دەست تێوەردانەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان/وتووێژ لەگەڵ عەبدووڵا ڕەسووڵی

0
638

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، یەکێکی تر لە زنجیرە وتووێژەکانی گەورە ژووری ڕاوێژە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ١٣ و ١٤ی ڕەشەممەی١٣٩٤ (٢٠١٦) لەگەڵ بەریز عەبدووڵا ڕەسووڵی،  چاوەدێر و چالاکی سیاسی و بە پێشکەشکاری بەڕێز دڵنیا لووتفی چالاکی مەدەنی  لەسەر مژاری (دەستێوەردانی ئێران لە باشوور) ئەنجام دراوە.

   ڕاوێژ: بۆ چوونە ناو باسەکەوە بەم پرسیارە دەست پێدەکەم  دەتوانین بڵێین ئەو دەست تێوەردانانەی ئێران لە هەرێمی کوردستان یەک پرۆژەیەیە؟  

عەبدووڵا ڕەسووڵی
عەبدووڵا ڕەسووڵی

 

ڕەسوولی :ئەوەی من دەبینم پڕۆژەیەکە جێبەجێ دەکرێت لەم پڕۆژەیەدا هەر جارەو بەشێکی ئاشکرا دەبێت، بێگومان ناوەندی رۆشنیری خومەینی لە کەرکوک و پێشانگای کتێب بەستراونەتەوە بە یەکترەوە.

 ڕاوێژ: دەستێوەردان لە کاروباری هەرێمی کورستان چ بەرژەوەندیێکی تێدایە بۆ وڵاتی ئێران؟

  ڕەسوولی :رەنگە جۆرێک خۆی دەربخات کە دڵسۆزی حکوومەتی هەرێمە و دەیەوەێت یارمەتی بدات و بەم جۆرەش بەرژەوەندییەکانی دواتری خۆی جێ بە جێ بکات.

  ڕاوێژ: پرسیار لێرەدایە ئەگەر بەراستی دڵسۆزی کوردە و لەبەر بەرژەوەندی خۆی نییە بۆ کێشەی کوردەکانی خۆی چارەسەر ناکات؟ نزیک بە یازدە میلیۆن کورد زیاتر لە وڵاتەکەی خۆیدا هەیە کە ڕۆژانە دەبینین لەسەر بچووکترین بیانوو گەورەترین سزایان بەسەردا دەسەپێنێت؟

ڕەسوولی :سەبارەت بەوەی کە چ ئامانجێکی هەیە دەتوانین لە چەند شتدا کورتی بکەینەوە. یەکەم ئەوەیە کە بارودۆخی فەرهەنگی لێرە تێک بدات و وای نیشان بدات لەو بوارەوە بەستراوە بە ئێرانن و هۆکاری دووەم ئەوەیە کە دەیهەوێت ناوەندی هەواڵگری درووست بکات و کەسانێک بۆ خزمەت کردنی خۆیان بیننەوە و لە چوارچێوەی فەرهەنگی دژی خۆیانیش دەست نیشان بکەن.

دڵنیا لووتفی
دڵنیا لووتفی

سەبارەت بە کوردی ئێران و دڵسۆزی بۆ باشوور لە راستیدا دڵسۆزییەکە دڕۆزنانەیە و تەنیا پەردەیە بۆ کۆنتروڵ کردن.

ڕاوێژ: کۆماری ئیسلامی بۆ دەستێوەردان لە کاروباری حکومەتی هەرێم، پلان و بەرنامەی دیاریکراوی هەیە ئایا بەرای جەنابتان تووانیوە ئە بەرنامە و پلانانە بباتە سەر و سەرکەوتوو بێت؟

ڕەسووڵی: ناتوانین بڵێن بەتەواوی ئامانج خۆی پێکاوە، بەڵام دەتوانین بڵێن شکستی نەهێناوە و لەبەر ئەوەی له باشوور کەشێک زاڵە کە ڕۆشنبیران و رۆژنامەنووسان ئەگەر وەسفی ئێران نەکەن، ناتوانن یا غیرەت ناکەن لەدژی بنووسن. ئەمەش کەشێکی بێدەنگی دروست کردووە.

  ڕاوێژ: ئه م بیرۆکهیه ڕاسته که ئێران گومانی نەماوه که دەوڵەتی کوردی بەڕێوەیه بۆیه دەیهەوێت له ڕێگای هەندێک لایەن له زۆنی سەوز و نیلی پێگەیەکی بۆ داهاتووی خۆی هەبێ؟

  ڕەسوولی: بێگومان وایە، بەڵام بە جیاوازییەکەوە دەیهەوێ کێشەی جیدیشی بۆ ئەو کەسانە درووست بکا و لە ئاستی دزە کردنیش زۆر رۆیشتۆتە پێش تا ئاستێک کە ئەندامی فڵان مەکتەبی سیاسی متمانەی بە پاسەوانەکانی نییە کە پیاوی ئێران نەبن.

ڕاوێژ: ئێران ترسێکی زۆری لە سەربەخۆ بوونی باشووری کوردستان و درووست بوونی دەوڵەتی کوردی هەیە، ئایا بەڕێزتان ئەم ترسە بۆ وڵاتی ئێران لەچیدا دەبینن؟

  ڕەسوولی: بوونی زیاتر لە دە ملیۆن کوردی خۆی و دروستبوون و بە هێزبوونی شوناسی کورد و له ئەنجامدا هەڵوەشاندنەوەی جوگرافیای ئێران لەلایەن کوردەوە، بۆ نموونە هەرچەندە لەسەدا شەستی بودجەی ئەمنی ئێران لە کوردستان خەرج دەکرێت، بەپێی دوایین لێکۆلێنەوەی خۆیان تا ئێستاش کوردستان خاڵی لاوازی ئەمنیەتی ئێرانە.

ڕاوێژ: بۆ چی ئێران تەنیا دەتوانێ لە ڕێگای بڕێک لایەنەوە دەست بخاته نێو کارەکانی باشوور و هەمیشە ئێران  بە ئاشکرا دژایەتی لایەنەکانی دیکە دەکات؟

  ڕەسووڵی: بوونی نۆکەرێک کە بەرژەوەندی بپارێزیت و دژایەتیت نەکا و لای خەڵکیش بەناو خۆشەویست بێت، باشترە لە دژایەتی کردنی ڕاستەوخۆ، چۆن تێچووی دژایەتی ڕاستەوخۆ زۆرترە و هەروەها لەو شێوازە کردارییەی ئێران بۆ هەرێم، ئێرانیش خۆشەویست دەکا.

ڕاوێژ: دەستێوەردانی ڕژیمی ئێران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین بە گشتی و دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە بووەتە پرسێکی هەرە گرنگ و ساڵانێکە ئەم دەستێوەردانانە لەلایەن وڵاتانی ناوچەوە مەحکووم دەکرێت و هیچیشی لێ نەکەوتووەتەوە، بۆچی تا ئیستە نەمانبینیوە کە حکوومەتی باشووری کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی ئەو دەستێوەردانانە مەحکووم بکات؟

ڕەسووڵی: ئەوەی کە بۆچی تا ئیستە نەمانبینیوە کە حکوومەتی باشووری کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی ئەو دەستێوەردانانە مەحکووم بکات؟ دەبی چاو لەوە بکەین کە دەستێوەردانی تاران لە کاروباری باشووری کوردستان چۆناوچۆن دەڕواته پێش کە ئەو  مەحکوومییەتەی لێ نەکەوتووەتەوە و بگرە زۆرێک لە لایەنەکان وەسفیشی دەکەن

دەستێوەردان لە باشوور مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە بە بێ ناسینی ئەو مێژوویە ناتوانین لەو دەستێوەردانە تێبگەین، ئەمەش لایەنی کولتوری و ئابووری و فەرهەنگی هەیە و لە ئاستێک دایە کە تەنانەت هەندێ سەرمایەداریش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بوونەتە ئێتلاعاتی ئێران.

ڕاوێژ: لەو دواییەدا، ئەردەشیر پەشەنگ، کتێبێکی بڵاو کردەوە کە تیایدا باس لەوە کراوە کە کوردستان سەرەتا دابەش بووە لە نێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا. دواتر باشووری کوردستان لە ئێران جیا بووەتەوە. ئایا ڕژیمی تاران بە بەربڵاوکردنەوەی گۆڕەپانی دەستێوەردانەکانی بە فکری گەڕاندنەوەی باشووری کوردستان بۆ سەر ئێران نییە؟ تا چەندە مەترسیی خاوەنداریەتی ڕژیمی تاران لە باشووری کوردستان هەست پێ دەکردرێت؟

ڕەسوولی: ئەوەندەی ئێران دەیهەوێت کیانی کوردی لە باشوور تێکبدات، ئەوەندە نایهەوێت باشوور بخاتەوە سەر ئێران، چۆن بەو کارە دێمۆگرافی ئێرانیش تێکدەچێت و کوردەکان دەبنە رێژەی بەرچاو و دەتوانن سیاسەتی ئێران بگۆڕن، ئایا ئەو هەموو داموودەزگا سیخورییە کە لەلایەن ئێرانەوە لە باشور نیشتەجێ بوون چەندە مەترسیدارە بۆ رۆژێک کە لە باشور شتێکی خراپ روو بدات  واتە شەری ئەحزاب سیاسی یان ڕاپەڕینی خەڵک دژ بە گەندەڵکارانی حکومەت لە هەموو بوارێکەوە مەترسی لە سەرە لە تێکدان و لە دروستکردنی شێوازێکی دیکە وەک باشووری لوبنان لە پرۆگرامیان دایە.

ڕاوێژ: دەتوانن بە ڕاشکاوانە بڵێین کە کام لەو لایەنانە زۆرترین رۆڵیان بۆ دابین کردنی بەستێنی دەستێوەردانی ڕژیمی تاران لە کاروباری ناوخۆیی باشووری کوردستان هەبووە؟ ئەم دابینکردنەی بەستێنە لە پێناو چیدا کراوە و دەکرێت؟

ڕەسوولی: لە ساڵی نەوەدویەک بەرەو سەر یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵ و سوسیالیست ڕۆلیان هەبووە و هەر یەکیان بە ئاستی جیاواز و بە ڕۆڵی جیاواز. هەرچەندە ئەمە هەمووی نییە و هەندێ لە لایەنە سیاسیەکانە هەندێ دەزگای هەواڵگری و ڕۆژنامەنووسیش ڕۆڵیان هەیە.

ڕاوێژ: یەکێک لە پلانەکانی دەستێوەردانی ئێران دابەشبوونی کوردانە بۆ سێم جار کە بەداخەوە بینیمان حکوومەتی هەرێم بۆ دووبەشی ناوخۆی دابەش بووە و تەنانەت لەکاتی خۆیدا شەڕی براکۆژی لە نێوان پارتەکانی باشوور رووی داوە ئایا رای جەنابتان لەم بووارەوە چییە؟

ڕەسوولی: ئەمە تەنها ئێران نییە، بەڵکوو تورکیاش هەمان سیاسەتی هەیە.

ڕاوێژ: دەتوانن هەڵسەنگاندنێک بکەن کە ڕێژەی دەستێوەردانەکانی تاران لە باشووری کوردستان، لە ساڵی 2001 لەچاو 2016 چەندە زۆرتر بووە؟

ڕەسوولی: لە 2001 کارکردن لەسەر هەرێم تەنیا، فایلی قەرارگای ڕەمەزان بوو و لە ئێستادا چەند لایەن لە ئاستی جیاواز کاری لەسەر دەکەن، سوپا یا قەرارگای ڕەمەزان و سوپای قودس، وەزارەتی دەرەوە، دەفتەری خامنەیی و ئیتلاعات و هەر یەکەیان بە شێوازێک، بەڵام بە ناوەندێتی دەفتەری ڕێبەری ئێران.

ڕاوێژ: ڕاتان وا نیە کە ئەوە داعش بوو دەستی تارانی بە باشوور گەیاند یان باشتر وایه بڵێم کە بەستێنی دەستێوەردانەکانی تارانی لە باشوور خوڵقاند؟  بەڕێز مستەفا هیجری لە بابەتێکدا باسی لەوە کردبوو کە دروستبوونی داعش دەستی ڕژیمی تارانی تێدا بووە. پرسیار ئەمەیە، گەلۆ ڕژیمی تاران بەدرووستکرنی داعش لەهەوڵی گەییشتن بە سووریه و باشووری کوردستاندا نەبوو؟ تا چەندە هاتنی داعش رێگەخۆشکەر بوو بۆ دەستێوەردانەکانی ڕژیمی تاران لە باشووری کوردستان ؟

ڕەسوولی: من ئەو بۆچوونەم لا پەسەندە کە ئێران داعشی هێنا، دەزانن بۆ؟ داعش لە لاوازیی بوو و شیعەی عێراقیش بەرەو لاوازی دەرۆیشت، سوپای عێراق کە زۆربەی شیعە بوون، موسڵیان چۆڵ کرد و بەوە داعشیان کردە سیمای سوننی و شەڕیان دژی کوردیش دەست پێکرد بۆ ئەوەی هەم کورد لاواز بێت و هەمیش دەستە و داوێنی ئێران بن، بەڵام تەنیا ناوچەی سەوز وای پێهات و هەرێم سیاسەتی گشتی خۆی بەستەوە بە ئەورووپا و ئەمریکا و ئێران بووە پلە دوو.

ڕاوێژ: بۆ چی ئێران لەسەرتای شۆڕشی 57 ی هەتاویدا داوای لە هێزەکانی پارتی کرد کە دژ بە دیموکرات و کومەڵە ڕاوەستن  بەڵام دوای چەن ساڵێک پارتی و ئێران نێوانیان تێکچوو هۆکارەکەی چی بوو؟

 ڕەسوولی: گۆڕانکاری سیاسی و بەرژەوەندی لایەنەکانی هاوکێشەکە.

ڕاوێژ: ساڵی پار چەند کەسێک بەهۆی کێشەیکی دووبنەماڵە لە لایەن هێزی دژەتێرۆرەوە هێرشیان کردە سەر کەمپی حدکا کە بەپێی ئەو دەنگۆیانە کە بڵاو بوونەتەوە یەک دوو پاسداری ئێرانیان تێدا بووە لەکاتێکدا ئەو کێشە بنەماڵییانە کاری هێزی دژتیرۆر نیە و کاری ئاسایش و پۆلیسە، ئایا لە ڕوانگەی ئێوەوە ئەو کارە چ واتایەکی دەبێ؟

ڕەسوڵی: پێشتر باسی ئەوەم کرد کە پرۆژەکە بۆ دزەکردنە نێو باشوور و ڕۆیشتنە سەر بارەگای حیزبەکانیش بەشێک لەو پرۆژەیە کە دوو مانای هەیە یەکەم شکاندنی شکۆی سەروەری باو و دووهەم وای پێشان بدەن کە دەتوانن زەربە لە حیزبەکان خۆرهەڵات بوەشێنن.

ڕاوێژ: ئه وه ی که پ ک ک ئێستا له ناو هەرێمدا جێگیر بووه و له سەر سنوورەکاندا خاڵی گومرکی دادەنێ تا چ ڕادەیەک پێوەندی هەیه بەم ده ستێوەردانەی ئێران له هەرێم؟

ڕەسوڵی:پەکەکە گومرک وەک سەرچاوەی داهات سەیر دەکا و هەندێ سنووری نایاسایی بۆ کۆلبەرەکان دروستکردووە ئەمەش دەکرێت بە هەر دوو ڕوانگەی دەستێوەردان و پاراستنیش سەیر بکرێت مەسەلە ئەوەیە ئێمە چۆن سەیری بابەتەکە دەکەین.

 ڕاوێژ: ماوەێک لەمەو پێش بەڕێز مەسعوود بارزانی، ڕایگەیاند کە تا ۷مانگی داهاتوو دەبێت بۆ سەربەخۆی حکوومەت هەرێم ریفراندۆم بکرێ و ئێران یەکەم وڵات بوو کە دژایەتی خۆی دەربڕی، باشە ئەگەر ئێران پاڵپشتی حکوومەتی هەرێمە بەقسەی خۆی بۆ لە دژی قسەکانی کاک مەسعوود هەڵوێستی گرت؟

ڕەسوڵی: ئێران بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی ڕاستەقینە نییە و ئەوەش دەزانێت کە بە دروستبوونی کوردستان سەربەخۆ، یەکەم شوێن کە کاریگەری لەسەر درووست دەبێت کوردەکانی ئێرانن و ئەمەش ئێران بەرەو پارچەپارچە بوون یا لانیکەم گۆڕینی سیستەمی سیاسی بۆ فیدراڵی دەبا. بۆیە ئێران باش دەزانێت مانەوەی هەرێم بە شێوەی فیدراڵی کاریگەری کەمترە.

ڕاوێژ: پێتان وانیه ئەو دەست تێوەردانانە تا دابەشبوونی کورد بەسەر دوو بەرەدا درێژەی هەبێت، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەستێوەردانەکانی ڕژیمی تاران لە حکوومەتی باشوور زۆرتر دەبن؟

ڕەسوڵی: خودی دابەشبوونەکە ئەگەر بە مانای هاوپەیمانی سەیر بکەین ڕەنگە نەبێتە هۆی دەرفەت رەخساندنی زیاتر، بەڵام ئەگەر بە شێوەیەکی دیکە بێت ئەنجامی دیکەی لێدەکەوێتەوە.

 ڕاوێژ: ئێستا هیچ جیاوازییەک هەیە لە نێوان زوونی کەسک و زەرد لە پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا؟

ڕەسوڵی: بەڵێ هەست بەو جیاوازییە دەکرێت زۆنی زەرد بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بە تورکیاوە بەستراوە و پێۆێستی کەمتری بە ئێران هەیە و ئەمەش ڕەنگە دەرفەتی زیاتری بۆ بڕەخسێنێت و بتوانێت تا ڕادەیەک دژایەتی ئێران بکا و لەچاو زۆنی سەوزیش بابەتەکە پێچەوانەیه.

 ڕاوێژ: پارتی لەلایەک هەڵگری درووشمی سەربەخۆییە و لە لایەکی تریشەوە ئەو شێوە پێشانگایانە لە هۆڵی پێشەوادا دەکاتەوە و هیچ بە دژی کردنەوەی سەنتەری خومەینی لە کەرکووکیش نەوەستاوە (مەبەست حکومەتی هەرێمە کە بە دەست پارتیە)، ئێوە ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ڕەسوڵی: لە ڕاستێدا هەست دەکەم پارتی ئەو پێشانگایەی وەک ئێمتیاز کردەوە یان بە ناچاری بۆ ئەوەی ئێمتیاز زۆرتر نەدا. بەڵام سەبارەت بە هەڵوێست لە بەرامبەر سەنتەری خومەینی لە کەرکوک لە ژێر هەمان کەشی بێدەنگیدا تێپەڕ بوو.

 ڕاوێژ: حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لە باشوور دەژین و لە هەمبەر ئەو هەنگاوانەی پارتی و یەکێتی وئیسلامییەکان بێدەنگن، ئەگەر هەڵوێستێکیش هەیە چالاکان دەیکەن هەرچەند سەربەحیزبەکانیشن  بەڵام ئەو بێدەنگییەی حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵات چ واتایەکی هەیە؟

ڕەسوڵی: حیزبەکان خۆرهەڵات هەست بە بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی دەکەن و بەو بۆنەوە نایانەوێت هۆکاری تێکدانی باشوور بن  و هەروەها لەو باوەڕەدان هەر پارچەیەکی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە کە نابێت پشت گوێ بخرێت بە مەرجێک خیانەتی نەتەوەیی تێدا نەبێ.

ڕاوێژ: ئێمە دەزانین کە پ ک ک و ئێران دۆستایەتیان هەیە، ئایا ئەو دۆستایەتیە کاریگەری لەسەر پێ کاکا کردووە کە دەستێوەردان لە کاروباری هەرێم بکات، نموونە بە کانتۆن کردنی شەنگال کە داوای دەکرد؟

ڕەسوڵی: هەبووە، بەڵام ئەوەش نابێت وا سەیر بکەین هەموو کارەکانی پەکەکە بۆ ئێرانە. کانتۆن ئەنجامی فکری ئۆجەلانە کە ڕەخنەی لە سەرە و ئێرەش جێگای باسکردنی رەخنەکان نییە.

 ڕاوێژ: لە هەندێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەنگۆیەک بڵاو بوەوە کە گوایە پارتی ئاگاداری دەدا کە سووپای ئێران بە چەکی قورسەوە گەیشتوونە شاری کەلار بەڵام زوو سڕدرایەوە ئایا ئەمە ڕاستە؟ ئەگەر ڕاستە چۆنی دەبینن؟

ڕەسوڵی: ڕاستیەکە ئەوەیە کە سوپای ئێران تا نزیک کەرکووک هاتۆتە پێش و داواشی کردووە لە شەڕی موسڵ بەشدار بێت، بەڵام رەت کراوەتەوە لە بەر ئەوەی ئێران دەیهەوێت پشتوێنەیەک لە دەوری ناوچەی سوننی نشینی عیراق دروست بکات ولایەنگرەکانی بە هێز بکا.

 ڕاوێژ: وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم باس لە کردنەوەی خولی زمانی فارسی بە بەلاش و خۆڕایی لە لایەن کۆنسوولگەری ئێران دەکات بۆ فێر بوونی کوردەکان، ئێوە لاتان وا نیە بەتایبەتی کە کۆنسوولی ئێران دەڵێ ئێران کێشەی کوردی نیە و لەو لاشەوە دەگوترێ ئێران تەنیا لە زوونی کەسک ٧٠٠ بنکەی سیخوڕی هەیە، پێتان وانیە ئیزندان بەو هەنگاوە جۆرێک کرداری دژە ڕۆشنبیریە؟

ڕەسوڵی: سەیر کردنی ئەو بابەتە دەبێت وردتر بێت لەبەر ئەوەی بەشی فارسی لە زانکۆ هەیە و ئێران هیچ رۆڵی تێدا نییە و هەروەها هەموو کونسولگەرییەک بەشی فەرهەنگی هەیە بۆ ناساندنی زمان و فەرهەنگ خۆی، بەڵام ئێران جیا لەمە هەوڵ دەدات کەسانێک بۆ کارەکانی خۆی بناسێت بۆ نموونە لەم رۆژانەدا پێشنیاریان بە شاعیریک دابوو بەڵام هەمان کاری فێربوونی زمان کۆنسولگەری فەرەنسا بۆ زمانی فەرەنسی دەیکا و پارەش وەردەگرێت.

ڕاوێژ: کرانەوەی لقی زمانی فارسی لە زانکۆکانی هەرێم ئەویش لە حاڵێکدا کە ئێران هێشتا ئیزنی خوێندن و پەروەردە بە زمانی کوردی نەداوە، چۆن لێکدەدەنەوە؟ چ پێویستییەک هەیە بە کردنەوەی ئەو بوارە؟

ڕەسوڵی: پێویستیەکان پەیوەندی بە باشوورەوە هەیە کە ڕەهەندی جیاوازی هەیە، وەک پێویستی فەرهەنگی و ئاکادێمی و هەروەها پەروەردەکردنی هێزی شارەزا

ڕاوێژ: چ مکانیزمێک دەتوانن پێشنیار بدەن بۆ کورت کردنەوەی دەستی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاروباری ناوخۆیی باشووری کوردستان؟ دەبینین کە حکوومەتی باشوور تاوەکوو ئێستا وەکوو هاوپەیمانێک سەیری تاران دەکات.

ڕەسوڵی: زۆرتر متمانەکردن بە نەتەوە و خەڵکی خۆمان و کەڵک وەرگرتن لەو کارتە سیاسیانە کە لە بەر دەست دایە بۆ کەمکردنەوەی و قەبووڵ نەکردنی هەموو خواستەکان ئێران

ڕاوێژ:ماوەیێک پێش حەمەی حاجی مەحموود سکرتێری پارتی سوسیالیست لە ڕووداو لە وڵامی پرسیارێک کە گەلۆ پارتی سوسیالیست و ئێران پەیوەندی و چەند خاڵی هاوبەشیان هەیە  ڕاێگەیاند کە ئێمە تەنیا سنووری جۆگرافیایمان خاڵی هاوبەشە ئایا لەکاتێکدا دەبینین لاینگرەکانی پارتەکەی حاجی مەحموود بێ ویزا و پاسپورت و تەنیا بە بەڵگەی زەمانەتی حیزبەکەیانەوە دەچن بۆ ئێران جەنابتان ئەمە چۆن شرۆڤە دەکەن؟

ڕەسوڵی:باشە، مڕرۆڤی سیاسی ڕاستیەکانی چالاکی خۆی دەڵێت ئەویش چالاکییەک کە مانای خراپی لێبکەوێتەوە

ناچارە وەڵامێکی سادە بداتەوە هەمان جوگرافیا کە  ئەو دەڵێت مانای زۆری هەیە.

ڕاوێژ: ڕاستە چالاکیە بەڵام کەسێکی سیاسی وەکوو حەمەی حاجی مەحموود دەبێت ڕاستیەکان بڵێت و لەگەڵ خەڵکەکەێ راست بێت بۆ لە میدیا قسەیێک دەکەن و لە پشت میدیاوە قسە و کارێکی دیکە کە یەک ناگرنەوە ؟

ڕەسوڵی: مرۆڤی سیاسی راگەیاندن تەنها وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی پەیامی سەیر دەکا نەک گووتنی راستییەکان، بۆیە ئەویش دەیەوێت خۆی پاک بکاتەوە و بڵێت وا نیم پەیامی ئەمەیە و راستیەکەش شتی دیکەیە

ئەگەر ئێزن بدەن دەمەوێت لێرەدا شتێک بڵێم، سەیر کردنی دەستێوەردانی ئێران لە هەرێم چەند رەهەندی سیاسی، ئەمنی، کولتوری و ئابووری و نیزامی هەیە و هەریەک لەمانەش بە شێوزی جیاواز ئەنجام دەدرێت لە کردنەوەی کۆمپانیا و ناوەندی فەرهەنگی و دانان و یارمەتیدانی راگەیاندن

ڕاوێژ: دووا پرسیار، ئایا باردۆخی هەرێم بەگشتی دەستی ئێرانی تێدا نەبێت چۆن،دەبینن؟

ڕەسوڵی: بەڵام پێویستە ئەوەش بزانین کە لە سەربەخۆیی هەرێم باریی قورس لە سەر شان خۆرهەڵات کوردستان دەبێت بۆ ئەوەی گوشاری سەر کوردستا سەربەخۆ کەم بکەینەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.