خەڵکی باڵەکایەتی داوای پاشەکشەی  یەکجارەکیی هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوور دەکەن و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش تا ئێستا هەڵوێستیان ناڕوونە

0
442

ڕۆژی کورد: بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، ئەمڕۆ سێ شەممە ٧ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، کەسانێک بە ناوی بنەماڵەی کوژراوانی کارەساتی هێرشی چەکدارانە بە بیانووی بڕدرانی ڕەز بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕاگەیێندراوێکیان بڵاو کردەوە کە تێیدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە تاوانبار و هۆکاری بۆمباردومان و تۆپبارانی ئەو دەڤەرە ناسێندراوە و پاشەکشەی یەکجارەکیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، وەک مەرجی سەرەکی داندراوە.

لەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەدا کە بەپرسانی یەکێتی لە ڕیزی پێشەوە بوون و ئەو کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەش بە بەرنامەی ئەوان داندرابوو، جارێکی تر کەسانی دەڤەرەکە بە بێ تاوان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بە تاوانبار لە قەڵەم درانەوە، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ڕۆژهەڵاتییەکان داوای پێکهاتنی لێژنەیەکی بێ لایەن دەکەن و تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەن ئەنجام نەدراوە.

لە بەشێک لەو ڕاگەیێندراوەدا کە رادەستی قایم مەقامی چۆمان کراوە، هاتووە کە “کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەجێی هاوخەمی و بەپیلەوەهاتن بۆ چارەسەریی کێشەکە، بەو بیاننامەی کە شەوی یەکەم سەبارەت بەو ڕووداوە بڵاوی کردەوە، برینەکەی قوڵتر کردوونە” کە ئەو بەشە لە ڕاگەیێندراوەکە پێشتر لە بەرنامەکانی ئێن ئار تی ـدا بە بەرفراوانی وروژێندراوە.

مەرجەکانی بڵاوکەروەکانی ئەو ڕاگەیێندراوە بریتی بوون لە:

  • لێکۆڵینەوە و بەسزاگەیاندنی تاوانباران.
  • لێپرسینەوە و دەستگیرکردن و بەسزارگەیاندنی ئەو کەسەی کە فەرمانی تەقەکردنی بە تەقەکەران کردووە.

-بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو رووداوانە دووپات نەبنەوە و ناوچەکە نەکەوێتە ژێر تۆپبارانی کۆماری ئیسلامی، ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵات نەگەڕێنەوە بارەگاکانی گوندەژۆر و گوندەکانی ناوچەی باڵەکایەتی.

تا ئێستا و بەتێپەڕبوونی نزیک بە ٥ ڕۆژ بەسەر کارەساتی هێرش کردنە سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ئاگردانی مەقەر و بنکەکانیان و تاڵان کردنی شتوومەکەکانیان و بە بارمتەگرتنی ١٤ پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات، هەڵوێستی حیزبەکان لەمەڕ گەڕانەوە یان نەگەڕانەوە بۆ سنوورەکان ناڕوونە و سنوورەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئاواڵە کراون.

لە هەمان کاتدا، هیچ چەشنە پشتگیری و یەکگرتووییەکی ئەوتۆ لە ناو حیزبەکان لە ئارادا نیە بەڵکوو دووبەرەکی و تەنانەت قاستنەوەی هەل بە قازانجی خودی ـیش لە ئارا دایە.

لەلایەکی تریشەوە، تا ئێستا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات داوای قەرەبوونەوەی خەسارەکانی خۆیان نەکردووە و داواش نەکراوە کە هیچ کام لە هاندەر، هۆکار و تەشەنەپێدەری کارەساتەکە و بەبارمتەگرانی پێشمەرگە، سزا بدرێن.

کوردەکانی ڕۆژهەڵاتیش لە ناوخۆ و بەتایبەتی لە چوار شاری پیرانشار، شنۆ، مەریوان و بانە، دووپاتی دەکەنەوە کە لە ئەگەری چارەسەرنەکرانی کوردانەی ئەو کارەساتە و نەگەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنوورەکان، ئەوا ئەوانیش بە شێوەی خۆیان کاردانەوەیان دەبێ و هیچ بەرپرسیارەتییەکیان لەمەڕ پاراستنی ژیانی ئەو کوردانەی ئێراق کە دەچنە ڕۆژهەڵات و ئێران، نابێ.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت