خاڵێک دابنێ و دانی پێدا، کاتێک کە مام زۆر ئەبن

0
51

ئەنوەر عەباسی (هەرەس)

 

ئەبێ لە شوێنێکدا خال دابنێی

بۆ کۆتایی

بۆ دەستپێک

وشە تاراوەکانم کۆ…

ئەبێ بکەمەوە کۆ… ئەبێ بگەمەوە

بەو گەمەی کە لە گمەی کۆترێکی غەریبدا

بەسەربانی ئێوارەوە دەنگ ئەداتەوە

ڕەنگ ئەداتەوە بیرەوەریم

لە نازی تازەی شارێکی کەوناردا

لە نازی کۆنی نیگایەکی تازەدا

کاڵ ئەبێتەوە شمشێرم لە کاڵان

کە ماڵ بە ماڵ خەریکی دۆڕانە چیا

پێدەشتەکانی

ئەگەر خاڵێک دابنێم بەڵام… .

من دەستپێک و کۆتاییشم

کاتێک کە زەمان ئەگوشرێ بە ئێستاوە

گۆش کراوم بە وشە

حەشار دراوم لە سوچی مێژوودا تەنیا

بەڵام تەژی ئەبم لە مەزرایەکدا کە هیوایە

ئەبێ خاڵێک دابنێم… بە بێ بەڵام.

سیاساڵ بوو و هەیە هێشتا

سیا ئەو ”ڕوو”انە بوون کە هێشتا سپی

تۆ بە سپیاو و درۆ

ئەوانیتر بە دروشم و دهۆ

سیاساڵ بوو و هەیە دەهۆ دەهۆڵمان لێدرا

-کەرکوک و تۆ چەن لە یەک ئەچن. پێشتر شاد بوو و ئاڵاکانی منی دەشەکاندەوە و ئێستایش شادە و ئاڵای هەر کەسی دەست کەوێ ئەیشەکێنێتەوە. جیاوازیتان تەنیا لەوەدایە کە کەرکوک خەیانەتی لێکرا و تۆ–…

کەرکوکی رۆح

ئەی نیشتمانی داگیرکراوم

وە تۆ

ئەی نیشتمانی تاراوم

ئەی نیشتمان ئەی تاراو

ئەی بزەی ئاسنین و ڕەنجی خاراو

کاڵەی ئاسنم بۆ خەیالم هەڵبەستووە

کە بگەڕێمەوە

هەتا بیرەوەریم ڕەنگ نەداتەوە

کە دەهۆ دەهۆڵم دەنگ بداتەوە

ئەوە سەحەرە دەهۆ دەهۆزی خەو ڕابن

هەتا ئاو نەمبا ڕابن

ئەگەرچی با بردی ئەوەی بە خوێن هاتبوو… .

لە حەیبەت ئەوەی کە با من نەبا

تۆ خۆت بە با سپارد.

کەرکوک بە با درا و لە دوای ئێوە

من بە با دا کرام

ئێستا ئێمە بابردەڵەترین پاساری بن ئەم سەربانەین

سەربانێکی موعەلەق

لە نێوان ئاسمان زەویدا

بەرزەخی سیاساڵ.

خاڵ ئەبێ دابنێم خاڵ

جیهان لەسەر من ڕاوەستاوە

وەستاوە زەمان لەسەر سیاساڵ

گوشراوە زەمان بە ئێستاوە کە بەرزەخە

ڕاونراوە شوێن هەتا ئەو دیوی سەیتەرە خۆڵەمێشییەکان

کە سوورن بە شەڕ

کە سوورن لەسەر خوێنی زەنوێر و

سیڤەر و لۆزان و ئەوانی دیکەش ڕادەوەشێنن لە بێشکەی ئیمکاندا

کات و شوێن زنجیرن و من هەمیشە چاوەڕێی زڕەی ئەم زنجیرە

من لە هەمیشەدا حەیفم

لە ئێستادا کە بەرزەخە شێفم

شێفم و نازانم کە ئاژین کرام چیم لێ شین ئەبی

کات و شوێن زنجیرن و ئەمجار بۆ هەمیشە ژەنگ هەڵدێنن

ئامجار کە من بڕۆم

ئەمجار کە دوای دوا قسەم

برۆم هەڵتەکێنم و شان هەڵخەم…

کە هەڵخەڵەتای بە هەوای ئازادی

کە بەڕەڵایە لە ماچەکانی من و بەس

من دڵتەنگی دەهۆ دەهۆنمەوە:

ئەوە پیاوێک دڵتەنگە و نەتەوەیەک دەگری…

نەود و دو لە سەدمان سڕە و مارمان تێئاڵاوە

ئاشقە و ماشقەی ئێران و ئێراق

کەسرامان سڕە و لە بن زنجیری ئابرامزدا کە ئەمریکا دوورە دوور باوان

باشمان سڕە و داشییان سوار

جاشمان کوڕە و ترسمان بە گیاندا گەڕاو

ئەوە کوردە ئەترسێ و بێ گومان ئەمانە هەموو نیشانەی دنیا ئاخرییە.

ئەمەیش دوایین دروشمەکانی ئەم شورەییە:

– بە هەر دارستانێک ئەگەم ئەڵێم من بە تازەیی گوڵەکەم لێ ون بووە، ئێوە نەتاندیوە؟ بە هەر کانییەک ئەگەم، ئەڵێم من لە ڕوناکی دابڕاوم، کەس ناونیشانی منی لە تۆ نەپرسیوە؟ هەر دارتەلێک ئەبینم ئەڵێم قەت کۆترە باریکەیەک نەهاتوە باسی من بکا بە لاتەوە؟ ئەڕۆم و کێڵگەکان دەورەم ئەدەن، بەڵام کێڵگەی هەمیشە شێفی خۆم لێم نامۆیە. ئەڵێی هەرگیز وەرزێڕی خۆی نەناسیوە. کە ئاژینم کرد و دڵم نەهات بە شین بوون بڕەنجێ لاشەی رەنجاوی. –

ئەمەیش جیاوازییەکی دیکەی نێوانتان:

– کەرکوک هێشتا ئاشقی شێعرە. هێشتا پرچی رەحیماوا بەسەربانی شێعرەوە ئەشنێتەوە. هێشتا منداڵانی گەرمیان بە لایە لایە و بێشکە و دەسترازەی شێعر گەورە ئەبن. ئەوان هێشتا لەگەڵ سیمان ڕەدوو نەکەوتوون. تۆ کەوتی.-

هەستانەوە کە خولیای گەڵایە لە دوا تەکانەکانی پاییزدا

خاڵ دائەنێم خاڵ

کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی خاڵ دائەنێت

یەکێتی ئوروپا و ئەمریکای نەبەز خاڵ دائەنێن

من ڕقم لە خاڵە

کاتێک زۆر ئەبن.

من ڕقم لە مامە

کاتێک بۆر ئەبن.

خاڵ دائەنێم خاڵ

ئەی سەگە خاڵدارەکەم

باوانە ماڵدارەکەم

ئەی درۆ باڵدارەکەم

ئەی درۆ باڵدارەکەم

ئەی درۆ باڵدارەکەم کە دڵت کردم بە سنەی خوێناوی

من کە سەقزی سەربەرز و نەکەرۆزی متمانە بووم.

بومم… بومم…

وا بۆمب ئەدەن لە دێمۆکراسی

سی سی سی…

ئیسلامە ژێتۆن ئەدا بە پلەی بۆی

ئۆی ئۆی ئۆی…؟

منم کە نەرم بومەتەوە. پیاو نا، هەورێکی پانتۆڵ لە پێ [i]… بۆ تۆ

هانێ لە پێم کە

هانێ ئەمریکا لە پێم کە

هانێ ئیسلام لە پێم کە

هانێ ئەی ژن… لە پێم کە.

من شەکەتم

کەرکوک شەکەتە

کوردستان شەکەتە

رۆژهەڵاتی ناوەراست شەکەتە

جیهان شەکەتە و

ئەگەر بەمزوانە فریا نەکەوین، بەڕەڵایی کە تازە نەفەسە هەموومان ئەفەوتێنێ

هەموومان کە شەکەتین.

بەڕەڵایی بەرهەمی ”ئای هەڤ ئێ دریم”[ii] نییە.

بەڕەڵایی توخمی ناپاکی ”دۆنت وۆری، بی هەپی”[iii] یە.

لە منداڵدانی ئەو کەسەدا کە نەیزانی ”ژیان بە پارە ناکڕدرێ”[iv]

سەری مردنم ئێشێ هەر لێرەوە هەتا بریتانیا کە خۆری داناچێ و

من بۆی داناچم کە وڵاتی خۆر وەختە داچێ

ئێشی مردنە لە سەرمدا ئەی روسیا

کە ئێشاندت ملی ترۆتسکی… ”مەیکوژن، ئەو ئەبێ دان بە هەموو شتێکدا بنێت”[v]

لە پێ کراوترین جیهانی دوای ئاشوڤیتسم

کە شارێک خەیانەتی پێئەکرێ، بۆ بەرەڵایی

کە بورجی ئازادی بڵێ: دۆنت وۆری، ئەڤین تەنیا بەشێکە لە ژیان

کە بە پارە ئەکڕدرێ.

قاسم ئەیهەوێ راموسێ لێوی بورجی ئازادی

ئەو لێوانە کە ساڵەهایە شالولەی نەوتی من ئەمژن.

ئاسۆت روون نییە

نەوتی من لینجە

بەمزوانە لە دەمی یار نابێتەوە

بۆنی پێوە بکە سەردار

کە هەرێمی منت بەزاند

بۆنی پێوە بکە سەردار

کە جاشت لە سلێمانی ئەگەڕێ و ئاشت لە هەولێر

بۆنی پێوە بکە

دەمی یار هێشتا بۆنی نەوتی لینجی منی لێوە دێ

کە ئەمپژاند بە دەموچاویدا

چی لە من دەکەی کە ئاسۆ لێڵە هەر لێرەوە هەتا بریتانیا…

کەرکوک بگاتە بریتانیایش هەر بۆنی منی لێوە دێت.

سیاساڵە و تەواو نابێ

سیاساڵە و خوینی خەیانەت

هێشتاکە بە دەماری شاردا ئەگەڕێ

کەچی کەرکوک رەدوی کەس نەکەوتووە

کەرکوک تەنیا کەمتیار دەوری و

خاین چاوی گرتووە.

کەرکوک ئەبێ رزگار بکرێ

بورجی ئازادی ئەبێ ئازاد بکرێ

سیا ساڵمە کە تەواو ئەبێ و

ڕۆژمە کە هەڵدێ و

ئاڵامە کە ئەیچەقێنمەوە و

نەوتمە کە ژیان ئەپژێنێ

قاسم مەکوژن، ئەبێ دان بە هەموو شتێکدا بنێت.

.

[i] ”هەوری پانتۆڵ لە پێ” ناوی شێعرێکی شاعیری روس ”مایاکۆڤسکی”یە.

[ii] ناوی وتارێکی بە ناوبانگی مارتین لوتەر کینگە کە لە ساڵی ١٩٦٣ دا پێشکەشی کرد.

[iii] ناوی تراکێکی گۆرانیبێژی جامائیکایی ”باب مارلی”ە.

[iv] ”ژیان بە پارە ناکڕدرێ” دوا قسەی باب مارلی پێش مردن بۆ کوڕە گەورەکەی.

[v] ترۆتسکی هەروا کە تێشوێک چەقابوو بە ملیدا بەو کەسانەی کە تیرۆریستەکەیان گرتبوو وت: مەیکوژن ئەبێ دان بە هەموو شتێکدا بنێت.

 

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌