حەشدی شەعبی چییە و چۆن دامەزرا؟

0
923

پاش دەرکردنی “فتوای جیهادی کیفایی” لەلایان عەلی سیستانی یەوە و لە 5ی 6ی 2014 هەتا 13ی6ی2014 شوورایەک بە ناوی”شوورای حەشدی شەعبی” دامەزرا و ئەو شوورایە وەک گرووپێکی میلیشای پارێزەری بەرژەوەندییەکانی شیعە دەناسرێت.
شوورای حەشدی شەعبی لە هاوپەیمانێتی ٤٢ گرووپی شیعە پێکهاتوون کە ئەو ٤٢ گرووپە بە پێی مێژووی دامەزران ، شوێنی دامەزران و هۆکاری دامەزرانیان دەکرێت بەسەر سێ پاژدا، دابەش بکرێن
پاژی یەکەم:
ئەو گرووپە چەکدارییانەی کە پێش فتوا سیستای و لە عێراق بۆ مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی شیعە دامەزراون ئەو گرووپانە لە قۆناغی جیاوازدا ئامانجی جیاوازیان هەبووە بەڵام لە هەر سێکیان لە دوو خاڵدا یەک دەگرنەوە یەکەم: دژایەتی کردنی ئەمەریکا لە عێراق و ناوچەکەدا دووم: لەلایان ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن.
ئەو بەشە سێ گرووپ لە خۆ دەگرێت:
1:عەسائیب ئاهلی ئەلحەق “عصائب أهل الحق”
2: رێكخراوی بەدر-باڵی سەربازی “منظمة بدر – الجناح العسکری”
3: كەتیبەی حیزبوڵا “کتائب حزب الله”
رێکخراوەی بەدر ساڵی 1981دامەزراوە و پێش رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە دژی دەسەڵاتداری بەعس چالاکی کردووە، پاش ئەوەیش لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراق چالاک بووە، عسائبی ئەهلی حەق لە ساڵی2008 و پاش هەڵوەشانەوەی “جیش المهدی” دامەزراوە ئامانجی سەرەکی لە دامەزراندنی ئەو رێکخراوەیە دژایەتی کردنی ئەمەریکا لە عێراق دابووە، کەتیبەی حیزبوڵا ساڵی2006 پاش رووخانی بەعس و بۆ شەر لەگەڵ ئەمەریکا دامەزراون.
پاژی دووهەم:
ئەو گرووپانەی ئەندامەکانیان شیعەی خەڵکی عێراقن و گرووپەکە لە عێراق دامەزراوە بەڵام ئامانج لە دامەزراندنی ئەو گرووپانە شەری سووریا و پشتگیری لە حکوومەتی ئەسەد بووە، ئەو پاژە چوار گرووپ لە خۆ دەگرێت و خاڵی هاوبەشیان پاراستنی بەرژەوەندی شیعە لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدایە و پاراستنی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا یە، ئێران دامەزرێنەری ئەو گرووپانەیە، کۆماری ئیسلامی لە رووی ئابووری و چەکداریش یارمەتییان دەدات.
ئەو چوار گرووپە پاش فتواکەی سیستانی بەشێکی چەکدارەکانی خۆیان هێناوە بۆ عێراق گرووپەکانی پێکهێنەری ئەو بەشە بەو شێوەیەن:
4: لیوا ئەبوفەزڵ عەباس “لواء ابوالفضل العباس”
5: سەرەیا خۆراسانی “سرایا طلیعة الخراسانی”
6: بزووتنەوەی حیزبوڵا “حرکة حزب الله النجباء”
7: جەیش ئەلكەرار “جیش الکرار”
پاژی سێهەم:
ئەو گرووپانەی کە پاژی سێهەم پێکدێنن لە عێراق دامەزراون و رێککەوتی دامەزرانیان پاش فتواکەی سیستانی بووە ئەو پاژە خۆی دەکرێت بەسەر دووبەشدا دابەشی بکەیت ١: بەشی یەکم ئەو حیزب و رێکخراوە سیاسییانەن کە پاش فتواکەی سیستانی لقی چەکداریان دامەزراندوە و بەشێکیشیان تەنیا رێکخراوەیەکی چەکدارین و لقی سیاسیان نییە و رێکخراوەکەشیان لە مانگی 6ی 2014 دامەزراندووە ئەو پاژە ٣٥ گرووپ لە خۆ دەگرێت کە بریتین لە:
8: كەتیبەی سەید شوهەدا “کتائب سید الشهداء” 9: سەرایا ئاشتی “سرایا السلام” 10: فەیلەقی وەعد ساڵح “فیلق الوعد الصادق” 11: لیوای عەمار بن یاسر “لواء عمار بن یاسر” 12: سەرەیا زەهرا “سرایا الزهراء” 13: لیوای زولفەقار “لواء ذوالفقار” 14: لیوای كەفیل زەینەب “لواء کفیل زینب” 15: سەرەیا ئەنسار ئەلعەقیدە “سرایا أنصار العقیدة” 16: لیوای مونتەزر “لواء المنتظر” 17: بەدر-گرووپە تایبەتەكان “بدر-المجامیع الخاصة” 18: لیوای ئەسدوڵا ئەلغالب “لواء أسد الله الغالب”19: بزووتنەوەی جیهاد و بینا “حرکة الجهاد و البناء” 20: سەریا دفاع ئەلشەعبی “سرایا الدفاع الشعبی” 21: كەتیبەی دەرعی شیعە “کتائب درع الشیعة” 22: حزبوڵا ئەلسائیرون”حزب الله الثائرون” 23: كەتیبەكانی تەیار ئەلریسالی “کتائب التیار الرسالی” 24: سەریا عاشورا “سرایا عاشوراء” 25: كەتیبەكانی مالیك شەتر” کتائب مالک الأشتر” 26: كەتیبەكانی ئەنسار ئەلحجە “کتائب انصار الحجه” 27: كەتیبەكانی بەرگریی پیرۆز “کتائب الدفاع المقدس” 28: لیوای قارعە “لواء القارعه” 29: كەتیبەكانی غەزەب “کتائب الغضب” 30: لیوای شەباب ئەلریسالی” لواء الشباب الرسالی” 31: كەتیبەكانی ئیبمام غائیب” کتائب الامام الغائب” 32: بزووتنەوەی ئەبدال “حرکه الابدال” 33: كەتیبەكانی ئیمام عەلی “کتائب الامام علی” 34: – سوپای موختار “جیش المختار” 35: لیوای حەمد”لواء الحمد” 36: لیوای ئیمام قایم “لواء الامام القائم” 37: لیوای عادیات” لواء العادیات” 38: جنیش ئەنساروڵا ئەوفیا” جنبش انصارالله الاوفیاء” 39: لیوای پاسەوانی تایبەتی بەتار” لواء الحرس الخاص الخامس البتار” 40: لیوای یەو مەوعود “لواء الیوم الموعود” 41: فریقەی عەباس فرقه العباس 42: حەشد ئەلشەعبی”الحشد الشعبی”
لە نێو ئەو 35 گرووپەدا ، جیش موختار، كەتیبەی ئیمامی عەلی، سەرایا سەلام، حركە الجهاد و بینا، كەتیبەی سەید شوهەدا ‌و سەرایا عاشورا لە گرینگترین و بەدەسەڵاترین گرووپەكانی ئەو پاژەن.
حەشدی شەعبی بە هۆی ئەوەی لە ٤٢ گرووپی جیاواز پێکهاتووە بە شێوەی شوورای بەرێوە دەچێت و ئەو شوورایە لە 4 کەس سەرەکی پێکهاتووە کە بریتین لە:
فالح فەیسەڵ فەهەد فەیاز(فالح فیصل فهد الفیاض)
فەیاز سەرۆکی شوورای حەشدی شەعبییە ئەو لە بەغدا و لە ساڵی 1956 لەدایک بووە دەرچووی کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی بەغدایە و چالاکی سیاسی خۆی لە حیزبی دەعوە” دەست پێکردووە و ڕاوێژکاری ئیبراهیم جەعفەری لەسەردەمی سەرۆک وەزیرانی جەعفەرییدا بووە و پاشن بۆتە بەرپرسی نوسینگەی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق
جەمال جەعفەر ئیبراهیم (جمال جعفر ابراهیم)
جەمال جەعفەر ئیبراهیم ناسراو بەابومێهدی موهندیس جێگری سەرۆکی شواری حەشدی شەعبییە ئەو ساڵی 1954 لە بەسرە لە دایک بووە دایکی ئێرانی و باوکی عێراقییە و ساڵی 1977 لە کۆلێژی ئەندازیاری لە بەسرە بەکالریۆسی وەرگرتووە و هەر ئەو ساڵە پەیوەستی حیزبی دەعوە بووە و پاش ئەوەی بە بریاری حکوومەتی بەعس حیزبی دەعوە هەڵوەشاوەتەوە رووی کردۆتە کوێت و لەوێ لەگەل سوپای پاسدارانی ئێران پەیوەندی گرتووە و ساڵی 1984 دەستی لە تەقینەوەیەک لەبەر بالوێزخانەی ئەمەریکا لە کویتدا هەبووە و پاش ئاشکرابوونی ڕادەکاتە ئێران و هەتا ساڵی 2003 لەوێ دەمێنێتەوە.
ابومێهدی ساڵی 1999هەتا2001 دەبێتە فەرماندەی گشتیی رێکخراوەی بەدر سالێ 2005 دەبێتە نوێنەر لە پارلەمانی عێراق و پاشان لە 2006 دوای ئەوەی دەردەکەوێت کە لە کردەوەیەکی تێرۆریستیدا لە دژی ئەمەریکا دەستی هەبووە، دەچێتەوە ئێران و هەتا ساڵی 2011 و کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ئێران دەژی.
وەزارەتی داراییی ئەمەریکا ساڵی 2008 ئەبومێهدی لە لیستی تێرۆریستان دژ بە ئەمەریکای داناوە ئەو ئێستا جێگری سەرۆکی شواری حەشدی شەعبییە و ئەندامی رێبەرایەتی رێکخراوەی بەدریشە.
کەریم ئەنووری “کریم النوری”
کەریم ئەنووری وتەبێژی یەکەم حەشدی شەعبی
ئەنووری ساڵی 1965 لە بەغدا لە دایک بووە و ئەندامی رێبەری رێکخراوەی بەدرە و راویژکاری وەزیر گواستنەوەی عێراق بووە لە خولی دووهەمی سەرۆک وەزیرانی مالکیدا ئەو ئێستا وتەبێژی یەکەمی شواری حەشدی شەعبییە.
“احمد الاسدی”
ئەحمەد ئەسەدی وتبێژی دووهەمی شوورای بەرێوبەریی حەشدی شەعبییە
سەرەڕای ئەو چوار کەسە چەندین کەسیتری وەکوو کەسانی بەدەسەڵاتی نێو حەشدی شەعبی دەناسرێن کە بریتین لە:
1: عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە و حەشدی شەعیبی لەسەر فتوای ئەو دامەزرا.
2: عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆربەی فەرماندەرکانی حەشدی شەعبی خامنەی وەک”مەرجەعی تەقلیدی ” خۆیان دادەنێن.
3: قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامیی ئێران سلێمانی سەرەڕای ئەوەی کە سوپای قودس لە رووی دامەزراندن و رێکخستنەوە یارمەتی حەشدی شەعبی دەدا خۆی سلێمانی لەگەڵ زۆربەی فەرماندەکانی ئەو چەکدارانە دۆستایەتی و نزیکی هەیە.
4: نووری مالکی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق سەرۆکی ئێستای حیزبی ئیسلامیی دەعوەی
5: حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق و وتەبێژی حیزبی ئیسلامیی دەعوە
6: هادی عامری سەرۆکی رێکخراوەی بەدر و وەزیری پێشووی گواستنەوەی عێراق
7: موقتدا سەدر کوری محەمەد باقر سەدر و سەرۆکی پێشووی “جیش المهدی”
8: قیس الخزعلی سەرۆکی رێکخراوەی “عصائب اهل الحق” و نوێنەری مەحمودی هاشمی لە نەجەف
9: شبل الزیدی سەرۆکی “”کتائب الاامام علی”
10: شێخ ریان الکلدانی سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی کریستیانییەکانی عێراق و فەرماندەی کتائب بابل کە سەر بە “کتائب الاامام علی” یە شێخ ریان تەنیا دەسترۆشتی نێو حەشدی شەعبییە کە شیعە نییە.
گرووپە دەسەڵاتدارەکانی نێو حەشدی شەعبی
بەدەسەڵاتترین گرووپی نێو حەشدی شەعبی رێکخراوەی بەدرە هەم لە رووی سەربازییەوە لە رێکخراوەکانیتر ئەزموونی زیاترە و هەم ئەندامی زۆرتری هەیە و هاوکات لەگەل ئەوە لە رووی سیاسییەوە لە عێراق دەست رۆشتووە و لە پارلەمانی ئێستای عێراقدا 22 نوێنەریان هەیە .
رێکخراوەی بەدر مەزندە دەکرێت لە نێوان 15 بۆ20 هەزار چەکداریان هەبێت. ئەو رێکخراوەیە سەرۆکەکەی هادی عامرییە و ساڵی 1981 لەلایان “مجلس ئەعلای ئینقلابی ئیسلامیی عێراق” لەسەر دەستی مەحمودی هاشمی لە ئێران دامەزراوە و پاشان لە ساڵی 2005دا لەوە رێکخراوەیە جیابۆوە.
لە پاش بەدر عسایبی ئەهلی حەق وەکوو دووهەمین گرووپی بەدەسەڵاتی نێو حەشدی شەعبی دیتە ژمار عەسایبی ئەهلی حەق کە پاش هەڵوەشانەوەی “جیش المهدی” لە ساڵی 2008 دامەزراوە و مەزندە دەکرێت 10 هەزار چەکداریان هەبێت و یەکێ لەو رێکخرانەیە کە زیاترین دژایەتی ئەمەریکای لە عێراقدا کردووە. قیس الخزعلی سەرۆکی رێکخراوەی عسائبی ئەهلی حەقە و ئەو نوێنەری مەحمودی هاشمی لە نەجەفە مەحموودی هاشمی بۆ ماوەی دە ساڵ سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی دادوەری ئێران بوو
کەتیبەی حێزوڵا یەکێ لە گرووپە بەتواناکانی نێو حەشدی شەعبییە هەم لە رووی رێژەی ئەندام و هەم چەکێک کە بەدەستیانەوەیە. ئەو رێکخراوەیە ساڵی 2006 و بۆ دژایەتی کردنی ئەمەریکا لە عێراق دامەزراوە و هەتا ئێستا ڕوون نییە سەرکردایەتی ئەو رێکخراوە کێ دەیکات بەڵام ئەو کەسە ناسراوە بە “ئەبوکازم”
شوورایەک كەتیبەی حیزبوڵا بەرێوەدەبات ئەوەی کە روونە ئەو كەتیبەیە لە نێوخۆیدا بەسەر چوار لیوا دابەش کراوە و بەشێک لەو کەتیبەیە ئێستا لە دووزخورماتو جێگر بووە. ئەوان لە شکاندنی گەمارۆی ئامرلی دەستێکی زۆریان هەبووە. لە بواری ئایینییەوە باوەریان بە “مەرجەعی تقلیدی” روحوڵا خومینی هەیە. کەسی دووهەمی نێو ئەو رێکخراوەیە محەمەد سەندییە، سەندی بە ڕەچەڵەک بەحرینییە. و لە بەحرین دورخراوتەوە بە تاوانی هەوڵ بۆ رووخانی حکوومەتی بەحرین لەو وڵاتە حوکمی ئێعدامی لەسەرە.
لە گرووپە بەتواناکانی نێو حەشدی شەعبی دەکرێت باس لە كەتیبەی ئیمام عەلی بکەیت ئەوە كەتیبەیە لە گرتنەوەی تکریتدا دەستی هەبوو و ئەندامی غیرە شێعەشی لە خۆ گرتووە لەگەڵ ئەوەی کە ساڵێکە دامەزراون لەرووی سەربازییەوە بەتوانان و مەزندە دەکرێت 5000 ئەندامیان هەبێت و کەتیبەکە بایەخێکی زۆر بە راگەیاند دەدا و زۆربەی چالاکی و شەرەکانی لەسەر یوتیوب بڵاودەکاتەوە.
چەک و چەکدار لە حەشدی شەعبیدا
رێژەی ئەندامی حەشدی شەعبی روون نییە و مەزندە دەکرێت لە 90 بۆ120 هەزار چەکدار ئەندامی “شوورای حەشدی شەعبی” بێت هادی عامری لە لێدوانێک بۆ میدیا دەلێت: حەشدی شەعبی 100 هەزار چەکداری هەیە.
ئەندامی ئاسایی ئەو رێکخراوەیە مانگانە 700هەزار دیناری عێراقی موچە وەردەگرن و مانگانە 125هەزار دیناری عێراقی وەکوو بەشە خۆراک وەردەگرن.
بەپێچەوانەی ئەوەی بە ڕواڵەت دیارە هەموو کەسێک وەکوو ئەندامی حەشدی شەعبی وەرناگرێت بەڵکوو هەر گرووپێکی ناوحەشدی شەعبی یاسای تایبەتی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەندام هەیە، هێندێ گرووپی وەکوو رێکخراوەی بەدر و عسائبی ئەهلی حەق و كەتیبەی حزبوڵا زۆر بەکەمی ئەندامی نوێ وەردەگرن و ئەوان پێشمەرجی تایبەتی خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەندام هەیە.
شواری حەشدی شەعبی لە رووی چەک و چۆڵەوە دەکرێت بلێن چەكێکی تایبەتی پێنییە و زۆربەی چەکەکانی کە بەکاری دێنن یان سازکراوەی ئێرانە یان هی سوپای عێراقە، ئەو شوورایە لە رێگای سوپای عێراقەوە چەکی ئەمەریکیشی دەست کەوتووە. بەگشتی زیاتر ئەو چەکانە بەدەست چەکدارنی شوورای حەشدی شەعبییەوەیە: کەڵەشیکۆف ،M16 ، بی کەی سی، ئار پی جی ، قەناس ، ئەوان موشەکی زەوی بۆ زەویشیان پێیە و هامێریش بەکار دێنن
ئەو موشەکانی کە بەدەست حەشدی شەعبییەوە زیاتر موشەکەی تایبەتی سوپای پاسدارانی ئێرانە.
حەشدی شەعبی و کۆماری ئیسلامی
لە چەند رەهەندەوە دەکرێت بگوترێ شوورای حەشدی شەعبی رێکخراوەیەکی چەکداری نزیک لە ئێرانە ئەو شوورایە وەکوو باسمان کرد لە ٤٢ گرووپ پێکهاتووە کە زۆربەی ئەو گرووپانە ئەندامانی رێبەرایەتییەکەی لە ئێران ژیان و تەنانەت ئەندامی رێبەری ئەو گرووپانە ئەندامی کارای سوپای پاسداران و سوپای قودسیش بوون بۆ وێنە لە مانگی تەمووزی ڕابردوو کە “ئەبو مونتزیر محەمەد” لە فەلوجەی کوژرا لە ئێران پرسەیەکی زۆر گەورەی بۆ گیرا و لەو پرسەیەدا فەرماندەی سوپای قودس وێرای بەشداری کردن لە پرسەکە، “ئەبو مونتەز”ی وەکوو هاوسەنگەر و هاوخەباتی خۆی ناساند ئەبوو منتەزر یەکێ لە فەرماندە باڵاکانی رێکخراوەی بەدەرە.
سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران مەحموود ئەحمەدی نژاد لە پرسەی ئەبومنتەزیردا بەشداریان کرد.
لە رەهەندی ئایینیەوە کە سەیر حەشدی شەعبی بکەی زۆربەی رێکخراوەکانی نێو حەشدی شەعبی لە بواری ئایینیدا پەیرە لە عەلی خامنەیی دەکەن و وەکوو باسیشمان کرد سەرۆکی رێکخراوەی عەسائبی ئەهلی حەق نوێنەری هاشمی شاهروودییە کە نەجەف شاهردووی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی دادوەری ئێران بووە و ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشان کردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی شاهروودی کە لە نەجەف لە دایک بووە لە کەسانی زۆر نزیک لە عەلی خامنەییە.
لەگەڵ ئەوە بەشێکی زۆر لە چەکی دەست حەشەدی شەعیبی چەکێکە کە لە کارگەکانی چەک سازی سوپای پاسدارانی ئێران ساز دەکرێت و وەکوو چەکی تایبەتی دەست سوپای پاسداران دەناسرێت و ئەوەش دەری دەخات کە لە نێوان ئێران و حەشدی شەعبی پەیوەندی راستەخۆ هەیە.
لە پەنا ئەوانە هەتا ئێستا چەندین جار راگەیاندنەکان وێنەی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسیان بڵاوکردۆتەوە کە لەو ناوچانە بووە کە حەشدی شەعبی لەگەڵ داعش لەشەر دایە و زۆربەی وێنەکان حەکایەت لە دۆستایەتی نێوان سلێمانی و فەرماندەکانی نێو حەشدی شەعبی دەکات.
کورد و حەشدی شەعبی
شوورای حەشدی شەعبی وەکوو شوورایەکی چەکداری پارێزەری دەسەڵاتی شیعە لە عێراق ئەژمار دەکرێت و هەتا ئێستا ئەوەی کە روونە ئەو شوورایە لەسەر ئەوە ساغنەبۆتەوە کە ئایا تەنیا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا کار بکات یان ئەوەی کیانی سیاسی و ئامانجی سیاسی شیعە لە ناوچەکەدا بپارێزت و سەرچاوەی ئەو ناکۆکییە دەگەرێتەوە سەر روانگەی عەلی سیستانی و عەلی خامنەی لەسەر شواری حەشدی شەعبی سیستانی پێی وایە دەبێت حەشدی شەعبی لە عێراق بمێنێتەوە و خامنەیی لەو باوەرەدایە کە حەشدی شەعبی وەکوو لقێکی سوپای قودس دەبێت لە ناوچەکدا چالاک بێت.
وەکوو لەسەریش باسمان کرد بەشێک لە حەشدی شەعبی ئەو چەکدارانەن کە لەسەرەتادا بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا دامەزران بەڵام پاش ئەوەی کە داعش هێرشی کردە سەر عێراق ئەوان گەرانەوە عێراق لەو وڵاتەدا شەریان دەست پێکرد. ئەوە دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەو هێزە چەکدارە دەتوانێ زۆر بەئاسانی شەرگەی خۆی بگوازێتەوە لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکیتر و لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکیتر لە ڤیدئۆیەک کە لە یوتیوب بڵاوبۆتەوە یەکێ لە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی کە بە فەرماندەیەکی پیاوکوژیی ناو حەشد ناوی دەرکردووە و ناوی “ئەبو عیزرائیل”ە هەرەشە لە سعودیا دەکات و بە بزوتنەوەی ئەنساروڵا لە یەمن دەلێت : پاش داعش دێین بۆ یەمەن و لەوێ بە مشووری سعودیا دەخۆین”.
ئەوانە ڤیدئۆیانە دەرخەری ئەوەن کە بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەیانەوێت ئەندامانیان رابێنن بۆ ئەوەی کە شەریگەی خۆیان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکیتر بگوازنەوە.
کورد لە سێ روووەوە مەترسی شەری حەشدی شەعبی لەسەرە:
1: ئێران دووهەم پارچەی گەورەی کوردستانی داگیرکردووە و ئەو وڵاتە دۆزی کورد لە ئاستی ناوچەکدا دەخوێنێتەوە و هەرچەشنە دەستراگەیشتنێکی کورد بە دەسەڵاتی سیاسی لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا، ئێران وەکوو مەترسی تەناهی لەسەر خۆی سەیر دەکات کە وایە ئێران بە گشتیی لەگەڵ ئەوە نییە کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەراست دەسەڵاتی سیاسی هەبێت و لەگەڵ ئەوەش ئێران داگیرکەری دووهەمین پارچەی گەورەی کوردستانە و ئەوەش یانی ئێران یەکێ لە دوژمنەکانی کوردە.
2: حەشدی شەعبی و ئێران و حکوومەتی شیعەی عێراق هیچ بەوە رازی نین کە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بگەرێتەوە سەر کوردستان و ئەگەری ئەوەی هەیە پاش شەری داعش لەسەر ئەو ناوچانە کە ئێستا هێزی پێشمەرگەی تێدایە و لە هێندێ شوێن حەشدی شەعبیش بارەگای تێداکردۆتەوە شەر بە کورد بفرۆشن.
3: بریاردەران و دەسەڵاتدارانی نێو حەشدی شەعبی رازی نین کورد لە عێراق جیابێتەوە و ئەوەش ئەگەری ئەوە دێنێتە گۆرێ کە لە ئەگەری جیابوونەوەی کورد لە بەغدا حەشدی شەعبی وەک هێزێکی سەربازی مەترسی بۆ سەر کوردستان ساز بکات چون راستییەکەی ئەوەیە ئێستا شیعە لە عێراقدا دەیەوێت حەشدی شەعبی لەباتی سوپای عێراق دابنێت.
خاڵەلاوازەکانی کورد لە رووبەرووبونەوەی لەگەڵ حەشدی شەعبی
کورد بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حەشدی شەعبی چەند کێشەی گەورەی لەبەرە دایە:
1: ماڵی کورد لەسەر حەشدی شەعبی یەک دەنگ نییە و ئەوەی کە ڕوونە دوو ڕوانگەی جیاواز و تەنانەت دژ بەیەک لە نێو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هەرێمی کوردستان لەسەر حەشدی شەعیبی هەیە.
2: ئەگەر بێتو کورد لەگەڵ حەشدی شەعبی رووبەڕوو بێتەوە مەترسی ئەوە هەیە لێکدانەوەی شەری سونە و شیعەی بۆ بکرێت بەو شێوەیەش بەشێک لە کورد کە باوەرمەندی ئایین شیعەن ناچار دەبن لە نێوان کورد بوون و شیعەبووندا یەکیان هەڵبژێرن کە ئەوەش ئالۆزی دەخانە نێو کوردستانەوە.
3: ئەوەی کە روونە ئێران پشتی حەشدی شەعبی دەگرێت و وەکوو هیزێکی هاوپەیمانی خۆی لە ناوچەکە دادەنێت ئەگەر وەکوو لقێکی سوپای قودسیش ئەژماری نەکات ئەوەش کێشەیەکی قول بۆ هەرێمی کوردستان ساز دەکات و لەگەڵ ئەوەی ئەو هەرێمە توشی رووبەرووبونەوە لەگەڵ ئێران دەکات توشی ئالۆزیشی دەکات چون لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان لەسەر پەیوەندی لەگەڵ ئێران یەک روانگەیان نییە.
4: کۆمەڵگای جیهانی لە شەری داعشدا یارمەتیدەر و پشتیوانی پێشمەرگەیە چون ئەوان لەو باوەرەدابوون داعش مەترسییە بۆ سەر هەموو جیهان و دەبێ لەناوبچێت؛ بەڵام کۆمەڵگای جیهانی ئەو روانگەیەی لەسەر حەشدی شەعبی نییە و هیچ روون نییە لە ئەگەری رووبەرووبونەوەی کورد و حەشدی شەعبی کۆمەڵگای جیهانی پشتی کامیان دەگرێت.
لاوازییەکانی حەشدی شەعبی بۆ رووبەڕووبونەوە لەگەڵ کورد
١: حەشدی شەعبی هێزێکی تۆکمەی سەربازی نییە بەڵکو شوورایەکی هاوپەیمانییە کە لە ٤٢ گرووپی چەکداری جیاواز پێک هاتووە و تەنیا مەترسی هاوبەش ئەو گرووپانەی لەیەک کۆکردۆتەوە و زۆربەی چەکداری ئەو گرووپە بەکرێ گیراون و لە بری پارە شەر دەکەن.
2: وەک لە سەرێ باسمان لێکرد بە جۆرەی کە روونە لە نێوان خامنەیی و سیستانی لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی حەشدی شەعبی ناکۆکی هەیە و ئەوەش یانی ئەو شوورایەی ئەگەری دوو کەرت بوونی لەسەرە.
3: بەشێکی زۆر لە سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی لە لایان ئەمەریکاوە وەکوو تێرۆریست ناسراون و ئەو وڵاتە بە دژبەری خۆیی ئەژماریان دەکات.
4: هێزی پێشمەرگە هێزێکی نەتەوەییە و ئێستا لە ئاستی جیهانییدا دان بەهێزەدا هێنراوە و وەکوو هێزێکی دژە تێرۆر ناسراوە و رای گشتیی جیهانی پشتیوانی ئەو ‌هێزەیە.
5: وڵاتانی عەرەبی بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی کەنداو ، حەشدی شەعبی بەمەترسی لەسەر خۆیان ئەژمار دەکەن
6: حەشدی شەعبی لە شەری داعش هەڵسووکەوتی نامرۆڤی زۆربووە و ئەوەش وای کردووە بۆ کۆمەڵگای عێراقی بە تایبەتی سوننەی عێراق هیچ جێگای باوەر نەبێت و لەگەل ئەوەش لە رای گشتیی جیهان وەکو هێزیکی باوەر پێکراو و مرۆڤدۆست ئەژماری ناکرێت و وەکوو ملیشیایەکی سەر بە شیعە سەیر دەکرێت.

سه‌رچاوه‌ : ڕۆژانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ، عه‌لی ئیسماعیل نه‌ژاد

وێنه‌

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت