دەوڵەتانی هێند و تورکیە هاوردە کاری و کڕینی نەوتی ئێرانیان ڕاگرتووە

0
842

رۆژی كورد :
دەوڵەتی تورکیە ڕایگەیاندووە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە هاوردەکاری نەوتی خۆی لە ئێران ڕاگرتووە، تورکیە جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە ئەم بڕیارەی بە پێچەوانەی خواستی خۆی و تەنیا بە هۆی ڕێزگرتن لە سیاسەتەکانی بایکۆتی نەوتی ئێران لە لایەن ئامریکاوە ڕەچاو کردووە.

هەواڵنێری فەرانسە رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ ئایار بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە واشنگتۆنەوە باسی لە ڕاگرتنی هاوردەکاری نەوتی ئێران لە لایەن هەر دوو وڵاتانی تورکیە و هێند کرد. لە ڕاپۆرتەکەدا کە لە لایەن ئەم هەواڵنێریەوە بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکرێت لە گەڵ ئەوەی دەوڵەتی تورکیە هاوڕای سیاسەتەکانی ئامریکا لە هەمبەر بایکۆتەکانی نەوت و سووتەمەنی ئێران نیە، بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازی بیروڕا لە گەڵ دەوڵەتی ئامریکا لەم بارەوە بۆ ڕێزلێنان بە سیاسەتی بایکۆتەکانی ئامریکا دژ بە ئێران هاوردەکاری نەوت و سووتەمەنی خۆی لەو وڵاتەوە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە ڕاگرتووە.
لە لایەکی دیکەوە هارش واردهان شێرینگلا باڵوێزی هێند لە وڵاتی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە لە مانگی ئاپریل وڵاتەکەی بڕی یەک ملوێن تۆن نەوتی نەپاڵوێراوی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە، دوای ئەو ڕێژە هەتا ئێستا هیچ نەوتێکیان لە ئێرانەوە هاوردە نەکردووە. وڵاتی هێند یەکێکە لە کڕیارە سەرەکیەکانی نەوتی ئێران و تا بەر لە دەسپێکی بایکۆتە نەوتیەکانی ئامریکا دژی کۆماری ئیسلامی رۆژانە بڕی ٤٥٠ تا ٤٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە. لە گەڵ دەسپێکردنی بڕگەی یەکەمی بایکۆتە نەوتیەکانی ئامریکا لە مانگی نوامبری ڕابردوو ئامریکا ڕێگای هاوردە کاری ڕۆژانە بڕی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی بە وڵاتی هێند دابوو بەڵام ماوەی چاوپۆشییەکان لە سەرەتای مانگی ئایار کۆتایی هات و ئامریکا بڕیاری دا ئەو هەشت وڵاتەی هاوردەکاری نەوتی ئێران دەبێت هاوردەکاریەکانیان ڕابگرن ئەگینا بەرانبەر سزا دەبنەوە.
بەڕێز شێرینگلا لە درێژەی باسەکانی دا ئاماژەی پێداوە کە وڵاتەکەی هاوکات هاوردەکاری نەوت لە وڵاتی وێنێزویلاشی ڕاگرتووە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە دژکردەوەی تێکهەڵچوون و ئاڵۆزییە سیاسیەکانی وڵاتی وێنێزویلا بە مەبەستی کەمکردنەوەی داهاتی ئابووری دەوڵەت، هەناردەکردنی نەوتی ئەم وڵاتەی بایکۆت کردووە. باڵوێزی هێند لە پاساوی ئەم بڕیارەی وڵاتەکەی باسی لەوە کردبوو کە وڵاتەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان وەکوو هاوپشک و شەریکی خۆی دەزانێت، هەر چەن ئەوەشی زیاد کردووە کە بڕیاری ئامریکا لە مەڕ ڕاگرتنی کڕینی نەوتی ئەو دوو وڵانە کێشەیەکی زۆری لە ناوخۆی هێند لێکەوتووەتەوە.
بەر لە دەسپێکی بایکۆتەکان هاوردەی نەوتی ئێران دەوروبەری ١٠% پێویستی نەوتی وڵاتی هێندی دابین دەکرد و زۆربەی پاڵاوگەکانی هێند ئامێر و کەرەستەکانیان بۆ پاڵاوتنی نەوتێ ئێران ڕێکخستبوو هەر بۆیە گۆڕینی شوێنی هاوردەکاری نەوت لە وڵاتێکی دیکەوە پێویستی پارە سەرف کردن و گۆڕینی کەرەستەی نوێیە کە ئەوەش خەساری ئابووری و کاتی بە دواوەیە.
لە گەڵ ئەوەی وڵاتی تورکیەش وەکوو یەکێک لە کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی نەپاڵوێراوی ئێرانە بەڵام بە ناچار و لە ترسی سزا لە لایەن وڵاتی ئامریکا ملکەچی بڕیارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوون و هاوردەکاری نەوتی خۆیان لە ئێرانەوە ڕاگرتووە. هەر لەم پەیوەندیەدا بەرپرسێکی دەوڵەتی تورکیا کە ناوی خۆی ئاشکرا نەکرددوە لە سەر بڕیاری تورکیە بۆ ڕاگرتنی هاوردەی نەوتی خۆی لە ئێرانەوە ئەڵێت : تورکیە وەکوو هاوپەیمانێکی ستراتێژیکی ئامریکا پابەندە بە سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە لە مەڕ بایکۆتی نەوتی ئێران و ڕێز لە بڕیارەکانی ئامریکا دەگرێت.
پێویستە جارێکی دیکە ئاماژەی پێبکەین کە وڵاتانی تورکیە و هێند دوو وڵات لە ڕێژەی ئەو هەشت وڵاتەن کە ماوەی چاوپۆشی ١٨٠ ڕۆژیان بۆ دیاری کرابوو بۆ دانووستانە نەوتیەکانیان لە گەڵ ئێران لە لایەن دەوڵەتی سەرۆک ترامپ، ئەم مۆڵەتە چاوپۆشییە کاتیە ڕۆژی ٢ مانگی ئایار کۆتایی پێهات و دەوڵەتی ئامریکا خۆی پاراستووە لە نوێکردنەوە و دووپاتی مۆڵەتەکان. پێوەندییەکانی نێوان تورکیە و ئامریکا دوای کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس٤٠٠ لە وڵاتی ڕووسیە تا ڕادەیەک بەرەو خراپە ڕۆیشتبوو، بەڵام پێدەچێت دەوڵەتی تورکیە بڕیاری پێوەندیدار بە ڕاگرتنی هاوردەکاری نەوتی ئێران بە مەبەستی باشکردنی پێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ ئامریکا ڕەچاو کردبێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.