خوشكەكان – جیمز جۆیس

0
166

و: خەبات ڕەسووڵی

بۆ جارێكی دیكەش كەس هیوای بەچاكبوونەوەی نەمابوو، جەڵتەی سێیەم بوو. شەوانێكی زۆر بەردەوام بەلای ماڵیاندا تێپەڕی بووم كاتی پشووی قوتابخانە بوو و لە چوارچێوەی ڕووناكی پەنجەرەكە ڕامابووم و شەوانێكی زۆر بەردەوام، هەر بەو چەشنەی هەبوو زۆركەم، بەڵام بەردەوام بەڕوونی بینیبووم وام بیر دەكردەوە كە ئەگەر ئەو مردبێت، شەوقی مۆمەكانم لەسەر پەردە تاریكەكە دەبینی، چونكە دەمزانی دوومۆم لە پشتەسەری تەرمەكە پێدەكەن.
ئەو زۆرجار بەمنی دەگوت: شتێكی وا لە تەمەنم نەماوە، مردنم نزیكە منیش قسەكەیم بەبێ مانا دەزانی ئێستا دەزانم قسەكەی ڕاست بوو هەموو شەوێك كە سەرم هەڵدەبڕی و سەیری پەنجەرەكەم دەكرد وشەی ئیفیلیجم بە سەبرایەك لەبن لێوەوە دەگوت: وشەیەك كە بەردەوام پێم سەیرە وەك وشەی نومون لە هەندەسەی ئۆقلیدوسی و وشەی “شەمعوونی” لەشەرعیاتدا، بەڵام ئێستا وەك ناوی بوونەوەرێكی خراپ و گوناهبار دەهاتە پێش چاوم. لەترسدا لێوڕێژ دەبووم، سەرەڕای ئەوەش پێم خۆش بوو لێی نزیكتر ببمەوە و كاریگەری كوشندەی ئەو ببینم.
بۆ نانی ئێوارە كە هاتمە خوارێ باباكاتر لە پەنا ئاگرەكە دانیشتبوو خەریكی سەبیلە كێشان بوو. كاتێك ئامۆژنم خەریك بوو شۆرباوی بۆ تێدەكردم كاتر وەك بڵێی قسەیەكی پێشتر گوتراوی خۆی دەگێڕێتەوە گوتی:
– نا، ناڵێم كە ئەو تەواو… بەڵام شتێكی سەیر.. شتێكی نا ئاسایی لەودا بوو بۆچوونی خۆمت پێ دەڵێم.
پاشان دەستی كرد بە مژلێدان لە سەبیلەكەی، بۆچوونەكەی لە مێشكیدا ڕێك دەخست. پیری هەڵخەڵەفاوی ئیزعاج! سەرەتای یەكتر ناسینمان كەسێكی سەرنجڕاكێش بوو، باسی ڕوحە شەیتانییەكان و باسی كرمەكەكانی دەكرد، بەڵام زۆر زوو لەو لە حەكایەتە بێ كۆتاییەكانی لەمەر ئامێری پاڵاوتن وەرز بووم.
گوتی: بۆچوونێكی تایبەتم لەسەر هەیە. پێموایە ئەوە یەكێك لەو.. دەگمەنانەبێ.. بەڵام بەزەحمەتیش دەكرێ بڵێین..
دیسان دەستی كردەوە بە مژینی سەبیلەكەی بێ ئەوەی كە تیۆرییەكەییمان پێ بڵێ.
مامم سەیری كرد واقم وەڕماوە پێی گوتم:
– ئەرێ بەڕاست هاورێكەت ڕەحمەتی خوای كردووە هەواڵەكەی نارەحەتت دەكات گوتم: كێ؟
– قەشە فلین
– مردووە؟
– بەڕێز كاتر ئێستا پێی گوتین، لەپەنا ماڵیان تێپەڕیوە.
دەمزانی لەژێر چاودێرییان دام، بۆیە هەروا درێژەم بە نان خواردنەكەم دا تا وابنوێنم كە ئەو هەواڵە سەرەنجمی ڕانەكێشاوە مامم بۆ بابا كاتری ڕوون كردەوە:
– ئەو گەنجۆیە و ئەو زۆرپێكەوە برادەربوون. دیارە پیرەمێردەكە زۆرشتی فێركردووە و دەڵێن ئاوات گەلێكی زۆری بۆی هەبوو.
ئامۆژنم بە دڵپاكییەوە گوتی: خوا عافووی بكات.
باباكاتر بۆ ساتێك سەیری كردم، هەستم كرد بەوچاوە وردە ڕەشە شەوڕەنگەكانی خەریكە تێم ڕادەمێنێ، بەڵام من سەرم لەسەرقاپەكەی پێشم هەڵنەهێنا تا مەبەستەكەی نەپێكێ. بابا كاتر دیسان خەریكی سەبیلەكێشانەكەی بووەوە و بەتوڕەییەوە تفێكی كردە نێو ئاگری سۆبەكەوە و گوتی:
– بەدەست من بێ ناهێڵم منداڵەكانم لەگەڵ كەسێكی ئاوا برادەرایەتیان هەبێ.
ئامۆژنم گوتی: مەبەستت چیە، بەڕێز كاتر؟
بابا كاتر گوتی: مەبەستم ئەوەیەكە بۆ منداڵەكان باش نییە من لەسەر ئەوە بڕوایەم كە: لێگەڕێین منداڵەكانمان لەگەڵ هاوتەمەنەكانی خۆیان یاری بكەن تا بەو چەشنە… ڕاست ناڵێم، جەك؟
مامم گوتی: منیش هەروا بیردەكەمەوە دەبێ لێیان بگەڕێین منداڵەكان بچنە دەرێ و لەكاروئیشی دنیادا بەشداربن. ئەو قسەیەم هەمووكات بەو كاكە خۆش خەیاڵە گوتووە وەرزش بكە، من كە جحێل بووم هەموو بەیانییان بە زستان و هاوین خۆم بە ئاوی سارد دەشۆرد، هەر ئەوەش منی تا ئێستا بە سەلامەتی ڕاگرتووە. دیارە دەرس خوێندن شتێكی زۆرباشە”.
ڕووی كردە خێزانی و گوتی: لەوانەیە بەڕێز كاتر بیەوێ بڕێك لەو ڕانی بەرخە بخوات.
بابا كاتر گوتی:”نا، نا، ناخۆم”.
ئامۆژن قاپێكی لە دۆڵابەكە هێنا دەرێ و لەسەر مێزەكەی دانا و پرسیاری كرد:
– بەڕێز كاتر بۆ پێت وایە بۆ منداڵان باش نییە؟
بابا كاتر گوتی: بۆ منداڵان باش نییە، چونكە مێشكیان زۆر لاسایی خوازە، كاتێك منداڵان ئەوشتانە دەبینن، دەزانی، كاریگەری لەوان..
لەترسی ئەوەی نەكا لە ڕقان قسەیەك بكەم، زارم پڕ لە شۆرباو كرد، گێلی پیری خەڵەفاوی گەپجاڕ!
درەنگانێك خەوم لێكەوت. سەرەڕای ئەوەی كە بەهۆی ئەوەی بابا كاتر منی بەمنداڵ دەزانی دڵم لێی ئێشا بوو، فشارم بۆ مێشكم دەهێنا لە نێو ڕستە ناتەواوەكانیدا مانایەك ساغ بكەمەوە. لە تاریكی ژوورەكەمدا هەستم دەكرد دیسان دەموچاوی شین هەڵگەڕاوی ناشیرینی پیاوە ئیفلیجەكە دەبینم. بەتانییەكانم بەسەر سەرمدا دا و هەوڵمدا بیر لە كریسمس بكەمەوە، بەڵام دەموچاوی پەككەوتوو وگرژی مردووەكە بەدوام كەوتبوو سرتەسرتی دەكرد و من تێگەیشتم دەیەوێ دان بە شتێكدا بنێ. هەستم كرد ڕوحم دەچێتە جێگەیەكی خۆش و لاڕێ و لەوێش دیسان دەموچاوە شین هەڵگەڕاوەكەم بینی كە چاوەڕوانمە بە دەنگێكی پڕ لە سرتە دەستی بە دانپێدانان كرد و من نەمدەزانی بۆ بەردەوام بزەی لەسەر لێوە و بۆچی لێوەكانی بەئاوی زاری تەڕە، بەڵام وەبیرم هاتەوە ئەو بە ئیفلیجی مردووە و هەستم كرد منیش بەبێ تاقەتییەوە خەریكم بزەی بۆ دەكەم، وەك بمەوێ بۆی بپاڕێمەوە تا خوا لە گوناهە شەمعونییەكەی خۆش بێت.
سبەینێ بەیانییەكەی، پاش نانخواردن، چوومە خوارێ تا ئەو خانووە بچووكەی كە لە كۆڵانی بریتانیای مەزن دایە ببینم. دوكانێكی ئاسایی بوو كە ناوی كۆتاڵ فرۆشیان لێ نابوو. شمەكەكانی پتر پووتی منداڵان و سەیوان بوو و لە ڕۆژە ئاساییەكاندا ئاگادارییەك لە جامی دوكانەكە درابوو كە لەسەری نووسراوە، قوماشی سەیوان دەگۆڕین. ئێستا هیچ ئاگادارییەك دیارنەبوو، چونكە پەردەكە دادرابۆوە، چەپكێك گوڵی ئەتڵەسی ڕەش بە دەسكی دەركەكەوە بوو. دوو ژنی هەژار و كوڕێكی تەلەگرافچی خەریك بوون كارتی سەرگوڵەكەیان دەخوێندەوە، منیش چوومە پێش و خوێندمەوە.
یەكەمی ژوییەی 1895
بەڕێز بەهەشتی جیمز فلین قەشەی پێشووی كڵێسای سەنت كاترین، لە كۆڵانی میس لەتەمەنی 65 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.
خوێندنەوەی كارتەكە دڵنیای كردم كە ئەو مردووە و من لەوەی كە پێشی خۆم گرتبوو ناڕەحەت بووم،ئەگەر نەمردبایە دەچوومە ژوورە بچووكە تاریكەكەی پشت دوكانەكە و دەمبینی كە لەسەر ویلچێرەكەی لە تەنیشت ئاگرەكە دانیشتووە و وەختە لە بن پاڵتۆكەیدا بخنكێ. لەوانەیە ئامۆژنم پاكەتێكی بڕنووتی”انفیە”ی ماركەی های توست دابامێ بۆی بێنم و ئەو دیارییە ئەوی لە خەونووچكەی خوماری دەردێنا. هەموكات من پاكەتەكەم لەجێ بڕنووتییەكەدا بەتاڵ دەكرد، چونكە ئەو دەستەكانی هێندە دەلەرزین كە نەیدەتوانی ئەو ئیشە بكات و نیوەی بڕنووتییەكەی دەڕژاند، تەنانەت كاتێك بەو دەستە گەورە لەرزۆكانەی دەیەویست بڕنووتی بۆلای لووتی بەرێ بڕێكی لێ دەڕژایە سەر پاڵتۆكەی، لەوانەیە ئەو ڕژانی بەردەوامی بڕنوویتەش ببووە هۆی ئەوەیەكە ڕەنگێكی سەوزی كاڵ بەجلوبەرگە قەشییەكەیەوە دیاربوو.
چونكە ئەو دەسرۆكە سوورەی كە هەموو ببووە پەڵەی ڕەشی بڕنووتی كۆن نەیدەتوانی هیچ شتێكی پێ خاوێن بكاتەوە.
حەزم دەكرد بچمە ژوورەكەی و سەیری بكەم، بەڵام نەم دەوێرا لە دەركە بدەم. بەهێواشی بەلای ئەوبەرەی شەقامەكە كە خۆرەتاو لێدەدا وەڕێ كەوتم و هەروا كە بەڕێدا دەڕۆیشتم تەواوی ئاگاداری سەرجامی دوكانەكانم دەخوێندەوە، پێم سەیر بوو كە نە من دۆخێكی تازییەباریم هەبوو نە ڕۆژەكە، تەنانەت هەستم بە ئازادی دەكرد و ئەوە ئازاری دەدام وەك بڵێی بە مردنی ئەو شتێك لە من ڕزگاری بووە. لەو دۆخەی خۆم سەرم سووڕمابوو، چونكە هەروەك مامم شەوی ڕابردوو گوتی: ئەو زۆر شتی فێری من كردووە. ئەو لە كۆلێژی ئیرلەندی ڕۆم دەرسی خوێندبوو، فێری ئەوەی كردم كە وشە لاتینیەكان چۆن گۆ دەكرێن. زۆری چیرۆكی گۆڕەكان و ناپلیۆن بوناپارتی بۆ دەگێڕامەوە و مانای ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەكانی”عشاء ربانی”(خوانی خواوەندی ) و ئەوجلوبەرگە جۆراوجۆرانەی كە قەشەكان لەبەری دەكەن بۆ شی دەكردمەوە. زۆرجار پرسیاری قورسی سەبارەت بەوەی كە مرۆڤ لە هەلومەرجێكی ئەوهاو ئاوهادا دەبێ چبكات، یان فڵانە شتە گوناهی گەورەیە، یان بچووك، یان هەر گوناه نییەی لێدەكردم، ئەو پرسیارانەی ئەو بۆ منی دەردەخست كە بەشێك لە یاساكانی كڵێسا كە بە ڕواڵەت شتی سادەن ، چەندە ئاڵۆزن. ئەركی قەشە سەبارەت بە ڕێوڕەسمی(خوانی خواوەندی ) و پاراستنی نهێنییەكانی دانپێدانان زۆر گرینگ و قورس دەهاتە پێش چاوم و نەم دەزانی چۆن كەسێك توانای ئەو ئەركە قورسەی هەیە. ئەو دەیگوت پێشینیانی كڵێسا كتێب گەلێكی ئەستوور بە بارستایی دەفتەری تەلەفۆن و بە پیتی وردی وەك پیتە وردەكانی ریكلامی رۆژنامەكانیان سەبارەت بە شیكردنەوەی پرسە گرینگەكانی ئایینی مەسیحی نووسیوە و من پێم سەیر نەبوو. كاتێك لە پرسیارەكان تێدەڕامام زۆربەی جار نەم دەتوانی وەڵامیان بدەمەوە، یان وەڵامی بێ مانا و بێ پێوەندی بە بابەتەكەم دەداوە و ئەوكات ئەو زەردەخەنەیەكی دەكرد و دوو سێ جار سەری ڕادەوەشاند. جاری وا بوو سەبارەت بە ڕێوڕەسمی(خوانی خواوەندی ) كە هەر بە خۆشی ناچاری كردبووم لەبەری بكەم پرسیاری لێ دەكردم و هەركە منگەمنگم دەكرد، بیرمەندانە زەردەخەنەیەكی دەكرد و سەری ڕادەوەشاند و جارناجارێك بڕێكی زۆر بڕنووتی لە كونی لووتی دەئاخنی. كە زەردەخەنەی دەكرد ددانە زەردەكانی وەدیاردەكەوتن و زمانی بە لێوی خوارەوەیدا دەهێنا. سەرەتای ناسیاوەتیمان ئەو كردەیەی ناڕەحەتی دەكردم.
هەروا كە لەبەر خۆرەكە بەڕێدا دەڕۆیشتم وەبیر قسەكانی باباكاتر كەوتبوومەوە و پاشان هەوڵم دا ڕووداوەكانی خەونەكەم وەبیربێتەوە. وەبیرم هاتەوە كە پەردە گەلێكی مەخمەڵی درێژ و چلچرای هەڵواسراوی ئەنتیكەم لە خەودا بینی بوو هەستم دەكرد چوومەتە شوێنێكی زۆر دوور، بۆ وڵاتێك كە دابونەریتی سەیروسەمەرەی هەیە پێم وابی ئێران… بەڵام كۆتایی خەونەكەم نایەتەوە بیر. ئێوارێ ئامۆژنم لەگەڵ خۆی منی بۆ پرسەكە برد. ڕۆژئاوا بوو، بەڵام شووشەی پەنجەرەی خانووەكانی ڕووبە ڕۆژئاوا، تیشكی زەردی لە هەور دراوی هەڵدەگەڕاندەوە. نانی لە پێشخانەكەوە بەرەو پیرمان هات و چونكە ناشیرینە بە گوڕەگوڕە قسە بكەی، ئامۆژنم لە جیات هەموومان تۆقەی لەگەڵ كرد.
پیرێژن بە نیگایەكی پڕ لە پرسیارەوە ئاماژەی بۆ سەرێ كرد و ئامۆژنیشم سەری بەنیشانەی سەلماندن بۆ جووڵاند، وەپێشمان كەوت و بە زەحمەت لە قادرمەكان وەسەركەوت. سەری دانەویوی بڕێك لەسەرەوە موحەجەرەی قادرمەكانەوە بوو. لە پێگۆڕكێی قاتی یەكەم پیرێژنەكە ڕاوەستا و بە ئاماژەیەكی هاندرانەوە بەرەو دەركەی ژووری مردووەكە ڕێنوێنی كردین.
ئامۆژنم چووە ناو ژوورەكەوە، پیرێژنەكە دیتی دوودڵم دیسان بەئاماژەی بەردەوامی دەستی داوای لێكردم بچمە ژوورێ.
بە پێخشكێ چوومە ژوورێ. ژوورەكە لە نێوان تۆڕی پەردەكان بە تیشكێكی زەردی تۆخ كە لە نێوان ئەوانەوە مۆمەكان وەك بڵێسەیەكی ڕەنگ هەڵبزركاو دیار بوون ڕووناك ببۆوە. مردووەكە لەناو تابووتێكدا دانرابوو، نانی وەپێش كەوت و هەرسێكمان لە پەنا سیسەمەكە چۆكمان دادا. وام دەنواند خەریكی دوعا و پاڕانەوەم، بەڵام نەم دەتوانی مێشكم كۆبكەمەوە، چونكە ورتە ورتی پیرێژنەكە سەری لێشێواندبووم و پاژنەی پووتە قوماشەكەی تەواو بەلایەك دا كەوتبوو. بەخەیاڵم داهات ئێستاش قەشەپیرەكە لەناو تابووتەكەشیدا زەردەخەنە دەكات.
بەڵام نا، كاتێك هەستاینە سەرپێ و سەیرمان كرد بینیم پێناكەنێ. لەنێو تابووتەكەدا، بەسام و بەشكۆوە، بەجلوبەرگی تایبەتی مەوعیزە، ڕاكشابوو و دەستە گەورەكانی شل و شەوێق پەرداخی شەرابی پیرۆزی ڕاگرتبوو.
دەموچاوی پەسڵاو و ڕەش و شین بوو، بە دوو كونە لووتی ڕەشی فشەوە و دەوری ڕوومەتیشی قژێكی سپی تەنك تەنیبووی. بۆنێكی بەهێز ژوورەكەی پڕ كردبوو، بۆنی گوڵەكان.
خاچێكمان لەسەر سینگمان كێشاوە و هاتینە دەرێ. لە ژوورە بچووكەكەی قاتی خوارێ ئیلیزامان بینی كە لەسەر ویلچێرەكەی قەشەی پیرۆز دانیشتبوو. من لەسەر كورسی خۆم لە سووچی ژوورەكە دانیشتم و نانی بەرەو دۆڵابەكە چوو و سوراحیەك شەرابی شیرین و چەند پەرداخی شەرابی هێنا. ئەوانی لەسەر مێزەكە دانا و داوای لێكردین هەریەكی گڵاسێكی بچووك شەراب بخوینەوە. پاشان بە فرمانی خوشكی گڵاسەكانی پڕكرد و دایە دەستمان.
پێداگری كرد كە من بڕێكیش بیسكویتی بەكرێم بخۆم، بەڵام من قبووڵم نەكرد، چونكە پێم وابوو، ئەگەر بیخۆم دەنگە دەنگێكی زۆر وەرێ دەخەوم. وەك بڵێی بە كردەكەی من بڕێك شەمزا و لەسەرەخۆ بەرەو كورسیەكەی ڕۆیشت و لە پشتەوەی خوشكی دانیشت. كەس هیچی نەدەگوت، هەموومان چاومان لە سۆبەكە بڕیبوو.
ئامۆژنم چاوەڕێ ماوە تا ئیلیزا ئاخێكی هەڵكێشا و گوتی:
– بەهەرحاڵ ئەو بۆ دنیایەكی باشتر چووە.
ئیلیزا دیسان ئاخێكی هەڵكێشا و سەری بەنیشانەی سەلماندن جوڵاندەوە.
ئامۆژنم پاش خواردنەوەی قومێك لە شەرابەكە بنی گڵاسەكەی دەساوەژۆ كرد.
ئامۆژنم پرسیاری كرد: وابزانم.. ئارام؟
ئیلیزا گوتی: بەڵێ خانم، ئارام ئارام، هەر نەمانزانی كەنگێ دواهەناسەی هەڵێكشا، ئەلحەمەدولیلا مردنێكی جوان بوو.
– هەموو شتێك..؟
– بابا ئورورك ڕۆژی سێ شەممە لەلای بوو، ڕۆنی پیرۆزی لە لەشی هەڵسوو و ئامادەی كرد.
– كەوایە دەیزانی؟
– چاوەڕێی ڕەحمەت و بەزەیی خوا بوو.
ئامۆژنم گوتی: لەدەموچاوی ڕادیار بوو.
– ژنە مردووشۆرەكەش وای گوت. هێندە ئارام و دڵنیا دێتە پێش چاو سەیرە، ژنە مردووشۆرەكە دەیگوت دەڵێی خەوتووە. كەس پێی وانەبوو تەرمەكەی هێندە جوان دەبێ.
– ئامۆژنم گوتی: وایە.
– قوومێكی دیكەی لە شەرابەكە خواردەوە و گوتی: دەزانی، میس فلین، هەر ئەوەیەكە دەزانن چیتان پێدەكرا بۆتان كردووە، بە دڵنیاییەوە هەستێكی ئەرخەیانیتان پێیدەدا، دەبێ بڵێم ئێوە دەرحەق بەو دلۆڤانییەكی زۆرتان نواند.
– ئیلیزا كراسەكەی لەسەر چۆكی ساف كرد و گوتی:
– ئاخ فەقیرە جیمز خوا دەزانێ سەڕەڕای دەست كورتیمان لە هیچ شتێك كەمتەرخەمیمان نەكردووە. نەماندەتوانی ببینین لەو دۆخەدا پێویستی بە شتێك هەیە. نانی سەری لەسەر بالیفی كورسیەكە دانا و دەگوت خەریكە خەوی لێدەكەوێ.
ئیلیزا سەیرێكی نانی كرد و گوتی:
– ئەوەش لە نانی قوڕبەسەر، لەپێ كەوتووە. هەم ئەو و هەم من كارێكی زۆرمان هەبوو، وەك هێنانی ژنی مردووشۆر و درێژكردنی لە تابووتدا و پاشان جێبەجێ كردنی ڕێوڕەسمی (خوانی خواوەندی ) لە نوێژگە ئەگەر بابا ئورورك نەبوایە نازانم ئێمە چمان پێ دەكرا ئەو بوو ئەو هەموو گوڵانە و ئەو جێ مۆمانەی لە نوێژگەكە ڕا هێناوە و ئاگاداری لە ڕۆژنامەی فریمیندا بڵاو كردووەتەوە و هەروەها بەڵگەی پێویستی بۆ شاردنەوەی لە گۆڕستان جێبەجێ كردووە، هەروەها كاروباری بیمەی جیمزی هەژاریشی وەئەستۆ گرتووە.
ئامۆژنم گوتی: بە ڕاستی پیاوەتی كردووە.
ئیلیزا چاوەكانی قووچاند و سەری بە شێنەی جووڵاندەوە و گوتی:
– برادەریش هەربرادەری كۆن. پاش ئەو هەموو قسە و ئەو هەموو كارانە متمانەمان بەكەس نەماوە.
ئامۆژنم گوتی: دیارە هەروایە، من دڵنیام ئێستا لە بەهەشتە و ئێوە و چاكەكانتان لەبیر ناكات.
ئیلیزا گوتی: فەقیرە جیمز ئەركێكی وای لەسەر نەبوو، زیندووش بوو هەر بەقەت ئێستا گوێت لە دەنگی دەبوو، سەرەڕای ئەوەش دەزانم ئیدی ڕۆیشت و هەموو شتێك..
ئامۆژنم گوتی: با هەموو شتێك تەواو بێ ئینجا هەست دەكەی جێگەی چەندە بەتاڵە.
ئیلیزا گوتی: دەزانم ئیدی نە من چای بۆ دەبەم و نە تۆش بڕنووتی بۆ دەنێری، جیمزی داماو.
ئیلیزا بڕێك ڕاوەستا وەك بڵێی شتێك بە ڕابردووەوە پێوەند بدات و پاشان زیرەكانە گوتی:
بەڵام دەبێ بڵێم لەو دوایانەدا دۆخێكی سەیری هەبوو، هەر كاتێك سوپم بۆ دەبرد دەمبینی كتێبی پیرۆزی بەرداوەتەوە سەر ئەرزی و بەخۆشی بە زارێكی ئاواڵەوە پاڵی بە كورسیەكەوە داوە.
قامكی لەسەر لووتی دانا و مۆن بۆوە و گوتی:
سەرەڕای ئەوە بەردەوام دەیگوت پێش ئەوەی هاوین تەواو بێ ڕۆژێك كە هەواكەی خۆش بێ، سواری فایتۆن دەبێ و دەچێ تا ماڵە كۆنەكەی ئایرش تاون ببینێ. ئەو ماڵەی هەموومان لەوێ لێی لە دایكبووین من و نانیش لەگەڵ خۆی دەبات، دەیگوت ئەگەر بتوانین لەو فایتۆنە نوێیانە كە دەنگی تایەیان نایات و بابا ئورورك بەڵێنی پێداوە بە نرخێكی هەرزان بەكرێ دەگرین و پاش نیوەڕۆی یەكشەمەیەك سێ بەسێ دەچین، بیروهۆشی هەر لەوێ بوو.. جیمزی داماو.
ئامۆژنم گوتی: خوابی بەخشێ.
ئیلیزا دەسرۆكەیەكی دەرهێنا و فرمێسكی سڕی و پاشان دەسرۆكەكەی خستەوە گیرفانی و بێ ئەوەی قسەیەك بكات ماوەیەك سەیری سۆبەكەی كرد.
گوتی: زۆر دوودڵ بوو ئەركی قەشەیی بۆ ئەو زۆر قورس بوو. ئەوكات دەكرێ بڵێم ژیانی بە زەحمەت تێدەپەڕی..
ئامۆژنم گوتی: بەڵێ دڵەڕاوكێ بە ڕوخسارییەوە دەبینرا.
بێ دەنگی باڵی بەسەرژوورە بچووكەكەدا كێشا و منیش بەو بۆنەیەوە لە مێزەكە نزیك بوومەوە و بڕێكم شەراب خوارەوە و هاتمەوە جێی خۆم و دانیشتم.
ئیلیزا وەك لە خەیاڵێكی قووڵ دابێ وابوو، بەڕێزەوە چاوەڕی بووین بێ دەنگییەكە كۆتایی پێ بێنێ و ئەویش پاش ماوەیەكی درێژ بە هێواشی گوتی:
– ئەو پەرداخە كە شكا.. سەرەتای قوڕبەسەرییەكانی بوو دیارە دەڵێن كێشەیەك نەبوو، دەڵێن پەرداخەكە بەتاڵ بوو، سەرەڕای ئەوە.. دەڵێن خەتای كوڕێژگەكەی بەردەستی بوو، بەڵام جیمزی داماو هێندە تووڕە ببوو سەیر بوو، ئەوكاتیش دەكرێ بڵێم ژیانی لە بێ ئیمكاناتیدا تێدەپەرێ.
ئامۆژنم گوتی: ئەرێ بە ڕاست هەر ئەوەندە بوو؟ من بیستوومەكە..
ئیلیزا بە جووڵاندنی سەری قسەكەی سەلماندوو گوتی:
هەر ئەوەش كاریگەری لەسەر مێشكی دانا، پاش ئەو چووە نێو دنیای خۆیەوە و لەگەڵ كەس قسەی نەدەكرد و بە تەنیایی دەخولاوە تا شەوێكیان كە لە هیچ شوێنێك نەیان دیتبۆوە و هەموو جێگایەكیشی بەدوا گەڕابوون، قەشەیەك پێشنیاری كردبوو سەرێكیشی لە نوێژگە كە بدەن، كلیلەكانیان هێنابوو و دەركەی نوێژگەیان كردبۆوە و ئەو قشەیە و بابا ئورورك و قەشەیەكی دیكە گڵۆپێكیان هێنابوو تا بە دوایدا بگەڕێن. دەزانی چیان دیتبوو، بینیبوویان لە ژووری دانپێداناندا لەو تاریكیەدا بەتەنیا دانیشتووە و هۆشیار هۆشیارە و بەهێواشی بەخۆی پێدەكەنێ.
ئیلیزا لەپڕ بێ دەنگ بوو، وەك بڵێی گوێ بداتە دەنگێك. منیش گوێم هەڵخست، بەڵام هیچ دەنگێك نەدەهات و من دەمزانی قشە پیرەكە هەروەك دیتبوومان هەروا ئارام و بەشكۆ و بەڕێزەوە پەرداخە بەتاڵەكەی لەسەر سینگە و لە تابووتەكەدا ڕاكشاوە. ئیلیزا درێژەی بە قسەكانیدا و گوتی: هۆشیار هۆشیار و لە كاتێكدا وەك بڵێی بەخۆی پێدەكەنێ، هەر لەبەر ئەوەش بوو كە پاش ئەوەی ئەویان بەو چەشنە دیتبوو و كەوتبوونە گومانەوە كە ئەو ماستە بێ موو نییە.
سەرچاوە:
دوبلینی ها، جیمز جویس، ترجمە محمد علی صفريان و صالح حسينی، چاپ سوم، ساڵ 1383

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت