خەبات لە کوردستانی خۆرهەڵات و کۆسپەکانی/وتووێژ لەگەڵ کەیوان دروودی

0
654

خوێنەری ئازیز:

بابەتی بەردەستت وتووێژێکە لەسەر بابەتی (خەبات لە کوردستانی خۆرهەڵات و کۆسپەکانی)، کە لە ڕێکەوتی ٢٣ و ٢٤ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لە ژووری ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تلێگرام لەگەڵ ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی “کەیوان دروودی” و بە پێشکەشکاریی ئاکام خۆرهەڵاتی، چالاکی مەدەنی، ئەنجام دراوە.

کەیوان دروودی
کەیوان دروودی

ڕاوێژ:سەرەتا پێناسەیەک لە خەباتی خۆرهەڵات سەرەتا ئێستا و داهاتوو بفەرموون و ئەم خەباتە چەن قۆناغە دەکرێت قۆناغ بەندی بکرێت ئەگەر دەکرێت ئەو قۆناغانە چین؟

دروودی: خەباتی ئەو پارچەیەی کوردستان، وەک بەشەکانی تر، قۆناغی زۆری تێپەڕاندووە کە پێم وایە ئێرە دەرفەتی باس کردنی بە  شیاوی و پوختی نەبێت، بەڵام دیارە شۆڕشی گەلانی ئێران هێڵێکی باشە بۆ ئەوەی لە پێش ئەو شۆڕشە و هەروەها دوای ڕوودانی باسی لەسەر بکرێت. وەک دەزانن ساڵی 1324ی هەتاوی خاڵی هەرە گەشاوەیە لە مێژووی هاوچەڕخی خۆرهەڵات کە بۆ یەکەم جار حیزبێکی سیاسی ڕێک و پێک و بە دیسیپلینی مۆدێڕن هاتە کایەوە و شوێندانەریی یەکجار زۆری لەسەر خۆرهەڵات دانا و دواییش یەکەم حکومەتی کوردی کە بە کۆماری کوردستان دەیناسین دامەزرا. ساڵانێک دواتر، ڕێکخراوێکی تر لەژێر ناوی کۆمەڵە دامەزرا کە ئەو حیزبەش هەنووکە لە حیزبە سەرەکیەکانی ئەو بەشەی کوردستانە، بەڵام وەک دەزانین لە ساڵەکانی 57 تا 59 ی هەتاویدا جۆرێک ناکۆکی لە هەڵوێست و بۆچوون لە نێو ئەو دوو ڕێکخراوە بوونی بووە و ئەوەش ێاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە شوێن و کاتی خۆیدا کاریگەریی نەرێنیی هەبووە.

دواتریش ئەگەر هەڵە نەبم لە نێوان ساڵەکانی 63 تا 66 ی هەتاوی، بە هۆی ئەو ناکۆکییە شەڕ و تێکهەڵچوونیش کەوتەوە هەرچەند ئێستا ئەو کەفوکوڵە نیشتۆتەوە، ڕادەیەک کە دەتوانین بڵێین رێی بۆ هاوبیری و هاوکاری هێشتوەتەوە، بەڵام لە حەفتاکان بەملاوە و لەبەر هۆکاری زۆر ئەو دوو حیزبە سەرەکیە لە باشوور وردەوردە نیشتەجێ بوون و دواییش مەسەلەی ئینشعابی دوابەدوای یەک، کۆسپی زۆری لەبەردەم دانان، بەڵام ئەوەی ئێستا لە ئارادایە دۆخێکی دژوارە کە بەڕاستی دواڕۆژی کۆمەڵگەی سیاسیی خۆرهەڵاتی لە لێڵاییەکدا داناوە کە ناکرێ یەکلاکەرەوە لەسەری بدوێی.

ڕاوێژ: پێویستییەکانی خەباتی ڕزگاری خوازی لە کوردستانی خۆرهەڵات لەم قۆناغەدا چین ؟

دروودی: وڵامی ئەم پرسیارە زۆر ڕوونە، هەموومان دەزانین تەبایی و یەکگرتوویی نەک هەر بۆ خۆرهەڵات بەڵکوو بۆ هەموو بەشەکانی تری کوردستان پێویستییەکی مێژوویی و سیاسییە، هەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەم سەرجەم نووسەران و لێکۆڵەرانی هەڵکەوتووی کوردستان بە سەدان جار هەرکام بە شێوازێک ئەو مەسەلە و پێویستییەکەیان باس و داوا کردووە و تەنانەت خودی حیزبەکانیش هەستیان بەو پێویستییە کردووە، بەهەرحاڵ دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین کە خۆرهەڵات بەڕاستی لە مەنگەنەدا بووە و ئێستاش هەیە، بۆیە ناتوانین تەنیا بە شێوەیەکی لاوەکی بڕوانینە بابەتەکە و ئەم پرسە لە بنەوانە فرەلایە..

ڕاوێژ: ئایا تا ئێستا خەباتی خۆرهەڵات بە شێوەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ چەندە کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی سیاسی هەبووە؟ ئەگەر هەبووە چی و چۆن بوە؟ ئەگەر نا هۆکار چیە؟

دروودی: ئەگەر مەبەست دەسەڵاتی حاکمییەتی ڕژیمی ئێرانە، ئەوە ناتوانین بەشێوەی دیدەیی شتێک بێنینەوە، شوێندانەریی ئەم بزووتنەوەیە هەر لە ریفراندۆمی بێناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێکردووە و تا ئێستایش توانیویەتی بەو هەموو کۆسپەوە پێگەی خۆی لە کۆمەڵگەی خۆرهەڵات بپارێزێ. لەو بارەوە بەشێک لە خەڵک لە بۆچووندا تووشی هەڵەی گەورە دەبن، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە ئەوە لەبیر دەکەن کە:

یەکەم: بزووتنەوەی کورد، ناوچەییە و لە ڕووی حەشیمەت و جوغرافیا بەشێکی، پشکێکی ئەوەندەی بەرناکەوێ کە چاوەڕوانیی لێدەکەن.

دووەم: خۆرهەڵات بەرامبەر بە ڕژیمێک ڕاوەستاوە کە سەرەڕای ئەوەی کە لە ڕووی ئیدیۆلۆژییەوە لەسەرەتاوە تووشی قەیران بوو، بەڵام لە باری سیاسەتی دەرەکی زۆر پراگماتیست بووە و بەپێی دۆخی هەمیشە ئاڵۆزی دراوسێکان کە زۆربەشی بۆخۆی هۆکاری بووە، توانیویەتی هەلەکە بقوازێتەوە.

سێهەمی: ئەوەی کە جەمسەرەکانی ئەوڕۆی دونیا و بەتایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکان، سیاسەتێکیان لە بەرامبەر ئەو ڕژیمە گرتووەتە بەر کە بەهیچ شێوازێک بە قازانجی بزووتنەوەی کورد نەبووە.

ئیتر ئەوەش بەجێی خۆی کە ئەو ڕژیمە ڕاشکاوانە دزەی کردووەتە ناو رێکخراوەکانی بەشەکانی تری کوردستان تا شوێنێک کە دەستی باڵای لە دیاری کردنی هێڵی تاکتیکی و تەنانەت جاروبار ئیستراتیژیکییاندا هەیە.

ڕاوێژ: ئاشکرایە بزووتنەوەی خۆرهەڵات دابەش بووە بە سەر چەند لایەنی فیکری جیاوازدا، دەکرێت شی بکەیتەو کاریگەری هەر کام لە لایەنانە لەسەر چی و چۆن بووە و زیاتر کاریگەریی هەر کامیان لە چ بوارێکدادایە و لەسەر کام بەش بووە؟

دروودی: لەلای منەوە ئەو دابەشبوونە، لە بنەڕەتدا پشت بەستوو بە بنەمایەکی فیکریی ڕوون و دیاریکراو نیە، لەبەر ئەوەی زۆربەی جیابوونەوەکان دوای دابڕان هیچ هێڵ و بنەمایەکی بەرهەست و دیاریکراویان نەبووە، بەڵام ئەوەش ڕوونە کە بەشێک لەم جیاوازییە فیکری و سیاسییانە لە ژێر واقعییەتی زەختی زەرفی مەکانی و زەمانی بووە (شوێن و کات).

ڕاوێژ: ئێستا لە کوردستانی ڕۆژهەلات باسی دوو چەشن لە خەبات دەکرێ، خەباتی چەکداری و خەبات مەدەنی، تکایە ڕای خۆتان لەمبارەوە دەرببڕن.

دروودی: وەک دەزانین هەردووی ئەو دوو مێتۆدە لە کاتێکەریی شوێن و کات بەدەرنین، بۆیە پێویستە بزانین ئاخۆ لە ئێستادا لە دۆخی ناوخۆی وڵاتدا چ کەشێک هەیە و بە کامەیان دەکرێ پشت ئەستوورتر بی. با لێرە کەوانەیەک بکەینەوە، مەرج نیە تەنیا یەکێک لەم دوو شێوازە هەڵبژێردرێ لەبەر ئەوە هەرکامەیان دەتوانێ تەواوکەری ئەویتر بێت.

لە بنەڕەتدا خەباتی مەدەنی، پشت بەستووە بە دامەزراوە و ئێن جی ئۆ ناحکومیەکان کە لەسەر ئیرادەی خەڵکانێک لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات پێکدێ، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانە کە تەنانەت رێکخراوە ژینگەپارێزیەکانیش کەوتوونەتە بەر بڕیارگەلی نادیمۆکراتیکانەی دەسەڵات، بۆیە لایەنێکی ئەم مەسەلە یاسا و حکوومەتە کە ئاخۆ تا چەندە تەحەمولی ئەم رێکخراوانەی هەیە، نەک بەو واتایە کە پێویستە خەباتی مەدەنی و کەسانی هەڵسووڕ لەم بوارە چاولەدەستی حاکمییەت بن، بەڵام وەک دەبینین هێمنانەترین خۆپیشاندان و جووڵەی جەماوەری بەشێوازی دوور لە مەدەنیەت و ئەوڕۆی دونیا لە کۆتاییدا دەگات بە توندوتیژی.

ئەمە پێش زەمینەیەک بوو بۆ ئەوەی بزانین خەباتی مەدەنی لەگەڵ ئەوەی لە کورت خایەندا ئاکامی بەرچاوی نابێت، بەڵام دەتوانێ بەشێنەیی رێی خۆی بپێوێ و کاردانەوەی حاکمییەتیش دەریخستووە کە بەتەواوی لەسەر ئەم جووڵە جەماوەرییانە هەستیارانە دەجووڵێتەوە. بەڵام حاکمییەت وەک هەمیشە رێگەی جامعەپەزیریی گرتووەتەبەر، سەدان رێکخراو لە ژێر ناوی جۆراوجۆر پێکهاتووە کە گومان هەیە لەوەی لەسەر ئیرادەو ویستی خەڵک دامەزرابێ، بەدەیان زنجیرە و فیلم بۆ سووکایەتی بە دامەزراوە مەدەنیەکان ساز کراوە و زۆر جاریش توانیویانە ئامانجیان بپێکن، بەڵام ئەوەی دیارە لە دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردستان تا شوێنێک بە تێگەیشتوویی و بلووغی تەواو گەیشتبوو کە توانیی مەسەلەی یارمەتیی کۆبانی بخولقێنێ و پێمخۆشە ئەوەش بڵێم کە حکوومەت لەم دواییە بە نابەدڵخوازیی خۆی بە پشتیوانی خەڵکی لە قەڵەم دا، کەوابوو ئێمە ناتوانین تەنیا یەکێک لەم دوو مێتۆدە هەڵبژێرین و بیر لە دەرفەت و بەستێن خوڵقێنی بۆ ئەویتر نەکەینەوە.

بەڵام سەبارەت بە جۆری دووەم کە خەباتی چەکدارییە، ئێمە ئەزموونێکمان لەو بارەوە هەیە و پێویستە وەبیرخۆمانی بێنینەوە کە ئەو هەوراز و نشێوییەی ئێمە بڕیومانە، چ داهاتوویەکمان لەبەردەم دادەنێ، ئێمە نابێ ئەوە لەبیر کەین وڵامی ئیعدامی 59 لاوی مەهاباد تەنیا بە چەک دەدرایەوە، بەرگری لەشاری سنە تەنیا بە  لە ڕێگەی چەکەوە مسۆگەر بوو، فەرمانی جیهادی خومەینی لەسەر خەڵکی کوردستان تەنیا بە فەرمانی بەرگری  وڵام دەدرایەوە، کوژرانی خەڵکی قاڕنێ و قەڵاتان هەر ئەو یەک رێگەی بۆ دەهێشتینەوە، بەڵام لە ئێستادا لەوانەیە تێبینیی تایبەت لەسەر خەباتی چەکداری هەبێت کە ئەگەر دەرفەت بێ وڵام دەدەمەوە.

ڕاوێژ: کۆسپە گشتییەکانی خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چین؟

دروودی: بەداخەوە زۆرن:

مەسەلەی هەرەگەورە لەو بارەوە نەبوونی ڕای گشتیە، ئێمە ناتوانین پەیوەندیی ڕاستەوڕاستمان هەبێت کە بزانین خەڵک لەسەر حیزبەکان، داهاتوو و ڕەوایی هەرکامەیان دادوەرییان چۆنە؟! بۆ نموونە لەسەر مەسەلەی باڵی نیزامیی پ ک ک لە رۆژهەڵات، هەرچەند دوای دامرکانی ئەو کەشە تایبەتەی لە 2003 بەملاوە درووست بوو، ئەو رێکخراوە وردەوردە لەو مەوجوودیەت (هەبوون) دوور کەوتەوە و گومان لەسەری دروست بوو، بەڵام هێشتا لەو بارەوە خەڵک تووشی دووفاقین. بۆیە دەبێ ئەوە ڕوون بێتەوە کە لانیکەم ئەگەر ڕاستەو ئەوان ئاگربەستیان قەبووڵ کردووە چۆنە هەر ئێستا کە ئێمە لەسەر ئەم مژارە قسەدەکەین بەوتەی خۆیان لە قووڵایی ئێران عەمەلییاتی نیزامی جێبەجێ دەکەن و تەنانەت فیلمەکەشی بڵاو دەکەنەوە؟!

 لەبەر ئەوە ئەو نموونەیەم هێناوە چونکە بەدووری نازانم لەداهاتوودا، کێشەی زۆر گەورەی لێبکەوێتەوە و ڕۆڵەی خەڵک لەبەر ستراتیژیی هەڵەی رێکخراوێک خوێنی بڕژێ. مەسەلەیەکی تر ئەوەیە کە ئەحزاب ناتوانن لە هەرێم بن و ڕاشکاوانەش ڕایبگەیەنن عەمەلییاتی بەربڵاوی چەکداری دەکەن. مەسەلەی تریش خودسازیی بڕێک لە ئەحزابە لەسەر ئەسڵی غەیرخودسازی چونکە بەشێک لە ئەحزاب نە دەتوانن دەستبەرداری ڕابردوو بن و نە دەشتوانن داهاتوویەک بنیات بنێن.

پێمخۆشە ئەوەش بڵێم کە لە ئێستادا کە ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرە کەوتووەتە ناو دوو شەڕی مان و نەمان لەدەرەوە و ناوەوەی سنوورەکانی، هەلێکی گونجاوو لەبار پێکهاتووە بۆ گوشار لە رێی خەباتی چەکدارییەوە.

ڕاوێژ: ئێستا لە ناو هێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا هاودەنگی و کۆدەنگی یان نییە یان زۆر لاوازە، ئایا ئەوە ناتوانێ کۆسپ بێت بۆ خەباتی جەماوەری؟

دروودی: بەڵێ، لەو بارەوە پێویستە ڕاشکاوانە ئەوەتان عەرز بکەم، ئێمە کەڕەتێک بە نایەکگرتوویی لەگەڵ رژیمی ئێران دانیشتووین و لێکەوتەکانیشمان بینیوە. ئەوە پرسیارە کە ئەحزاب هێشتا تاک لایەنە دانیشتن دەکەن!

وەک سکرتێری دوو حیزب لەم ئەحزابە باسیان کردووە (دیمانەی ڕووداو) لە ساڵەکانی 2003 و 20013 دوو دانیشتن بە نەهێنی ئەویش لەگەڵ دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران کراوە، ئایا ئەوە جێی بەدواداچوونی جیددیی نیە؟! ..ئایا لانیکەم ناکرێ رێککەوتنێک بکرێ لەو بارەوە؟!

مەسەلەیەکیتریش ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بەوەیە کە لە ژێر مەنگەنەی باشوور بچینە دەرەوە، لەوانەیە پێشتر کاری بۆ نەکرابێت، بەڵام بەڕای من پێویستە لە ئەمڕۆ بەولاوە لانیکەم لەسەر شوێن و هەڵکەوتەی جوغرافیی ئەحزاب بە جیددی بیر بکرێتەوە. جا لە وڵامی پرسیارەکەتاندا دەبێ ئەوە بڵێم کە ئێمە بەداخەوە ڕەنگە بەڕواڵەت بتوانین هاوفیکری بکەین بەڵام لەکاتی دژواری و جیاوازی لە ڕاوبۆچووندا، دەستبەجێ پەنا بۆ جیابوونەوە دەبەین.

لەپاشان، ئێمە دەبێ ئەوە بزانین و ئەو بیرەش بچەسپێنین کە تاکی سەربە هەر ڕێکخراوێک پابەندە بە بنەماکان و بەرنامەی حیزبەکەی نەک شەخس یان ئەشخاسی تایبەت کە بە هەر هۆیەک ئینتیمای شەخسییان بۆی هەیە. هەموو ئەمانەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر جەماوەر هەیە، بەڵێ خەڵک ئاگاداری ئەم دۆخەیە و بە درێژە کێشانیشی لە پشتیوانی زیاتر خۆی دەبوێرێ.

ڕاوێژ: هەندێک کەس لایان وایە خەباتی ناوخۆ لە لایەن چالاکانی ناوخۆ سنووردار کراوە و زۆر جاریش داوای کورد دابەزێندراوە بۆ کەمترین ئاستی خۆی، هەندێکیش دەلێن ئاوا باشتر بە ئامانج دەگەین، ئێوە ڕاتان چیە؟

دروودی: بەڕای من ئێمە مافی سیاسیمان دەوێت کە دابەشکردنی دەسەڵاتە و ڕاگواستنەوەی ئیختیاراتێکە کە بۆ حکوومەتێکی ناوچەیی و میللی لەچوارچێوەی وڵاتێکدا ڕەوایە، ئەو ئەرکەی ئێوە باستان کرد ئەرکی رێکخراوێکی مەدەنییە نەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازانە. ئەو دۆخەی لە تورکیە هەیە زۆر جیاوازە لەگەڵ ئێران، لەگەڵ ڕێزم بەڵام ئەگەر کەسێک وادەزانێ بە ڕێڕەوی ئەو دۆخەی لە تورکیە هەیە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی راوەستێ، دەبێ ئەوەش  باس بکات کە یاسای هەڵبژاردنی تورکیە و ئێران چەندە جیاوازن؟! جیاوازیی پێکهاتەی ئەو دوو وڵاتە و پابەندبوونیان بە لانیکەمی بنەماکانی دێموکراسی هەڵسەنگێنێ، جیاوازیی ه د پ و بەرەی یەکگرتووی کورد باس بکات، بۆیە پێموانیە بە لاسایی کردنەوەی ئەو ڕەوشە بکرێ بە ئامانجێکی دیاریکراو گەیشت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.