دیوارە سۆزدارییەکەی کوردستان و ڕوانگەیەکی جیاواز

0
172

نووسەر: ڕەشید زەرواوی

ماوەیەکە باس لە دانانی “دیواری سۆزداری” لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات دەکرێ. دەبیندرێ لە چەند شاری خۆرهەڵاتی کوردستان و لە لایەن کەسانێک بە ناوی چالاکانی مەدەنییەوە، لادیوارێکیان رازاندۆتەوە و لەسەریان نووسیوە:” دیواری مێهرەبانی، ئەگەر هەتە داینێ، نیتە هەڵیگرە“! ژمارەیەک بزمار بەم دیوارەوە داکوتراون و بەسەر بزمارەکانیشدا کۆمەڵێک جل و بەرگ هەڵواسراون ( نوێ یان کۆن هیچ زانیاریم نییە). ئەو جل و بەرگانەش بۆ کەسانی دەست کورت و هەژار، تەرخان کراون.

لە روانگەی منەوە، خودی هەنگاوەکە پیرۆزە و شایانی دەست خۆشی لێکردنە، بەڵام رێکار و شێوازەکەی نەتەنیا زۆر هەڵەیە بگرە کارێکی نادروست و شایانی خزمەت بە مرۆڤ و بەتایبەت بە هاووڵاتیانی خۆت کە بۆی هەیە بەشێکیان دەرودراوسێ و تەنانەت خزم و کەس و کاری ئەو چالاکوانانەش بن نییە و هەڵگری رەخنەی توندە ،ئەویش بە چەند هۆکار کە لێرەدا تیشکیان دەخەمە سەر:

یەکەم: هیچ شتومەکێک، هیچ کاڵایەک، هیچ جل و بەرگ و خانوو و کەرەسەیەک، ناتوانێ جێگای پێگەی بەرزی مرۆڤ بوون و هەست و درکی مرۆڤ بگرێتەوە. لێرەدا چەند خاڵ جێگای سەرنجن. یەکەم رەخنە لە شێوازی کارەکە ئەوەیە کە مرۆڤی خێرخواز بە لووت بەرزییەوە کەل و پەلەکانی بۆ ئەو شوێنە دەبا (ئەگەر واش نەبێ ڕواڵەتی کارەکە ئەوە پیشان دەدات) و بە بزمارەکانی” دیواری سۆزداری “دا هەڵیان دەواسێ و وەک لە دروشم و وێنەکانیشدا دیارە، پەیڕەوی دروشمی “داری؟ بذار” دەکات. لە بەرانبەریشدا کەسی نەدار و موحتاج دەبێ بە بەرچاوی من و تۆ و ئەویترەوە بڕواتە بەر دیوارەکە و لێیان ورد بێتەوە، تاقیان کاتەوە، لەبەریان بکات، ئەگەر پڕبە لەشی بوو هەڵیگرێ، نەبوو داینێتەوە، واتە ئەویش دەبێ دروشمی “نیتە هەڵیگرە” ئەنجام بدات، خۆ ناکرێ هەروا دەست بداتێ و هەرچی بەدەستیەوە هات لەگەڵ خۆی بیبا!. لێرەدا پرسیار ئەوەیە با ئەتۆ ، من یان کەسێکیتر خۆمان لە جێی ئەو نەدارە دابنێین، وای دابنێین کە نانی شەومان نییە، وای دانێین ئەگەر کراسێک هەڵنەگرینەوە و خۆمانی پێ دانەپۆشین دەمرین لە سەرمان. ئایا ئامادە دەبین بەو جۆرە بڕۆینە بەر دەم ئەو دیوارە و پارچەیەک بۆ خۆمان هەڵبژێرین؟من وەک خۆم لە هیچ هەل و مەرجێک دا ئامادە نیم کارێکی وابکەم.

دووهەم: دەست بردن بۆ هەر کارێک و هەڵهێنانەوەی هەر هەنگاو و بیرۆکەیەک، رێکار و میکانیزمی تایبەت بە خۆی گەرەکە، بۆ نموونە هەر ئەم دیواری سۆزدارییە دەکرێ بە شێوازێکی زۆر باشتر ئەنجام بدرێ کە هەم بتوانێ زیاتر خزمەتی خەڵکی هەژار و کەم داهات بکات و هەم کەسایەتی و پێگەی ئەو کەسانەش بپارێزێ و تەنانەت بەرزیشیان بکاتەوە کە پێویستیان بە کەل و پەلەکان دەبێ.

بۆ وێنە کردنەوەی هۆڵێکی خێرخوازی کە تێیدا هەموو جۆرە کەل و پەلێک داندرابێ .

کۆ کردنەوەی کەل و پەلەکان دەکرێ لە رێگای دەرکردنی بانگەوازیەوە روو لە خەڵکی شار و گوندەکان بێ، دەکرێ لە رێگای داواکردن لە خەڵکانی سەرمایەدار و دەست ڕۆیشتوو بێ و خودی کارەکەش دەکرێ لە لایەن رێکخراوێکی مەدەنی وەک “ژینگە پارێز”ـەوە ئەنجام بدرێ. پاشان دەبێ کۆگایەک هەبێ کە وەک سۆپێرمارکێت یان دووکانێک، سەرجەم پێداویستییەکان بە جوانی و رێک و پێکی لە شوێنی خۆیان دابندرێن. بەشی خواردەمەنی لە بەشەکانی تری وەک جل و بەرگ جیاکرابێتەوە.

هەنگاوی دواتر و گرینگتر ئەوەیە کە لەبری هەڵگرتنی هەرکام لەو شت و مەکانە بڕێکی زۆر کەم “پارە” وەربگیردرێ بەجۆرێک  کار نەکاتە سەر دۆخی ماڵی کەسانی هەژار بۆ نموونە، پێنسەد تمەن یان کەمتر بۆ چوونە ژوور.

وەرگرتنی ئەو بڕە پووڵە چەند سوودێکی هەیە کە گرینگترینیان ئەوەیە کاتێک مرۆڤێکی هەژار لە بری پێداویستییەکی رۆژانەی خۆی ئەو پووڵە دەدات ئیتر لە باری دەروونییەوە هەست بەوە دەکات کە کڕیویەتی و بەو هەستەش ئازاری رۆحی ناچێژێ. یان بە واتایەکی تر، خۆی بە منەتباری کەسێکی تر نازانێ و ئاسوودەتریش دەتوانێ ئەو شتەی پێویستییەتی، دەستی بۆ ببات!

سوودێکی تری ئەو بڕە پووڵە ئەوەیە کە لە رێگای ترەوە خزمەتی هەژارانی پێبکرێ کە ئەوەی بۆ ئەو خزمەتەش زۆرە”رێگایە” و بەداخەوە لە وڵات و نیشتمانی ئێمەشدا چی زۆرە؟ هەژار!

خاڵێکی تری گرتنەبەری رێگای دروستی ئەمجۆرە خێرخوازییە، کارکردنی بە کۆمەڵە و بەتایبەت رێکخستنی لاوان لەو بوارەدا کە هیچ گومانی تێدا نییە ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی خەڵک و نیشتمان خۆشەویستی کورد بە تامەزرۆیی و دڵفراوانییەوە بەرەو پیری بکەرانی ئەم هەنگاوە دێن و بەمەش دەکرێ چەندین کۆگا و دووکانی تر بکرێنەوە و بە گشتی وەک رێکخراوەیەکی خێرخوازی بەربڵاوی لێ بێ کە لەودا هەر کەسێک بتوانێ رۆژێ بە لانی کەمەوە دوو کاتژمێر بە خۆبەخش لە خزمەت خەڵکی هەژار و کەم داهاتدا بێ و گرینگترین خاڵی بەرچاوی ئەم هەنگاوەش پەروەردەی فیکری و گەشەی بیری مرۆڤ دۆستی و نیشتمان خۆشەویستییە و بە گشتی مەکۆیەکە بۆ کاری هوشیاری نەتەوایەتی و مرۆڤدۆستی. لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دێموکراتدا ئەم جۆرە ئورگان و رێکخراوانە زۆرن و لە زۆربواریشدا کاریگەری خۆیان لەسەر خەڵکی وڵاتەکەیان داناوە بۆ نموونە یارمەتیدەر بوون لەسەر گەشەی هەستی مرۆڤدۆستی  و رێگر بوون لە هەستی ڕەگەژپەرستی یا خود گاڵتەکردن بە هەژاران و تەنانەت ئەو کەسانەی کە لای ئێمە پێیان دەگوترێ”شێت” یان بە واتایەکیتر کاریگەری ئەرێنییان لەسەر بەرزکردنەوەی پێگەی مرۆڤ داناوە و هەر ئەوەشە کە زەحمەت و تێکۆشانەکانیان جێگای قەدر و قیمەتە و خەڵکی خێرخواز بە بایەخەوە لە کارەکانیان دەروانێ و بە رێگای جۆراوجۆرەوە یارمەتی ئەو رێکخراو و کەسانە دەدەن.

ئەنجام:

مەبەستی ئەو کورتە بابەتە وەک بیندرا بە هیچ شیوەیەک مەحکووم کردنیئەو جۆرە کردارانە نیە، بەڵکو پێشنیارێکە کە لە ڕووی ئەزموونی وڵاتانی تر هاتۆتە ئاراوە و دەیهەوێ کارە خێرخوازی و مرۆڤدۆستاکە بە ڕوو و ئاراستەیەکی درووستتردا بڕوات، بە جۆرێک کە زیاترین دەسکەوتی بێت و بکەرانی ئەو کارە بەجێ و شیاوە باشتر ئامانجەکانی خۆیان بپێکن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت