دڵزار عابدی: من پێموایە ئەم سەردەمە چاکترین کاتە بۆ بەهێزکردنی کولتوورەکەمان/وتووێژی تایبەتیی ڕۆژی کورد

0
511
دڵزار عابدی
دڵزار عابدی

من دڵزار عابدی ساڵی ١٩٩٥ زاینی لەشاری سەقز لە دایک بوومە. لە یادم نایە چ کاتێک دەستم بەکاری هونەری کردووە چون بە هۆی هونەرمەند بوونی بابم ( مامۆستا عەلی عابدی ) هەر لە سەرەتای منداڵیەوە ئامێری پیانۆ و ویۆلۆنم ژەندووە و لە خزمەت بابم فێری تێۆری موزیک و بنەماکانی موزیکی کوردی و … بووم . لە یادمە یەکەم جار کە دستم بە ئاهەنگسازیی کرد ١٠ ساڵم بوو و مێلۆدیەکی تازەم دروست کرد. لە ساڵی ٢٠٠٨ ـەوە تا ئێستا لە گروپی مۆسیقای نەکەرۆز کە بابم سەرپەسەشتیی دەکات ژەنیاری پیانۆ و کیبۆرد و دەنگ هەڵگری ئەو گروپەم. لە ساڵی ٢٠٠٩ بەم لاوە دەستم بە دەنگ هەڵگریی ستۆدیۆ کرد و لەو بوارەشدا ئەندازیاری دەنگم وەرگرتووە و دەورەی موزیکی ئێلێکترۆنیم گوزەراندووە و تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ گۆرانی ، کورتە فیلم ، دێکۆمێنتاری ، Anime  و دیکلیمەی شێعرم دەنگ هەڵگری ، میکس و مەسترینگ کردووە. موزیکی حماسە ، بەتەنیا جێم مەهێڵن ، شەهید ، ژانی گەڵ و … لەو کارانەیە کە من تۆماری دەنگ و میکس و مەسترینگم کردووە. زیاترین چالاکیم لە بواری ئاهەنگسازی و ئارێنج دا بووە و زیاتری کارەکانم لە ژانری کلاسیکی ڕۆژئاوایی پاپ دایە. چەندین کاری ئۆرکێستراڵ و پیانۆیی و دۆئێت و … ئاهەنگسازیی کردووە کە کارە ئۆرکێستاڵرکان بە هۆی نەبوونی ئۆرکێستر لە کوردستان یان نەبوونی پشتیوانیی لەدەرەوەی وڵات هێشتا تۆمار نەکراون.

لە ساڵی ٢٠١٢ ـەوە لەبەردەستی مامۆستایانی موزیکی زانستگەی هونەریی تاران درێژەم بە خوێندنی موزیک داوە و تا ئێستاش بەدرەوامم. لەچەندین بەرنامەدا وک ژەنیار و ئاهەنگساز و دەنگ هەڵگر بەشداریم بووە. ساڵی ٢٠١٤ گۆرانیەکەم بۆ هونەرمەند شێرزاد حەسەن زادە ئارێنج کرد و بەشێوەی کلیپ بڵاو بوویەوە و ئێستاش ئەڵبۆمێکم بۆ هونەرمەند ڕەحمەت ڕۆستەم پوور ئارێنج کردووە کە لە چەند مانگی داهاتوو دا بڵاو دەبێتەوە.

ئێستاش لە تۆمار کردن و ئارێنجی ئەڵبۆمێکی بابم یاریدەی دەدەم و لەهەمان کات دا خەریک تەواو کردنی یەکەمین سەمفۆنی م کە هەر لە ئێستاوە بەدووی پشتیوانم بۆ ئۆرکێستر و تۆمار کردن و بڵاو کردنەوەی. چەندین وتاری زانستی موزیکم لە گۆڤاری ڕۆژان و ماڵپەڕە جۆراوجۆرەکان بڵاو بۆتەوە. ئەمەش ناوی هەندێک لەو کارانەی کە خۆم ئاهەنگسازیم کردووە:

١-دۆئێت بۆ فلوت و هارپ

٢-scherzo  بۆ ئۆرکێسترا

٣- سوییت سەمفۆنیکی ئارگا

٤- فانتێزیای بەربەیانی ناو دێ

٥-موزیک بۆ ویۆلا

٦- Dreams موزیک بۆ دیوان و پیانۆ

٧- ١١ ئێتۆدی تکنیکی بۆ سەنتوور

ڕۆژی کورد: پێناسە بەڕێزتان بۆ موزیک چییە و چۆن چێژێک بە ئێوە دەبەخشێت؟

دڵزار عابدی: ڕوانینی من بۆ موزیک دوگم و داخراو نیە؛ هەر دەنگێک بە گوێی مرۆڤ ببیسرێت و بتوانێت هەست ببزوێنێ، موزیکە . جا با ئەو دەنگە لە سروشتە هاتبێت یان شمشاڵی شوانێک یان ئۆرکێسترایەک و … . بەڵام من وەک خۆم گوێ بە موزیکێک دەدەم و هۆگری ئەو موزیکەم کە لەگەڵ بزواندنی هەست ، توشی ڕامان و بیرکردنەوەش ببم و کاریگەری لە مێشک و ڕۆحم دا هەبێت ئیدی با لە هەر ژانر و شێواز و کولتوور و شوێنێکەوە هاتبێت. بەڕای من هەموو موزیکەکان بایەخی تایبەتیی خۆیان هەیە و هەریەک بە جۆرێک سەرنجم ڕادەکێشێت!نمونە؛ لەسەر بابەتی وەسفی زەریا تا ئێستا ٢ بەرهەم سەرنجیان ڕاکێشاوم ؛ یەکەم : قەتعەی (پارچە موزیک) ” شەپۆلی بەحرێ” ی مامۆستا قالەمەڕە کە بە شمشاڵێکی تەنیا زۆر سەرسوڕ هێنەر هەڵ چوون و داچوون دەریای لە ڕوانینی خۆی و لەسەر بناغەی موزیکی ڕەسەنی کوردیی وەسف کردووە . لەو بەرهەمەدا ڕیتم زۆر سەرسووڕ هێنەر کەڵکی لێوەرگیراوە و کۆنتراستێکی سەیر لە باری مێلۆدیەوە هەیە. دووهەم: پارچە موزیکی ئۆرکێستراڵی لامغ (La Mer) کە کلۆدێبۆسی (ئاهەنگسازی سەدەی بیستەمی مەکتبی ئێمپێرسیۆنیمی فەڕانسی) یە . بەرهەمێکی مۆدێرن ، هارمۆنیایەکی دلێرانەی ئێمێرسیۆنیستی ، ئۆرکێستراسیۆنێکی تایبەت و نامۆ ، مێلۆدی گەلێکی تازە و نەبیسراو و داهێنەرانە و جیاوازیگەلێکی تێکنیکی دیکە بۆتە هۆی وەسفێکی جیاواز ، هونەری ، هەرمان و جاویدان.

 ڕۆژی کوژد: وەک پێشتر  خۆتان باستان کرد ئێوە زیاتر لە بواری موزیکی کلاسیک کارتان کردووە، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کاری دەنگ هەڵگری و ڕێکخستنی موزیکیش دەکەن، ناسیاوییەکی تەواویشتان لە موزیکی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەتی موزیکی کوردی هەیە. بە ڕای ئێوە چ شتێک هەیە کە موزیکی کلاسیکیی ڕۆژئاوا بە موزیکی ئێستای کوردییەوە ببەستێتەوە؟

دڵزار عابدی: سەردەم سەردەمی گلۆبالیزم و جیهان گەراییە و ڕۆژ بە ڕۆژ کولتوورەکان لێک نزیک دەبنەوە و لە هەمان کات وەک نەهەنگ و ماسی یەک دی قوت دەدەن. ئاساییە کولتوورێک دەوڵەمەندتر، بەهێزتر و توانایی خۆ بە ڕۆژکردنی زیاتر بێت، بەختی مانەوە و ژیان کردنی زیاترە. بەڵام لەهەمان کاتدا من پێموایە ئەم سەردەمە چاکترین کاتە بۆ بەهێزکردنی کولتوورەکەمان، دەتوانین کولتووری خۆمان بپاڕێزین و هاوکات لە ئەزموون، چەمکەکان، کەرەستەکان و شتە باشەکانی گەلانی دیکە بۆ بەهێز کردنی کولتوورمان کەڵک وەربگرین.

بۆ نمونە ئۆرکێسترای سەمفۆنی، هارمۆنی، کۆنترپوئان و پۆلیفۆنی ، بنەماکانی ئۆرکێستراسیۆن و … ڕۆژئاوایین بەڵام ئایا ناکرێت لەو چەمک و کەرەستانە کەڵک وەربگرین بۆ ڕازاندنەوە و سەرنجڕاکێش کردنی مێلۆدیەکانی موزیکی کوردی و تەلفیقیان لەگەڵ چەمک و کەرەستەکانی موزیکی کورد؟! بەدڵنیایەوە دەکرێت و ئەزموونی هەرباشمان لەو ڕەوتەدا هەیە. سەرپاکی ئەو کەسانەی وا دژبەری ئەو ڕەوتەن هۆکارەکەی نەزانی یان نادڵسۆزیە و هیچی تر. زۆر کەس هەن مەترسی سەرەکی بۆ موزیکی کوردی  بە موزیکی ڕۆژئاوایی دەزانن بەڵام من ڕاشکاوانە دەڵێم لە ئێستا دا دراوسێکانی خۆمان هەزار هێندەی موزیکی ڕۆژئاوا مەترسی دارترن. بۆ سەلماندنی ئەو بانگەشەیە دەتوانین زۆر زانستیانە مێژوی موزیکی کوردی لە سەد ساڵی ڕابردوو شرۆڤە بکەین و بزانین کام لە موزیکی گەلانی دیکە خێریان بووە و کامیان لە ڕیشەیان داوین. من ئەو باس و خواسە دادەنێم بۆ کات و دەرفەتێکی دیکە.

ڕۆژی کورد: بەڕای ئێوە موزیکی کوردی ئەو هیز و پوتانسیەلەی تێدا هەیە بەرەو ئەو موزیکە ـ موزیکی جیهانی ـ هەنگاو هەڵبگرێ؟

دڵزار عابدی: موزیکی کوردی لە باری ڕێتم ، فرەچەشنی مێلۆدی ، پیوەندی نێوان مێلۆدی و شێعرەوە دەوڵەمەندە. بۆ نمونە ڕیتمی ٨/٥ و ٨/٧ و هەی دایم و… لە موزیکی کوردی دا زۆر دەبیسرێت هەرچەندە هەندێک لەو ڕێتمانە میللەتانی دیکەش هەیانە و کەڵکیان لێ وەر دەگرن تەنانەت لە موزیکی ڕۆژئاوا لەسەدەی بیستەم ئیگور ستراوینسکی (ئاهەنگسازی ڕوس-ئەمەریکی) و بێلا بارتۆک (ئاهەنگسازی مەجارستانی) و … کەڵکیان لێ  وەرگرتووە ، بەڵام لە نێو ئێمەی کورد دا ئەو ڕێتمانە بەشێوەیەکی ڕەسەن و بەدرێژایی مێژو بوونی هەبووە. بەڕای من دەکرێت موزیکی کوردی لە ئاستی جیهانی دا دەرکەوێت و بناسرێت بەڵام ئەوە پێویستی بە هەندێ کاری زانستیانە، قوڵ ، دلێرانە  و پشتیوانی و یارمەتی هەیە .

چەندین ئاهەنگساز تا ئێستا موزیکی گەلی خۆیان بە جیهانی کردووە و ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە کە ئێمەش دەتوانین بە ئەزموون و تەجروبە وەرگرتن لەوان بەرەو ئەو ئامانجە هەنگاو بنەین . وەک : کۆپلەند (ئەمریکایی) – بارتۆک (مەجارستانی) – خاچاتوریان (ئەرمەنستان) – خینەستێرا(ئەرژەنتین) – سیبلیوس (فەندلاند) – گرەیگ(نۆروێژ) – دۆ فالا (ئیسپانیا) و …

ڕۆژی کورد: زۆرجار گوێمان لە وشەی ئاکۆردەوە دەبێ! ئاکۆرد بە مانای چییە چ دەورێک لە موزیکدا دەگێڕێ و لە موزیکی ئێستای کوردیدا چ نەخشێکی هەیە؟

دڵزار عابدی: موزیک بە گشتی لە باری texture ( پێکهاتە) ـەوە ٣ دەستەی سەرەکییە! مۆنۆفۆنیک، هێمۆفۆنیک و پۆلی فۆنیکی هەیە کە ئاکۆرد لە مۆنۆفۆنیک دا نیە و لە دوو دەستەی دیکە دا مانای هەیە. ئاکۆرد کۆمەڵە دەنگێکی هاوکاتە کە لە دوو نۆت زیاتر بێت و نۆتەکان هاوناو نەبن( وەک دۆ و می ). چونیەتی کەڵک وەرگرتن لە ئاکۆردەکان لە زانستی هارمۆنی دا باس دەکرێت. بەشی هەرەزۆری موزیکی فۆلکلۆری دنیا (تەنانەت ئوروپا) مۆنۆفۆنیەکە و لە ئاکۆرد کەڵک وەرناگیرێت بەڵام هەنگاویان ناوە بەرەوە پۆلیفۆنی و هێمۆفۆنی . ئێمەی کوردیش موزیکمان مۆنۆفۆنیکە بەڵام مەرج نیە هەروا بمێنێتەوە و بەخۆشحاڵیەوە ئەو ڕچەشکێنیە ئاهەنگسازانی کوردیی پێش ئێمە هەنگاوە سەرەتاییەکانیان هەڵ گرتووە کە من وەک خۆم دەستیان ماچ دەکەم و سەری ڕێز و نەوازش بۆیان دادەنەوێنم . مامۆستا موجتەبا میرزادە ، مامۆستا دڵشاد سەعید ، مامۆستایان حەسەن و حسەین یوسف زەمانی ، مامۆستا قادر دیلان و چەند هونەرمەندی دیکە لە دامەزرێنەر و یەکەمین هەنگاوەکان بوون بۆ بەرەو چەند دەنگی چوون.

ڕۆژی کورد: لە موزیکی ڕۆژئاوادا بە مودلاسیۆن ناسراوە و لە ڕۆژهەڵاتیشدا بە مقام یان دەستگاهـ. چەندە لەگەڵ موزیکی تێکهەڵکێشدا هاوڕان؟ بۆ وێنە فارسەکان دەڵێن عەباس مێهرپوویا ڕچەشکێن بووە لە موزیکی تێکهەڵکێشدا. ئەی لە کوردستاندا کێ یان چ کەسانێک ڕچەشکێن بوونە لەم جۆرە موزیکەدا و ئایا سەرکەوتوو بوون؟

 دڵزار عابدی: بەڕای من، تێکهەڵکێش، ئازادیێکە بۆ چاکتر کردنی موزیک و دەست ئاواڵا تر بوونی ئاهەنگساز. لە هەمان کات تەلفیق چەندە دەتوانێت یاریدەی چاکتر کردنی موزیک بدات هێند دەتوانێت زەربە ی لێ بدات کە ئەوە دێتە سەر ئەزموون و زانست و زەوقی ئاهەنگساز. بەڕای من هەر ئاهەنگسازێک پێش لەوەی فێری دوگمی و ڕاسیسم و تەعەسوبی دوور لە زانست بێت دەتوانێ زۆر بە باشی کەڵک لە تەلفیق کردنی ئامێرەکان و چەمک و بنەماکانی موزیک وەربگرێت. ئێمە بە درێژایی مێژو نمونەی زۆر باشمان هەن لە موزیکی تەلفیقی ؛ وەک تیپی مۆسیقای ڕادیۆ کرماشان (لە کاتی گۆرانییەکانی مامۆستا حەسەن زیرەک ) و تیپی مۆسیقای سلێمانی و کەرکوک و هەولێر لە باری ئۆرکێستراسیۆنەوە تەلفیقی بوون . ئەڵبۆمی هەڵاڵەی غەمگین بە ئەرێنجی مامۆستا میرزادە (بەدەنگی هونەرمەند مەزهەر خالقی) جگە لە ئۆرکێستراسیۆن ، تەکچێر(texture  ) ، مێلۆدی ئینترودا

کشێنەکان (introduction) ، سۆنۆریتە و ئێدیتی ژەندن و فۆرمەوە تەلفیقیە و باس و شرۆڤە ی وردەکاریەکانی یەک کتێبە. هەروها ئارێنجەکانی مامۆستا دڵشاد سەعید ( جگە لە کارە کلاسیکەکانی) زۆربەیان تەلفیقین. بەڕای من هەمووی ئەو کارانەی کە نێوم بردن (زۆری تریش) لە لوتکەی بڵندی موزیکی کوردی دان.

ڕۆژی کورد: یەکێک لە سەرکیترین پشتیوانەکان بۆ هونەرمەند باری داراییە بۆ ئەوەی هونەرمەند بتوانێ درێژە بە کارەکەی بدات و هونەرمەندیش نایهەوێ خێری پێبکەن، بەڵکو دەیهەوێ بە بەڕێوەبردنی کونسێرت ئەو داهاتە بۆ خۆی دەستە بەر بکات. لە بابەتێکدا لە ژێرناوی خەسارناسیی کونسرتدا بەڕێزتان نووسیوتانە و لە ماڵپەڕی چراواندا بڵاو بۆتەوە باسەتان لە هەندێک لە و کێشانە کردووە کە بوونەتە لەمپەر لە بەڕێوەبردنی کونسرت لە کوردستاندا و هیواشت خواستووە کە بەرپرسان ڕێگە چاریەک بدۆزنەوە! تا ئێستا بۆ خۆت هیچ ڕێگە چارەیەکت نەدۆزیوەتەوە بۆ ئەم کێشەیە؟

دڵزار عابدی: بەڕاستی کێشەی کۆنسێرت هێند قوڵ و نالەبارە کە قسەکردن لێی بێزارم دەکات بەڵام هەر ئەوە بڵێم بۆ هەندێک کەس کە ڕێپێدراون زۆر ئاسان دەکرێت و بۆ هەندێک کەسی دیکە وەک دەست بە قوڕگی شێر کردن وایە. بۆ نمونە هەر لەو شارەی من دەژیم هونەرمەند هەیە چەندین ساڵە ئیزنی پێنادرێ و گۆرانیبێژیش هەیە ساڵی دوو سێ جار کۆنسێرت دەکات و هیچ کێشەی نیە، چەندین هۆکاری غەیرە هونەری بونەتە هۆی ئەو شتە کە شیکاریەکەی بە باش نازانم باسی بکەم. پێم وانیە لەو بابەتەدا جارێ هیچ گۆڕانکارییەکی پۆزەتیڤ بێتە ئاراوە و گەش بین نیم. بەڵام هونەرمەندی داهێنەر و کارامە ڕێگای دیکە دەبینێتەوە، خۆ کاری هونەری تەنیا کۆنسێرت و بەرنامەی سەر ستەیج نیە.

ڕۆژی کورد: زۆر سپاس بۆ ئێوە و لەوە زیاتر کاتان ناگرین و ئەگەر بابەتێک ماوە و ئێمە نەمان پرسیوە و دەتانهەوێ ئاماژەی پێبکەن بفەرموون؟

دڵزار عابدی: تەنها یەک تێبینی! تکایە بە جێگەی وشە ی ئاوازدانەر و ئاهەنگدانەر ، وشەی ئاهەنگساز(Composer) بەکار بێنن. چون هەم وشەی ئاهەنگ کوردیە ( هەنبانە بۆرینە – لاپەڕەی ١٧ – پیتی ئا ) کە بەمانای هەوای گۆرانی هاتووە ،  هەم وشەی ساز کە پاشگرە و بە واتای : دروستکەر هاتووە و لەهەمان کات بەمانای ئامرازی موزیک( Instrument) هاتووە (هەنبانە بۆرینە – لاپەڕەی ٤٠٧ – پیتی س ) .

ئاهەنگدانەر بەمانای کەسێکێکە کە ئاهەنگ دادەنێت و نەک کەسێک کە ئاهەنگ دروست و ساز دەکات. ئاوازدانەریش بەمانای کەسێکە کە تەنیا مێلۆدی دروست دەکات(Melodist  )  بەڵام بەشێکی بچوکە لە هونەری بەرفراوانی ئاهەنگسازی(Musical Composition ) . وشەی ئاهەنگساز نەک فارسی نیە بەڵکو کوردیە و زۆریش گونجاوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت