سترانی “گولنارێ”، هاوارێک پڕ بە ناخی مێژووی بندەستیی کوردان

0
37

ڕۆژی کورد: سترانی “گولنارێ” تراژدیی کۆچ پێکردنی کوردەکانە بەرەو خوراسانی ئێران. کۆچێکی زۆرەملی کە دوای کوشتن و بڕینی کوردەکان، دەستی پێکرد، وەک لە سترانەکەدا هاتووە، جحێڵەکانیان کوشتووە و ژنەکانیان بردوون، چیرۆکێکی تراژدیک کە تا بە ئەمڕۆش بەسەر کوردەکان دێت و ئێستاش زیاتر لە ٥ هەزار ژنەکوردی ئێزیدی لەلایەن دەستی ڕەشی تیرۆریستیی داعش، بە دیل گیران و بوون بە سووتەمەنیی چێژی سێکسیی ئیسلامخوازەکان و زیاتر لە ٣٥٠٠ کەسیان تا ئێستاش هەر دیلن و ئازاد نەکراون.
“گولنار” یان “گولنارێ”، گراو و دڵداری سترانبێژ یان باشترە بڵێین شاعیری ئەم سترانەیە کە لەلایەن داگیرکەری کوردستان (سەفەوییەکان)ـەوە دەستبەسەر کراوە و لە ناو ڕیزی ئەو ژنە کوردانەدا بووە کە بە دیل براوە. 

ئەو سترانە کە مێژوویەکەی ١٦٠٢ی زایینی، تا ئێستا لەلایەن گەلێک هۆزانوان و سترانبێژی کوردەوە گوتراوەتەوە و سینگ بە سینگ، وەک مێژووی کوردانی خۆراسان، پارێزراوە. خاتوو “یەڵدا عەباسی”ـشەوە کە وەک کچە کوردێک، شۆڕشێکی لە موسیقیی کوردیدا ساز کردووە گوتراوەتەوە.

مێژووی کوردانی خوراسان (خۆرهەسان) کە بە واتای ڕۆژهەڵات یان شوێنێکە کە خۆر لێیەوە هەڵدەستێ کە خوراسان لە ڕۆژهەڵاتی ئێران هەڵکەوتووە و ئەم وشەیە کوردییە.

کوردەکانی خوەراسان لە سەرەتای سەدەی 16ی زایینی، ئیمپراتۆری شێعە مەزهەبی سەفەوی وەک رەقیبێک دژ بە ئیمپراتۆری سونی مەزهەبی عوسمانی سەرهەڵدا و بۆ پەرەپێدانی ئایدۆلۆژی و مەزهەبی شێعە و هۆکاری دیکەش دژی راوەستا، لەو کاتەدا دەسەڵاتی میللەتی کورد بوو بە قوربانی هەردووک ئیمپراتۆرییەکە. 

لە ساڵی 1514ی زایینی دا لە ناوچەی “چالدران” شەڕێکی توندوتیژ لە نێوان هەر دوو ئیمپراتۆرییەکدا دەستی پێکرد، کە بە شەڕی چالدران بەناوبانگە. لەو شەڕەدا ئیمپراتۆری عوسمانی بەسەر ئیمپراتۆری ئێراندا سەرکەوتنی بە دەست هێنا و ئێران شکا و ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی سنوورەکانی ئێران و پاشەکشەیەکی زۆر، لێرەدا بوو کە خاکی کوردانیش لە نێوان ئەو دوو ئیمپراتۆرییەدا دابەش کرا و بەشێکی کەوتە سەر ئیمپراتۆری ئێران و بەشێکیشی بوو بە پاشکۆی ئیمپراتۆری عوسمانی. 

تایفە و عەشایری کورد لە زەمانی شا ئیسمایلی سەفەویدا لە دەوروبەری ساڵی 1598ی زایینی و و یان بە وتەیەکی دیکە سالی 1602ی زایینی لە ناوچەکانی نێوان دەریاچەی ورمێ و دەوربەری دەریاچەی وان و باشووری چۆمی ئەرسەوە بۆ ناوچەی خوەراسان (خراسان) کە کەوتووەتە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، کۆڕەویان پێ کرا. 

هۆی ئەم جێبەجێ کرد و کۆڕەوییەی کوردان، روون و ئاشکرایە کە بۆ راست بۆ خۆراسانیان بردوون، بۆ ئەوەی لە لایەکەوە ویستوویان کە بە کوردەکان بەری هێرشە بەردەوام و یەک لە دوای یەکەکانی ئوزبەک (ازبک) کە دەکرایە سەر ئیمپراتۆری ئێران، پێبکرن و لە لایەکی دیکەشەو ببێتە هۆی کز و لاوازی هێزەکانی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان. کە گوایە ئەو کاتە شاعەبباس باوەڕی پێیان نەبووە و بۆ دڵنیایی مانەوەی حکومەتەکەی لێکی بڵاو کردوون. سرووشتییە کە کوردەکان مرۆڤی بەهێز و نەترسن و بۆ شەڕ کردنیش زۆر ئازان لە زووترین کاتدا شەڕکەرە ئوزبەکییەکانیان پاشەکشە پێ کرد و ئەو ناوچانەی کە لە باکووری خۆراسان کەوتبووە دەست ئوزبەکە داگیرکەرەکان لێیان وەرگرتنەوە. لەو کاتەوە ئەوێیان بە مڵک و خاک و ئاوی خۆیان دەزانن و لەوێ ماونەتەوە، دیارە بە هاوکاری و هاندانی شا عەبباسی سەفەویش، بێجگە لەمەش لە لایەن شا عەبباسی سەفەوییەوە بۆ دانی باج و خەراج بە دەوڵەت ئازاد کران و هیچیان بە دەوڵەت نەدەدا.

دەتوانین بڵێین بارودۆخێکی وەک حکومەتێکی نیمچە سەربەخۆی ناوچەیی لەو شوێنە مانەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بوون بە پارێزەرانی سنووری ئێران و ئێستاش کە ئێستایە لەو پەشەی ئێراندا ماونەتەوە. هەرچۆنێک بێ سیاسەتی شاعەبباس مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا و درێژەدانی حکومەتەکەی بوو کە تێدا سەرکەوتوو بوو. بەڵام ئەگەر ئەو کاتە لەو باوەڕەدا بووبێ کە بەو کۆڕەو پێکردنە دەتوانی داب و نێرەتی ئەو گەلە بسڕێتەوە، خەیاڵی خاو بووە، چوونکە ئێستاش کوردەکانی خۆراسان سەرەڕای دووریان لە خاکی کوردستان بەڵام هەمیشە شانازییان بە کوردبوونی خۆیان هەیە و داب و نێرەتی خۆیان پاراستووە. 

دەبێ ئەوەش بزانین کە لە دوارانی سەرۆکۆماریی محەمەدی خاتەمی دا لە ئێران، پارێزگای خوەراسان کرا بە سێ بەشی باکووری، رەزەوی و باشوورییەوە کە بەداخەوە ئەم دابەش کردنەش بوو بە هۆی جیاکردنەوەی بەشێک لە کوردەکان لە یەکتری. بەجۆرێک کە دوای دابەش کردنەکە کوردەکانی خۆراسان لە نێوان دوو پارێزگای خۆراسانی باکووری و خۆراسانی رەزەویدا بوون بە دوو بەشەوە. 
رێژە: ئێستا نزیک بە 1،7 میلیۆن کورد لە خۆراساندا دەژین کە نزیک 60 لەسەددا لە دێکان، 35 لە سەددا لە شارەکان و 5 لە سەددەکەی دیکەشی بە شێوەی کۆچەری گەرمیان و کوێستان دەکەن. دەتوانین بڵێین کە هەموو کوردەکانی خۆراسان بە زاراوەی کرمانجی قسە دەکەن. 

هەڵکەوتووی جوگرافیایی: ئەم ناوچەیە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێرانەوە هەڵکەوتووە، پان و برێژی ناوچە کوردنشینەکەی خۆراسان لە نێوان (5/38 – 5/36)N و (60 – 56)E پلەدا هەڵکەوتووە.

  • سەرچاوەی بەشی مێژوو: کۆراوەیەکی “سەید سمیع سەید حبیباللەزادە”

دەقی سترانی “گولنارێ”

ئەز کو ئیرۆ پر غەمگینم
لێ یارێ، لێ یارێ گولنارێ
چاو لە بینا ناگەرینم
لێ یارێ، لێ یارێ هەوالێ
نیشان ژ تە ئەز نابینم
گولنارێ
———-
دەردێ دلێ من کاریە
لێ یارێ، لێ یارێ گولنارێ
غوسان جانێ من خاریە
لێ یارێ، لێ یارێ هەوالێ
دیدار مایە قیامەتێ
گولنارێ
دیدار مایە قیامەتێ
گولنارێ
———–
جایلان (لاوەکان) کوشتن، ژنان برن
لێ یارێ، لێ یارێ گولنارێ
گولنارێ من هسیر(ئەسیر، یەخسیر) کرن
لێ یارێ، لێ یارێ هەوالێ
وان فریتن (فرۆشتن) ل کوچە و بازارێ
—–
ئەز کو ئیرۆ پر غەمگینم
لێ یارێ گولنارێ
چاو لە بینا نەگەرینم
لێ یارێ هەوالێ
نیشان ژ تە تە ئەز نابینم گولنارێ

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت