زەریف حیزبووڵای بە هۆکاری ئاسایش خوڵقێن و هێزخوڵقێن لە جیهانی ئیسلام ناو برد

0
288

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی “ئیسنا”، محەمەدجەواد زەریف، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە یەکەمین دانیشتنی ناودەوڵەتیی قەیرانە ژیۆپۆلیتیکی ـیەکانی جیهانی ئیسلام کە لە زانکۆی بەهەشتی ـی تاران بەڕێوە چوو، حیزبووڵای وەک هۆکاری ئاسایش خوڵقێن و هێزخوڵقێن لە جیهانی ئیسلام ناوزەد کرد.

زەریف لە قسەکانیدا باسی لە ئامادەبوونی ئیسلام لە هەر شوێنێکی جیهان کرد و گوتی: “ئەمڕۆ جوغرافیای جیهانی ئیسلام، جوغرافیایەکی جیهانی ـیە. ئەمڕۆ جیهانی ئیسلام لە هەر قولینچکێکی ئەم جیهانە ئامادەیە کە لەوانەیە هەڕەشە بێ و لەوانەشە دەرفەت بێت”. بەڵام زەریف باسی لە چۆنیەتیی هەڕەشە و دەرفەتەکان نەکرد بەڵام بەپێی قسەکانی ناوبراو، ئەو شوێنانەی کە گرووپ و ڕێکخراوەکانی سەر بە ئێران و شیعەی لێ ئامادەن، دەرفەتە و بەپێچەوانەش، هەڕەشەیە.

وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران بە بێ ئەوەی ئاماژە بەناوی دەوڵەتێکی تایبەت بکات، گوتی: “دەوڵەتەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی ئیسلام نەیانتوانیوە ئەرکەکانی خۆیان وەک دەوڵەت بەجێ بهێنن و بێ ئەوەی هیچ هەوڵێکین بۆ چارەسەریی کێشەکان دابێ، زۆر جار کەوتوونە بیانووهێنانەوە و لاڕێ کردنی داواکاریی خەڵکەکانیان”.

زەریف بە بێ ئەوە کە ئاماژە بە “هەناردەکردنی شۆڕش” لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیدا بکات، باسی لە کردنی ئەکتەرە ناحکومیەکان لە لایەن ئێرانەوە بە ئەکتەری سەرەکیی هاوکێشەکان کرد و گوتی: “ئێمە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر ئەو بڕوایەین و هەوڵمان داوە تا ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان بکەین بە ئامراز و دەرفەت، ئەو بابەتەشمان قەبووڵ کردووە کە لە جیهانی ئیسلامدا دەبێ ئەو ئەکتەر و توخمە کاریگەرانە، قەبووڵ بکەین. هەروەک ئەوەی ئەمڕۆ حیزبووڵا هۆکاری ئاسایش خوڵقێن و هێزخوڵقێن لە جیهانی ئیسلام دایە.”

قسەکانی زەریف لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێشتر11  وڵاتی عەڕەبی لە ڕێگای ناردنی نامەیەک بۆ نەتەوە یرکگرتووەکان، نیگارنیی خۆیان لە هەمبەر سیاسەتە سەرەڕۆییەکانی ئێران لە ناوچە دەربڕی.

وڵاتانی عەڕەبی لەو نامەیەدا وێڕای دەربڕینی سکاڵای خۆیان لە هەمبەر دەست تێوەردانەکانی ئێران لە ناوچە، پشتیوانیی ئێران و ناردنی چەک لە لایەن ئێران بۆ گرووپە تیرۆریستتەکانی وەک حیزبوڵڵای لبنان و حوسییەکانی یەمەن ـیان بە تووندی مەحکووم کرد.

وڵاتانی عەڕەبیی شۆڕای هاوکاریی کەنداو، ئیمارات، میسر، ئوردون، مەراکش و یەمەن، لە نامەیەکدا کە بۆ “پیتێر تامسۆن”، سەرۆکی حەفتاویەکەمین خولی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان نووسیویانە و لە ناو سەرجەن ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەدا بڵاویان کردۆتەوە نووسیویانە: “ڕژیمی ئێران، پشتیوانی تیرۆریسم لە ناوچەکەیە و پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لبنانەوە لو سووریە و لبنان بگرە تا حوسییەکانی یەمەن و بنکە تیرۆریستییەکان لە بەحرەین، عێراق، سعودیە و کوەیت …تاد، دەکات.

لەو نامەیەدا هەروەها باس لە کردنە ئامانجی کەشتیەکی ئیماراتی لەلایەن چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە بابولمەندەب کراوە و وێڕای مەحکووم کردنی نووسیویانە: “ئەو جۆرە کردەوانە، هاتووچووی کەشتییەکانی لە تەنگەی بابولمەندەب و دەورووبەری، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێگاکانی کەشتیڕانی، خستۆتە بەر هەڕەشە”.

لەو نامەیەدا هەروەها باس لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوە کە تێیدا باس لە هەناردەکردنی ئاڵۆزی و پشێوی لە ژێر ناوی “شۆڕش”ـدا بۆ وڵاتانی تر دەکات و چەندین نموونەی ئەو کردەوانەی ئێران لە وڵاتانی لبنان، سوریە، ئێراق و یەمەن و بەحرەین و سعوودیە خراوەتە ڕوو و ئەو دەست تێوەردانانەی ئێرانیان مەحکووم کردووە.

ئەو ١١ وڵاتە هەروەها باسیان لە دەست تێوەردانی ئێران لە یەمەن کردووە و گوتووشیانە هاتنە ناوەوەی وڵاتانی عەڕەبی بۆ شەڕی ناوخۆیی یەمەن، لەسەر داوای دەوڵەتی ئەو وڵاتە بووە و بە شێوەیەکی یاسایی ئەنجام دراوە بەڵام دەست تێوەردانی ئێران نایاساییە و تەنیا تێیدا دووبەرەکیی ئایینی پەرەی پێدەدرێت.

وڵاتانی عەڕەبی هەروەها ئاماژەیان بە ڕووداوی “مینا” لە مەکە کردووە و گوتوویانە ئێران هەوڵی داوە ڕووداوی “مینا” وەک ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی دووبەرەکی و ئاژاوەنانەوە لە ناوچەکە بەکاربێنێ.

لە بەشێک لەو نامەیەدا هەروەها هاتووە: “لە کاتی واژۆکرانی ڕێکەوتننامەی ناوکی لە نێوان ئێران و 5+١، هیچ شتێکی ئەوتۆ جیا لە کردەوە “دوژمنکارانە” لە ناوچەکە نەهاتۆتە ئاراوە و ئێران زیاتر لە جاران پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەکات”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت