خەڵاتی ٢٠١٨ ماملێ پێشکەش بە هونەرمەند خەلیل خەمگین کرا

0
1158

کاتژمێر 4 پاش نیوەڕۆی ڕۆژی سێ شەمە 10ی ئاپریل بەرانبەر 21ی خاکەلیوەی ٢٧١٨ی کوردی بە  لە شاری کۆڵن لە وڵاتی ئاڵمان ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵی 2018 مەڵبەندی هونەریی ماملێ، بە بەشداری ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و هونەری  و کوردەکانی نیشتەجێی ئوروپا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سەرەکیی “ماملێ”، بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” لە لایەن گروپی موزیکی (مەد تی‌ڤی)یەوە دەستی پێکرد و پاشان بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی کوردستان، خولەکێک ڕاگەیەندرا و بەشداربووان بە پێوە وەستان.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردەکانی نیشتەجێی ئوروپا بەشدار بوون کە لە ناویاندا چەند کەسایەتی دیار و ناسراوی کورد هەبوو.

ڕێوڕەسمەکە لەلایەن نووسەر و ڕۆژنامەنووس “کاکشار ئۆرەمار” دەستی بەکارەکانی خۆی کرد، ناوبراو لە پەیوەندی بە کار و تێکۆشانی مەڵبەند کورتەباسێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد و پاشان عەزیز ماملێ وەک بەرپرسی مەڵبەندی هونەریی ماملێ، لە ڕێی ئینتێرنێتەوە بە شێوەی ئانلاین، بەخێرهاتنی سەرجەم میوانەکانی کرد و پەیامی ئەمساڵی ئەو مەڵبەندەی پێشکەش کرد.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا کاک جەلیل گادانی سیاسەتمەدار و تێکۆشەری ناسراوی گەلەکەمان و یەکێک لە دۆستە کۆنەکانی مامۆستا محەمەد ماملێ و یادگاری کۆماریی کوردستان، وتارێکی بەنرخی لەسەر رۆڵ  و کەسایەتی ماملێ و بەردەوامیی کاری هونەری وەک خەباتێکی بێوچان و گرنگ، پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

لە درێژەی ئەو ڕێوڕسمەدا، هونەرمەند “ئەردەڵان قاسم” بە هاوکاریی گروپی موزیکی (قەڵا و منارە) دوو گۆرانی محەمەد ماملێ‌ی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

پاشان کاکشار ئۆرەمار لەسەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوان لایەنە سیاسی و هونەرییەکانی رۆژهەڵات و رۆژاوای کوردستان، کورتە باسێکی پێشکەش کرد. ناوبراو هەڵسەنگاندنێکی بۆ کۆماریی کوردستان لە رۆژهەڵات و ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریی رۆژاوای کوردستان و دواتر ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی هونەریی محەمەد ماملێ لە رۆژهەڵات و هونەرمەند خەلیل خەمگین لە رۆژاوای کوردستان کرد کە سەرنجی بەشداربووانی مەراسیمەکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.

لە بڕگەیەکی تری بەرنامەکەدا هونەرمەندی ویۆڵۆن ژەنی ناسراوی ئازەری بەڕێز “عارف ئیبراهیمپوور” هاتە سەر تەختەی شانۆ و کورتە باسێکی سەبارەت بە هونەری ڕەسەنی کوردی پیشکەش کرد، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە شانازیی ئەوەی نەبووە کار لەگەڵ مامۆستا محەمەد ماملێ بکات بەڵام، لەگەڵ هونەرمەند جەعفەر ماملێ لە وڵاتی سوئید کاری هونەری ئەنجامداوە، لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: راستە من بە ڕەچەڵەک ئازەریم بەڵام من خۆم بە کورد دەزانم و خوێنی کورد لە دەمارەکانمدا دەگەرێت.

دواتر  “لالە بەدەستان” یەکێک لە گۆرانییەکانی محەممەد ماملێی بە ویۆڵۆنەکەی پیشکەش بە روحی بەرزی ماملێ و سەرجەم هونەرمەندانی کوردستان کرد.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا چوار پێشمەرگەی ژن و پیاو بە نوێنەرایەتی پێشمەرگەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان کە لە شەڕدا بریندار و کەمئەندام ببوون، بانگ کرانە سەر تەختەی شانۆ و بە خوێندنەوەی وتار و شێوەی جۆراوجۆر پەیامی خۆیان پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و لە لایان بەشداربوانەوە ڕێزیان لێگیرا.

ئینجا دوکتور”ناجی مامەدی”  خەڵکی  ورمێ/سەلماس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەبارەت بە مەڵبەندی هونەریی ماملێ و خەڵاتی ساڵانە وتارێکی پێشکەش کرد و هەڵبژاردنی ئەمساڵی ئەم مەڵبەندەی بە بەرز نرخاند و بەم بۆنەیەشەوە پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی هونەرمەند خەلیل خەمگین کرد.

هەروەها دوکتور “حەسەن شەتەوی” کەسایەتی دیار و ناسراو و تێکۆشەری دێرینی رۆژهەڵاتی کوردستان، کورتە باسێکی پێشکەش کرد و بە بایەخەوە باسی رۆڵ و پێگەی مەڵبەندی هونەریی ماملێ کرد کە ساڵانە ریز لە هونەرمەندانی چوار پارچەی کوردستان دەگرێت و هیوای خواست کە ئەو مەڵبەندە بەردەوام بێ لە خەبات و تێکۆشانی خۆی و سەبارەت بە هونەرمەند خەلیل خەمگینیش گوتی: ئەم خەڵاتە شیاوی هونەرمەندێکی وەک خەلیل خەمگینە بەڵام دەبێ چیتر وشەی خەمگین بۆ خەلیل بەکار نەهێنین و بڵێین خەلیل خەندان. وتەکانی دوکتور شەتەوی خۆشی خستە دڵی ئامادەبووان.

ئینجا پەیامی مامۆستا “عەزیز شاروخ” کە بە شێوەی ویدیۆیی پێشتر تۆمار کرابوو لێدرا. لەو پەیامە دا مامۆستا عەزیز شاڕوخ بە گێڕانەوەی بیرەوەرییەک  یادی هونەرمەند محەمەد ماملێ‌ی کردەوە و دەستخۆشی لە بەڕێوبەرانی ئەم مەراسیمە کرد. هەروەها پیرۆزباییەکی گەرمیان لە هونەرمەند خەلیل خەمگین کرد.

پاشان شیعرێکی مامۆستا “شەریف حوسێن پەناهی” لە لایەن کاک حوسێن بەخشی خوێندرایەوە.

لە درێژەی مەراسیمەکەدا هونەرمەندی ناسراو کاک “ئیقبال حاجێبی” بانگ کرایە سەر تەختەی شانۆ و لەگەڵ ئەوەی باری تەندروستی ناوبراو جێگیر نەبوو بەڵام، توانی لەسەر رۆڵ و هونەری هونەرمەند خەلیل خەمگین قسە بکات.

ئینجا هونەرمەند “هادی قوربانی” بە هاوکاری گروپی موزیکی (قەڵا و منارە) گۆرانیی “یادی بەخێر”ی مامۆستا محەمەد ماملێی بە هاوکاری گروپی موزیک پێشکەش بە بەشداربووانی مەراسیمەکە کرد.

لە درێژەدا لە لایەن لاوی ژیر “کاک هەژار خاتەمی” باسێکی گرنگ لەسەر هێرشی کولتووری و ئاسمیلاسیۆنی هونەری کوردی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستان پێشکەش کرد کە سەرنجی بەشداربووانی بۆ رای خۆی ڕاکێشا.

لە درێژەدا هونەرمەندی باکووری کوردستان “دیار دێرسیم” هاتە سەر تەختەی شانۆ و لە کورتە باسێکدا باسی رۆڵ و پێگەی مەڵبەندی هونەریی ماملێی کرد و پاشان پیرۆزبایی لە هونەرمەند خەلیل خەمگین کرد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی 2018ی مەڵبەندی هونەریی ماملێ.

کاتالۆگێک بە دوو زاراوەی کورمانجی و سۆرانی ئامادەکرابوو کە تێیدا ژیاننامەی هەردوو هونەرمەندی کورد خەلیل خەمگین و محەممەد ماملێ بە وێنەوە دەبینرا.

لەم بەشە لە مەراسیمەکدا کاکشار ئورەمار داوای لە هەر یەک لە کاک عەلی قازی و کاک جەلیل گادانی و خاتوو کوێستان فتووحی و مامۆستا عارف ئیبراهیمپوور و کاک هێدی ماملێ وەک نوێنەری مەڵبەندی هونەریی ماملێ کرد تەشریف بێنە سەر تەختەی شانۆ بۆ پێشکەشکردنی خەڵاتی ساڵی 2018 ی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بە هونەرمەندی رۆژاوای کوردستان ، خەلیل خەمگین.

پاشان داوا لە هونەرمەند خەلیل خەمگین کرا بێتە سەر تەختەی شانۆ بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە و لەوحی رێزلێنان و مێدالیای زێڕینی مەڵبەند وەک خەڵاتی ساڵی 2018 ی ماملێ، پێشکەش بە هونەرمەند خەلیل خەمگین کرا.

پاش پێشکەشکردنی خەڵاتەکە داوا لە هونەرمەند خەلیل خەمگین کرا وتەیەک پێشکەش بکا، ناوبراو سپاسی مەڵبەندی هونەریی ماملێ کرد بۆ ئامادەکردن و رێکخستنی مەراسیمەکە و بەخشینی خەڵاتەکە بە ناوبراو.

دواتر لە ئەزموونی هونەری خۆی دوا و باسی لەوە کرد کە هەر لە منداڵییەوە لە بنەماڵەکەیاندا باس لە کۆماریی کوردستان و مەهاباد و پیشەوا قازی محەمەد کراوە و ئاگاداری هونەری ڕەسەنی کورد بووە لە رۆژهەڵات و ئاشنایە بە هونەر و ئاواز و گۆرانیی مامۆستا محەمەد ماملێ. (پوختەی وتارەکەی مامۆستا خەلیل بەم زووانە بڵاو دەکەینەوە).

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا هونەرمەند خەلیل خەمگین بە هاوکاری گروپی موزیکی (مەد تی‌ڤی)  چەند گۆرانییەکی خۆی پێشکەش بە روحی بەرزی مامۆستا ماملێ و ئامادەبووانی کوڕەکە کرد.

لە لایان بەرپرسی گروپی موزیکی (مەد تی‌ڤی)یەوە، هونەرمەند فاروق باپیر وتارێک ئامادە کرا بوو کە لە نیزیکترین دەرفەت دا دەقی وتارەکە لێرە دادەنێێن.

This slideshow requires JavaScript.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.