رێفڕاندۆم و ئاخێزی جەماوەریی!

0
30
عومەر ئێلخانیزادە

ڕیفڕاندۆمی هەرێمی کوردستان نەک هەر جوڵەیەکی بەجێی سیاسی گەورە و گرینگ بوو، بەڵکوو ئاخیزێکی جەماوەریی مەدەنی بێ وێنەش بوو کە هەم سەرکەوتنی ڕاپرسیەکەی مسۆگەر کردو، هەم لەرز و ترسی زۆری خستە گیانی داگیرکەرانی کوردستان. ئەوە گەوهەر و ناوەرۆکی ئەو دیاردە سیاسیەیە کە دەبێ ببیندرێ و بناسرێ و بە دەستەوە بگیرێ تا لە درێژەی پڕۆسەکە و هەنگاوەکانی دواتریشدا کەڵکی لێ وەربگیرێ.

بە تایبەتی ڕێژەی بەشداریی باڵای خەڵکی ناوچە دایراوەکان و بە تایبەتی کەرکوک، بە تورکمان و عەڕەبەوە، شۆکێکی گەورە بوو بۆ داگیرکەرانی کوردستان لە بەغدا، تووشی سەرسوڕمان و نیگەرانییەکی بێ وێنەی کردن کە مەجبور بوون ناخی ڕاستەقینەی خۆیان بنوێنن و نەتوانن بیشارنەوە. هەروەتر ئەگەر لە باشور بە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان ڕێفڕاندۆم بەڕیوە چوو، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای میلیتاریزە کردنی شار و شەقام و وەڕێخستنی تانگ و زرێپۆش و هێزی تایبەت، بە ئاخێزی جەماوەر لە شەقام و شار، ڕێفڕاندۆمێکی مەدەنی و پڕ شکۆ بە مارش و سرود لە ژێر سایەی دیکتاتۆریەکی بێ بەزەیی و کۆنەپەرەستدا کرا و سەری گرت. بەڵێ ئێمە دوو هەنگاوی هاوئاهەنگ و گەورەمان وەپشت سەر نا کە مانای سیاسی زۆر گەورەیان هەبوو.

ئەگەر دەبینین داگیرکەرانی کوردستان بە پەلە کەوتنەخۆ و زۆر زوو پەیمانی نیزامی و مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان پەسەند کرد و کەوتنە هوڕوگیف و هەڕەشە کردن، هی بەهێزی و یەکدڵییان نەبوو، لە ترس و لەرزی ئەو ئاخێزە گەورەی جەماوەر لە کوردستان وێک کەوتن کە لە ڕاستیداخاڵی لاواز و درزبردنی کولەکەی رۆحیان دەخاتە بەر دیدەی هەموان. بەوەشەوە دەبێ حیسابی تەواو بۆ ئەو هاوپەیمانەتیە شومە بکرێ و بە هەندی وەر بگرین.

ئێستا ئێمەی خەڵکی کوردستان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی گەورە وەستاوین، ڕێفڕاندۆم دەسپێکێکی بەجێ و مەزن بوو، باشە بزانین هێشتا بەربەستی جیددی لەسەر رێمانە، دنیای دەرەوە و زلهێزەکان دەبینن گۆڕانکاری هەیە، بەڵام هەر لە بیری ئەوە دان چۆن لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی خۆیاندا بە کەمتر ڕازیمان بکەن، چۆن وەک هاوپەیمانێک کە مەجالی قوربانی کردنی هەیە، ڕامانبگرن و بمانهێڵنەوە تا توانی مانۆڕیان ھەبێ لەسەر چارەنووسی کوردستان. بە زمانێکی دیکە ، پێیدەوێ تا بەو نەتیجە بگەن بێ دووروویی و دوو دڵی دەبێ مافی کوردستان بسەلمێندرێ. چۆن ئەو ئاکامە دێتە دی؟ داگیرکەران وەخۆ کەوتوون و دنیای دەرەوەش هێشتا بڕیاری ئەو گەلە بێ گەڕانەوە نابینن یان خەریکی شەش و بێشن تا بزانن لە نێوان ئێمە و داگیرکەران و هێزەکانی ناوچەدا چۆنیان بۆ دەلوێ.

بەڵێ ئەوە خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسیەکانن کە بە کردەوەی خۆیان دەتوانن ئەو دۆخە سیاسیە یەکلا بکەنەوە و ئەو بەربەستانەی پێش سەربەخۆیی وەلا بنێن. ئەو سەرکەوتنەی تا ئێستا نابێ خۆش خەیاڵمان بکات. بە دڵنیاییەوە جەوهەری ئەو دینامیسمەی لە یەکەم هەنگاو دا شەقڵی سیاسی شکاند و ئیرادەی گەلی وەسەرخست، بزاوتی جەماوەر و بوونیان لە سەحنەدا بوو. ئەوە ئەو ئێکسیرەیە کە لە درێژەی هەموو پڕۆسەکەدا هێزمان دەداتێ و سەرکەوتنی هەر قۆناغێک زامن دەکات.

بۆ ئەوە پێویستە هاوکات لەگەڵ دیپڵۆماسی و هاوار بۆ رای گشتیی جیهانی بردن، لەگەڵ کار بۆ هاودەنگی ناوخۆیی و هەنگاونانی سیاسی و هێمنانە، جەماوەر بجوڵێنین و شانۆی گەورەی جەماوەرێێ وەرێبخرێ بۆ بە ڕەسمیەت ناسینی ڕێفڕاندۆم و سەربەخۆیی. با هەموو ڕۆژێ بە دەیان هەزار کەس لە شارەکانی باشور، لە دەرەوەی وڵات و لە هەر کوێ کە دەگونجێ بەردەرکی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەفارەتی زلهێزەکان بە دروشمی ئاشتی و بۆ دیفاع لە ژیان و کەرامەتی گەلێکی بەشخوراو، بگرن و، بە بەرچاوی خەڵکی جیهانەوە سوربوونی خۆیان بۆ مافەکانیان بنوێنن و سۆزی خەڵکی ئازادیخوازی جیهان بەرەو خۆمان ڕابکێشین، با شارو شەقام پڕ کەین لە هاواری ئازادی تا دەستی داگیرکەرانی کوردستان کورت کەینەوە. با هەموو کوردستان “تای تەرازوو یەک و تێکڕا بتەقن”. بە وەرێخستنی وەها خەباتێکی جەماوەریی و مەدەنی، گومانم نییە ئەو قۆناغەش بە سەربەرزی و سەرکەوتویی تێپەڕ دەەکرێ، جەماوەر نیشانیان دا لە دەرەوە، لە ناوەوە و لە هەموو کوردستان بە وشیاری و لێهاتوویی و بەخەمبوونێکی بەرزەوە ئامادەن ئیرادە و ئیقدام بکەن، با ئەو دەرفەتە زێڕینە لە دەست نەدەین.

سەرچاوە:ماڵپەڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت