حکومەتی هەرێم لە هەمبەر سووتاندنی بارەگای حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرپرسیارە

0
871

ڕۆژی کورد: ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ژومارەیەک لە خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی بە هۆی بڕینی دار لەلایەن پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو پێشمەرگانە و لە ئەنجامدا تێکهەڵچوون لە ناویاندا دروست بووە کە مخابن کوژرانی دوو برای خەڵکی ئەو دەڤەرەی بەناوەکانی فەرمان ئەسکەندەر عومەری تەمەن ٣٣ ساڵ و لوقمان ئەسکەندەر عومەری تەمەن ٣٧ ساڵان، لێکەوتووەتەوە و کەسێکی تریش بریندارە.

لە ئێستادا بە پێی زانیارییەکان خەڵکانێکی زۆر لە شارەکانی سۆران، چۆمان و دەڤەری باڵەکایەتی، بە بێ لێکدانەوەی ڕووداوەکە و بە بێ ڕاگەیاندن و هاواهەنگی لەگەڵ ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم، دوکان و بازاڕیان داخستووە و بە ورد و درش و ژن و پیاوەوە، هێرشیان بردووەتە سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵات لە ناوچە سنوورییەکان،

تا ئێستا بنکەی چوار حیزبی ڕۆژهەڵاتی لەلایەن خەڵکی ئەو دەڤەرەوە ئاگری تێبەدراوە، ئەوە لە حاڵێکدایە ئەو کێشەیە تەنیا لە نێوان خەڵکانێکی کەمی ئەو دەڤەرە و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا بووە.

بە گوێرەی ڕوانینی چالاکان و چاوەدێرانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو کارەساتە، دەستی ئێران و پیلانی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە پشتە.

خەڵکی ئەو دەڤەرە تا ئێستا ساڵانێکی دەیان جار لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تۆپ باران کراون بەڵام هیچ کات کاردانەوەیان نەبووە،

کۆمەڵەى شۆڕشگێڕى زەحمەتکێشانى کوردستانى ئێران لەبارەى ڕووداوى گوندی گوندەژوو لە ناحیەى چۆمان ڕایگەیاند، چەند کەس لە خەڵکى ئەو گوندە بە چەکەوە چوونەتە شوێنى پێشمەرگەکانیان و بەو هۆیەوە شەڕ ڕوویداوە و ٢ هاووڵاتیى ئەو گوندە کوژراون و هاووڵاتییەکى تریش برینداربووە. کۆمەڵە ڕاشیگەیاندووە، ئامادەن بە ناوبژیوانى یاساکان و حکومەتى هەرێم ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.

هاوار بازیان چالاکی سیاسیی کورد لەمبارەوە دەڵێ: “رووداوەكەی ئەمڕۆی دەڤەری باڵەكایەتی و ئەوەی تا ئێستا بەردەوامە، رووداوێكی ناخۆشە و لە دڵەوە رۆژهەڵاتییەكانی ناراحەت كردووە، ئەگەریش دەستی ریژیم و هاوكارانی تێدا نەبی دەرفەتی پیلانگێڕی باشى بە ریژیم داوه. لە چەند رۆژی نێزیكدا و دەركەوتنی هەڵوێستی هەمووان لە دامركاندن یان پەرەپێدانی كێشەكە دەردەكەوی دەستكردی دوژمنە یان هەڵەی هەردوو لایەنی كوردە.

عیرفان ڕەهنموون، چاوەدێری سیاسی لای وایە کە: “هێرش بۆ سەر بارەگای پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ، پیلانێکی لە پێشدا داڕێژراوە”.

هەڵمەت مەعرووفی ڕۆژنامەوانی کورد لەمبارەوە دەڵێ: “بەپێی ئەوەی کە ئەم گەنجانە لە جیاتی هانابردن بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکومەت خۆیان ڕووبەڕووی ئەو پێشێلکاری یان کردەوەیەی پێشمەرگەکانی  کۆمەڵە بوونەوە و لە هەمان کاتیشدا، خەڵکانێکی زۆر کە پێدەچێ دنە درابن، هێرشیان کردووە و بنکەی حیزبەکان بە ویشک و تەڕەوە دەسووتێنن، بێ گومان هەم دەستی پیلانی لە پشتە و هەمیش حکومەتی هەرێم بەو هەموو دام و دەزگا بەرینەیەوە لێی بەرپرسیارە”.

مەلا عەلی سێڵاو، چالاکی سیاسی و ئەندامی حدکاش لەم بارەوە دەڵێە: “وێڕای مەحکووم کردنی شەهیدکرانی ئەو دوو هاووڵاتییەی باشووری کوردستان، پێویستە بڵێین کۆمەڵێک خەڵک بە هۆی ئێرانەوە دەیانهەوێت ئاگرەکە خۆش بکەن وکێشە لە نێوان حیزبەکانی ڕۆژهەڵات وخەڵکی هەرێم دروست بکەن، دەبێت زۆر هۆشیارانە ئەم سیاسەتە چەپەڵەی ڕژیم پووچەڵ بکەینەوە و هاوکات بکەرانی شەهیدکردنی ئەو دووهاو وڵاتییە بدرێنە دادگاە وسەزای خۆیان وەرگرن”

چالاکێکی ترسی سیاسیی کوردیش دەڵێ: “بەدڵنیایەوە دەستی ئیرانی لەپشتە، ئەگینا بۆچی هەموو حیزبەكان کەوتوونەتە بەر هێرش؟. ئەگەر هەر لایەنی تەقەكەرەكە بووبایە دەمانگوت سوتفە بووە و خوێنگەرمیی چەند گەنجێك بووە بەڵام هەڵكوتانە سەر بارەگای ٤ حێزب شك وگومانی تێدانیە كە پیلانی ئێرانە”.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە ماوەی نزیک بە دوو ساڵی ڕابردوودا، نەیتوانیوە بە هیچ شێوەیەک پێش بە بەرگاریی چەکداری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بگرێت و نەیتوانیوە سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، پاشەکشە بەو حیزبانە بکات، پێدەچێ ئەمجارە خەنجەری پیلانی دابێتە دەست هەندێک کورد و خەڵکانی عەشیرەییش بێ هزر و بیرکردنەوە تێوەگلابن. لێرەدایە کە حکومەتی هەرێم بە سەرجەم دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانی بەرپرسیاری پاراستنی هێزەکانی رۆژهەڵات و بنکەکانیانە و بێ گومان دەبێ بکوژانی ئەو دوو لاوە کوردەی باشوور و بکەران و هاندەرانی ئەو هێرشە پیلاناوییەش سزا بدرێن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت