حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەمەڕ هێرشی تورک بۆ عەفرین: گەلەکۆمەی دژ بە کورد مەحکووم دەکەین

0
51

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیێندراوێکدا، هێرشی تورک بۆ سەر خاکی کوردستان لە عەفرین و بێدەنگیی وڵاتانی تر لەو بارەوەی مەحکووم کرد.

ڕۆژی کورد: لە بەشێک لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە: “بەداخەوە، کاتێک کە مەترسیی تێرۆریزم کەمتر بووەتەوە، دوژمنانی هەمیشەیی کوردستان لە ناوچە واتە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی حاکم بە سەر کوردستان لە هەموو بەشەکاندا گەلەکۆمەیان لە کوردستان و کورد کردووەتەوە لەو شەڕەشدا جیهان تەنیا چاوەدێرێکی بێدەنگ بووە.”

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاونیشتمانیانی کوردستان

خەلکی ئازادیخوازی ناوچە

کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان

لەم ڕۆژانەدا دەوڵەتی تورکیە دوای ماوەیەکی زۆر هەڕەشە و گوشار کە بە ڕوونی ڕایدەگەیاند کە هێرش دەباتە سەر کوردستانی سووریە و لە ناوچەی عەفرینەوە دەست پێ دەکا، هەڕەشەکانی خستە بواری کردەییەوە و بە چەکی قورس و فڕۆکە و تۆپباران هێرشی کردووەتە سەر کوردستان و لەو نێوەدا گیانی خەڵکی سیڤیلیش کەوتووەتە مەترسیەوە و بە دەستپێکردنی هێرشی زەمینیی ئەرتەشی تورکیەش بۆ سەر عەفرین، ئەگەری ئاوارەبوونی هەزاران کەسی هەیە.

لەم ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەدا کە هەر ڕۆژەو لە گۆشەیەکەوە گرووپێکی توندڕەو و تێرۆریست سەر هەڵدەدا و هەموو ئەو گرووپانە لە کۆماری ئیسلامیەوە بگرە تا داعش و ئەوانی دیکە، یەکەم هەنگاویان هێرشکردن بۆ سەر کوردستان بووە و بە مەبەستی پاکتاو و ژینۆسایدی کورد، دەستیان داوەتە هێرشی دڕندانە و کوردیش وەک هێزی هەرە پێشەوەی دژە تێرۆریزیم لەباتی هەموو دونیا شەڕی لەگەڵ تێرۆریستان کردوە.

بەڵام بەداخەوە، کاتێک کە مەترسیی تێرۆریزم کەمتر بووەتەوە، دوژمنانی هەمیشەیی کوردستان لە ناوچە واتە دەوڵەتە داگیرکەرەکانی حاکم بە سەر کوردستان لە هەموو بەشەکاندا گەلەکۆمەیان لە کوردستان و کورد کردووەتەوە لەو شەڕەشدا جیهان تەنیا چاوەدێرێکی بێدەنگ بووە.

نموونەی هەرە زەقیمان لە هێرشی حەشدی شەعبی و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ کەرکووکدا بینی و ئێستاش دەوڵەتی تورکیە لە نێو خاکی وڵاتێکیتریشدا دەسەڵاتی کوردی قبووڵ نیە و هێرشی سەر کردوە.

ئێمە ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر کوردستانی سووریە و ناوچەی عەفرین مەحکووم دەکەین و داوا لە هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە بەرامبەر بەو گەلەکۆمە و دەستدرێژیانەی ڕێژیمەکانی زاڵ بە سەر کوردستاندا بێدەنگ نەبن، چوونکە گەر لە ماف و ئازادیە ئینسانی و دێموکراتیەکانیش گەڕێین، هەر هیچ نەبێ کورد لە شەڕی دژە تیرۆریزمدا هاوپەیمانی جیهانی ئازاد بووە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

١ی رێبەندانی ١٣٩٦
٢١ی ژانویەی ٢٠١٨

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌