دوو چڵە نێرگزی نیشتمان و تەمەنێک خزمەت

0
18

هۆمەر نۆریاویی

چلەکانی هەتاویی(شەستەکانی زایینی)دەبێت کە دڵێک لە پێناو بەخشینی ڕۆشنایی زێتر بە زمان و چاندی نەتەوەکەی،لە”مەهاباد”ی هەر هەمیشە کەسکەوە، بارگە و بنەی ژین تێک دەنێت و ڕوو لە “تاران”ی پێتەخت دەکات. هەر لە یەکەم ساتەکانی نیشتەجێبوونەوە هەتا ئێستایش کە تەمەنی گەشی هەر بەرەو بەرزایی دەچێت، بۆ یەک ساتیش ئەڤینی نیشتمان لە دڵە میهرەبانەکەی دەرنەچووە و بە درێژایی ئەم تەمەنە دوور و درێژە، هەردەم ڕووناکایی بۆ گەلەکەی بووە و لە هەر وشە، نووسین،ئاخاوتن و دەرکەوتنێکی،تەنێ هەر یەک پەیڤ خۆ دەنوێنێت و بەس؛ ئەویش ناوی پیرۆزی “کوردستان”ە. ئەم مرۆ نازەنینە تا سەر ئێسقان گەلپەروەرە، هەر هەموو ژینی بە کوردان بەخشیوە تا ناوی کوردیش وەک نەتەوەکانی دی هەرگیز هەرگیز لە درەوشانەوە نەکەوێت و پشتگوێ نەخرێت. لە تاراندا هەر زۆر زوو خۆی دەبینێتەوە و درێژە بە بڵندکردنەوەی باڵای زانستیی خۆی دەدات و ڕوو لە خوێندنی باڵا دەنێت و لە هەوەڵین دەرفەتیشدا ،ئەوەی لای گرینگ دەبێت ،تەنێ هەر زمانەکەی دەبێت و بەس؛ بۆیە خێرا ئاوڕ لە زمانی زەنگینی نەتەوەکەی دەداتەوە و پێنووسەکەی لەو پێناوەدا دەخاتە گەڕ. فرەی پێناچێت ڕادیۆ کوردیی تاران دەبێتە مەکۆ و دەلاقەیەک بۆ گوێزتنەوەی دەنگەکەی بۆ هەر هەموو کوردان. ئەم پێوەندیی و هاوکارییە لەگەڵ ڕادیۆ، تا بەم ساڵە دواییانەیش هەر درێژەی دەبێت و ئەم کەسایەتییە خودان ڕێزە لەو تریبۆنەوە پەیڤی نازداری کوردی بۆ سەر دڵی شەیدای هەموو کوردێکی زمان خۆشەویست دەگوێزێتەوە. هەر دوا بە دوای سەقامگرتن لە تاران، ماڵەکەی گورجێ دەبێتە مەکۆی گشت دڵێکی ئاشقی کوردستان و تا هەنووکەیشی لەگەڵ بێت، ئەم هەوارە،هەواری هەر هەموو کوردانە و کەم ڕۆژ بووە و دەبێت دەرکەی لە ڕووی نووسەران و نیشتمانپەروەران کراوە نەبێت. هەر پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979(1357ی هەتاویی)دووی وەرگرتنی مۆڵەتی بڵاڤۆکێکی کوردی دەکەوێت و گۆڤاری “گرشەی کوردستان” لە تارانەوە بڵاو دەکاتەوە. ئەم گۆڤارە هەر بە هەوڵی تاکەکەسیی ئەم مرۆڤە نەتەوەپەروەرە تا 9 (نۆ) ژمارەیەکی لێ دەردەچێت. خزمەتی ئەم نووسەر و خەمخۆرەی زمان و فەرهەنگی کوردان، یەک و دوو بوار ناگرێتەوە و لە چەند کورتە دێڕێکی ئەوتۆدا جێی نابێتەوە و دەرفەتی تایبەت بە خۆی گەرەکە. لەم سۆنگەوە تەنێ ویستم نەوەی ئێستا ،مرۆی نازەنینی ئەوتۆ و لەم چەشنەی ئاشقی نەتەوەکەی بەم ڕۆژە هەستیارانە پشتگوێ نەخات و سۆراخێکی بگرێت و قەدرزانی تەمەنێک خەمخۆریی و پەرۆشیی بەرانبەر فەرهەنگ و زمانەکەی بێت. ئەم کەسایەتییە لە دڵەوە نزیک و خاکەڕایە کەس نییە جگە لە مامۆستا “محەممەد ساڵح ئیبراهیمی(شەپۆل)” کە نها لە تەمەنی  نزیک 90 ساڵیدایە و لە تارانەوە بە درێژایی ئەم هەموو تەمەنە بۆ هەر ڕوودواێکی تاڵ و شیرینی نێو کوردستانەکەی فرمێسکی هەڵوەراندووە و بۆ تاقە ساتێکیش نیشتمانەکەی لە دڵ دەرنەکردووە.

شیاوی وتنە مامۆستا محەممەد ساڵح ئیبراهیمی (شەپۆل)،ساڵی 1933(1312ی هەتاویی) لە شاری مەهاباد لە دایک بووە. مامۆستا شەپۆل، خاوەنی پتر لە 30 پەڕتووکە و سەدان وتار و بابەتی لە گۆڤار و بڵاڤۆکی کوردیی ئەمدیو و ئەودیودا بڵاو بووەتەوە و هەمیشە بەشدار و ئامادەبوویەکی بەشی فرەی کۆڕ و جڤینە کوردییەکان لێرە و لەوێ بووە و بە یەک لە سیما هەرە ناسراوەکانی کورد دادەنرێت کە ساڵگارانێکی دوور و درێژە لە تارانەوە ڕاژە و خزمەتی میللەتەکەی دەکات.

بەڵام دووەمین چڵە نێرگزی نیشتمان ، ناوێکی سیما گەشی نێو بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردییە کە هێشتا هەر زارۆک دەبێت کە ئەڤینی قووڵی زمانەکەی خۆی، دنەی دەدات ڕوو لە ڕادیۆ بنێت و لە ڕادیۆ کرماشانەوە زێتر بەهرە گەشەکەی دەربخات. کەم نین ژماری ئەو گوێگرانەی کە هێشتاکە زایەڵەی سۆزی دەنگەکەی ئەم مرۆ ئازیزەیان لە گوێچکەدایە و هەر بە یادی ئەو سەردەم و ڕۆژانە، ئەشکی شادی دەزێتە نێو نیگا و دڵیانەوە. دڵە ئاورینەکەی ئەم کەسایەتییە نازەنینە، پڕیەتی لە یادەوەریی تاڵ و شیرین و  ئەوەندە بەسەرهاتی ڕۆژگار لەسەر دڵە سۆزبارەکەی بارە کە هەر کامە و هەڵگری وانە و پەندێکی گرانبایی و بەبایەخە. هەنووکەیش هەر کە باس لەو سەردەمە و خەباتی فەرهەنگیی ئەو ڕۆژگارە دەکات، فرمێسکێک گەش بە نێوچاوانە میهرەبانەکەیدا دەتکێتە خوار و ئەوەندەی دی، سۆزی دڵ بۆ ناخی هەموو کوردێکی گەلپەروەر دەگوێزێتەوە. تەمەنێک خزمەت لە بواری ڕادیۆ و ڕاگەیاندنی کوردییدا دڵەکەی کردووە بە خەزنەیەکی گرانبایی و هەمووان چاوەڕوانن ڕۆژێک لە ڕۆژان، گۆشەیەک لەم گەنجینە زەنگینە بخاتە سەر ڕووپەڕی قاقەزان و خوێنەر بەرانبەر شتە نەبیستراوەکانی ئەودیو دنیای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریی کوردی وریا بکاتەوە. لە کرماشانەوە دەست بە کاری ڕاگەیاندن دەکات و لە تاراندا پتر باڵا دەکات و لە ڕێی گۆڤاری “ئاوێنە”وە، دیوێکی تری ڕوخسارە تیشکبارەکەی دەردەخات و ئەم بڵاڤۆکە کوردییە تا بە 54 ژمارەی لێ چاپ و بڵاو دەبێتەوە و بێگومان سووچێکی پرشنگدار لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خۆی دەبەخشێت. ئەم دڵە پڕ لە میهر و سۆزەی نیشتمان، پاش پتر لە چل ساڵ غوربەت و دووریی و دابڕان لە وڵاتی نازەنینی کوردان، ئێستا غەریبانە لە شاری “سنە”ی زێدی ناخەکەی نیشتەجێیە و تۆسقاڵێک لەو ئەڤینە ئاورینەی بەرانبەر دار و بەردی نیشتمان نەک لە کەمیی نەداوە بگرە سەد هێندە فرەوانتر بووە. ئەم کەسایەتییە خودان سەنگەیش، هەر هەمان ئاشناکەی دوێنێی ڕادیۆ کوردیی کرماشان، مامۆستا “محەممەد (هومایۆن)کەمانگەر”ە کە هەنووکە دڵی هەگبەیەکی ڕەنگاڵەیییە لە سەدان یادەوەریی ساڵانی دوور و نزیک و بە گێڕانەوەی هەر بیرەوەرییەک، دڵەیشی ڕاست دەچێتەوە بۆ هەر ئەو سەردەمانە.

بۆ وتن دەشێت مامۆستا هومایۆن کەمانگەر ،ساڵی 1942(1321ی هەتاویی) لە شاری سنە لە دایک بووە. هێشتا کۆرپەیەکی ساوا دەبێت کە باوک بە ماڵەوە ڕوو لە کرماشان دەکات و هەر لەوێندەرێ سجیل و ناسنامە بۆ منداڵە ساواکەی وەردەگرێت. خۆشەویستیی باوک بەرانبەر زمان و تۆرە و چاندی کوردان، گورجێ لەسەر دڵەی جگەرگۆشەکەی کاریگەر دەبێت و ئەمیش نەک بە دڵێک بگرە بە سەد دڵ، میهر و ئەوینی زمانەکەی خۆی دەکەوێتە دڵ و هێشتا لە دوا ناوەندییدا دەبێت کە لە ڕادیۆ کرماشان دەست دەکات بە خەبات و دواتر بەرپرسایەتی ڕادیۆ “قەسر” و خودی ڕادیۆ کرماشان دەکەوێتە ئەستۆی. پاش شۆڕشیش، ئەم خەباتە لە تاران و ڕادیۆ کوردیی تاران درێژە پێ دەدات و تا بەم ساڵە دواییانەیش ئەم پێوەندیی و هاریکارییە هەر بەردەوام دەبێت. هەر لە تاراندا نزیک بە 10 ساڵێک سەرنووسەری گۆڤاری “ئاوێنە” دەبێت و لەو بوارەدا خزمەت بە زمان و چاندی نەتەوەکەی دەکات.

چەندە جوان دەبێت ئێمەی کوردیش وەک گەلانی پێشکەوتوو، ئەم نەریتە زەنگین و ڕەنگینە بۆ سەرپاک کۆمەڵگە بگوێزینەوە و ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بە دێڕێک لە هەر بوار و بەستێنێکدا خزمەتی نەتەوەکەی کردووە، هەر لە سەردەمی ژیانی خۆیدا قەدرزانی بین و ڕێز لە ساڵگارانێک ڕاژەی لە هەمبەر گەلەکەی بنێین و نەوەی نوێش ئاشنا بەم سیما گەش و درەوشاوانە بکەین. مەبەستی نووسەری ئەم چەند دێڕە، تەنیا گوێزتنەوەی ئەم پەیامە بوو و بەس. تەمەنی ئەم دوو چڵە نێزگزەی نیشتمان هەر بەرەو بڵندایی بچێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌