دۆخی هه‌ڵبژاردنه‌كان زمانێكی تێكه‌ڵ به‌ ته‌نز و گاڵته‌

0
630

ڕۆژی كورد : ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٧ی ڕه‌شه‌ممه‌ له‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ له‌ لایه‌ن لاوێکی خه‌ڵكی ناوچه‌ی موكریان بۆ ڕۆژی كورد نێردرواوه‌ و ئێمه‌ش وه‌ك خۆی لێره‌ دا بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌

هاوڕێیانی ڕۆژی كورد ماندوو نه‌بن له‌ هه‌وڵ و تێكۆشانتان ، خه‌باته‌كه‌تان جێگه‌ی ڕێز و شانازییه‌ ، ئه‌من كوردێكم و نیشته‌جێی یه‌كێك له‌ گونده‌كانی ناوچه‌ی موكریان و به‌ كورتی و به‌ كوردی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ له‌ گه‌ڵتان ده‌دوێم ، له‌و كورته‌ ڕاپۆرته‌ دا هه‌وڵم داوه‌ به‌ زمانێكی خۆماڵیانه‌ و گوندی ، به‌ دارشتنه‌وه‌یه‌كی تێكه‌ڵ به‌ گاڵته‌ و ته‌نز ، و به‌ سه‌رنجدان به‌وه‌ی سه‌ردانی زۆر یه‌ك له‌ بنكه‌ی ته‌بلیغاتیی به‌ ناو نومایه‌نده‌كانم كردووه‌ ، حاڵ و هه‌وای هه‌ڵبژاردنتان بۆ باس بكه‌م ، له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ هۆی ناپاراوی له‌ نووسین دا داوای لێبوردنم هه‌یه‌ ناوم لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ : ده‌نگ ناده‌م

ئەمڕۆ ٣ی ڕەشەممەیە، تەنیا چوار ڕۆژ ماوە بۆ کرانەوەی سەری سەندووقەکان و پاشان مۆر و مۆم کردنێک کە لە ڕاستیدا بەو واتایە نیە کە چیتر دزی و گزە لە دەنگەکان ناکرێ ، بەڵکو ٣٧ ساڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامی نیشانیداوە کە ئەو پلۆمپ کردنە بەو واتایەیە کە : خەڵکینە ئیتر دەرکەی سەندووق داخرا و ئێوە هیچ دەنگ و ڕەنگێکتان نییە، ئێمەین دەیکەینەوە و کێشمان پێ خۆش بێ دەریدێنین.
لە ئێستادا ماوەی ٤ ڕۆژە هەرا و هەنگەمەی بەربژێرەکان لە شارەکان درێژەی هەیە، هەرا و هەنگەمەیەک کە ئەگەر کەسێکی ناشارەزا یان نامۆ بەو کۆمارە تێیدا بەشدار بێ، هەست بە سەردەمانی شۆڕشێک دەکا کە خەڵکانێکی شۆڕشگێڕ لە سیستمێکی توتالیتێر یاغی ىووبن، بەربژێرەکان زیاتر لە ماندێلا و چێگڤارا و ….تاد، دەچن، قسەکانیان زیاتر لە ڕێبەرێکی سپارتاکووسی دەچێ کە دەیهەوێ هەرچی بەندی دیلیە بیپسێنێ، خەڵکانێک بە شەقامدا وێڵن و وێنە و تراکت بە دەست پێدەچێ شۆڕشی ئۆکتۆبری فەڕانسە بەڕێوە بێ، دەنگی گۆرانییەکانی مامۆستایانی موزیکی کوردی بە یاسایی و یاساغەوە جا لە قەندیلی سەربەرزەوە بگره‌ تا هاواری هۆی زاڵم، هەستێکی ئەوتۆت دەداتێ دەڵێی ڕێک لەو چرکەساتەدا کۆمارێکی تر بۆ کوردستان لەدایک دەبێت. هەندێک شاعیر سەرمەستی شیعری سیاسی و نیشتمانی و هەندێک گۆرانی چڕ سەرخۆشی دەلالۆ دە هەستەوە، لەسەر داربەستەکانی ناو شەقامەکان، پێدەچێ موژدەی ئازادیمان بدەنێ.
بەڵام ئەو حاڵ و هەوایە لە هەر هەموو شوێنێکیش ئەوتۆ نیە، لە هەندێک شوێن (نه‌ڵاس) خەڵکانێک بە دوای نوێنەرێکدا هاوار دەکەن (دەرکەوە دەرکەوە) و لە هەندێک شوێن (سەردەشت و پیرانشار) کەسانێکی دڵ پڕ لە سوێ هەڵدەکوتنە سەر نوێنەرەکانی پێشوو و بەربژێری ئێستایان و بە درووشمی (درۆزن درۆزن)، شار بە دەریان دەکەن و هێزە ئینتزامییەکان قەممە بە دەست، دەڕژێنە سەریان. لە هەندی شوێن (نێ له‌ مه‌ریوان ) کەس بۆی نیە نە بە گوتار نە کردار و نە بە هزر، بیریش لە هەڵبژاردن بکاتەوە، بە ئاشکرا بایکۆتیان کردووە و تەنانەت ترۆمبیلی هەڵگری تراکت و پۆستێری تەبلیغاتی بەو شوێنانه‌ دا بڕوات تا لێینەکاتەوە ئیزنی نیە دەرباز بێ، هەڵبژاردن بە خۆتە یان لێیکەوە یان وەدەرکەوە و بگەڕێوە.
بەڵام لە ژێر ئەو هات و هاوارە هەندێ کایەی سیاسی هەن، لە بۆکان ئیسلاح تەڵەبان لێک ڕاست ىوونەوە، دەگوترێ قەسیم عوسمانی کە شەپۆلی سێهەمی دەست پێکردووە و کۆنسێرتی سەر شەقام بەڕێوە دەبات و بەڵێنی دامەزراندنی بە هەندێک زیندانی سیاسی مافی مرۆڤ پارێز داوە، کودەتای کردووە، لە مەهاباد جەلال مەحموودزادە و عوسمان ئەحمەدی دوای ڕاگەیاندنی کۆتا لیستی بەربژێرەکان لەپڕێک دێنەوە مەیدان و عایشە عەبداڵی بە بیانووی بەشداری کردن لە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ شنگال لە دوای متمانە پێ بەخشرانیش، متمانەی لێدەستێندرێتەوە.
لە دەرەوەی وڵاتیش باسێکی ترە، ئەمجارە زۆربەی هەرە زۆری ئۆپۆزیسیۆنی نیوەگیانی ئێرانی و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی بایکۆتیان کرد لەو ناوەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان بەتەنیا لە نێوان بایکۆت و بەشداری خۆی بە شرۆڤەیەک بەستەوە و کۆتا بڕیاری دایە دەست خودی خەڵک، دەنگ دان و دەنگ نەدان مافی خۆتانە، خۆتان وەکیل بن.
لە ناوخۆ بەرەی یەکگرتووی کورد لە کاتی تووڕەىوونیدا بە ڕاگەیێندراوێک باسی لە پشتگیری نەکردنیان لە هەر کەسێک کرد و گوتیان نە نوێنەرمان هەس نە دەنگ دەدەین بە کەس، بەڵام پێدەچێ ئێستا بە تاک و بەکۆ پەژیوان بن و دەیانهەوێ جارێکی تر بەرەو ژوان بچنەوە، هەروەک فەرەهمەند لە فەیسبووکی خۆیدا ڕێکلام بۆ کوردانی تاران و هاوتەبار و خوێنە لوڕەکان دەکات.
پێشتر و هاوکات لەگەڵ قەتڵ و عامە بە کۆمەڵەکەی شۆڕای نیگابان، کەمپەینێک ساز بوو، موختار زارعی خۆی وەک کەسی یەکەم و گەڵاڵەداڕێژ دادەنا هەرچەند دەگوترێ ئیجلال قەوامی کە ئەمڕۆژانە بە دژ زۆرێک لە ئیسلاح تەڵەبەکانیش دەنووسێ، سەرکاروانە. ئەم کەمپەینە دوای ماوەی نزیک بە سێ حەوتوو هەرا، فایلێکی پی دی ئێفی داوەتە دەر کە تێیدا چەند داواکاری داوەتە دەر لە ڕووی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ….تاد، کە هیچ کام لەوانە نە گارانتی بەڕێوەبردنیان هەیە، نە ڕوونن و نە دیارە ڕووی لە کێیە و نە داواکاری سەرەکی کوردن و پێدەچێ چالاکییە شانۆییەکانی ئەمانیش بەرەو مردنی تراژیکی ئاشیل دەڕوات و جارێکی تر گوتاری ئێرانی لە ناو کورددا دەتوێتەوە و ڕیسەکەی دەبێتەوە خوری.
باسی شۆرای نیگابان بەڵام باسیکی ترە، هەندێک مەلا و پێش نوێژی سووننە کە پێدەچێ مەرجەکانیان نەخوێندبێتەوە یان نەزانن مەجلسی خبرەگان چیە و کێیە و چ دەکات و تەنیا سەر بەڕژیم بوونیان پێ مەرجە و نازانن لەوێشدا مەلای سووننە مەلای پلە سێیە، خۆیان بەربژێر کردبوو کە چی ڕەد کرانەوە، ئەمانیش دڵیان نەهێشا و گوتیان خۆ ئێمە لە نەوەکەی خومەینی زیاتر نین ئەوەتا ئەمیش ڕەد کرایەوە کەواتە حەتمەن حیکمەتێکی تێدایە و هیچ کێشەش نیە کە لە پارێزگای سنە مەلایەکی عەرەبی پێشووتر بەغدایی هاتووە بۆ سەرچۆپی شایی.
لەو هەڵبژاردنە بۆ یەکەم جار هەستی فتوادانی خامنەیی گوڵی کرد و حەدیسی بەسەردا دابەزی، فتوای دا دەنگدان ئەرکی شەرعی و پێویستی عەینییە، دەنگی سپی حەرامە و ژن بۆ دەنگدان پیویست ناکا ئیزن لە پیاوەکەی وەرگرێ.
لە هەندێ لە شارەکان بۆ یەکەمجار ستادی تایبەت بە ژنان داندراوە، لە کۆبوونەوەکانی ناو شاریش پارکینگ و شوێنی تایبەت بە ژنان و ئافرەتان دامەزراوە. ئەوە دەتوانێ بەو واتایە بی کە بۆ یەکەمجار دەیانهەوێ ژنان و بەتایبەت ئەو ژنانەی کە ئاستی زانستی و سیاسیان نزمە بێننە ناو هەڵبژاردن، بەتایبەت کە چەند ساڵێکە قەراغ شارەکان ئاڵوگۆڕی دیموگرافییان تێدا پێکهاتووە.
هەڵبژاردن لە ئەنجامدا بەریوەدەچێ بەڵام ناخی ئەو خەڵکە کە لە ترسان یان لە برسان دەنگ دەدات و ئەو خەڵکە کە بە سەدان کەس لە قالیبافان و بیمە (( له‌ لایه‌ن قاله‌ یا خاله‌ چووپانی )) ناویان نووسراوە و بە سەدان کەس کە بەڵێنیان پێدراوە تا وەک بەلەدێ (کرێکاری شارەوانی) لە ئەگەری دەنگدان، دابمەزرێن و ئەو خەڵکانەی کە بەڵێنیان پێدراوە تا ئەگەر مۆریان بە ناسنامەوە بێ وامێکی باش و چەوریان بدرێتێ یان وەک مەریوان بەڵێنیان بدرێتێ کە فتۆکۆپی (وێنەی) ناسنامەت بدە و دەنگت بێنە با دابمەزرێی، هەروا بە ئاشکرا دەروونێکی پڕ لە کوڵ و ڕق و بێزارییە و چو لە چاوی نوێنەرەکانیان بە نەهێنی دەڵێن: شەقەی درۆت بەرەو ئاسمانی خودا باڵی گرتووە. لە کرماشانیش دڵ بە دەریادا دەدەن و وێنەی زیندانیانی سیاسی لە دار و دیوار دەدەن و دەڵێن دەنگ مەدەن، پالەوان دەنگ دان نەنگە.
لە هەمان کاتدا ئەمڕۆ بڵاو بۆوە کە شاری تاران بە بیانووی هەبوونی میوەی خاریجی و قاچاغ، بە هێزی دژە شۆڕش ئاخندراوە، کەس نیە بێژێ براکەم، میوەی قاچاغ و شۆڕش؟ ئەمە چەندی بە چەندی؟ لە سنەش هەواڵەکان باس لە هەبوونی ١٥٠٠ هێزی دژە شۆڕش و هێنانیان لە هەمەدانەوە دەکرێ. وابزانم لە سنە میوەی مهاباد بە قاچاغ هاوردە کراوە یان هەناری بانە و سێو و ترێی ئالانی سەردەشت بە ئاسمانا باڵی گرتووە و هاوردە کراوە کە ئەمەش یاساغە یاساغ.
لە کۆتاییدا دەنگ دان بەرێوەدەچێ و خامنەیی و بەرپرسانی نیزامیش کە دەڵێن هەر دەنگێک ئابڕووی نیزامە و پشتیوانمانە، ڕووی خۆیان سوور سوور و دڵیان شاگەشکە و خەنی بە ئامریکا نێشان دەدەن و هاوار دەکەن، خەڵکی ئێران ئەمجارەش ڕووی دوژمنانی ئەم خاک و ئاو و ئیسلامەیان ڕەش کرد و پشتیان دان لە زەوی و سەریان کردن نەوی. و ئه‌ڵێن ئه‌وه‌ مستێكی قایم بود بر دهانی ئیستكبار ، بەڵام هەم خەڵک هەم خاک، هەم خامنەیی و هەم سپای قودس و هەم چاوەدێران و هەم تۆی خوێنەری ئازیزی ئەم دێڕانەش باش دەزانین ئەم دەنگانە لە زگی برسی و پشتی چەماوەوە هەڵدەقووڵن و ناخەکان هەر دێ و بەرەو گڕکانی ىوون دەچن، ئاخۆ ڕێبەرێک، شۆڕە سوارێک، هیزێک هەڵدەقووڵێ ئەو گڕکانە بەرەو بنارەکانی ئاشتی و ئازادی نێڵ بدا و ببێتە سەرقافڵە؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.