سازمانی خەبات: داوا لە خەڵكی كوردستان دەكا بۆ كۆتایی هێنان بە دیكتاتۆری تێبكۆشن

0
634

رۆژی كورد: سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لەسەر رووداوەكانی سێ رۆژی رابردووی شارەكانی ئێران دژ بە دیكتاتۆریەتی ئاخوندی، راگەیەندراوێكی بڵاو كردۆتەوە و وێرای دیاری كردنی هۆكانی سەرهەڵدانی رق و بێزاری خەڵك، داوا لە خەڵكی كوردستانی ئێران بۆ كۆتایی هێنان بە دیكتاتۆریەتی ئاخوندی شێلگیرانەتر تێ بكۆشن.
دەقی بڵاو كراوەكەی سازمانی خەبات:

راپەرینی خەڵكی ئێران رووخانی رژیم خێراتر دەكات
لەچەند رۆژی رابردوودا شارەكانی ئێران بوونە مەیدانی راپەرینی كەم وێنەی خەڵكی وەزاڵەهاتوو و نارەزایەتی جەماوەریی تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
نارەزایەتی جەماوەریی لە وەلاتی ئێران نامۆ نیە و بە درێژایی تەمەنی دەسەڵاتی ئاخوندان خەڵك بە نیسبەت سیاسەتە هەڵەكانی رژیم رژاونەتە سەر شەقام و داوای مافەكانیان كردووە و هەموو جارێكیش وەڵامی دەسەڵات بۆ داوای خەڵك، سەركووت و جینایەت و زیندان و شكەنجە بووە.
لەگەڵ ئەوەدا كە نارەزایەتیەكان لە ماوەی دەسەڵاتی ئاخوندەكان نامۆ نەبوون، بەڵام نارەزایەتیەكانی ئەم چەند رۆژە گەلێك بەرچاو و بەربڵاوتر بوون لەوانی رابردوو، كە نوقتە وەرچەرخانێكە لە مێژووی راپەرینی خەڵكی ئێران. بەربڵاوی نارەزایەتیەكان لە شارە گەورەكانی ئێران و یەكگرتوویی جەماوەری نارازی و بەشداری چین و تووێژە جیاوازەكانی خەڵك و تەنانەت پشتیوانی ژمارەیەك لە هێزە نیزامیەكان لە جەماوەری راپەریو لە جیاوازیەكانی راپەرینی جەماوەریی ئەم جارەی خەڵكی ئێرانە.
بێگومان بەردەوامی دۆخی خەڵك لە دوای بەرجام وخراپی باری ژیان و ئابووری، گران بوونی زۆربەی كەل و پەل و پێداویستیە سەرەتایی خەڵك، دارشتنی بوجەی ساڵی داهاتوو لە سەر بنەمای كەمكردنەوەی بووجەی خزمەتگوزارییەكان و لابردنی یارانە و بەجێگەی ئەو، بردنە سەرەوەی بووجەی ناوەندە ئەمنیەتی و سەربازییەكان، دزی و تالانە سەرسوورهێنەرەكانی دەسەڵاتدارانی رژیم و ئاشكرا بوونی ئەو دزیانە و هەروەها ئیعترافی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی رژیم بە لە ئەستۆ گرتنی تێچوو و خەرجیی شەرەكانی ناوچەكە وەك شەری سوریە، لوبنان، عێراق و یەمەن و هەروەها ئاشكرابوونی درۆی باڵە جیاجیاكانی حكومەت و فریوكاری بەناوی چاكسازی و ریفۆرم لە هۆ سەرەكیەكانی رق و بێزاری بەرینی خەڵكە.
خاڵی وەرچەرخان ئەوەیە كە خەڵكی راپەریو گشت سیستەمی ئاخوندیان كردۆتە ئامانج و بە پێی دروشمەكانیان هەموو باڵ و لاباڵەكان كراونەتە ئامانج و ویستی رووخان و نەمانی ئەو دەسەڵاتە لە دروشمەكانی “شۆڕشمان كرد هەڵەمان كرد” و “بروخی دیكتاتۆر و مردن بۆ روحانی” و خامنەیی و… هتد، بە روونی دەردەكەوێ‌. ئەو نارەزایەتیانە ناكۆكی نێوان باڵەكانی دەسەڵاتی زیاتر كردووە بەشێوەیەك هەركام لە باڵەكانی حكومەتی یەكتر بە دەست تێدابوون لە نارەزایەتیەكان تاوانبار دەكەن. بەڵام بە حەقیقەت ئەو خرۆشانە ئیرادەی گەلە بو دابین كردنی ژیانێكی باشتر و گۆران و رووخانی دەسەڵاتی ئاخوندان و داوای راستەقینەی كۆمەلانی خەڵكە و ئەو بیزارییەش لە ئاكامی 40 ساڵ ستەم و چەوسانەوەی ئاخوندانەوە دێ‌ و خەڵك ئیتر رووی راستەقینەی ئەو نیزام و دەسەڵاتەیان لە لا روونە و چیتر دڵیان بەهیچ باڵ و سیاسەتێكی چەواشەكارانەی وەك ریفۆرم و چاكسازیی خوش نابێ.
ئەو دابڕانە فكرییە لەو ئاستە بەرینە دا دەكرێ‌ وەك خالێكی وەرچەرخان و سەرەتایێك بۆ بردنە پێشەوەی ستراتژی رووخان لێ برواندرێ‌.
ئەگەر راپەرینی ئەمجارەش سەركوت بكرێ بەڵام بۆ هەمیشە وەك بنەمایەك بۆ جوڵانەوەی مافخوازانەی سەرانسەری بە مەبەستی رووخانی دەسەڵات كەڵكی لێوەر دەگیرێ.
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران پێی وایە راپەرینی جەماوەری شارەكانی ئێران راپەرێنیكی پیرۆز و رەوایەو دەبێ بەتەواوی پشتگیری لێ بكرێ هەر بۆیە داوا لە خەڵكی كوردستان وەك ناوەند و قەلای قایمی دژی دیكتاتۆری دەكەین بە وریاییەوە لە نارەزایەتی بەردەوام بن و هەوڵ بدەن وێڕای خەڵكی سەرانسەری ئێران بۆ كۆتایی هێنان بە دیكتاتۆریەتی ئاخوندیی شێلگیرانەتر تێ بكۆشن.
سەركەوێ خەباتی جەماوەری خەڵكی ئێران و كوردستان
بروخێ رژیمی گەندەڵ و دیكتاتۆری ئاخوندان

سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
9ی بەفرانباری 1396

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.