دوکتور خالید خەیاتی: بۆ بایکۆتی چالاک دەبێ حیزبەکان لە دەوری پلاتفۆرمێکی سیاسی کۆ ببەنەوە

0
281

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی  بیست و شەشەمی ئەو تەوەرە دا  دوکتور خالید خەیاتی، مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی سوید و چالاکی سیاسی   بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

ڕۆژی کورد: هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارلمان و خیبره‌گانی ئێران له‌ چ به‌ستێن و هه‌لومه‌رجێكی سیاسی دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ

خەیاتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە حالێکدا بەرەو پێشوازی هەڵبژاردەکانی مەجلیسی خیبەرەگانی ڕەهبەری و مەجلیسی شوورای ئیسلامی دەچێ کە هەم لە ئاستی ناوچەیی و هەم لە ئاستی نیوخۆییدا لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی بنەڕەتی ڕووبەڕوو بۆتەوە، کێشەگەلیک کە لە بنەڕەتدا خودی کۆماری ئیسلامی خوڵقێنەری سەرەکیانە.

 لە ئاستی ناوچەییدا، ئەمڕۆکە هەزینە و تێچووی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق و هەروەها بە دوای سەرهەڵدانی خەڵک لە وڵاتانی عەرەبی و بە تایبەت کێشەی سووریا زۆر لە جاران زیاترە. لە بیرمان نەچێت کە دوکتورینی بەرگری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سی و پێنج ساڵی ڕابردوودا هیچ کات سنوورە ڕەسمییەکانی وڵاتی وەک هێڵی بەرگری دەست نیشان نەکردووە، بەڵکوو ئەوە قووڵایی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست، ئەفریقا و بگرە ئورووپا و ئەمریکای لاتین بوون کە لەوێ کۆماری ئیسلامی ئێران – بەو جۆرەی بۆخۆیان دەریدەبڕن- خۆی پاراستووە، خۆپاراستنێک کە یان بە ڕێگای پێکهێنانی هاوپەیمانێتی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەتان، یان تەیارکردن و پشتگیری کردنی تاقم و هێزی لایانگر و یان تەنانەت بە ڕێگای تۆقاندن و تیرۆری ڕاستەوخۆی نەیارانەوە بەڕێوە چووە. ئەمرۆ بە هۆی دروست بوونی هێڵی سوننە بە سەرۆکایەتی عەرەبستانی سعوودی کە لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی هێژمۆنی بە سەر ناوچەدا ڕاستەوڕاست بەرەنگاری بەرەی شێعە دەبێتەوە، نەتەنیا بۆتە هۆکاری  تێوەگلانی زیاتری ئێران لە شەڕی یەمەن،عێراق، لوبنان، کوردستان و بە تایبەت سووریا، بەڵکوو بە هەمان شێوەش تێچووی مادی و ئینسانی ئەم وڵاتەی چەندین بەرابەر بردۆتە سەرێ. پەلەکردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سازان لە سەر کێشە ناوکیەکانی و بە دوای ئەودا نەمانی گەمارۆکان، لە ڕاستیدا زیاتر لەوەی وڵامی پێداویستییەکانی نێوخۆیی بێت، بۆ مسۆگرکردنی دەست ئاواڵەیی بوو لە ئاست سیاسەتی دەرەوە و بەخێوکردن و هێشتنەوەی دیکتاتۆرە ناوچەییەکان، هەرچەندە داڕمانی نرخی نەوت هەل و مەرجێکی جیاوازتری بە سەر ئاجیندای سیاسەتی ناوچەیی ئێراندا سەپاندووە.

لە لایەکی دیکەوە،لە ئاستی سیاسەتی ناوخۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران کۆمەڵیک کێشەی کڕۆنیک و بنگەهی هەیە. لێرەدا نامەوەێ بچمە نێو وردەکارییەکانی قەیرانی ئابووری ئەم وڵاتە. تەنیا ئەوە دەڵێم کە نەمانی گەمارۆکان و تەنانەت بەرزبوونەوەی ئەگەریی نرخی نەوتیش ناتوانێ ئابووری نەخۆشی ئێران چارەسەر بکات. بە دوای لاچوونی گەمارۆکان، ژمارەیەک وڵات هەر بە خێرا، پەیمانی ئابووری قورس و درێژخایانیان لەگەڵ ئێران واژۆ کرد. بەهۆی زاڵبوونی سیستەمی ئابووری ئولیگارشی گەندەڵ، نەبوونی شەفافییەت، تێکەڵاوبوونی بوارەکانی ئابووری، سیاسەت و لەشکری و لە تەنیشت ئەوەشەوە نەبوونی سیستەمێکی سیاسی لیبرال و پلۆڕال کە خۆی پێشمەرجی سەرکەی گەشەی ئابوورییە، ئەم پەیمانە ئابوورییانە هیچ کات نابنە هۆکاری گەشەسەندنێکی ئەرێنی و بەرهەمهێنەر و دروست بوونی هەل و مەرجی کار، بەڵکوو لە باشترین حاڵەتی خۆیدا، ئێران دەکەنە بازاڕچەیەکی مەسرەفی بۆ کەرەستە و کالای وڵاتانی پیشەیی و قازانجەکەشی بە هیچ شێوەیەک ناچێتە ناو خەزێنەی دەوڵەتەوە بەڵکوو ڕاستەخۆ خەرتەلانی سوپاسی پاسدارانی پێ تێرتر دەکات.

لە مەسەلەی ئابووریش گرینگتر، کۆماری ئیسلامی ساڵانێکە مەشرووعییەتی گوتاری و ئیدیۆلۆژێکی-ئیسلامی نەماوە. وەکوو عەباسی وەڵی دەڵێ، قەیرانی مەشروعییەتی گوتار، قەیرانی دەسەڵاتداری بە دوای خۆیدا هێنا کە بریتییە لە پەیدابوونی ناکۆکی و چرژ و کەلێن لە نێو قەوارەی سیستەمی دەستەڵاتداری. هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری شەش ساڵ لەوە پێش و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی سەوز، نیشانەی هەرەبەرجەستەی ئەم قەیرانە حاکمیەتە بوو.

هەڵبژاردنەکانی ئێران لەم هەل و مەرجێکی لەم چەشنە دا بەرێوە دەچی کە ئاماژەی پێکرا. شایانی باسە کە ئامانجی ئەم هەڵبژاردنە، دەستەبەرکردنی شکڵیک لە مەشرووعییەتی سیاسییە بۆ سیستەمی دەستەڵاتداری ئێستایی ئێران کە هەموو هێزە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بە شێوازێکی هاوتەریب کردۆیانەتە ئامانجی خۆیان.

ڕۆژی کورد: سیاسه‌تی باڵه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ڕژیم له‌و پێوه‌ندییه‌دا چۆنه‌؟

خەیاتی: بە لەبەرچاوگرتنی گرفتە سەرەکییەکانی ئێران کە لە ئاستی نێوخۆیی پەیوەندی بە قەیرانی حاکمیەتەوە هەیە و لە ئاستی سیاسەتی دەرەوە پەیوەندیدارە بە پاراستنی هێژمۆنی ناوچەویی، قەوارە و هێزە سیاسییەکانی نیۆخۆیی ئەم وڵاتە – لە ئیسلاح تەڵەب ڕا بگرە هەتا سوپای پاسداران- دەزانن کە هەر وەک ساڵانی پێشوو شتێک بە ناوی مەشرووعییەتی ئیدیۆلۆژیک لەئارادا نەماوە. ئەوان هەروەها دەزانن کە سیستەمێکی تاکگوتاری توند و تۆخی نەرێنی ولایەتی فەقێیی کارامەیی جارانی نەماوە و بەم پێیەش ناتوانێ لە داهاتوودا مەشرووعییەت و بەردەوامی سیستەمی دەستەڵاتداری وڵاتی لێبکەوێتەوە. هەر بۆیە، لە نێوان ئەم هێزە سیاسییانەی کە لە حاڵی حازردا بە شێوەی ڕەسمی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بەشدارن شێوازێک لە سازان یان هاوتەریبی، بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئیعتیبار و مەشرووعییەت بۆ سیستەم لە ئارا دایە. شایانی باسە کە پێویستیش نییە کە ئەم هاوتەریبییە لە ئەنجامی رێکەوتنێکی پشتی پەردە هاتبێتە ئاراوە.

بەهەرحاڵ لەم سازان و هاتەریبییەدا ئوسوولگەرای (بناژۆخواز) نەریتی توند ئاژۆ (جبهە متحد اصولگرایان) لەگەڵ ئیسلاح تەڵەبی پەل و پۆ کراو (ائتلاف اصلاح طلبان) و ئوسوولگەرای میانەڕەو (صدای ملت) سێ هێزی سەرەکەن کە پێکەوە کورسییەکانی مەجلیسی داهاتوو پڕ دەکەنەوە. بەرەی یەکگرتووی ئوسووڵگەرایان کە غوڵامعەلی حەدداد عادڵ سەرۆکایەتی دەکا و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕێکخراوی هاوشێوەی سەر بە مەلاکان لە خۆ دەگرێ، بە کۆمەڵیک دروشمی خۆشگوزەرانی و ئابوورییەوۆ هاتۆتە مەیدان لە حاڵێکدا دوو هێزەکەی دیکە بە شێوەی جیاواز، شێوازێک باس لە کرانەوەی سیاسەت، نەرمی نواندن، سەروەری یاسا، رێک و پێک کردنی پەیوەندی نێونەتەوەیی و بەهێزبوونی دەوڵەت دەکەن.

ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە مەجلیسی داهاتوو لە باشترین حالەتی خۆیدا ناتوانێ ببێتە سەرچاوەی گۆڕانکارێکی بنەڕەتی لە ئاستی سیستەمی دەستەڵاتداری و سەروەری یاسا ئەوەیش لە بەر ئەوەی کە یاسای بنەڕەتی ئێران خۆی لە خۆیدا سەرچاوەی ناکۆکییە، چونکە دەستەڵاتی ڕەهای داوە بە بنکەی ویلایەتی فەقێ، نەهادێک کە لە ئەسڵی خۆیدا لەگەڵ یاسا و سیستەمی یاسادانان ناکۆکە. بەڵام ئێستا ئەوە کێشەی سەرەکەی ئەم وڵاتە نییە. کێشەی سەرەکە ئەوەیە کە مافی بڕیاردان لە سەر چارەنووسی میلەتانی ئێران بەدەستی هێزێکە کە لە دەرەوەی دام و دەزگاکانی دەوڵەت و مەجلیس دایە و لە بەرامبەر هیچ نەهادێکی یاساییدا خۆی بە بەرپرسیار نازانێ و حیساب بۆ کەس ناکات. سوپای پاسداران تەنیا هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکوو وەکوو ئەختاپوسێکی سیاسی و ئابووری بۆتە پێکهێنەری مێژووی ئەو سیستەمە ئۆلیگارشییە کە ئاوا بە هاسانی مەیدان چۆل ناکا.

ڕۆژی کورد: ڵێكدانه‌وه‌ و ڕوانینی خه‌ڵك بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چۆنه‌ ؟

خەیاتی: من لە نێو خەڵکی ئێران دا نیم و بەم پێیەش زەحمەتە بتوانم وێنەیەکی نیزیک لە ڕۆانگەی ئەوان وێنا بکەم. بەڵام لە رووی ئەزموون و تەجروبەی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەتوانم ئەوە بڵیم کە خەڵک ئەم جارەشیان وەک جارانی پێشوو بەختی خۆیان هەر لە نێو هەمان بازنەی سیاسی مەوجوود دا تاقی دەکەنەوە. دەلیلەکەشی ئەوەیە لە دەرەوەی بەدیلی حکوومەتی هیچ ئالترناتیڤێکی دیکە بوونی نییە. لێرە مەبەست لە ئالترناتیف هەبوونی ئەحزابی سیاسی لیرە و لەوی نییە، بەڵکوو مەبەست لە هەبوونی بزووتنەوەیەکی بەهێزی فکری، کۆمەڵایەتی و سیاسییە کە لە ڕۆژانی ئاوادا لە کۆڵان و شەقامی شارە گەورەکاندا هەبوونی هەبێت.

ڕۆژی کورد:  ئایا به‌ ڕای ئێوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران دا هه‌لومه‌رج بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ کەش و هەوای هه‌ڵبژاردن ده‌خوڵقێ ؟

خەیاتی: لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم پرسیارەدا دەبێ بڵێم ئەگەر لە ڕوانگەیەکی تیۆرییەوە تەماشای ئەم بابەتە بکەین، ڕاستە کە هەر چەشنە داڕووخانێک لە ئاستی گوتار و ئیدیۆلۆژیدا دەتوانێ تەوژمێک لە توند و تیژی لەلایان دەسەڵاتدارانەوە لەگەڵ خۆی بێنێت بەڵام بە هەمان شێوەش دەتوانێ ببێتە هۆکاری پەیدابوونی چڕژ و کەلێنی زیاتر و درووست بوونی کەش و هەوای چالاکی کە هەم لە نێو خودی سیستەم و پەراوێزی پیکهاتەی دەستەڵاتداریدا و هەم بە شێوەیەکی گشتی لە نێو کۆمەڵگادا سەر هەڵدەدات. ئەگەر لە ڕوانگەیەکی مێژووییەوە سەیری ئێرانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەین، دەبینین کە سیستەمی سیاسی ئەم وڵاتە سەڕەڕای بەکارهێنانی توند و تێژێکی لە ڕادە بەدەر – هەڵبەتە لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر لە بەرامبەر نەتەوە غیرە فارسەکان- بە هیچ شێوەیەک نەیتوانیوە کۆمەڵگا بەتەواوی سەرکوت و دەمکوت بکات. هەر بۆیەش لەم ساڵانەی دواییدا دەسەڵات دەرگای سنووری کردۆتەوە کە خەڵک بە لێشاو وڵات چۆڵ بکەن. لە پەیوەندیدا لەگەڵ هەڵبژاردنیشدا بە هەمان شێوە بە بێ خواستی ڕژیم سەدان کەلێن و دۆخ لە دونیای مەجازی و واقیعیدا بۆ‌‌ چالاکی پەیدا دەبێت کە ئەم مەیدانە هەڵسووڕاوی ڕاستەقینەی خۆی دەوێ کە گوتاری ئاڵترناتیف بخوڵقێنێ و لە ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتدا بتوانێ ڕەوتی ڕووداوەکان بە ئاڕاستەیەکی دیموکراسی و ماف خۆازیدا ببات.

ڕۆژی کورد: تاكتیكی بایكۆتی چالاك واته‌ ته‌حریمی فه‌عال چۆن ده‌توانرێ سازمان بدرێ و رێكخستنی بۆ بكرێ ؟

خەیاتی: بە بۆچوونی من ناکاراترین شێوەی تەحریم ئەوەیە کە بە ڕێگای لێدوان و ئیعلامییە داوا لە خەڵک بکەی نەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. جارێ با ئەوەشی لێ زیاد بکەم کە لە ڕۆانگەی منەوە بەشداریکردن تەنیا بریتییە نییە لە دەنگدان بەڵکوو لە پەیوەندی لە گەڵ پانتایی جوگرافیایی سیاسی ئێراندا دەبێ بڵێم کە لە بەر نەبوونی ئۆپۆزیسیۆن رژیم دەتوانێ ئالترناتیڤی خۆی بباتە پێش. ئەوە تەواو ڕاستە، چونکە شتێک بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بوونی نییە. لەم ساڵانەی دواییدا، بەشێکی بەرچاوی ئەم خەڵک و ڕێکخراوانەی کە جاران خۆیان وەکوو نەیاری موتڵەقی کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان دەدا، ئێستاکە ئەم بەشەیان کەمڕەنگ کردۆتەوە و بە پێچەوانە لە ڕۆانگەی بەرژەوەندی ستراتێژێک و هیژمۆنی خوازی وڵاتەکەی خۆیانەوە هەڵس و کەوت دەکەن. پێتان سەیر نەبێ ئەگەر هەر ئەم خەڵکانە وەکوو قارەمانێک تەماشای قاسم سلێمانی تیرۆریست بکەن.

بەڵام تا ئەو جیگایەی پەیوەندی بە کوردەوە هەبێت، پێویستە ئەم حەقیقتە بزانین کە لە سی و حەوت ساڵی ڕابردوو دا ئەم نەتەوەیە دەیان جار تاقیکاری خۆی لە دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها وەفاداری و متمانە بە ئەحزابی خۆی بە سەرکەوتوویی نیشان داوە. باشترە ئەوەش بزانین کە بۆ ئەو خەڵکە ژیان تەنیا لە سیاسەتدا کورت نابێتەوە. خەڵک ڕۆژانە ڕاستەوخۆ دەستەویەخەی هەزاران کێشەی جۆربەجۆی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورین. ئەگەر لەم نێوانەدا، کەسیک لە شارێک لە هەر پلە و مەقامێکدا خۆی کاندید بکا و لە بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆیدا بەڵێنی چەند پڕۆژەیەکی ناوچەیی بگونجێنێ، لەوانەیە خەڵکانێک دەنگی بدەنێ. لێرەدا، نە ئەو کەسە بە کرێگیراوی ڕژیمە و نە ئەو خەڵکەی دەنگی دەدەنێ. خەڵک زۆر بەباشی کەسانی سەر بە ئیتیلاعات، بەسیج و سوپای پاسدار دەناسێ، بە تایبەت ئەوانەی هەڵس و کەوتی نەشیاویان بەرامبەر بە خەڵک لە کارنامەی خۆیاندا تۆمار کردووە.

هەر بۆیەش، لە پەیوەندی لەگەڵ دیاردەی بایکۆتی چالاکدا چەند شتی گرینگ پێویستە. یەکەم هەنگاو ئەوەیە کە بزانین کە ئەم جوورە پرۆسانە پێویستی بە ئەدەبیاتی سیاسی تایبەتی خۆی هەیە. لێرەدا ئەدەبیاتێک کە کۆمەڵگا بە سەر دوو بەرەی ڕەش و سپی یان باش و جاشدا دابەش بکا، ناتوانێ وەردەکاری و وزە و ئینیرژی کۆمەڵگا بە باشی ببینێ. هەروەها زۆر گرینگە کە حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان کە ئەمڕۆکە سەڕەڕای هەموو گرفتێک کە هەیانە، تەنیا ئۆپۆزیسیۆنن لە بەرامبەر دەستەڵاتی ئێرانیدا، بە یەک دەنگ قسە بکەن. یەکدەنگیش نە بەو مانایە کە هەموویان پێکەوە بەیاننامەیەک ئیمزا بکەن و داوا لە خەڵک بکەن دەنگ نەدەن، بەڵکوو ئەو یەکدەنگییە پێویستە لە دەوری پڵاتفۆرمێکی سیاسی جیدی و داهێنەرانە بێتە ئاراوەو.

بێگومان ئەو پڵاتفۆرمە لەم قۆناخە دا خۆاستی سەربەخۆیی و فیدیرالیزم ناخاتە ڕوو، بەڵکوو کۆمەڵیک خاڵ یان داخوازی سیاسی، ئابووری و کولتووی، بۆ نموونە مافی خویندن بە زمانی کوردی، گەشەی ئابووری، ئیستیفادە لە بوودجەی تایبەت لە خۆی دەگرێ کە لە هەمان حال دا بۆ خەڵک هەم هیوابەخش دەبێت و متمانەی جارانی بۆ ئەحزاب زیندوو دەکاتەوە و هەم دەتوانی لە ڕەوتی گەشەی خۆی ببیتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی جیدی کە بە شێوەی خۆدکار بچێتە پێش و لە زۆر بواریش دا دیاسپۆڕای کورد و وڵاتی کورد پێکەوە ببەستێتەوە. شایانی باسە کە ئەم پلاتفۆرمە لە ڕەوتی خۆی دا برێار دەدات لە سەر بایکۆت و یان شێوازێک لە بەشداری وشیارانە. لەوانەیە پرسیار بێتە پیش کە کۆوا کۆماری ئیسلامی بە چاک و خراپییەوە بیهەوێ وڵامی ئەم داخوازییانە بداتەوە. منیش هەر هەمان بۆچوونم هەیە. بەڵام لێرە دا ئامانجی یەکەمی ئەو پڵاتفۆرمە ئەوە نییە کە لە سەر ئەو خاڵانە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران رێککەوتنێک بگات، بەڵکوو ئامانج دروست کردنی چیروکێک یان گوتاریكی هاوبەشە کە دینامیک و زیندووبوونێکی ڕووبەپێشەوە بە کۆمەڵگای کوردی ببەخشێت. شتێکی گرینگی دیکەش بەشدار بوونی جیدییە –بە دەنگدانی مەخوێننەوە- لەم هەموو ڕەوت و پرۆسەکانی پەیوەندیدار بەم هەڵبژاردنانە، ئەویش بەو مانایە کە هەر کەلێن و قوژبنێک، هەر میدیایەک، هەر فەزایەکی مەجازی و هەر تۆرێکی کۆمەڵایەتی بە فەراغێک بزانی کە تێیدا حزوور و کارتێکەرێت هەبێ. لە سەردەمێک دا کە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی نییە کە ململانی لە گەڵ بکات و هەروەها لە زەمانێک دا کە ئەو کۆمارە خەرێکە پرۆسەی سیاسەت بە رێگای سێ هێزی دەستکردی خۆی –سەڕەرای جیاوازییەک کە هەیانە- نۆرمالیزە دەکات و ڕێگا بەرەو دەستەبەرکردنی مەشرووعییەتێکی دیکە هەموار دەکات، ئەو پڵاتفۆرمەی کە من باسم کرد، ئەگەر زۆریش باش نەبی یان هەر باشیش نەبێ، لانی کەم لە بەر کەم هەزینە بوونی دیسانیش ڕێگایەکی باشە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت