دوو پرس و پەیڤێک/ئاوڕێک لەسەر ڕۆژنامەگەریی کوردی

0
18

هۆمەر نۆریاویی

ئەو شۆڕشە بەرفرەوانەی لە ئێستادا لە جیهانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەرییدا بەرهەستە و تا بە هەموو کەل و قوژبنێکی دنیا چووە و پەل و پۆی بە گشت جێگە و شوێنێکی جیهاندا شۆڕ بۆتەوە، زۆر خێرا پریشەکانی دنیای ئێمەی کوردیشی گرتۆتەوە و ئەگەر ئاوەزمەندانە و ژیرانە و سەردەمییانە هەڵسوکەوتی لە تەکدا نەکەین، بێ سێ و دوو هەلەکانی بەردەم، دەبنە هەڕەشە و مەترسیی و زیانمەندی یەکەم و کۆتایی ،خۆمان و زمان و کولتوورەکەمان دەبێت. لێرەوە دەمەوێت ئاوڕ لە دوو پرسی هەستیار و گرینگی ئێستای نێو کۆمەڵگەی کوردی بدەمەوە کە هەر یەکە و بە چەشنێک لە پێوەندیی ڕاستەوخۆ دەگەڵ ئەویتردایە. یەکەمیان، ڕووی لە پرسێکی جڤاکیی و لە هەمان حاڵدا دەروونناسییە کە ڕاگەیاندنی کوردی دەتوانێت تەمەکان بڕەوێنێتەوە و بە شێوەیەکی پلانمەند،ئاستی وریایی نەتەوەیی بەرانبەر بە پرسی ناسنامە و شوناس بەرز بکاتەوە و پێش بە خەسارەکانی دادێ بگرێت و ئەوی دیکەیشیان، یادکردنەوە و وەبیرهێنانەوەی ڕووداو و بویەرێکی هەرە گرینگی هاوپێوەند بە ئینسانی کوردەوەیە کە لێرەوە ناوی ئێمەی کوردی خستە سەر ڕووپەلی ڕۆژنامان و مێژوویەکی بۆ ڕۆژنامەگەریی کوردیی نەخشاند. سەرەتا لە پرسی یەکەمەوە دەست پێدەکەم.

من نامەوێت بچمە نێو باس و بابەتێکی ورد و قووڵەوە کە سەرەتا پێویستە پێناسەی زانستیی بکرێت و دواتر ئاوڕ لە هۆکارەکانی دروستبوونی بدرێتەوە و لە کۆتاییشدا بە دوای ڕێکار و چارەسەرەکاندا بگەڕێیت. دیارە پرسێکی ئەوتۆ دەچێتە خانەی توێژینەوەیەکی زانستیی و گەڕان و پشکنینی زۆری پێویستە و لە ئێستادا لە مەبەستی ئەم کورتە نووسینەوە دوورە.

بێ دەق و دۆغر دەمەوێت بچمە سۆراخی بابەت یان پرسێکەوە کە هەموو تاکێکی کورد لە هەر کوێی کوردستان یاخۆ تەنانەت جیهانیش بێت، ڕۆژانە بەرەو ڕووی دەبێتەوە و دەکرێت بڵێم بەدەستیەوە ناڵانە و ئازار دەبینێت. لەم چاخ و سەردەمەدا کە بە سەردەمی تەقینەوەی زانیاری یان بە هەمان واتا باوەکەی “چاخی زانیاری” ناودێرە و جیهان زێتر لە گوندێکی بچووک دەچێت و هەر تاکێک لە ڕێی ئامراز و کەرەستەیەکی تەکنۆلۆژیاوە دەتوانێت لە دۆخی جیهانی چوارتەنیشتی ئاگادار ببێتەوە و ئەم هەموو دەسکەوتە بخاتە خزمەت کولتوور، زمان و نەتەوەکەی؛ ئێمەی کورد هێشتاکە وەک پێویست نەمانتوانیوە ئەم هەلە زێڕینە بە قازانجی میللەتەکەمان بقۆزینەوە و بە شێوازێکی شیاو لە بەرژەوەندیی خۆ دەکاری بێنین. جاران لەمپەر و بەربەست بە هەزار بوو کەچی ئەرچی ئێستایش کەند و لەند هەر هەیە ،بەڵام ئەو دۆخە تۆقێنەرە زۆر گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ئیدی سێبەرە چڵکن و بۆرەکە تا ڕادەیەک لە سەرمان لاچووە. لێ، ئێمە هێشتا هەر بە دەوری بازنە کۆنەکەدا دەسووڕێینەوە و ئەوەندەی خۆ بە ژیانی ڕۆژانەوە سەرقاڵ دەکەین، زۆر کەم ئاوڕ لە پرسە هەستیارەکان دەدەینەوە و جێی داخی فرەوانە هەر هیچ ئیرادە و ویستێکی نەتەوەیی لەم پێوەندییەدا بەرچاو ناکەوێت و ئەگەر بوونیشی هەبێت، لە ئاستێکی نزم و بچووکدایە و نەمانتوانیوە بۆ نێو کۆمەڵگە شۆڕی بکەینەوە.

گەرەکمە ئاماژە بە پرسێک بدەم کە دڵنیام پەرۆشیی هەموو مرۆیەکی خودان جەوهەری کوردە و ڕۆژانە بەدەستیەوە ئازار دەبینێت و دەیەوێت ڕێکارێکی بۆ بدۆزێتەوە و ئەوەی لە سینگیدا پەنگی خواردۆتەوە، بۆ هەر هەموو کۆمەڵگەی کوردی بگوێزێتەوە. ئەم پرسە هەرە هەستیارە ،هەستی خۆ بەکەمبینی یان گرێی خۆ بەکەمزانییە.

بە زمانێکی سادە و ساکار، هەست یان بە واتایەکی ڕاستتر،گرێی خۆکەمبینی یاخۆ هەستی خۆ بەکەمزانی ،گرێیەکی دەروونییە و دەکەوێتە نێو چوارچێوەی زانستی دەروونناسییەوە و دەیان لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە و گەلێک دەروونناسی ناوداری وەک “ئالفێرد ئادلێر” ،”سیگمۆند فرۆید”،”ژان پیاژێ” و… لەو پێوەندییەدا خاوەن بیردۆزیی و بەرهەمن و خوێندنەوە و ڕۆچوون بە دنیای هزر و ئەندێشەی ئەو جۆرە زانستوەرانەدا، ڕۆشنایی زێتر دەخاتە بەردەممان. من پرسەکە بچووکتر دەکەمەوە و تەنێ دەمەوێت ئاوڕێک لەم کێشەیە لای مرۆی کورد بدەمەوە و بەرچاوڕوونیی بە خوێنەر ببەخشم و وریا و ئاگاداری بکەمەوە کە چلۆن دەتوانێت ئەم گرێیە لە کۆڵ خۆی بکاتەوە و دەروون و ناخی خۆی هێور بکاتەوە.

مخابن ئەمە ڕاستییەکی تاڵ و هەژێنەرە کە دەستەڵاتی زمانە سەردەستەکان بە درێژایی دیرۆک بەسەر کورددا ئەوەندە کۆن و قووڵە کە تەنانەت گەلێک جار تاکی کورد لە کاتی ئاخاوتن بە زمانی کوردی، بۆ ئەوەی بەرگی ئاوەزمەند و … بکاتە وەر قسەکانی، پەنا بۆ دەستەواژە و زاراو و پەندێکی زمانە سەردەستەکان دەبات و پێی وایە زمانەکەی خۆی لەم سۆنگەوە کول و بێدەستەڵاتە. بەم ڕۆژانە لە کەناڵێکی کوردییەوە، گوێم لە ئاخاوتنی شاخەوانێکی کورد بوو کە لە پێوەندی نێوان مرۆ و ئاژەڵ دەدوا و چەند جاران ئەم ڕستە فارسییەی پاتە دەکردەوە :”با حیوانات مهربان باشیم”. (با لەگەڵ ئاژەڵان بەسۆز بین،با لەگەڵ ئاژەڵان بەبەزە بین،با لەگەڵ ئاژەڵان،میهرەبان بین،وەرن لەگەڵ ئاژەڵان چاک بین). وەک بڵێیت زمانی کوردی هیچ هەمبەر و هاوتایەکی بۆ ئەم ڕستە هاسانە نەبێت کە وەک فارسییەکە بنوێنێت. یان دەیان دەستەواژە و زاراوە و پەندی دیکە کە ڕۆژانە نائاخودئاگا یان لە ڕووی وشیارییەوە و بە ئەنقەست بە زارماندا دێن و هیچ بیریشیان لێ ناکەینەوە. ئەم هەستە بۆ کورد لە هەمبەر زمانەکانی عەرەبیی و تورکییش بەڕاست دەگەڕێت و تەنانەت تا بە نێو ماڵی کوردیش چووە و ئێستاکە بۆتە مێمڵێکی سەخت و سڕینەوەی، ئەرک و ماندووبوونێکی زۆری پێویستە. پلان و بەرنامەی ورد و ژیرانەی گەرەکە کە لە ئێستادا تارماییەکەیشی بەردیدە ناکەوێت.

کورد لە مێژە بە دەست قەیرانی شوناسەوە گیرۆدەیە و تا کاتێک ئەم پرسە نەبێتە خەم و پەرۆشیی ڕۆژانەی هەر هەمووان، زەحمەتە بتوانین خۆ لەم گێژاوە ڕزگار بکەین. هەر لێرەوە ڕۆڵ و دەوری میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی پتر بایەخ پەیدا دەکات و گەر کورد خاوەنی میدیای وشیار و پەرۆش بێت، گرێ ئاڵۆزەکەی لا هاسان دەکرێتەوە و دەتوانێت سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان، لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان، یەکڕیزیی و تەبایی لە بەینی جەماوەردا چێ بکات.

لە لایەکی دیکەوە، بەداخەوە کەم نین ژماری ئەو بە ناو زانستوەرە کوردانەی کە بە دیدەی نزم سەیری زمانەکەی خۆیان دەکەن و لەبەر کولبوونی کوردییەکەیان، لێرە و لەوێ ،لەم جڤین و، ئەو فێستیڤاڵ و کۆبوونەوەدا ئەو تۆمەتە دەدەنە پاڵ زمانی کوردی کە گوایە زمانی زانستیی نییە و توانای دەربڕینی چەمکە زانستییەکانی نییە. هۆکارێکی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان پەروەردەی لاواز و بە نزم سەیرکردنی زمانی خۆ و کەوتنە بن هەژموونی زمانە سەردەستەکان.

یەکێکی دی لە هۆکارە گرینگ و سەرەکییەکانی ئەم پرسە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خاڵە کە بە درێژایی مێژوو، زمانی کوردی کەوتۆتە بن سێبەری ڕەشی زمانە سەردەستەکان و هەرگیز دەرفەتی گەشەسەندنی پێنەدراوە و ئینسانی کورد ئەو هەلەی بۆ نەڕەخساوە بە زمانی خۆی بنووسێت و بخوێنێتەوە و هەمیشە شەرمنانە لە هەمبەر زمانەکەی خۆی جووڵاوەتەوە. بەڵام هەنووکە ڕەوشەکە گۆڕانێکی زۆری بەسەردا هاتووە و ئێستاکە ئەوە خودی کوردە کە زمانەکەی بەهەند وەرناگرێت و لە کوێ بۆ دەستەواژە و زاراواێکی زانستیی یان پەندێک دۆش دابمێنێت، بێ سێ و دوو و سووک و هاسان پەنا بۆ زمانە سەردەستەکە دەبات و هیچ خۆی بە کوردییەکەوە کە زمانی خۆیەتی، ماندوو ناکات.

دەستەڵاتی زاڵ و ئەقڵییەتی زاڵ، ئەوەندە بە شێوەیەکی ترسناک و قووڵ کاری کردۆتە سەر مرۆی کورد کە بە هەزار داخ و کەسەرەوە لە ئێستایشدا بەشی فرەمان، ئەوەندەی خوێندنەوەی ورد و قووڵمان بۆ مێژوو، جوگرافیا، زمان، کولتوور و …زمانە سەردەستەکان هەیە، دە یەکی لەسەر خۆمان نازانین. کوردێکم گەرەکە(دەوێت) لە نێو گەلانی سەردەستدا میناک و نموونەیەکم بۆ بێنێتەوە کە ئەویش بە هەمان شێوەی ئێمە، پەنا بۆ چەمک و دەستەواژە و پەندی کوردی ببات! ئەمە هەرگیز ڕوو نادات؛چونکە هەمیشە لە سەرەوە سەیری ئێمەی کورد دەکەن و کوانێ بەرز،بۆ نزم(لە دید و ڕوانگەی باڵادەستەوە)دەڕوانێت؟! هەر بۆیە لێرەوە ئەرکی میدیا و ڕاگەیاندنی کوردی سەد هێندە گرانتر و قورستر دەبێت و پێویستە بە دیدێکی نەتەوەیی سەیری ئەم پرسە بکرێت و لە کوێدا هەست بە مەترسیی و هەڕەشە بۆ سەر زمان و فەرهەنگی کورد بکرێت، چالاکانە بێتە مەیدانەکە و پرسی وریاکردنەوەی مرۆی کورد لە هەمبەر ناسنامە و شوناسی کوردی لە هەموو پرسەکانی دی ،لە لا ئەوبەرتر و گرینگتر بێت. ئەمە زۆر ڕاستە کە مرۆی کورد لەبەر نەبوونی کیانێکی سەربەخۆ،بەردەوام لە بن شاڵاوی هەمە لایەنەی زمانە سەردەستەکاندایە و ڕۆژانە بۆردمانی هزری دەکرێت و ئەم هەموو پەلامارە، یەک لایەنەیە و ئەو دەرفەتەی پێنادرێت بچووکترین کاردانەوەی هەبێت و بتوانێت بەرەنگاری ئەو ڕەوتە زاڵە ببێتەوە.

هێدی هێدی ئەم هێرشە ناڕەوایە، لە لای دەبێتە پرسێکی ئاسایی و ئیدی پێیوایە ئەمە قەدەر و چارەنووسیەتی و ناتوانێت خۆی قوتار و دەرباز بکات و مخابن لە نێو زمان و فەرهەنگ و چاندی سەردەستدا دەتوێتەوە. هەر بۆیە ئەمە کاتێک ڕوو دەدات(وشیاریی نەتەوەیی و قوتاربوون لە دەست هەستی خۆ کەمبینی) کە میدیای کوردی بکەوێتە دەست مرۆی پێشەیی، نیشتمانپەروەر و خودان ئەزموون لە بواری ڕاگەیاندندا، بەڵام پرسی دووەم ،ڕووی لە 120 ساڵ ڕۆژنامەگەریی کوردیی و یادکردنەوەیەک لەم بۆنە پیرۆزەیە.

بە درێژایی مێژووی 120 ساڵەی خۆی، ڕۆژنامەگەریی کوردی بەردەوام بەرەو ڕووی کێشە و ئارێشەیەکی بەرفرەوان بووەتەوە و ڕێگایەکی پڕ هەوراز و نشێوی بڕیوە. لە دەرچوون و بڵاوبوونەوەی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی “کوردستان” لە ساڵی 1898(گوڵانی 1277ی هەتاویی)یەوە لە لایەن “میقداد مەدحەت بەدرخان”ەوە لە “قاهیرە”ی پێتەختی وڵاتی میسر هەتا هەنووکە، لە هەر هەموو کوردستان و بگرە هەندەرانیش، ئاستەنگ و کۆسپەکان یەک و دوو نەبوونە کەچی ڕێبوارانی خەمخۆری ئەو ڕێبازە پیرۆزە، بێوچان بەرەو پێشڤە هەنگاویان ناوە و تەکانێکیان بە ڕۆژنامەگەریی کوردیی داوە و بە سەدان ڕۆژنامە، گۆڤار و بڵاڤۆکی کوردی چاپ و بڵاو بوونەتەوە. لە پار و بەشی ڕۆژهەڵاتدا هەر دوابه‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی کۆماری کوردستان له‌ ساڵی 1946 (1324ی هه‌تاویی) و دامه‌زرانی ئیزگه‌کانی ڕادیۆیی له‌ شاره‌کانی تاران،کرماشان،مه‌هاباد،ورمێ و سنه‌ و بگره‌ ناوچەی خۆراسان و باژاڕی مەشهەد ،زمانی کوردی له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا ته‌کانێک بە خۆوە دەبینێت و چه‌ندین ڕۆژنامه‌ و حه‌وته‌نامه‌ به‌ زمانی کوردی دەردەچن. “کوهستان” ،”نیشتمان”،”ئاوات”، “کوردستان”، “هه‌ڵاڵه‌”، “گڕ و گاڵی منداڵان” و … نموونه‌ هه‌رە ‌به‌رچاوه‌کان له‌و بواره‌دا دێنه‌ ئه‌ژمار. هەڵبەت پێشتر و ساڵی 1922( 1321ی هه‌تاوی) “مه‌لا محه‌ممه‌د تورجانی زاده‌”(قزڵجی) له‌ ورمێ ،گۆڤاری “ڕۆژی کورد “ده‌ردەکات. ئەم کاروانە هەنووکەیش هەر درێژە بەم خەباتە پیرۆزە دەدات و ئەمە هیوابەخشە و پێمان دەڵێت لە بن نسێی ڕۆڵەی پەرۆش و چاوکراوەی کورددا لە هەر سەردەم و قۆناخێکدا هەرگیز خەباتی ڕۆژنامەوانیی کوردی تووشی وەستان نەهاتووە و ڕێی خۆی بڕیوە بەڵام ڕاستیت گەرەکە لە ئێستادا کە سەردەمی زانیارییە و تا دێت دیاردەی نوێتر و تازەگەریی زێتر لەم مەیدانەدا دێتە کایەوە و خێراییەکی هەمە لایەنە بە خۆوە دەبینێت و ڕۆژانە تۆڕ و دیاردەی تازە سەر هەڵدەدەن، گەر ڕۆژنامەگەریی کورد بۆ نها خاوەن پلان و بەرنامە نەبێت، بەرەو ڕووی قەیرانێکی هەرەقەتی و سەخت دەبێتەوە. هەر بۆیە ڕۆژنامەگەریی ئێستای کوردی پێویستی بە دەستەی بەڕێوەبەری پیشەگەر و ئاکادێمیست و ڕۆژنامەوانی بوێر و پیشەیی هەیە و ئیدی وەک جاران ئەم ڕەوتە بە هاسانی ناچێتە سەر.

لێرەوە ئەرکەکە دوو هێندە زەحمەت و دژوارتر دەبێت. ئێستاکە لەم بوار و گۆڕەپانەدا تۆڕە جڤاکییەکان و ڕۆژنامەگەریی ئەلکترۆنیش بۆ خۆ تەراتێن دەکەن و سەرەڕای هەموو کەموکووڕیی و گرفتەکانیان، و وا خەریکە جێ بە ڕۆژنامەی قاقەزیی لێژ دەکەن و تا دێت ژماری خوێنەری ڕۆژنامە و گۆڤاری قاقەزیی کەم دەبێتەوە کە ئەمە مەترسیدارە. چونکە لە ڕاستیدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر کەم بابەت و نووسینی زانستیی و لێکۆڵینەوەیی بڵاو دەکەنەوە و زێتر بە وردە بابەت و هەواڵی ڕۆژانەوە سەرقاڵن و زۆر جاریش لەبەر ئەوەی لە لایەن کەسانی شارەزاوە بەڕێوە نابرێن، زانیارییەکانیان ئەوەندە جێی متمانە نین و هەرگیز ناتوانیت بۆ نووسین و بابەتێکی زانستی پشت بەو چەشنە تۆڕانە ببەستیت. کەچی تا بە دوورەدەستترین ئاوایی و گوندەکان ڕێیان بڕیوە و ناتوانین حاشا لە بوونیان بکەین. بۆیە خودی مەترسییەکە هەر لێرەوە دەست پێ دەکات کە چەندە سووک و سانا ڕێیان بڕیوەتە نێو هەموو ماڵێکەوە.

لە لایەکی ترەوە، ڕۆژنامە و بڵاڤۆکی ئێستای کوردی لەبەر ئەوەی لە باری ئابوورییەوە بێ پشتیوانە، زۆر زوو دەکەوێت و بەداخەوە لەبەر سەرقاڵییەکانی مرۆی ئەم سەردەمە بە دابینی بژێوییەوە ئەوەندەیش ناتوانێت ستافی پیشەگەر لە دەوری خۆی گلێر بکاتەوە. کەچی لە ئالییەکی دیکەوە، ئەوەیش لە لایەن دەسەڵاتەوە پشتیوانی دەکرێت، هەرگیز بە لای ڕۆژنامەگەریی ڕاستینەدا ناچێت و دەیەوێت بۆ ئامانجی دیارییکراوی خۆی و دروشم و پڕۆپاگەندە بۆ ئەم لایەن و ئەو ڕەوت کار بکات و زۆر بە کەمیی بابەت و نووسینی بەپێزت لەم جۆرە بڵاڤۆکانەوە بەرچاو دەکەوێت. ئەو ڕەخنە توندەی جاران ڕووی لە زۆر و بۆریی ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردیی لە باشوور بوو، هەنووکە بەرۆکی خودی ڕۆژنامەگەریی کوردیی ئەم بەشەی کوردستانی گرتۆتەوە و لەم جەنجاڵستانەدا بە دەگمەن نووسینی پوخت و زەنگینی کوردیت لێرە و لەوێ، بەردیدە دەکەوێت. هەر ئەمەیش قەیرانەکە ئاڵۆزتر دەکاتەوە و سەر لە زمان و فەرهەنگ و خوێنەریش دەشێوێنێت و دەرهاویشتەکەیش هەر بە زیانی ڕۆژنامەگەریی کوردیی دەشکێتەوە و کۆتایی دێت.هیواخوازم بە هەر هەموومان(ڕۆژنامەوان و نووسەر و ڕۆشنبیر)ەوە پاڵپشت و پشتیوان بۆ یەکدی بین و ڕۆژنامەگەریی کوردییش شانبەشانی کاروانی ڕۆژنامەگەریی جیهانیی ڕێ ببڕێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌