خوێندن بە زمانی زکماکی و ئاشتی کۆمەڵایەتی

0
254

بە بۆنەی رۆژی زمانی زگماكی
مەجید حەقی
یەکێک لە داخوازە بنەرەتیەکانی جۆڵانەوەی رزگاری خوازانەی نەتەوایەتی کورد گەشەپێدانی ئاشتی و تەندوروستی کۆمەڵایەتیە لە رێگای پەروەردەی کۆمەڵگایەکی فرەکولتووری و فرەچاندی. زیاتر لە نیوەی مناڵانی ئێران مافی خوێندن بە زمانی زکماکی خۆیان نیە. ئەمەش یەکێک لە هۆیە بنەڕەتیەکانی نەبوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە هەموو ئاستەکانی کۆمەلگای ئێران و تەشەنەکردنی فەرهەنگی هەڵاواردن و ئاپارتایدی زمانی و نەتەوایەتی لە ئێرانی فرە نەتەوەدایە.
بۆیە پێویستە سیستەمی پەروەردەیی ئێران سەر لەنوێ و لە پێناو پەرەسەندنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە نێوان کۆمەڵگا و نەتەوە پێکهێنەرەکانی ئێراندا دابرێژرێتەوە. سیستەمێک کە نەتەنیا پەروەردە بە زمانی زکماکی وەک مافی هەموو مناڵانی پێکهێنەرانی ئێران بزانێت بەڵکوو پەروەردەی ئاشتی و چارەسەری کێشەکان بکاتە بەردی بناغەی سیاسەتەکانی پەروەردەیی خۆی. قەدەغە بوونی خوێندنی زمانی زکماکی لە ئیران و ستاندنەوەی مافی خوێندن بە زمانی سروشتی مناڵانەوە، توندوتیژیەکی سیستەماتیک دژی مناڵانی نەتەوە نافارسەکانی ئێران بووە کە بۆتە هۆی ئەوەی مناڵی و هەست و توانای چەندین ملیۆن لە مناڵانی ئێران لە مەترسی بکەوێت و تووشی کێشەی خۆکەم بینین و هەست بە مرۆڤی پلە دووکردن بێت. ئاکامی ئەم سیاسەتەش ئەو کێشە و پرسانەیە کە ئەمرۆ کۆمەلگای ئێرانی بەدەستی دەناڵیت.
بە درێژایی مێژووی ئێرانی مۆدێرن، هەوڵێکی زۆر دراوە نەتەوەکان و زمانەکانی دیکەی جوغرافیای ئێران لە زمان و کولتووری فارسیدا بتوێنەوە و بە خەیاڵی ئەوەی کە یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا و یەک پادشا و دواتر یەک مەزهەب و یەک ڕیبەر دەتوانێت ئاشتی و گەشەکردن بۆ وڵاتی ئێران بەرهەم بێنێت. ئاکامی ئەو سیاسەتە سەرهەڵدانی کێشە سیاسیەکانی ناوچەیی، نەتەوایەتی و پێکهێنانی هەڵاواردن و جیاوازی نێوان نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران ودواکەوتوویی پەروەردەیی ئێران بووە. ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت لە تەنگەژەی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا تێپەر بێت پیویستی بەوە هەیە ئاشتی کۆمەڵایەتی بکاتە ئامانجی سەرەکی خۆی و ئەم ئامانجەش بە بێ داڕشتنەوەی سیستەمی پەروەردەیی ئێران لە سەر بنەمای رێزگرتن و بەفەرمی ناسینی زمانی زکماکی نەتەوەکانی ئێران وەک زمانی پەروەردەی سەرەتایی تا خوێندنی باڵا و چارەسەری کێشەکان وەک بنەمایەک بۆ ئاوەدانکردنەوەی کۆمەلگایەکی فرەکولتور و فرەزمان مومکین نیە.
ئێران وڵاتێکە کە بەهەزاران کێشە بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی پەروەردەی سەردەمی کۆماری ئیسلامی و بەرلەوە حکوومەتی پەهلەوی نوقمی کێشە و قەیرانەکانی جۆراوجۆرە. وێرای گەشەکردنی تۆرەکانی پێوەندی و ئاگاداربوونی خەڵک لە جیهانی گەورەتر لە چوارچێوەی جوغرافیای ئێران، پرسەکان دیارتر دەبن و کێشەکان بەرەو قووڵتربوون و روونتر بوون دەرۆن. ئیرانی خاوەن کێشەکانی قووڵی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و پرسە نەتەوایەتیەکان، کاتێک دەتوانێت لەو قەیرانانە دەرباز بێت کە بنەمای پەروەردەی خۆی لە سەر ئاوەدانکردنەوەی ئاشتی و رێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤی دابنێت. بەفەرمی ناسینی زمانی زکماکی دەسپێکی ئاوەدان کردنەوەی کۆمەڵگایەکی وایە.
فەلسەفەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خۆیدا دژی پێکهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و رێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤە، چونکە ئەو رژێمە لەسەر بنەمای یەک یەک مەزهەب و یەک زمان و یەک رێبەر کە نوێنەری خوا لە سەر گۆی زەوی بێ دامەزراوە. پرسی سەرەکی لەو پێوەندیەدا ئەوەیە کە نە نیزامی سیاسی ئێران نزامێکی یەکگرتوو و تەواوە و نەش ئۆپۆزیسیۆنی بەربڵاوی ئێران خاوەنی هێز و بەرنامەیەکی روون لەو پێوەندیەدایە. لەو رووەوە جۆڵانەوەی نەتەوایەتی کورد خاوەنی بەرپرسایەتیەکی قورسترە لە پێناو گەشەپێدانی تێگەیشتن و پەروەردەی ئاشتی و وێکگەیشتنی کۆمەڵایەتی. بۆ ئەم مەبەستە جێی خۆیەتی حیزب و رێکخراوەکانی سیاسی و مەدەنی کوردستان پلانێکی سەرانسەری پەرورردەیی کە ئامانجی ئەو بەرەو پێشبردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی لە رێگای بەفەرمی ناسینی مافی پەروەردە بە زمانی زکماکی لە قۆناغەکانی سەرەتاییەوە تا کۆتایی بۆ مناڵانی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران بێت بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و لەوانە رێکخراوی یۆنێسکۆ بەرز بکەنەوە تا بتوانن ئێران هان بدەن بۆ بەفەرمی ناسینی ئەو مافە سروشتیە.
ڤیزیۆنی پەروەردەی وڵاتێکی فرەنەتەوە وەک ئێران دەبێ لە سەر بنەمای پەروەردەی تواناکانی هەمەرەهەندی کۆمەڵگایەک بێت کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا خۆیان بە شارۆڤەندی خاوەن ماف و بەرپرس لە وڵات دا بزانن و مافەکانی مرۆڤی و نەتەوایەتی ئەوان دابین کرابێت. جیا لەوە دامەزراندنی دیالۆگێکی زیندوو و ئامانجدار بە مەبەستی بەهێزکردنی پۆتانسیەلی شوێندانان و گواستنەوەی کۆمەلایەتی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دوور لە قووڵتربوونەوە کێشەکان بەتایبەت لە ناوچە فرەنەتەوەکاندا ئەرکیکی هەنۆکەیی چالاکان و نوخبەکانی سیاسی نەتەوەکانی ئێرانە. لە رابردوودا بە رادەی پێویست لە پێناو حاشاکردن لە مافی زمانی زکماکی و مافی دیاری کردنی چارەنووسی مرۆڤ دژبەری یەکترمان کردووە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بنەماکانی ئاشتی بۆ کۆمەڵگای دوارۆژ دابرێژین و ئەمەش لە بەفەرمی ناسینی مافی خوێندن و پەروەردە زمانی زکماکی.
شەڕ لە مێشکی مرۆڤدا پەرورەردە دەکرێت و لە ناو کۆمەڵگادا شکڵی ماددی و فیزیکی بەخۆیەوە دەگرێت. بۆیە دەبێ ئاشتیش لە مێشكی مرۆڤدا پەروەردە بکرێت بۆ ئەوەی ئاشتی بە شێوەیەکی ماددی و دەستگر لە کۆمەڵگا دامەزرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌