ساڵێک بەسەر تەمەنی ژینگەوان ـدا تێپەڕی/وتووێژ لەگەڵ سەعید باغی بەرپرسی ماڵپەڕی ژینگەوان

0
478

ساڵێک بەر لە ئێستا، ماڵپەرێکی خنجیلانە بە ناوی “ژینگەوان” لە ناو کورددا سەریهەڵدا، بەو پێیە کە بە شێوەیەکی پسپۆڕانە و تایبەت، کاری ژینگەپارێزی دەکرد، باس و بەرهەمێکی نوێ بوو لە ناو کورددا، زۆر کەس لایان وابوو ژینگەوان ناتوانێ سەرکەوتوو بێ، هەندێک لا و کەسیش لایان وابوو کە پێویستییەک بەو ماڵپەڕە نیە، بەڵام ژینگەوانی ساوا، ڕەوڕەوەی ئەزموونی خستە گەڕ و هاژوتی و ئێستاش یەک ساڵ بەسەر تەمەنی پڕپیتی ـدا تێپەڕ بووە و هەموو تاکێکی کورد دەیناسن و جێگە و پێگەیەیکی یەکجار تایبەتی لای زۆربەی کورد هەیە و توانیویەتی سیاسەتە دژەژینگەییەکانی کۆماری ئیسلامی بە باشترین شێوە لە قاو بدات، بەو بۆنەوە وتووێژێکمان لەگەڵ سەعید باغی، بەرپرسی ماڵپەڕی ژینگەوان و ڕۆژنامەنووس، ئەنجام داوە کە لێرەدا دەیخوێنننەوە.

ڕۆژی کورد: وێڕای پیرۆزبایی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ماڵپەڕی ژینگەوان لە بەڕێزتان و هاوکارانتان، سەرەتا بفەرموون ئامانجە سەرەکییەکانی ماڵپەڕی ژینگەوان چین؟

سەعید باخی
سەعید باخی

باغی: زۆر سپاس، لە ڕاستیدا ئامانج لە دامەزراندنی ماڵپەری ژینگەوان بۆ ئەو کەمتەرخەمی یان باشتر بڵێم کاولکردنی بە ئەنقەسی ژینگە لەلایەن ناوندەکانی حکومەت لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و بوونی خەساری زۆری ژینگەیی لەوێ دەگەڕێتەوە کە بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو، لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتدا دژ بە سرووشتی کوردستان بەرێوەیان بردووە، هەر لە دزین و بە تاڵان بردنی ئاسەوارە مێژووییەکانی کوردستانەوە بگرە تا سوتاندنی بە ئەنقەسی هەزاران هێکتار لە دارستانەکان، دروست کردنی دەیان بەنداو لە کوردستان، گواستنەوەی ئاوەکان بۆ ناوچەکانی تری ئێران، کوشتنی ڕۆژانەی ئاژڵان و….تاد، بگرە دەیان جۆر کاولکاری تر لە هەمبەر ژینگە و هەروەها تۆندووتیژی لەمەڕ ئاژەڵان و باڵندەکان، هەروەها نەبوونی ماڵپەرێک کە شێوەی ڕاستەخۆ بتوانێ ڕەخنە لە حکومەت و ناوەندە پێوەندییدارەکان بگرێت، هەڵبەت ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەشوهەوا ئەمنیەتییە کە لە کوردستان زاڵە و لێرەدایە کە ژینگەپارێزان بەو شێوە کە دەیانهەوێت ناتوانن ڕەخنەکانیان ئاراستەی دەسەڵات بکەن.

ڕۆژی کورد: تا ئێستا چەند لە ئامانجەکانتان نزیک بوونەوە؟ بە گشتی خۆتان بە سەرکەوتوو دەزانن؟ تا چەند توانیوتانە جێگای خۆتان بکەنەوە؟

باغی: ئەوەی ڕاستی بێت ژینگەوان لە سەر ئەو بنەمایە دامەزاوە کە سەر بە هیج لایەنێکی سیاسی یان حکومەتی نەبێت و هەموو ژینگەپارێزانی کوردستان بەبێ جیاوازی دەتوانن خۆیان لە ژینگەوان ببینەوە، دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەکی باش ئامانجەکانی خۆیی پێکاوەو بە خۆشحاڵییەوە هەر لۆڕستان تا پارێزگای ورمێ، ئێمە ڕۆژانە هەواڵ یان بابەتمان هەبووە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ژینگەوان توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش جێگای خۆی بکاتەوە.

ڕۆژی کورد: ماڵپەڕی ژینگەوان، یەکەم ماڵپەڕی کوردییە کە تایبەت و پسپۆڕانە، کاری ژینگە دەکات و هەواڵەکانی ئەو بوارە بڵاو دەکاتەوە، پشتیوانی و پێشوازیی ژینگەپارێزان و چالاکانی ناوخۆ، لە ئێوە و ماڵپەڕەکەتان چۆن بووە؟

باغی: سەرەڕای ئەو هەموو گۆشارە کە لە سەر چالاکان و ئەنجومەنە ژینگەپارێزیەکان هەیە دەتوانم بڵێم زۆر باش بووە و بە باوەشی ئاوەڵاوە وەرگیراوین و هاوکاریمان کراوە و ئەو هاوکارییەش بەردەوامە و بە دڵنیاییەوە هەر بەرەو ئاسی ڕوونتر باڵ دەکێشێ.

ڕۆژی کورد: کۆسپ و تەنگژەکانی سەر ڕێگاتان بۆ درێژەدان بە کار چین و داواکاریتان لە بەردەنگەکانتان چیە؟

باغی: هەموو کاتێک لە ناو کورددا یەکدەنگ نەبوون یەکەم کۆسپی سەر ڕێ بووە، ڕاستە کە خەڵک و چالاکانی ناوخۆ و هەروەها ئەنجومەنەکان لە ژێر کۆشاری زۆری ناوندەکانی حکومەتدان بەڵام بە باوەڕی من هێز و توانایی ئێمە لە یەکدەنگ بوونمان دایە و تاکە ڕێگا بۆ ئەوەی بتوانین پێش بە هەموو کاولکارییەکان بگرین، بەتایبەت کە ئێستا لە چەند هەوڵێکی نۆێدا کە حکومەت دەیهەوێت لە هێندێ لە شارەکانی کوردستان لە ژێر ناوی ڕەخساندنی هەلی کار و بە پێدانی هێندێ بەڵێنیی پڕوپووچی تر، درێژە بە لە ناوبردنی سروشتی وڵاتەکەمان بدات، بەتایبەت لە شاری مەریوان، کە لە ئەگەری دروست کردنی ئەو پاڵاوگەیە ئەگەری لە ناو چوونی سەدا سەدی زرێبار لە ئارادایە کە ئەمانە تەنیا یەک نمونەیە، لە شارەکانی بانە، سنە و چەند شاری تر بە دروست کردنی بەنداو کە ئێستا لە قۆناغی سەرەتاییدان، دەتوانم بڵێم ژینۆسایدیکی تازەیە کە لەلایەن ناوندەکانی حکومەتەوە دەستی پێکردووە تەنیا بە یەکدەنگ بوونی ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکان و چالاکانی ئەو بوارە پێشی پێ دەگیرێت.

ڕۆژی کورد: تا چەند هەوڵتان داوە هەواڵ و زانیارییەکان بگەیێنن بە شوێنە پەیوەندیدارە جیهانییەکان بۆ ئەوەی دەنگدانەوە و کەڵکی زیاتریان هەبێت؟

باغی: ئێمە وەک ژینگەوان تا ئەو شۆێنە کە بۆمان کرابێت درێغیمان نەکردووە، هەموو هەوڵی خۆمان بۆ هەرچی زیاتر بە ڕاگەیاندن کردنی بابەتە پێوندییدارەکان بە ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوەو چەند جاریش وەک ڕاپۆرت یان وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەش باسمان کردووە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستەش تەنیا بە یەک لایەن ناکرێت بۆ ئەوەی کە بتوانین کاریگەریی باشترمان هەبێت، دەبێ پێوەندی لە نێوان ڕێکخراوەکانی دەرەوە و ناوخۆی کوردستان دروست بێت کە بە دڵنیایەوە ئەوان پێشوازی لەو هەوڵە دەکەن، چونکە ژینگەی هەموو وڵاتەکان گرێداراوە بە یەکەوە، زۆر جاریش ناوندەکانی حکومەت نیشانیانداوە کە تەنیا لە ژێر هۆشداریی هێز و ڕێکخراوەکانی دەرەوە نەرمی دەنوێنن.

ڕۆژی کورد: دیسان پیرۆزبایی دامەزراندنی ئەو ماڵپەڕە خنجیلانەیەتان لێدەکەین و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین، لە کۆتایی دا ئەگەر خاڵێک هەیە کە پێویستە ئاماژەی پێبکەن، بفەرموون.

باغی: زۆر سپاس بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد بۆ ئەم دەرفەتە کە بە منتان دا، زۆر سپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە لەم ماوەدا یارمەتیدەرمان بوون، سپاسی سەرجەم ئە ئەنجومەن و چالاکانی ژینگەپارێزیی کوردستان دەکەم کە تا ئێستا هاوکاری ژینگەوان بوون، دیسان دووپاتی دەکەمەوە کە ماڵپەری ژینگەوان ماڵپەرێکی تایبەت بە ئەنجومەنێک یان گرووپێکی تایبەتی نییە و هەموو ئەو کەسانەی کە دڵیان بۆ ئاوەدانیی نیشتمان لێدەدات دەتوانن خۆیان لە ژینگەوان ـدا ببینەوە.

هیواداریشم پاراستنی ژینگە و نیشتماندۆستی زیاتر لە ئێستا ببێتە کولتوور لە نێو  خەڵکی کوردستاندا، نەک تەنیا وەک ئەرک و وەزیفەی تاقمێک یان کەسانێک یان ڕێکخراوێکی تایبەتی چاوی لێ بکرێ بەڵکو هەرکەس بۆ ساتێکیش لەو شوێنە بژی و ژیابێ، خۆی بە خاوەن و پارێزەری بزانێ. وا بزانم هەموو کەس، پیرو  لاو، کوڕ و کچ، شاری و گوندی، خوێندەوار و نەخوێندەوار، بایی ئەوەندەی کات، توانایی و تێگەیشتن هەیە کە لە خەمی ئاو و خاکی کوردستاندا بێت. ئەوەش تەنیا خۆی لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستان یان شتێکی تایبەتی ـدا نابینێتەوە. ژینگەدۆستی و خزمەت کردنی نیشتمان زۆر لایەن و بواری جۆراوجۆری هەیە کە ڕەنگە هەر کەس و ڕێکخراوێک لە بوارێکی تایبەتدا شارەزایی و دەرفەتی زیاتر و گونجاوتری لەبەردەستدا بێ.

پاراستنی ژینگە هەم ئەرکێکی ئەخلاقی ـیە کە زیاتر پێوەندیی بە ویژدانی تاکەکانەوە هەیە، هەمیش ئەرکێکی نیشتمانیشە کە مادام لە سەر ئەو ئاو و خاکە دەژین و وەک دەبینین هەموو کات دوژمنانی کورد چاوی تەماعیان تێبڕیوە، لەسەرمانە بۆ پاراستنی تێبکۆشین. سپاس بۆ هەمووتان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت