سوورکێو زەکی: بۆ ڕزگاریی ڕۆژهەڵات هەنگاوی یەکەم گێڕانەوەی متمانەیە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات

0
642

دۆسیەی تایبەتی رۆژی کورد سەبارەت بە بەرەی کوردستانی

بۆچی لە پاش 37 ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی ئێران، پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەوڵ نادەن هێز و توانای سیاسی و نیزامی خۆیان لە چوارچێوەی بەرەیەکی سیاسی یەکگرتوودا بەکار بێنن؟ لەمپەرەکانی بەردەم پێکنەهاتنی ئەو بەرە یان هاودەنگییە سیاسییە چییە؟ چۆن دەکرێ لایەنە سیاسییەکان لە دەوری یەک پلاتفۆرمی هاوبەش کۆ ببنەوە و خەباتێکی هاوبەشی سیاسی و نیزامی لەدژی کۆماری ئیسلامی بکەن؟

ماڵپەڕی رۆژی کورد لە پێناو لێک نزیککردنەوەی هێز و لایەنەکان و لێک تێگەیشتنیان لەسەر پرس و بابەتی پەیوەندیدار بە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستان ئەم دۆسیەی کردۆتەوە و ڕای ئەندامانی رێبەریی حیزبەکان و هەروەها کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵات و شرۆڤەکارانی سیاسی وەرگرتووە.
بەرێز سوورکێو زەکی، چالاکی سیاسی و مامۆستای زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە سوئێد وەڵامی پرسیارەکانی رۆژی کورد دەداتەوە.

ڕۆژی كورد: گرینگیی پێكهاتنی بهرهی كوردستانی بۆ كوردستانی ڕۆژههڵات له چی دایه و زهروورهتهكانی پێكهێنانی ئهم بهرهیه چین ؟

زەکیئامانج لە بەرە یا کۆنگرەیەکی نیشتمانیی کۆکردنەوەی وزە بڵاوەکان و بیروڕا جیاوازەکانە لە دەوری ئۆرگانێکی بەرزتر بۆ هاوکاریی و هاوخەباتیی لە پێناو ئامانج و داخوازییە هاوبەشەکان. بۆیە بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ هەموو نەتەوەیەکی بندەست بەتایبەت ئەگەر فرەلایەنیی و دەنگ و داخوازیی جیاوازی تێدا بێت زۆر گرینگ و پێویستە و بۆ کورد بە گشتیی و کوردی ڕۆژهەڵاتیش بەتایبەتیی کە لە نزییک بە یەک سەدەی ڕابردوودا شۆڕشێکی خوێناویی و تراژێدیک و بەداخەوە کەم دەسکەوتمان هەبووە، پێویستییەکی زیاترە، زیاتر لەوەش بۆ ئەوەی ئەم هەموو قوربانییە بەفیڕۆ نەڕوات و بە سەرەنجامێک بگات.

 بۆیە پێکهێنانی بەرە یان کۆنگرەیەک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە ڕووانگەی منەوە لە فۆرمی کۆنگرەدا باشتر و دێموکراتییکترە، دەبێتە هۆی کۆکردنەوەی هێز و وزەی لایەنەکانی ئەم بەشەی کوردستان و دڵگەرمیی و گوڕ و تیین بە خەڵک و لایەنەکان و بە گشتیی بە خەباتی ئەم بەشەی کوردستان دەبەخشێتەوە. جگە لەمەش ئەم بەرە یان کۆنگرەیە دەتوانێ رەوایی (Legitimacy) تەواوی هەبێت بۆ ئەوەی چ ڕوو لە لایەن و بەشەکانی تری کوردستان و چ ڕوو لە وڵاتانی دەوروبەر و دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانییش نوێنەرایەتیی ماف و داخوازییەکانی ئەم بەشەی کوردستان بکات.

لەم چەند ساڵەی رابردوودا و بەتایبەت لەم دەوەرەیەی ڕاپەڕینی گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە بەهاری عەرەبیی ناوی دەر کرد و نەخشەی ناوچەکە کەوتە بەر پێداچوونەوە و چەندین سیستەمی دیکتاتۆریی لە ناوچەکە هەڵوەشێندرانەوە، لەوانەیە یەکێک لە گەلە هەرە ستەملێکراوەکانی ئەم ناوچەیە ئێمەی کورد و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتیی بیین کە تا ئیستا لەم گۆڕانکارییە گەورەیە دەسکەوتێکی ئەوتۆمان نەبووە، تەنانەت ئەوەندە کاریگەرییەشی لەسەرمان نەبووە کە بەخۆماندا بچیینەوە و بیر لە یەکگرتن و خەباتی هاوبەش بکەینەوە.

ڕۆژی كوردهۆكار ، بهربهست و لهمپهرهكان له بهردهم پێكنههاتنی بهرهی كوردستانی له كوردستانی ڕۆژههڵات  چین؟

زەکیئەگەر بە ڕاشکاویی ولام بدەمەوە، بزووتنەوەی کورد بە گشتیی لە ڕوانگەی منەوە بزووتنەوەیەکی دێموکراتییک نەبووە و هەتا ئێستاش زۆریینەی لایەنەکانی کوردستان ئەوەندەی خەریکی خۆخۆرەوەیی، خۆسەپێنیی، یەکتر سڕیینەوە، یەکتر سووککردن و خۆ بەمێحوەر دیتنن، نیو ئەوەندە باوەڕیان بە فرەلایەنیی و یەکتر پەسندکردن و کاری هاوبەش نەبووە و نییە. ئەمەش پێشیینەیەکی مێژوویی هەیە و یەکێک لە خاڵە هەرە لاوازەکانی خەڵکی کورد بووە بە ئێستاشەوە. لە لایەکی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و لە کوردستان بەتایبەتیی، یان بە هەڵە لە پێناسەی حیزب گەیشتوون یان بە گێڕانی نەخش و ئەرکی حیزب بۆ کاری سیاسیی و پێوانی پرۆسەیەکی دێموکراتییک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات قانع نیین. هەر بۆیەش حیزبەکان زیاتر نەخشی “حیزب دەوڵەت” دەگێڕن و هەر لایەنێک هەوڵ دەدات ناوچەیەک و دۆڵێک لە کوردستان بۆخۆی داگیر بکات و فەرمانڕەوایی لەسەر بکات. ئەم ئەزموونەمان لە میرنشیینە کوردەکانییشدا هەیە و حیزبی ئەوڕۆش لە جێی کاری سیاسیی بۆ ڕزگاریی لە ڕێی ستراتیژییەکی کوردستانیی درێژماوە، بیر لە گرتنی شوێنێک و دەسەڵاتدارێتیی خۆی و وەلانانی لایەنەکانی تر و دەسکەوتی حیزبیی و خۆدەوڵەمەندکردن دەکاتەوە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتییش بێت. وەک دەبینیین بزووتنەوەی کورد لە ووتە و ئیددعا و تیۆرییدا هەموو قۆناخەکانی دێموکراتیی، ئازادییخوازیی، مافی مرۆڤ و یەکسانییخوازیی بڕیوە، بەڵام لە کردەوەدا هێشتا دەرەسە سەرتاییەکەشی فێر نەبووە و پێی جێبەجێ نەکراوە.

 دیارە ئەمە پێویستیی بە شیکاریی زۆرە، بەڵام ئەگەر ڕاشکاوانە و کۆنکرێت لە بابەت ڕۆژهەڵاتەوە قسە بکەم، بێجگەلە ئەم خاڵە لاوازە کە لەناو بزووتنەوەی کورددا گشتییە، لەمپەری سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی بەرە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕوانگەی منەوە زیاتر دوو لایەنی سیاسیی “حدکا” و “کۆمەڵەی شۆڕشگێر”ن. دیارە ئەوە بەم مانایە نییە کە لایەنەکانی تر بەرپرسیار نەبن، بەڵام بەپێی ئەزموونی ڕابردوو و بەتایبەتییش لەم چەند ساڵەی دواییدا دەر کەوتووە ئەم دوو لایەنە بەتەنیا خۆیان بە خاوەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانن و نەک هەر ئامادە نەبوونە لەگەڵ لایەنەکانی تر، چ لەگەڵ ئەو لایەنانەی لێیان جیا بوونەتەوە و چ لەگەڵ ئەوانەش کە فکرێکی جیاوازیان هەیە، بەرە پێک بێنن، بەڵکو ئەگەر هەوڵێکی تریش لەم بابەتەوە لەئارادا ببێت، هەوڵیان داوە ژێربەژێر شکستی پێ بێنن یان بە هەموو شێوەیەک تەحرییمی بکەن. ئەوەش زیاتر بۆ ئەم هزرە پاوانخواز و سێنتراڵیستییەی حیزب دەوڵەت دەگەڕێتەوە کە ئەم دوو لایەنەش لەسەری پەروەردە بوونە و تا ئێستاش نەیانتوانیوە بە دیدێکی خەسارناسانەوە بە خۆیان و شکستی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا بچنەوە کە لەمەشدا بەپێی هێز و توانای ڕابردوویان، پشکی شێر بەر ئەوان دەکەوێت. ئەم دوو لایەنە، لەگەڵ ڕێزم بۆیان، لەجێی گرتنە ئەستۆی ئەم بەرپرسیارەتییە مێژووییە و دانانی پلان و پرۆژەیەکی دێموکراتییک کە هەموو لایەنەکان لەخۆ بگرێت و ڕۆژهەڵات لەم قەیران و دواکەوتووییە ڕزگار بکات، بەداخەوە هەر بەم ڕووانگە کلاسییکەوە هەر لە ئێستاوە هەوڵی گواستنەوەی مێکانیزمی پەنجا بە پەنجای باشووری کوردستان بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵات دەدەن و دیانهەوێ ڕۆڵی پارتی و یەکێتیی لە ڕۆژهەڵات بگێڕن. بێگومان ئەم مێکانیزمەی ئەوانیش، پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتییک بە لەمپەر دەبینێ، نەوەک بە زەروورەتێک بۆ ڕۆژهەڵات، هەرچەند دانیشی پێدا نانێن. بۆیەش لەمپەری سەرەکیی بەردەم پێکنەهاتنی بەرە لە ئێستادا لە پلەی یەکەمدا لەستۆی ئەم دوو لایەنە سیاسییەیە و بە پلەی دووهەم لە ئەستۆی لایەنە سیاسییەکانی تری ڕۆژهەڵاتە.

سوورکێو زەکی: بۆ ڕزگاریی ڕۆژهەڵات، هەنگاوی یەکەم گێڕانەوەی متمانەیە بۆ خەڵک

ڕۆژی كورد:بهرهی كوردستانی به چ مكانیزم و شێوهیهك پێك بێ كه ههموو لایهنهكان خۆی تێدا ببینهوه؟

زەکیهەر وەک وتم هەتا ئەم هزر و مێکانیزمە پاوانخوازەیە بەسەر لایەنە سەرەکییەکانی ڕۆژهەلاتدا زاڵ بیت، بەرە پێک نایەت، ئەگەریش پێک بێت، لایەنە پاوانخوازەکان شکستی پێ دێنن. بۆ پێکهێنانی بەرە پێویستە سەرەتا زانیاریی و خوێندنەوەیەکی درووستمان هەبێت لەسەر ئەم کاراکتەرانەی قەرارە بەرەکەیان لی پێک بێت. بۆیە بەم پێشیینەیەی لایەنە سەرەکییەکانی رۆژهەڵات کە لە ڕابردوودا نەیانتوانییوە هەڵسوکەوتێکی سەردەمیانەیان لەگەڵ یەکتردا هەبێت و ئەزموونی شەڕێکی خوێناوییشیان پێکەوە هەیە، پێویستە سەرەتا بەخۆداچوونەوەیەکی خەسارناسانە بکرێت بەم ئەزموونە نادێموکراتیکەی کە کوردی ڕۆژهەڵات بە گشتیی و حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە بەتایبەتییش دەرهەق بە یەکتر و تەنانەت لە بەرامبەر لایەنی تریش لەخۆیان نیشانیان داوە. پێویستە ڕۆشنبیران و کەسانی سەربەخۆ و تەنانەت ئەندامانی خۆشیان نەترسانە و ڕاشکاوانە بەربەستەکان باس بکەن و ڕەخنە لەم لایەنانە بگرن کە ئامادە نیین ڕەخنە لە ڕابردووی خۆیان بگرن و حازرییش نیین لایەنەکانی تر لەخۆ بگرن یان لە دەوری یەک کۆیان بکەنەوە. ئەمە دەبێتە پوتانسێلێکی وەگەڕخەر لەسەر ئەم لایەنانە و دەکرێ لانیکەم لەم دەورەیەدا خۆیان لە بیری حیزب دەوڵەت ڕزگار بکەن و دەست بە سەرەتایێکی نوێ بکەن لە شێوازی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سەرەتایێیکی پێویستی تر ئەوەیە کە ئەم لایەنانە لەوە تێ بگەیەندرێن کە ئێستا یەک بستی خاکی ڕۆژهەڵاتیشیان بەدەستەوە نییە تاهیچ کەس لە ڕۆژهەلات تێیدا خاوەنبەش بێت. پێویستە ئەوە بزانن کە بۆ ڕزگاریی ڕۆژهەڵات هەنگاوی یەکەم گێڕانەوەی متمانەیە بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات، خەڵکێک کە قەیرانەکانی داگیرکاریی، هاڵاواردن، ئابووریی، کۆمەڵایەتیی، مەزهەبیی، کولتوریی و تەنانەت شوناسیش لە زۆر شوێن و ناوچە بەرۆکی گرتووە. خەڵکێک کە هەزیینەیەکی زۆر سەنگیینی داوە و ماندووە لە دانی هەزیینەی زۆرتر، ئەویش بە ڕێبەرایەتیی ئەم لایەنانەی، کورد وتەنیی، هەر بە ڕبەی خۆیان دەیپێون و هەر ئازان بە ڕابردوویەکی پڕ لە کارەساتەوە شانازیی بکەن و خۆیان بە نموونە و مامۆستای دێموکراتیی و ئاشتییخوازیی و مافی مرۆڤ دەزانن و یەک هەڵە لە کاری سیاسیی خۆیاندا نادۆزنەوە و هەمووی بە پڕشنگدار و جێی شانازیی دەبیین. بەمەش بێجگەلە سەپاندنی هەزیینەی زیاتر بە خەڵکی ڕۆژهەڵات، دەسکەوتێکیان نابێت. بۆیە تەنیا بە بەخۆداچوونەوە، ئەزموونوەرگرتن لە ڕابردوو و وەلانانی بیری حیزب دەوڵەت و هەنگاونان بۆ پێکەوەبوون و لەخۆگرتن (including) ڕوو لە هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵات بێ وەلانانی یەک لایەنییش، هەنگاوی یەکەم و بەردی بناخەی ئەم بەرەیە دا دەنرێت، نەوەک بە بێبەشکردن، وەلانان و پەراوێزخستن (excluding). ئەگەر ئەم کراوەییە و بەخۆداچوونەوەیە بێتە ئاراوە، دەکرێ دیسکۆرسێکی فراون ڕێک بخرێت کە هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵات و ڕێکخراوە شارستانییەکان، ڕۆشنبیران، نووسەران و کەسانی ئاکادێمیی سەربەخۆ و بەتواناش لەخۆ بگرێت. ئەگەر لە ئەنجامی ئەم دیسکۆرسەدا بتوانرێ کۆنگرەیەکی ڕۆژهەلاتیی کراوە و بەریین، شتێک لە چەشنی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی بۆ ڕۆژهەلات ڕێک بخەن، دەکرێ میکانیزمێکی گونجاو بێت بۆ سەرگرتنی بەرە یان کۆنگرەکە. بەڵام وەک باسم کرد، کراوەیی لایەنەکان بەتایبەت ئەم لایەنانەی ناوم بردن، ڕێکخستن و ئامادەکردنی زەمیینەی ڕەوانیی ئەم کارە، دڵسۆزیی بۆ بەرژەوەندیی گشتیی ڕۆژهەڵات نەوەک بۆ لایەنێک، تێگەیشتن لە بارودۆخەکە و ئیرادەی پێویست بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارەتییەکی لەم ئاستەدا زۆر پێویستە و بەبێ ئەم زەمیینەیە، ئەگەر بەرەیەکیش درووست بێت، بنچیینەیەکی لاوازی دەبێت ودەبێتە هۆی دووپاتکردنەوەی ئەزموونی ڕابردوو.

ڕۆژی كوردپێشنیارتان بۆ خێرایی بهخشین به دروست بوونی بهرهیهكی یهكگرتوو چیه و چ ڕێكارگهلێك دهتوانن ببنه ڕێخۆشكهر بۆ پێك هێنانی بهره؟

زەکیلە پرسیاری پێشوودا وڵامی ئەم پرسیارەشم داوەتەوە. ئەمەی باسم کرد دەکرێ مێکانیزمێکی گونجاو بێت، بەڵام بێجگەلەوە، سەرەڕای هێژموونیی حیزبەکان لە بوواری سیاسییەوە لە ڕۆژهەڵات، کۆمەڵگەی ئێمە تەنیا لە حیزبەکان پێک نایەت و تەنیا ئەوانییش لێی بەرپرسیار نیین. بۆیە دەکرێ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانیی وفەرهەنگییان، ڕووناکبییران و کەسایەتییە ئاکادێمیک و سەربەخۆکانیش لە لایەن خۆیانەوە لە دەرەوە و ناوخۆی ڕۆژهەلات دەستپێشخەریی بکەن و زەمیینەی کۆکردنەوەی لایەنەکان بڕەخسێنن و پێشنیار و نەخشەڕێگەی خۆیان هەبێت.

bere-kurdistani-surkew-zakii

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت