دوکتور قاسملوو: ئەگەر ئێمەش نەتوانین سەر بکەوین، نەوەکانی دوای ئێمە دێن و بەردەوامی بە خەبات دەدەن

0
433

خوێنەری هێژا:

بابەتی بەردەستت، وەرگێڕاوی دەقی وتووێژی دوکتور قاسملو، ڕێبەری مەزنی گەلی کورد و سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان- ئـ، ـە کە لە لایەن ناوەندی ڕاگەیاندنی ڕۆژی کوردەوە وەرگێڕدراوەتەوە سەر زمانی کوردی، لەو دیمانە کورتەدا، زۆرێک لە خاڵە مێژووییەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد و هەروەها ویستی کورد و تایبەتمەندیی شۆڕشی کورد و حیزبی دێموکرات بۆ خوێنەر دەردەکەون.

دەقی دیمانەکە:

لە بینای حیزبی دێموکراتی کوردستان، دەچین لەگەڵ قاسملوو و بلوریان چاوپێکەوتنبکەین. وێنەی قازی محەممەد بە دیوارەوە هەڵواسراوە. قاسملوو تازە لە تارانەوە گەیشتۆتەوە و ماندوویی بە سیمایەوە دیارە. لەمەڕ بەرنامەیی ڕادیۆ قسە دەکەن، قاسملوو دەڵێ هەر بە ئاشکرا خەریکی بەلاڕێدا بردنن، دەیانهەوێ تووشی شەڕمان بکەن.

بۆ کاتژمێرێک پێکەوە بڕیاری چاوپێکەوتن ساغ دەکەینەوە.

قاسملوو و بلووریان لەگەڵ دوو پێشمەرگە دێن. پێشتر لەگەڵ پێشمەرگەکان لە شار و لە حیزب قسەمان کردووە. ئەوانە پیاوگەلێکن کە لە ژیانی خۆیان بووراون تا ببنە فیدایی و پێشمەرگەی نەتەوەکەیان.
پیرەپیاوێک دەیگوت من چوار کوڕم هەیە، دوویان لەسەر زەوی و زارەکە کار دەکەن، خۆم و دوو کوڕی تریشم پێشمەرگەین، پێشمەرگە بوون بۆ ئێمەی کورد، شانازییە، مووچەی مانگانەیان یەکجار کەمە، دووسەد تا دووسەد و پەنجا تمەن بۆ سێ مانگ.

ghasmlo

دەست دەکەین بە قسەکردن. بەرباسترین قسە دەکرێ یاسای بنەڕەتی و دەرەنجامەکانی بێ، چونکە مافی کوردەکان لە پێش نووسی یاسای بنەڕەتیدا، پشت گوێ خراوە.

قاسملوو دەڵێ ئەو چاوەڕوانیانەی کە لەو یاسایە هەمان بوو بە گشتی بەجێ نەهاتوون. هەڵبەت یاسای بنەڕەتی لایەنی ئەرێنیشی هەیە، ئەوەی کە ڕەژیمی پاشایەتی بۆ هەمێشە لە ئێران وەلانراوە، سەرکەوتنێکی مەزنە. لە یاسای بنەڕەتیدا زۆرتر درووشم و پێکناکۆکی دەبیندرێ.

زۆربەی ئەو یاسایانەی کە لەمەڕ ئازادی حیزبەکان و کۆمەڵەکان و ئازادی دێموکراتیکن “مەگەر”ێکیان لەگەڵ هاتووەو هەڵبەتە ئەو “مەگەر”انەش هەندێ جار پەیوەست کراون بەوەی کە دژایەتییان لەگەڵ ئیسلام نەبێ و یان نابێ دژ بن لەگەڵ کەرامەت و شەڕافەتی مرۆڤایەتی و شتی لەم چەشنە. بەڵام ئەزموون دەریخستووە کە هەر کەسێک دەتوانێ ئەو “مەگەر”انە بە مەیل و تاسەی خۆی شی بکاتەوە. یان لە بارەی ئایینزاوە، نەدەبا بە هیچ چەشنێک، ماددەیەکی ئەوتۆ لە یاسای بنەڕەتیدا بگونجێندرابا. هەڵبەت ئێمە بە باشی تێدەگەین بۆ کەسانێک کە لە ڕێبەری شۆڕشێکی ئیسلامیدا جێ دەگرن، سەردێڕی ئەو ڕێسایە بە شێوەیەکی دیکە، ئەستەمە.

مافی ژنانیش لەبەر چاو نەگیراوە. ژن کە کۆمەڵگا و بنەماڵە (پێداگری لەسەر بنەماڵە دەکەمەوە) دەبێ مافی یەکسان لەگەڵ پیاوی هەبێ و لە هەمبەر کاری یەکسان، مووچەی یەکسان وەرگرێت.

مافی نەتەوەکان:

لەمەڕ مافی نەتەوەکان، ئەو پێش نووسە لە چەند لایەنەوە لەچاو یاسای بنەڕەتی پیشوو، چەند هەنگاوی ناوە. لە ڕێسای ٥، دان بە بوونی قەومی کورد لە ئێران داندراوە (هەڵبەت زۆریش ڕوون نییە کە نووسەری یاساکە مەبەستی لە قەومی کورد چیە) و لە ڕێسایەکی تردا باس لە ئازادی زمان و چاپەمەنی خۆجێی کراوە بەڵام ڕێسای ٧٤ کە پەیوەندی بە شۆراکانەوە هەیە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەنجوومەنە ئەیالەتی و ویلایەتییەکانی پێشوو نیە.

قسەکە دەبەمە سەر باس لە خودموختاری، دەڵێ جۆرێک ئەو پرسە دێننە ئاراوە کە گوایە ئێمە بۆ شارێک یان گووندێک داوای خودموختاری دەکەین. ئێمە خودموختاریمان بۆ گەلی کورد و خەڵکی کوردستان دەوێ و ئەو خودموختارییە تەنیا لە بواری پەروەردە و کار و باری بەشی تەندرووستی و کەلتوورییەوە نیە، بەڵکو بەر لە هەر شتێک، خودموختاری واتا گەلی کورد هەست بکەن کە چی تر هاووڵاتی پلە دوو نین و چارەنووسی خۆیان بە دەست خۆیانە. بۆ کەسێک کە زۆرداریی نەتەوەیی نەناسێ و هەستی پێنەکردبێ، تێگەیشتن لە سڕینەوە و نەهێشتنی زۆرداری نەتەوەیی، چەتوونە. ئێمە واتا و چەمکی خودموختاریمان فۆرمولە کردووە. ئێمە دەڵێین سیاسەتی دەرەکی، ئەرەتش و کارووباری پاراستن، سیاسەتی پارە و ئەرز و سیاسەتگەلی ئابووریی درێژخایەن، بەتەواوی و بێ ئەملا و ئەولا لە دەست حکومەتی ناوەندی دایە. کار و باری پەیوەندیدار بە کوردستان و بەتایبەتی ڕێک و پێکی و ئاسایش دەبێ لە دەست شۆڕاگەلێک دابێ کە خەڵکی ناوچەکە خۆیان هەڵیاندەبژێرن.

qasimlu
ئێمە دەبێ ماوەندێکی زۆر ڕێک و پێکمان هەبێ کە بتوانێ بەسەر سەرجەم کار و باری کەلتووری و بێهداری و ئابووری ڕابگا. ئێمە لە ڕاستیدا خودموختاریمان بۆ نەتەوە نافارسەکانی ئێران دەوێ کە لە ڕابردوودا زۆرداریی نەتەوەییان لێکراوە. ئەو کەسانەی کە دەڵێن سەرجەم خەڵکانی ئێران، داوای خودموختاری دەکەن، لە هەڵە دان، ئەوان گەرەکیانە لەژێر داپۆشەی برایەتی و یەکسانیدا، سەرپۆشێک بخەنە سەر زۆرداریی نەتەوەیی، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەوان لایەنگری سڕینەوەی زۆرداریی نەتەوەیی نین. لە جیهاندا زۆرن ئەو کەمینە نیو ملیۆنیانەی کە سەربەخۆییان هەیە. ئێمە لە چوارچێوەی وڵاتی ئێراندا داوای خودموختاری دەکەین و ٣٤ ساڵە بۆ دەستەبەربوونی خەبات دەکەین. ئەگەر نازانن با بزانن، هیچ کات بێ ئاگایی، بەڵگەیەکی باش نیە. خودموختاری داخوازیی نەتەوەی ئێمەیە، بچن و لە خەڵک بپرسن. ئەگەر خودموختارییان نەوێ ئەدی چۆن دەکرێ درێژە بە خەبات بدەین؟ بۆ ئەوەی کە هیچ گومانێک لەو بارەوە نەمێنێ دووبارەش پێداگری دەکەمەوە کە ئەگەر ئێمەش نەتوانین سەر بکەوین (بۆ وەدەست هێنانی مافەکانمان-وەرگێڕ)، نەوەکانی دوای ئێمە دێن و بەردەوامی بە خەبات دەدەن. ئێمە لە سەردەمی ڕەژیمی بەنەفرەت بووی شادا لە بەرنامەی حیزبەکەماندا، خەباتی چەکداریمان بە بەخەباتی سەرەکی دەست نیشان کردبوو، چونکە ئەو کات هەموو ڕێگاکانی خەباتی دێموکراتیک داخرابوون بەڵام ئێستا کە حیزب ئاشکرایە، تا کاتێک کە ڕێگاگەلی خەبات بە شێوەی دێموکراتیک کراوە بن – ڕۆژنامە، ڕێپێوان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، هەڵبژاردن- سەرجەم هەوڵی ئێمە ئەوە دەبێ کە بۆ گەیشتن بە مافی خودموختاری خۆمان، لەو ڕێگایانەوە خەبات بکەین و ئامادەش نین بە هیچ شێوەیەک یەک هەنگاویش پاشەکشە بکەین و بە هیچ شێوەیەکیش حەز ناکەین وەک حیزبێکی سیاسیی بەرپرس، لە نێوان ئێمە و دەوڵەت یان هیچ هێزێکی تردا، شەڕی چەکداری بێتە ئاراوە.

ڕووداوی نەغەدە:

ئەوەی کە لە نەغەدە بەسەرمان داسەپا، شەڕیان بە دژی ئێمە دەست پێکرد و ئێمە کۆتاییمان پێ هێنا. بەرپرسیارەتی سیاسیی کۆتایی هێنان بە شەڕمان وەئەستۆ گرت، خەڵکیش گوێیان بەو خواستەی ئێمە دا، هیوادارین لە داهاتوودا بە هیچ شێوەیەک ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە بەڵام وەک مرۆڤێکی ئازادیخواز و هەروەها سکرتێری حیزبی سیاسیی دێموکرات کە ساڵهایەکە خەبات دەکات، دەڵێم و بە ڕاشکاوانەش دەڵێم، ئەگەر شەڕمان بەسەر داسەپێنن و ئەگەر کۆنەپەرەستی و هێزە ئەمپریالیستییەکان و هێزە دژە شۆڕشەکان لە ئێران بچنە سەر دەسەڵات کە چەک لە ئێمە راست بکەنەوە، بەرگری لە خۆمان دەکەین. ئەوە ڕای حیزبی ئێمەیە کە بە ڕاشکاوانە دەیڵێم و حەز دەکەم خەڵکی ئێرانیش ئەوە بزانن.

kordestan

من هیچ لەگەڵ پێکدانانی ڕادیکاڵدا نیم، ڕاستە کە ئاستەنگیان بۆ دێموکراسی داناوە و هەر ڕۆژیش ئەو ئاستەنگانە زێدەتر دەکەن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەوەی کە لە ڕووی بوونی دێموکراسیدا لە ئێران بوونی هەس، لەگەڵ سەردەمی شادا بەراورد ناکرێ، هەڵبەت ئەو ئاستەنگانە زیاتر لە کوردستان داندراون و ئەوەی کە دەڵێم دەرفەتگەل دێموکراتیک هێشتا بوونی نیە، بەتەواوی ڕاستە.

داهاتووی گەلی کورد

لەمەڕ داهاتووی کوردە بۆمان دەئاخوێ: ئێمە بە هیچ چەشنێک، هیچ کات بەرخودانی خەڵکی کوردستانمان لە هیچ بڕگەیەکی زەمەنیدا لە خەباتی نەتەوەکانی تری ئێران جیا نەکردۆتەوە و نایکەین. درووشمی ئێمە “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان”ـە کە ئەگەر بێت و هێزە دێموکراتک و نەتەوەیی و دژە ئەمپریالیستەکان لێی تێبگەن، زۆرێک لە پرسکرێکەکان جارەسەر دەبن. ئەوەی کە ئێمە پێداگری دەکەین و دێموکراسی بۆ ئێرانمان لە پێش خودموختاری بۆ کوردستان داناوە، هەڕەمەکی نیە، ناتوانین وا بهزرین کە ئێمە لە کوردستاندا خودموختارییەکی دێموکراتیکمان بێ و خەڵک لە بەشگەلی تری ئێران، لەگەڵ ڕژیمێکی سەرەڕۆدا دەرگری بن، ئەگەر وسا بێ، ناتوانین بە شێوەیەکی گونجاو لە لای یەکتری و پێکەوە ژیانێکی دۆستانە و گونجاومان هەبێ.

هەر بۆیەشە ئێمە کەوتووینە ئەو هزرەوە کە سەرجەم هێزە نەتەوەیی و دژە ئەمپریالیستییەکان لە ئێران یەک بگرین. هێزە ڕەسەنە شۆڕشگێڕ مەزهەبی و جیامەزهبییەکان بۆ سڕینەوە و ئاوەدانکردنەوە دەبێ بەڕاستی پێکەوە یەکگرتوو بن.

باس لە جووڵانەوەی دژە شۆڕش و مست قووچاندوویانە دەکا کە ئامانج لەو کردەوانە یان درووست بڵێین ئە وپیلانانە، وێستاندنی شۆڕشی ئێران ـە کە ئەوەش شتێکی نوێ نیە، دوای هەر شۆڕشێک، هێزەکان بەسەر دوو بەرەدا دابەش دەبن. ئەو هێزانەی کە باس لە ڕۆچوون لە ناخی شۆڕش و بەرەو پێش بردنی دەکەن و ئەو هێزانەی کە شۆڕش بە تەواو بوو دەزانن و دەیانهەوێت بیسەکنێنن.

ئەو هیزانە -تاقمی دووهەم- وردە وردە دەبن بە هێزی کۆنەپەرەست و دژە شۆڕش و ئێستاش ئە وهێزانە هەڵبەت بە هاریکاریی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمپریالیستییەکان و پاش ماوەکانی ڕەژیمی شا کە لە کومیتەکان و ئەرتەشدا ماونەتەوە، هەموو هەوڵیان ئەوەیە کە شۆڕش ڕابگرن و لە ڕێگا و ڕێبازی ڕاستەقینەی خۆی لاڕێ بکەن. نابی چاوەڕوانیی ئەوە بکەین کە مست چوقاوی و تایبەت بە خۆ خوازی بگاتە نزمترین ئاستی خۆی و دیکتاتۆری لە وڵاتدا دابەزێنن و ئەنجا دەست بکەی بە خەباتی ئاشکرا -تایبەت بە خۆخوازی (ئینحسار تەڵەبی) لە ژێر هەر داپۆشە و هەر درووشمێک دابێ، هیچ لە باسە سەرەکییەکە ناگۆڕێ- بە هەر چەشنە خۆنواندنێکی بچوک یان گەورە ئەو هێزە تایبەت بە خۆخوازانە دەبێ لەجێدا و بێ ڕاوەستان هەر لە ماکەدا بیانخنکێنی، دەبێ دەستبەجێ خەباتی بە دژی بکەی، جیا لەوە ڕێگایەکی تر بۆ پێش گرتن لەو هێزە دواکەوتووانە و لە فاشیزم، بوونی نییە.

kordestan1

لێی دەپرسم کە دەڵێن ئێوە پێشتان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان گرتووە. بۆ ئاوارەکان چیتان کردووە و چیان کردووە؟ دەڵێ بە پێچەوانەی بانگەشەی هەندێ لەو کۆڕ و کۆبوونەوە دەوڵەتییانە و هەندێ لە کۆڕ وکۆبوونەوە دواکەوتوویانە کە بە لاتاو یان ڕاشکاوانە دەیڵێن، حیزبی ئێمە بە هیچ چەشنێک پێشی بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نەغەدە نەکردووە و ئەوانە لەو قسانە کە دەیکەن، ئامانج و ڕقێکی سیاسییان هەیە و بەکاری دێنن. ئێمە هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هاوڕا بووین لەگەڵ گەڕانەوەی ئاوارەکان. گەڕانەوەی ئاوارەکان لە ڕوانگەی ئێمەوە، کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە و جۆرێک بەتاڵ کردنەوەی پیلانگەلێکە کە لە نەغەدە لە ئارا دایە. ئێمە لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی و لەگەڵ خودی ئیمامیش (کە زیاتر بە هۆی کێشەی نەغەدە سەردانیانم کرد) پەیوەندیم گرتووە و داوام کردووە هەیئەتێک بنێرن کە بەداخەوە ئایەتووڵڵا ڕەببانی کە سەرۆکایەتی هەیئەتەکەی وەئەستۆ بوو دوای گەڕانەوەی، ڕێک بە پێچوانەی ڕاستییەکان و هەمیش بە پێچەوانەی ڕێسا ئەخلاقییەکان تەنیا ئێمەی تاوانبار کرد و پێچەوانەی ئەو شتەی کە بینیبووی، ڕاپۆرتی داوە، ئێمەش سەر لە نوێ پەیوەندیمان لەگەڵ بەرپرسانی دەوڵەتی گرتەوە.

بەڕەسمی لە لایەن دەوڵەتەوە پێیان گوتووین کە ئەوان ڕەزامەندیان لەسەر سازبوونی شۆڕایەکی هاوبەشی پێکهاتوو لە دوو لایەن (کور دو تورک) دەربڕیەوە و بڕیارە هەر لایەک ٥ نوێنەری لە شۆڕادا هەبێ و ئەوەش هەر لە سەرەتاوە پێشنیاری ئێمە بوو -یەکێک لە هۆکارەکانی ڕووداوەکانی نەغەدەش، نەبوونی شۆڕایەکی هاوبەش بوو- هەر ل بەر هندێ، ئێمە داوای پێکهاتنی شۆڕای هاوبەشمان لە ورمێ، سەڵماس، ماکۆ، میاندواو، قوروە و شایین دژ داوە. بە هەر حاڵ ڕەزامەندی دەربڕاوە کە ئاوارەکان بگەڕێنەوە نەغەدە و ئاسایشی شاریش لە سەرەتادا لە لایەن ئەو پاسدارانەوە کە لە تارانەوە هاتوون، دابین بکرێ و دەوڵەتیش بۆ ئەو کارە ڕەزامەندی دەربڕیوە (هەڵبەت جێگای داخە کە تا ئێستا لە لایەن حکومەتەوە کەمترین یارمەتیش بەو ئاوارانە نەکراوە).

لە دوای شۆڕشی ئێران، دەنگ و رەنگی مهاباد چەندها جار داوای لە حیزبی ئێمە کردووە کە ئاسایشی ڕێکخراوەکە بپارێزێ و ئێمەش هەمێشە بەو پەڕی حەزەوە ئەو کارەمان کردووە و ئێستاش دەیکەین، مانگێک و بڕێک پێش، دوای سەردانی دووهەم لەگەڵ ئیمان، پرسی دەنگ و رەنگ و پچڕانی بەرنامە کوردییەکان و هەروەها هەواڵە ئاژاوەگێڕانە و تێکدەرانەکانمان خستۆتە بەر باس، لە ئەنجامدا هەیئەتێک لە لایەن دەنگ و ڕەنگی تارانەوە هاتنە مهاباد، من و کاک غەنی (غەنی بلووریان) قسەکمان لە تەکیانا کرد، ئەنجامەکان ئەرێنی بوون و قەبووڵیان کرد کە بەرنامە کوردییەکان سەر لە نوێ دەست بە وەشان بکەنەوە و تا ئاستێک ئازادی بدەن بە دەنگ و رەنگی مهاباد و باژێرە کوردییەکان تا بەرنامەی خۆجێیی بەرهەم بێنن و بەڕاستیش ئەو کارەیان کرد. بەڵام ماوەیەکە دەنگ و رەنگ -لەوانەیە لە ژیر کارتێکەریی ئەو ڕێنماییانەی کە پێیان دراوە- هێرشەکانی خۆی بە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان و گەلی کورد، دەست پێکردۆتەوە و هەڵبەتە ئەوە لەگەڵ سیاسەتی وەزارەتی کار و باری دەرەوە کە بێ هیچ هۆکارێک ئیزنی چوونە ژووری بە نوێنەرانی ئێمە نەدا تا بچنە ناو ئەو کۆبوونەوە جێگا گومانە کە گرتوویانە، یەک دەگرێتەوە. ئەو هێرشانەی کە لەو دواییانەدا هاتۆتە ئاراوە، هاوڕایی ناوازەی بەرپرسان دەردەخات و ل بەر هندێ یەکجار بەداخەوەین. ئێمە بەردەوام دەرفەتمان بووگە، بەڵام هیچ کات تەنانەت بچوکترین ڕای خۆشمان بەسەر دەنگ و ڕەنگی مهاباددا نەسەپاندووە و جێگای داخ و مخابنە کە هەر ئەو دەنگ و ڕەنگە ئێستا بەو شێوەیە هەوڵ دەدات بۆ ئاوەژوو کردنەوەی ڕاستییەکان و هاندانی بری و ڕای گشتی.

GHASSERMLOU1

باس لە بلاو کردنەوەی چەک لە نێوان خان و ئەربابەکان (ئاغاکان) لە لایەن دەست و پێوەندەکانی دەوڵەت دەکرێ و دەڵێ: ئاغا و خانەکان، هیچ کات سەر بە خەڵک نەبوون و بەردەوام دوژمن بوون. خەڵکی کوردستان و وەرزێڕەکانی کوردستان لە شێوەی هزرین و پەیوەندیدا یەکجار ساکارن، ئەوان دەپرسن، کێ ئەو خان و ئاغایانەی چەکدار کردووە؟ بۆچوونی ئەوان ئەوەیە -و یان ئەو بۆچوونەیان تێدا درووست کردوون- کە فەرمانی بلاو کردنەوەی چەک و چۆڵ لە ناوەندەوە هاتووە و لە ئەنجامدا دەیانهەوێ وەرزێڕە ساکارەکان بگەیێنە ئەو دەرەنجامە کە ئەوان وا دەفکرن کە ئەوە خودی ئیمامە کە فەرمانی بڵاو کردنەوەی چەک و چۆڵی داوە. واتا بە وکارەیان گەرەکیانە وەرزێڕەکانی کوردستان کە هێزی سەرەکی شۆڕشن، بە دژی ئیمام کە لایەنگری بەشخوراوانە، هان بدەن و ئەوە کردەوەیەکی تەواو دژە شۆڕشییە و بەشێکە لە پیلانێکی بەربڵاو کە بە ساکاریش ئەنجام نەدراوە، ئەوانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو چەکانەیان وەرگرتووە، لە کۆنەپەرەستترین و قێزەونترین خان و ئاغاکانی کوردستانن. ئەوەش پیلانێکی ترە کە بە دژی ڕێبەریی شۆڕش (شۆڕشی ئیران) ئەنجام درا. ئەوان ئامانجیان تەنیا و تەنیا دوور کردنەوەی ڕێبەرییە لە چین و توێژەکان تا بەو جۆرە ڕۆژێک بە سانایی خەسار لە ڕێبەریی شۆڕش بدەن.

ئامانجی هێزە کۆنەپەرستەکان، بە شێوەیەکی دیار و دەست نێشان کراو، هێزە پێشکەوتووخوازەکانن، ئەو قسەڵۆک و نازناوانەی کە لەو ڕێکخراوە سیاسییە جیاوازانەی دەدەن کە مێژووتەکی پڕشنگداری خەباتیان هەیە، ڕێک سەلمێنەری ئەو ئامانجەیە. ئەنجامی ئەو کردنە ئامانجانە چین؟

هێزە کۆنەپەرستەکان هەوڵ دەدەن، ڕێکخراوە سیاسییەکان ناوپیس بکەن و گەرەکیانە لەو ڕێگایەوە خەسار بگەیێنن بەو ڕێکخراوانە، ئەوەش بۆیەیە کە هێزی بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ لە هەمبەر ئەو ڕێکخراوانە لە خۆیاندا شک نابەن بۆیەش هانایان بردۆتە بەر شێوەگەلی پۆلیسی و سیخوڕیی کە خۆی لە بنەڕەتدا مەحکوومە. وێدەچێ کە هەندێک هێز بەدەر لە ئیمکانگەلی دەوڵەت و بەدەر لە بازنەی هیزی دەوڵەت، دەجووڵێنەوە و مخابن ڕۆژ لە دوای ڕۆیش ئەوە زیاتر دەردەکەوێ. نموونەیەکی تر لەو چەشنە کارانە چوونە دەری بەپێچەوانەی یاسای و ڕێسا و بنەماکانی شۆڕش ـی کوڕی ئایەتووڵلا مونتەزری یە کە لە ڕاستیدا بەو کارەی خۆی گاڵتە و گەمەی بە سەر جەم هیزە شۆڕشگێڕەکان و دەوڵەتی شۆڕشگێڕ کرد و دەریخست کە لە نێو ئەو شتەدا کە ئێمە پێی دەڵێین ڕێبەرایەتی شۆڕش، ئەوە هێزە ڕەش و سەرکەشەکانن کە کارەسات دەخوڵقێنن. کاتێک کە کوڕی کەسێک دەتوانێ لە فڕۆکەخانەی ناونەتەوەیی تاران و بە پشتیوانیی کەسانی تر کارێکی ئەوتۆ بکات، کەواتە زۆر بە سانایی دەتوانیت لە هەر خاڵێکی ئێران بە دژی هەر هێزێکی شۆڕشگێڕ، سەرکەشی بکات کە ئەنجامەکەی لەوانەیە پێکدادان، شەڕی چەکداری و تەنانەت کارەساتیش بێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌