د.ئاوات سارۆج: خەبات بۆ سەرکەوتنە نەک بۆ شکست، گەلی خۆرهەڵات دەبی ئەم جارەش خۆی تاقی بکاتەوە

0
721

خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات زیاتر لە ٢ دەیەیە کە دڵی لە لێدان کەوتووە و زیاتر خەباتی مەدەنی ئەویش بە نێوەچڵ و ناوەناوە کراوە، خەڵک لەمێژە پێشمەرگەی نەدیتووە و نەوەیەک لە دایک بووە کە لەوانەیە لەگەڵ زۆرێک لە ئارمانجەکانی حیزبەکان و تەنانەت هەستی نەتەوەییش نامۆ بێ (هەڵبەت ئەوە قسەی چینێکە لە ڕووناکبیرانە)، لە هەمان کاتیشدا کورد پێدەچێ لە کۆن و لە ئێستاشدا هێزی دەوڵەتی ئێرانی لە ڕووی سەربازییەوە نەبێ، بەڵام لەو سەردەمەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە چیاکانی کوردستان جەژنی ساڵی نوێی ٢٧١٦ی کوردی و ١٣٩٥ی هەتاوی گرت و ڕایگەیاند خەباتی چەکداری دەست پێدەکەنەەوە، ئەو ڕاگەیاندنەش هەندێ پارچەکرداری لێکەوتەوە و لە زۆر شوێن خەڵک نەترسانە داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن و جەژنیان بە سروودی شۆڕشگێڕییەوە گرت، کەسانێکیش لە بەرانبەردا ئەوە تەنیا بە پڕۆپاگەندە دەزانن و کەسانێکیش لە حیزبەکانی کوردی، لایان وایە هێشتا بەستێنی خەبات ئامادە نەبووە. بەو بۆنەوە ڕۆژی کورد چەند پریسارێکی ئاڕاستەی، دوکتور ئاوات سارۆج، چالاک و چاوەدێری سیاسی، کردووە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: ڕاگەیاندنەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات بە گشتی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

د. ئاوات سارۆج
د. ئاوات سارۆج

سارۆج:  بە ڕای من دەرفەتێکی باشە و لە کاتێکی گۆنجاودا ئەم هەڵوێستە گیراوە، هەر چەندە وەک کات تا ڕادەیەک درەنگە و دەبا زووتر ئەم باس و خواسە بواتایە !

حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران  هەم هێز و ئیرادە و هەم بە کردەوەش تەوانایی ئەم خەباتەی هەیە و پێشتر ئەزموون و هێزی خۆی تاقی کردووەتەوە. بۆ حیزبی دیمۆکرات چەندە سیاسەت گرنگ و کارایە، ئەوەندەش تەنانەت زیاتر خەباتی چەکداری گرنگە کە جارێکی دیکە خۆی لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشان پتەوتر و بە هێزتر لە جاران ببینێتەوە و چەندین ساڵە بۆ زۆر کەس دەرکەوتووە کە حیزب ئەم تەواناییەی هەیە چۆن پشتی خۆی بە جەماوەری کوردستان بەستووە.

ڕۆژی کورد: ئایا بەستێنەکانی هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری لە کوردستانی خۆرهەڵات ئامادەن؟

سارۆج: بێ گۆمان ئامادەیی هەیە و حیزبیش بە زانیاری و بڕوابەخۆیی و سەرنجی زیاترەوە ئەم هەڵوێستەی ڕاگەیاندووە. وابزانم خەڵکەکەمان (زۆرینەیان) چاوەڕوانی جوڵەیەک بەهێز و یەکلاکەرەوەن کە فریایان بکەوێت و جارێکی حیزب لە ماڵ و لە گەڵ خۆیاندا ببیننەوە و لەمە زیاتر چاوەڕوان هیشتنی خەڵکەکەمان تاوانەو شۆڕش و مۆبارزە بە بێ خەباتی چەکداری و هزور لە نێو خەڵکی خۆرهەڵات،ناتوانێت وڵامدەر بێت و ئەمەش زۆر ساڵە تاقی کراوتەوە. هێزی کوردی لە خۆرهەڵاتی کوردستان، حزوری هەبێت زیاتر ڕای خەڵک، ڕای گشتی و جیهانی ڕادەکێشێت و دەتوانین بە پاڵپشتی خەڵکەکەمان وەک حیزبی خاوەن مێژوو و ئەزموون، بە کردەوە شۆڕشگێڕ جارێکی دیکە ورە و هێز و ئیرادە بخاتە ناخ و هزری خەڵکەکەمانەوە. دڵنیاشم خەڵک و زۆر مرۆڤی شۆڕشگیڕ و خەباتکارتەنانەت ئەگەر حیزبییش نەبن،  تینوی ئازادی و خەباتن، بۆیە لەگەڵ خەڵکدا و حزور لە نێوی خەڵکدا دەتوانێت بە کردوە ئەم هەڵوێستە لە سەرکەوتن نزیک بکات. خەڵکت هەبێت و پشتیوان و جەماوەرت هەبێت، زۆر کیشەو تەگەرە ئەگەر هەبێت چارەسەر دەکرێن. زۆر جار گوتراوەو ئەو کەسانەی کە خاوەنی ئەزموونن دەڵێن، خەڵک و پاڵپشتی هەمە لایەنەی خەڵکەکەمان دەتوانێت ورە و ئیرادە ی زیاترمان بدات و سەرکەوین .

ڕۆژی کورد: بەکارهێنانی خەباتی مەدەنی و خەبات لە چوارچیوەی کۆماری ئیسلامی و بە شێوەی نەرم و لە چوارچێوەی پارلمان و هەندێک هێز وەک بەرەی یەکگرتوو چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

سارۆج: خەباتێکی لەم چەشنە زۆر ساڵە وڵامدەر نەبوەو تا ڕادەیەک دەتوانم بڵێم  خەباتێکی شکست خواردووە، چون هەموومان و تەنانەت ئەو کەسانەش کە وەک بەرەی یەکگرتوو لە خۆرهەڵات و ئێران  خەبات دەکەن باش دەزانین کە ڕژیمی سێدارە هیچ گۆڕانکارییەک قبوڵ ناکات و یاسا و ڕێسای بنەڕەتی ڕژیمی ئاخوندی قەت ناهێڵێت و بۆ رفۆرم دروست نەکراوە. ڕژیم تەنانەت لە نێو خۆیانیشدا دژ بە یەک و ڕکابەرن و هەتا ئێستا هیچ چەشنە گۆڕانکارییەکەی تەنانەت سەرەتاییش بە دی نەکراوە، ئەو کەسانەش چاوەڕێی خەباتی مەدەنی و ڕیفۆم لە نێو ڕژیمن، بەڕاستی  لە هەڵەدان و خۆیان باش دەزانن قەت بە فەرمی ناناسرێن و ئەوە ڕژیمە کە دان بە بوونی خەباتێکی ئاوەها تەنانەت لە چوارچێوەی یاسای خۆشی دانانەێت و خۆ خافڵاندن بە ئەم چەشنە چالاکی و خەباتەوە کە ناوی خەباتی مەدەنیە سەرکەوتوو نابێت و ناگات بە ئامانج، دیارە ئەنجامەکەشی هەتا کۆ ئێستا دەتوانم بڵێم زۆر لاواز و تا ئاستی هیچ بوە!

ڕۆژی کورد: تا چەند ئەگەری ئەو ەهەیە خەباتی چەکداری جارێکی تر تووشی شکست ببێتەوە؟

سارۆج:  خەباتی چەکداری پێویستە، ڕاستە کورد وەک بەشی خۆرهەڵات (کە مەبەستی ئەم باسەیە ) هێز و تەوانای لە ناوبردن و شکست هێنان بە ڕژیمی ئێرانی نیە بەڵام دەتوانێت جارێکی دیکە خۆی تاقی بکاتەوە، دەبێ بزانین لە جاران زیاتر دەتوانێت و پشتیوانی ناوەکی و دەرەکیشی هەیەو دەشیبێت. خەبات بۆ سەرکەوتنە نەک بۆ شکست هێنان، دەبێت چالاکی بکرێت، لە نێو خەڵکدا حزورت هەبێت، لەگەڵ خەڵک و بە ویست و ئیرادەی خەڵک و بە هانای خەڵکەوە بچیت و خەبات بکەیت، جا دوژمن چەندە بەهێز بێت، تۆش دەتوانیت خۆت بنوێنی و نیشان بدەیت کە هەیت و دەتوانیت چالاکی بکەیت، هەتا ئەگەر سەرنەکەویت، مەرج خەباتە و هەوڵدان بۆ سەرکەوتن و چالاکی بە هێز گرنگە. دووبارە دەڵێم قەت نابێت بیر لە شکست بکرێتەوە بەڵام  پلان و پرۆژەی بە هێز وهەڵوێستی گۆنجاو گرنگە هەتا سەرکەوتن بە دی بێت.

ڕۆژی کورد: دۆخی جیهان و ئەگەری پشتیوانیی جیهانی لەو خەباتە چەکدارییە نوێیە چۆن پێش بینی دکەن؟

سارۆج: گرنگ ئەوەیە ئەم خەباتە دەست پی بکاتەوە و لەم باوەڕەدام  ڕای زۆر کەس و لایەنی دەرەکی  وەرگیراوەو حەتمەنیش وا دەبێت کە پشتیوانی دەرەکی هەیەو ئێران وەک سیستەمی تیرۆریستی و دیکتاتۆر و بە دوور لە هەر چەشنە پرەنسیپیکی دیموکراسی، دوژمنی زۆرەو زۆر لایەنی دەرەکی  زیاتر دەبنە دۆست و پاڵپشتی کورد و پشتیوانی لەم خەباتە دەکەن !

ڕۆژی کورد: پێتان وایە ناوخۆ چۆن وڵامی ئەو سەرهەڵدانەوەیە دەداتەوە؟ پێش بینیتان چیە؟

سارۆج: هەر وەک ئاماژەم پێکرد ئەوە دەبێت بە پشتیوانی خەڵک و ناوخۆی وڵات بێت کە ئەم هەڵوێستە هەر وەک دیارە زۆر کەس لە ناوخۆ پێشوازی لێ دەکەن و ئەم هەڵوێستە خۆی پیشانی داوە کە خەڵکەکەمان  پشتیوانن و تینو و چاوەڕوانی گەڕانەوەی هێزی چەکدارین، بەتایبەت لە لایەنی حیزبەوە کە لە ناو خەڵک بن و دووبارە خەباتی چەکداری بە ورەو ئیرادەو هێزی پتەوتر لە جاران دەست پێ بکاتەوە. دڵنیام خەڵک بە دەنگی ئەم هەڵوێستەوە دێن و زۆر کەسیشی پێ دڵخۆشە!

ڕۆژی کورد: لە ئێستادا تەنیا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەست پێکردنەوەی خەباتیان ڕاگەیاندووە و لێرەدا بە ڕای ئێوە ئەرکی حیزبەکانی تر چیە؟

سارۆج: باشتر وایە هەموو حیزبە کوردییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان یەک ڕێز و هاودەنگ و هەروەها هاوپەیمان بن، یەک ڕیزی گرنگە، هاوهەڵویستی و پێکەوبوون و پێکەوە خەبات کردن دەتوانێت دۆخەکە لەبارتر و باشتر بکات. ڕەمزی سەرکەوتنمان لە یەک ڕێزی و هاودەنگی دایە. هەموو حیزبە کوردییەکان  هەتا دەرفەتی هەیە دەبێت بەرەیەکی یەکگرتوو و بە هێز و نەتەوەییان هەبێت، هەتا یەک بین و هاودەنگ، پێشکەوتن زیاتر دەبێت وتەنانەت ئەگەر ململانەی حیزبی و ….تاد، وەلاوە بنرێت و ئەرکی نەتەوەیی و خەباتی نیشتمانی و تێکۆشانی نەتەوەیی بە هێز بکرێت ،بەم هاودەنگیە سەرکەوتن  مسۆگەر دەبێت واتە رەمزی سەرکەوتنمان لە بەرانبەری دۆژمنان ،وەک حیزب و تاک، لە یەک بوون و یەکدەنگیمانە .
” د.ئاوات ساروج ”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.