دۆخی کورد لە کوردستانی باشوور لە سمیناری “ڕەوش، ڕاوێژ، ڕێگا” لە فەڕانسە تاووتوێ کرا

0
42

ڕۆژی کورد: ڕۆژی شەممە ١٧ی ژوئەن بەرانبەر بە ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕەوشی کوردستانی باشوور بە بەشداریی هەر کام لە پسپۆڕان و شارەزایانی سیاسیی کورد، دوکتور مەحموود عوسمان، سیاسەتوان و چالاکی سیاسیی کورد، دوکتور لوویی جاف، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی لە وڵاتی فەڕانسە، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان، دوکتور عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری هەرێمی کوردستانی باشوور لە فەڕانسە و عومەر فاڕووق، بەپرسی کومیتەی دۆستایەتیی کورد و فەڕەنسی، بەڕێوەچوو.

دوکتور مەحموود عوسمان، سیاسەتوانی ناسراوی کورد، لە باسەکەی خۆیدا باس لە مافی چارەنووس بۆ کورد دەکات و دەشڵێ لەگەڵ ئەوەیدا کە باسی کورد لە ئێستادا باسێکی گەرمە، باسی کورد لە باشوور، باسێکی گەرمترە و دوای تێپەڕاندنی چەندین قۆناغ، هەرچەند ناکۆکی لە نێوان حیزبەکاندا هەبووە، بەڵام ئەو قۆناغانە دەرباز بوون و ڕوخانی سەددا، سەرەڕای ئەوەی کێشەی زۆری بەدوادا هات، دۆخی کوردی گۆڕی و پێشکەوتنێکی باش لە عێراقیش هاتە ئاراوە”.

دوکتور مەحموود عوسمان، ڕەخنە لە جێبەجێ کرانی مافەکانی نەتەوەی کورد لە لایەن عێراقییەکانەوە دەکات و دەڵێ: “ئەو مافانەی بۆ کورد لە دەستووری عێراقدا دیاری کرابوو هیچی جێبەجێ نەکرا بۆیە کورد، بیر لە سەربەخۆیی و هەبوونی کیانی خۆی دەکاتەوە و هەنگاوی بۆ هاویشتراوە”.

دوکتوور لوویی جاف، نوێنەری یەکێتیی نیشمانی لە فەڕانسە، له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا،  بارودۆخی كوردی كرد له‌ سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست و سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك، هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌راوردێكی كرد له‌ نێوان ئه‌و دوو سه‌رده‌مه‌ هه‌ستیاره‌ بۆ كورد. هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌سه‌ر سیاسه‌تی یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كه‌ بریتییه‌ له‌ سیاسه‌تی گفتوگۆو سیاسه‌تی عه‌قڵ دوور له‌ ده‌مارگیری.

عەلی عەونی، وێڕای ئاماژە بە مێژووی بەرخۆدانی کورد لە کوردستانی باشوور بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی و هاوکات ئاوڕدانەوە لە چالاکیی بەشێک لە حیزبەکان، باس لە دۆخی هەنووکەیی کوردستانی باشوور و پێگەی ئەو هەرێمە لە جیهان و ناوچە و دەستکەوتەکانی هەرێم دەکات و دەشڵێ: “ئەگەر کورد شەڕی داعشی نەکردبایە، ئێستا هەموو وڵاتانی ناوچە دەبوا لە وڵاتی خۆیان ڕووبەڕووی داعش ببنەوە”.

ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان، لە بەشێک لە وتەکانی خۆی لە سمینارەکەدا باس لە گۆرانکارییەکانی داهاتوو لە ناوچە دەکات و دەڵێ ئەو گۆرانکارییانە جیا لە ئێران و تورکیە و سووریە، سعوودیەش دەگرێتەوە”.

دوکتور عەلی دۆڵەمەڕی، لەسەر شەڕی داعش، ڕاپەڕینی گەلی کورد و دەسکەوتەکانی، باسێکی ەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە کورستانی باشوور و بەتایبەتی باسی گشت پرسی کرد و ئەو گشت پرسییەی بە دەستکەوتێکی گەورەی گەلی کورد ناساند.

دۆڵەمەڕی لە بەشێک لە وتەکانیدا گوتی: “بەختەوەرانە دەستکەوتی مەزن بۆ کورد هاتوونە ئاراوە و هەرێم دەیتوانی بە هەبوونی پێگەیەکی باشی ناودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە، سەربەخۆیی ڕاگەیێنێ و بەڕێز بارزانی و تاڵەبانی، وەک دوو سەرکردەی کورد لە باشوور، دەورێکی گەورەیان لە بەرهەم هاتنی ئەو پێگەیە باشەی کورد لە جیهاندا هەبووبێ کە ئێستا پێشوازییەکی باش و بەرچاو لە وڵاتان لە کورد دەکرێت”.

دۆڵەمەڕی ڕەخنەی لە دەوڵەتی عێراق گرت کە لە سەرەتاوە هیچ کات دەستووری ڕەچاو نەکردووە و تەنانەت یەک مادەی تایبەت بە هەرێمی تا ئێستاش جێبە جێ نەکردووە و تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٤ـ بوودجەی هەرێمیان بڕی”.

دۆڵەمەڕی بە باس لەوەی کە باس لە ڕفراندۆم لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە کاری بۆ کراوە و بڕیار بوو ساڵی ٢٠١٤ بەڕێوە بچێت کە بە هۆی ئاستەنگیی وڵاتانی وەک تورکیە و ئێران و سووریە و عێراق، جێبەجێ نەبووە.

لە بەشی کۆتایی، پانێلی باشوور، عومەر فاڕووق، بەپرسی کومیتەی دۆستایەتیی کورد و فەڕەنسی، بابەتێکی لەژێر ناونیشانی “پرسی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی” پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تێیدا داوای هاوڕێزیی کوردان لە هەر چوار پارچەی کرد و گوتی: “ئەو سەربەخۆییەی کە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا لە کوردستانی باشوور بێتە ئاراوە، ئی هیچ پارتێک و کەسێک نیە و ئی چل ملیۆن کەسە”.

فاڕووق لە درێژەدا گوتی: “داواکارم هەموو کوردان بە تێکڕا، پشتی سەربەخۆیی و بارزانی بگرن و ئەو سەربەخۆییە بە ئی هەموو کوردستان بزانن و هیوادارم لە ڕۆژئاواش هەموو حیزبەکان یەکتر بگرن و وانەبێ کە تەنیا یەک حیزب لە ئارادا بێ”.

بەپرسی کومیتەی دۆستایەتیی کورد و فەڕەنسی هەروەها ئاوڕی لە دۆخی پارچەکانی تر داوە و گوتیشی هیوادارم لە کوردستانی باکوور، کێشەکان لە ڕێگای دانوستانەوە چارەسەر بکرێن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت