سوپای تورک لە عەفرین بێ یان سوریای ستەمکار، تەوفیرێکی نییە!

0
87
 محەمەد چاوشین

لەپەراوێزی گەڕانەوەی سوپای خوێنمژ و ستەمکاری سوریا بۆ شاری عەفرین و چەند سەرە قەڵەمێک لەم بارەیەوە..

بۆ ئێمەی کورد ڕوون و ئاشکرایە کە تورکیا و سوریا دوو وڵاتی شۆڤێنیستی و دیکتاتۆری ئێستا و ڕابردووی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن و ھیچ چەشنە مافێک بە گەلی کوردستان ڕەوا نابینن، نە لەڕابردوو، نە لە ئێسا و نە بۆ داھاتووش.

 ئەمەش بەپێی ئەو ئەزموونە دوور و درێژەی لەگەڵ ئەو دوو ڕژێمەدا ھەمانە.

تورک، فارس، عەرەب وەکوو سیستم و نیزامی سیاسی لەم ناوچەیەدا، دەسەڵاتێکی زاڵم و ستەمکار بوون و زۆر غەدری مێژووییان لە گەلی کورد و نەتەوە و کەمە نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە کردووە.

بەپێی خوێندنەوەی دوور  نزیکی دیرۆکی نەتەوەییمان، ھەر چوار وڵاتی”تورکیا، ئێران، سوریا، عێراق”، لەھەمبەر مافە ڕەواکانی گەلەکەمان گوێی خۆیان ئاخنیوە و مافی “مرۆڤ بوون”یشیان پێ ڕەوا نەبینیوە.

ھەر چوار دەوڵەتی ناوبراو،  سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوەی ئاسەواری نەتەوەییان لەھەمبەر گەلی کورد پەیڕەو کردووە و غەدرێکی گەورەیان دەرحەق بە ئێمە ئەنجام داوە.

تا ئەو جێگەیەی پەیوەندی بە ڕژێمی بەعسی سوریاوە ھەیە، سیستمێكی تۆتالیتار و ستەمکار بووە و تەنانەت”ناسنامە”ی گیرفانیشیان بە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕەوا نەبینیوە، چونکە پێیان وابووە”کورد” لە سوریادا، “ئینسانی ڕەسەن”ی سوریا نین و “ھاوردە”ن.

دەسەڵاتی حاکم لە ئێستا و ڕابردووی سوریادا، ھیچ نەتەوە و ئاینزایەکی بە ڕەسمی نەناسیوە، تەنھا ناسنامەی”عەرەب بوون” لە سیستمی سیاسی ئەو وڵاتەدا دانی پێدانراوە.

نەتەوەی کورد نەک ھەر بەڕەسمی  لەسوریادا نەناسراوە، بەڵکوو سیاسەتی”ئاسمیلە”کردنیشیان لەبەرامبەردا پەیڕەو کراوە و دەسەڵاتی ستەمکاری سوری ویستوویەتی نەتەوەی کورد لەچوارچێوە و بۆتەی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا  بتوێنێتەوە.

لەسەردەمی”حافز ئەسەد”ی گۆڕ بە گۆڕ و لەساڵی ١٩٦٢ دا، مافی “ھاوڵاتی بوون”ی لە سەدان ھەزار کوردی ڕۆژئاوا ستاندەوە و تەنانەت ئەو ژمارەیەی لەناو ئاماری ڕەسمی وڵاتی سوریاشدا سڕیەوە.

ئەو سەدان ھەزار کەسە، تەنانەت کارتی “ناسنامەی نیشتیمانی”یشیان لێ وەرگیرایەوە، بەو ھۆیەشەوە، ئەو کەسانە تەنانەت لە سەرەتاییترین و ئاسایی و سادەترین مافەکانیان وەکوو”دەرمان، پەروەردە و فێرکردن و خۆراک و …” بێبەش کران.

حیزبی بەعسی سوریا، ھاوشێوەی حیزبی بەعسی عێراقی سەدام حوسێن، دەیان پڕۆسەی بەدناوی وەکوو “بەعەرەب کردن، ڕاگواستن”ی کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی ئەنجام داوە و لەھەوڵی شێواندنی باری دیموگرافیای ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا بووە.

ئەو تاوانانە و سەدان و ھەزاران تاوانی دیکە، لوێچێک و مشتێکن لە خەرمانی سیاسەتی چەپەڵ و دڵڕەقانەی ڕژێمی بەعسی سوریا دەرحەق بە گەلەکەمان لەو  پارچەیەی کوردستاندا.

لەگەڵ ئاڵۆزیەکانی وڵاتی  سوریا لەساڵی ٢٠١١ دا، کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێکی زۆری سوریادا، وەکوو لایەنێکی سەرکەوتوو دەرکەوت، لەگەڵ دەرکەوتنی داعشیشدا، کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، بوو بە بەشێکی سەرەکی بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر و قووربانییەکی زۆریشی لەو پێناوەدا پێشکەش کرد.

دواتر کورد لە سوریا و لە ناوچەکەشدا، ژمارەیەکی حیساب بۆکراوە، لە ھاوکێشە سیاسی- سەربازییەکانی ناوچەکەدا دەخوێندرێتەوە، بۆیە ناکرێ ئەو سەنگ و قورساییە ھەرزان فرۆش بکرێت و خوێنی کچ و کوڕە شەڕڤانە ئازاکانی ئێمە لەبیر بکرێت.

چونکە، تورکیا فاشیست و ڕژێمی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر و ستەمکار، ھەردووکیان دوو ڕووی یەک دراون و بۆ ئێمەی کورد تەوفیرێکیان نییە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌