایەن حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) پێشکەش بە حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) کراوە، خاڵی ئەرێنیش لە دیدارەکەدا زۆر زیاتر بووە لە باسکردنی ئەو لەمپەرانەی لەبەردەم یەکگرتنەوەدان.

بەڵام سەرچاوەکە نەشیشاردەوە کە لە ھەردوولا  ژمارەیەک سەرکردە ھەن نایانەوێ یەکگرتنەوە روو بدات، چونکە پێیان وایە ئەو یەکگرتنەوەیە ئەوان لە پۆست و بەرپرسیاریەتی دوور دەخاتەوە.

سەرچاوەکە ڕوونیشی کردەوە، ھەردوو حزب زیاتر لە ٢٢ ئەندامی دەفتەری سەرکردایەتییان ھەیە و یەکگرتنەوەی ئەو دوو ھێزە وا دەکا ژمارەیەک لەو سەرکردانە کە لاوازن، لە پێگە و بەرپرسیاریەتی نەمێنن، ئەوانەش دەیانەێ لەمپەر لەبەردەم یەکگرتنەوەی ئەو دوو باڵەدا دروست بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، لەناو ھەردوو حزبدا سەرکردەی زۆری دیکەش ھەن دەیانەوێ  بە ھەر شێوەیەک بێت لەم قۆناغە یەکگرتنەوەی ھەردوو باڵەکە روو بدات، گوتیشی: “کێشەی حدکا ئەوەیە کە نایەوێ حدک وەکو حزب بەو ناوە بناسێنێت و ئێستاش بە باڵێ جیابووەوە دەڵێت ھاوڕێیانی پێشوو، لەکاتێکدا حدک ئێستا پارتێکی سەربەخۆیە و ئەندامی فەرمیی رێکخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆنالە”.

لەبارەێ بۆچوونی (حدک)یش ئەو سەرکردەیە رای گەیاند، لەناو ئەو ھێزەشدا سەرکردە ھەیە لەگەڵ یەکگرتنەوەدا نییە، بەتایبەتی ئەوانەێ لەدوای جیابوونەوە بوون بە حدک و بەرپرسیاریەتییان پێ دراوە، ئەوان پێیان وایە یەکگرتنەوە لەسەر حسابی ئەوان دەبێ.

شایانی ئاماژەیە کە باس لە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات بەتایبەتی دوای لێدوانی خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر خەباتی چەکداری و هەروەها نەبوونی هێز بۆ گرتنی گووندێکی کوردستان لە لایەن هێزە کوردییەکانەوە و هەروەها هەرای فەیسبووکیی نێوان ئەندامانی ئەو دوو لایەنە لەسەر هەندێ پرسی جیاواز، بەرەو ساردی ڕۆیشتووە.

ئەندام و لایەنگرانی حدکا، قسەکانی خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حدک یان بە دژایەتی دەربڕین بە بڕیاری حیزبەکەیان لە قەڵەمدا و لە هەمبەردا ئەندام و لایەنگرانی حدک ـیش ئەوەیان رەد دەکردەوە.

بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەر دوو باڵی حیزب، ئەژمارێکی زۆر لە خەڵکی کوردستان داوای یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەی ماڵی دێموکرات دەکەن، بابەتێک کە هەندێک لایەن و تاک لایان وایە ە جیابوونەوە و دژایەتیی فکری و سیاسی کە ئێستا لە ناو ئەو دوو باڵەدا لە ئارا دایە، ئەستەمتر و دژوارترە لە جاران.

لەلایەکی تریشەوە لە ماوەی رابردوودا چەند پرس وەک شایی و سەرەخۆشی، هۆکاری لێک نزیک بوونەوە و پێکەوە دانیشتنی هەر دوو لای دێموکرات بووە، بابەتێک کە زۆر جار وەبیرهێنەرەوەی سەردەمی پێشووی دێموکراتی یەکگرتوو بووە، پێدەچێت هەر ئەوەش هیوای زۆرتری لە ناو دڵی کۆمەڵانی کورددا ساز کردبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.