دوو مامۆستای کورد پەرتووکی کوردییان نووسیوە و بڕیارە لە دیواندەرە بە فەرمی بخوێندنرێت

0
271

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە “ڕۆژی کورد” بڕیارە وانەی کوردی– زمان و وێژه‌ی کوردی- له‌ پۆله‌کانی حه‌وت و هه‌شت و نۆدا به‌ شێوه‌ی فه‌رمی له‌ شاری دیوانده‌ره‌ بگوترێته‌وه‌.

 ئه‌م پەرتووکە که‌‌ 126 لاپه‌ڕه‌یه‌ و ڕێنووس و وێژه‌ی کوردی له‌ خۆ گرتووه‌ له‌لایه‌ن دوو مامۆستای کورد بە ناوەکانی ڕەشید کەریمی و لەتیف سوڵتانی، نووسراوە.
بە پێی زانیارییەکان، ساڵی پار مۆڵه‌تی چاپی ئە وپەرتووکە له‌ ئیرشادی ئیسلامی وه‌رگیراوە و بڕیارە  له‌ ڕێبه‌ندانی ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ هه‌موو دێهاته‌کان و قوتابخانه‌کانی ناو شاری دیوانده‌ره له‌ ته‌نیشت کتێبه‌ فارسییه‌که‌یاندا به‌ قوتابیان‌ بوترێته‌وه.

شایانی ئاماژەیە کە بە پێی ماددەکانی ١٥ و ١٩ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، زمانی فەرمی ئێران فارسییە بەڵام نەتەوە کەمینەکان دەتوانن لە تەنیشت خوێندن بە زمانی فارسی، ئەدەبیاتی زمانی زگماکەی خۆیان بخوێنن.

ئەو هەنگاوە لە ئەگەری جێ بە جێ بووندا، یەکەم هەنگاوی فەرمییە بۆ خوێندن بە زمانی زگماکی کورد لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئیراندا لە ماوەی ٣٧ ساڵ تەمەنی ئەم کۆمارە.

تا ئێستا زمانی کوردی تەنیا لە هەندێ شوێن و بە شێوەی تایبەتیی خوێندراوە و لە سیستەمی پەروەردەی ڕەسمی ئێراندا جێگە و پێگەیەکی نەبووە و بگرە لە زۆربەی شوێنەکانی وەک کرماشان، قسە کردن بە زمانی کوردیش لە قوتابخانەکان، قەدەغە کراوە.

ڕۆژی کورد لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەوڵ دەدات لێدوانێک لەو دوو مامۆستا دڵسۆزە وەربگرێت و خوێنەرانی خۆی زیاتر لە چەند و چۆنی ئەو هەوڵە ئاگادار بکاتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە