حکومەتی هەرێم و مامەڵەکردنی نابەرپرسانی لەگەڵ زمانی کوردی

0
80
کاروان مێراوی

زمان کۆڵەکەی سەرەکی و یەکێک لە فاکتەرە هەرە سەلمێنەرەکانی بوونی هەر نەتەوەیەکە، بۆیە پێویستە هەر تاکێکی ئەو نەتەوەیە پەرە بە زمانی دایکیی نەتەوەکەی خۆی بدات و بۆ بەرەو پێشکەوتنی هەوڵ بدەن و تێبکۆشن.

لە ئێستای دۆخی ئێمەی نەتەوەی کورد، کە لە دۆخێکی نالەباری داگیرکراو، لەلایەن دڕندەترین دیکتاتۆرەکانی جیهان داین و ڕۆژبەڕۆژ داگیرکەرانی وڵاتەکەمان زۆرتر هەوڵ بۆ تواندنەوەی فەرهەنگ و کلتوور و بەتایبەت زمانی دایکیمان و توواندنەوەی نەتەوەکەمان ئەدەن، ئێمەی کوردیش دەبێت لە هەموو نەتەوەیەک زۆرتر هەوڵ بۆ پەرە و گەشەپێدانی زمانەکەمان و بەرەوپێش بردنی فەرهەنگ و کلتووری نەتەوەکەمان بدەین.

حکومەتی هەرێمی کوردستان (باشوور)، لە دوای نزیک بە سێ دەیە دەسەڵاتداری لە باشووری کوردستان، تا هێشتاش نەیتوانیوە پەرە بە زمانی کوردی بدات و تەنانەت نەیشیتووانیوە ئاسەوارکانی ئاسمیلە و تواندنەوەی سەردەمی داگیرکراویی باشووری کوردستان لەلایەن دیکاتۆرە دڕندەکانی بەعس ـیشەەوە بسڕێتەوە.

ئەرکی وەزارەتی ڕۆشەنبیری و پەروەردەی حکوومەتی هەرێمە تا بە هاریکاریی حکومەت، پەرە بە زمانی کوردی بدەن و زمانی دایکیی نەتەوەکەمان ببووژێنێتەوە و لە مەرگ بیڕەخسێنن، بەڵام ئەوەی دۆخی هەنووکە و بەرچاو ئەو راستیە تاڵەمان بۆ دەسەلمێنێ کە تاکوو ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرچاویان لەو بووارەوە هەڵنەگرتووە و هیچ هەوڵێکی چڕوپڕیان بۆ نەداوە و کێشە سەرەتاییەکان لە سەر ڕێزمان و ڕێنووس لە ماڵپەڕ و ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتی و حیزبیی حکوومەتی هەرێم بە ڕۆژانە ڕێژەیەکی زۆر دەکەوێتە بەر چاو و لە زۆربەی دامەزراوەکانی دیکەی هەرێم و تانەت لە شوێنە پەروەردییەکانی هەرێمیش ئەو هەڵە زەق و بەرچاوانە دەبیندرێن.

ئەم نموونانەی خوارەوە، چەند نموونە لەو هەڵانەن کە بۆ بەرچاوڕوونی دەخرێنە ڕوو:

نموونەی ١: نووسراوە “ئامادەیی (شۆڕش)ی کۆڕان” لە کاتێکدا ئەبێت بنووسرێت “ئامادەیی کوڕانەی شۆڕش”.

نموونەی ٢: نووسراوە “قوتابخانەی (کامل بصیری)ی کوڕانی بنەڕەتی” لە کاتێکدا دەبێت بنووسرێت “قوتابخانەی بنەڕەتیی کوڕانەی (کامل بەسیری)».

تێبینی: لێرەدا تەنانەت ڕێنووسی کوردیش شەمزێندراوە و پیتی عەڕەبی خزێندراوەتە ناو زمانی کوردیەوە کە ئەمە سەرەکیترین کێشەیە و پێویستە زمانی کوردی لە هەر دۆخێکدا ڕێنووس و بەتایبەتی ڕێزمانی خۆی بپارێزێ. ناوی بیانی جا لە هەر زمانێکەوە بێت دەبێ بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێن و ناکرێ بۆ ناوی هەر نەتەوەیەک، ڕێنووس و ئەلف و بێی ئەو نەتەوەیە بەکار بهێنرێت.

نموونەی ٣: نووسراوە “قوتابخانەی زەڵمی بنەڕەتی تێکەڵاو” لە کاتێکدا دەبێت بنووسرێت ” قوتابخانەی بنەڕەتیی تێکەڵاوی (زەڵم)”.

نموونەی ٤: نووسراوە “سەنتەری کوردستانی نێودەوڵەتی” لە کاتێکدا دەبێت بنووسرێت “سەنتەری نێودەوڵەتیی کودستان/ناوەندنی نێودەوڵەتیی کوردستان”.

ئەم نموونانە و زۆر نموونەی دیکە کە لە زۆربەی شوێن و دامەزراوە حکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان زەق و پێش چاون. کێشەی سەرەکیی ئەو ڕستانە کە بە نموونە هێنراونەتەوە و لە باشوور بە ملیۆنان نموونەی ئەوتۆ دەبینی ئەوەیەکە ڕێزمانی نووسینی ئەو ڕستانە، ڕێزمانی عەڕەبیە و ڕێک بەپێی ڕستەی عەڕەبی و ڕێزمانی عەڕەبی کراونەتەوە کوردی. پسپۆڕانی بواری زمان ڕایان وایە کە هیچ زمانێک تا ئەو کاتەی کە ڕێزمانەکەی هەڵنەخلیسکابێ و تێدانەچووبێ، بەتەواوی لەناو ناچێ کەواتە بەپێی ئەو تێکقرماندنی ڕێزمانی کوردی کە لە باشوور هەیە، دەبێ بێژین مەترسیەکە یەکجار جیدی و قووڵە.

بە هەڵە نووسینی ئەو ڕستانە، واتای ڕستەکە دەگۆڕێت و ئەو واتایە کە مەبەستە بە خوێنەر نایگەیەنێت.

هەرچەندە ئەرکی نەتەوەیی هەر تاکێکی کوردە بۆ پەرە و گەشە پێدانی زمانی دایکیمان هەوڵ بدەین، بەڵام ئەگەری چاوەڕوانی لە باشووری کوردستان زۆرتر لە پارچەکانی دیکەیە، هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لە ئێستادا باشووری کوردستان حکوومەتێکی دامەزراوەی کوردی هەیە و دەسەڵات تاڕادەیەک لە دەستی دایە و لە قوتابخانە بنەڕەتیەکان تاکوو دوا قوناخی زانکۆکان لە سەرجەم وانە هەڵبژێردراوەکاندا و سەرجەم بووارەکاندا، زمانی کوردی دەوترێتەوە، بەڵام لە پارچەکانی دیکە تا چەند ساڵ پێش ئێستا، تەنانەت کوردی قسەکردن لە نێو خێزانەکانیشدا لەلایەن حکوومەتە داگیرکەرەکانەوە قەدەغە کرابوو، چ بگات بە وتنەوەی وانە لە قوتابخانەکان.

بۆیە پەرەپێدانی زمانی کوردی لە پارچەکانی دیکە لەچاو باشووری کوردستان بە هۆکاری نەهێشتن و گرتن و کوشتن و بەند و دەستبەرسەر کردنی چالاکی فەرهەنگی بە دەستی حکوومەتە زاڵەکانی سەر ئەو پارچانە ڕەنگە تا ئاستێک ئەستەم بێت، بۆیە بەپێ ئەو هۆکارانە و زۆر هۆکاری سیاسیی دیکە چاوەڕوانییەکی ئەوتۆ لە پارچەکانی ڕۆژهەڵات،باکوور و ڕۆژئاوا ناکرێت و بە پێچەوانەوە چاوەڕوانی زۆرتر لە باشوور دەکرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌