حدکا: حدک ترس و دڵەڕاوکێی لە یەکگرتنەوە هەیە

0
206

سکرتارییەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە روونکردنەوەیەک دا سەبارەت بە رەوتی یەکگرتنەوە لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، نووسیوێتی کە: لایەنی دیکە (حدک) سەرەڕای وەرێ خستنی پڕوپاگاندە بۆ یەکگرتنەوە، هەر لە ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی جیابوونەوە، دیارە نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی لە یەکگرتنەوە هەیە.

سکرتاریای حدکا رایگەیاندووە کە بۆ مەبەستی “دارشتنەوەی چەند خاڵێک لە ڕاستییەکانی” کۆبوونەوەی نێوان دوو لایەن و “تێکۆشانی ڕاستگۆیانەی (حدکا) بۆ یەکگرتنەوەیەکی ڕاستەقینە”ی هەردووک لا، ئەو روونکردنەوەیەی بڵاو کردۆتەوە.

رونکردنەوەکەی سکرتاریەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماڵپەڕی رەسمی ئەو حیزبە دا بڵاوبۆتەوە و له‌ کۆاتییەکەی دا هاتووە کە “پێشمەرگایەتی لە حیزبێکی دێموکراتی بەهێزدا زۆرتر جێگای شانازییە تا بوون بە ئەندامی ڕێبەرایەتی لە حیزبێکی بچووکتردا، پێویست دەکا بە ئاوڕدانەوە لە وەزعی ڕابردووی زیاتر لە ٩ ساڵی حیزبی دێموکرات و داهاتووی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکاندا، لەپێناو چارەسەری ئەم گرفتە هەوڵی جیدی‏تر بدەن”.

لە خوارەوە دەتوانن دەقی راگەیاندراوەکەی سکرتاریای حدکا ببینن:

چەند قسەیەک سەبارەت بە ڕەوتی یەکگرتنەوە

جیابوونەوەی ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات، لە ڕێکەوتی ١٥/٩/١٣٨٥ی هەتاوی(٦/١٢/٢٠٠٦) و بەدوای کۆنگرەیەکی “یاسایی و شەرعی و دێموکراتیک”(*) و دانانی ناوی حیزبی دێموکرات لەسەر خۆیان بە ناڕەوا، کە دووپات کردنەوەی هەڵەی دوو جیابوونەوەی پێشتر لە حیزبی دێموکرات بوو، زەربەیەکی قورسی لە پەیکەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک سەرەکیترین حیزبی ئۆپۆزیسیونی کوردی ئێران دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەشاند. ئەو زەربەیە تەنیا لەو ڕوانگەوە نەبوو کە کەسانێک ڕیزی ئەو حیزبەیان بەجێهێشت، بەڵکوو زۆرتر زەربەیەک بوو کە خەڵکی ئەو بەشەی کوردستانی تاساند، ورەی دابەزاندن، بەرەو بێ‏هیوایی بردن و ڕیزی یەکگرتوویی ئەوانی لەبەریەک ترازاند، لەوەش بەولاتر کۆماری ئیسلامی و نەیارانی حیزبی دێموکراتی شاد کرد و ورەی پێ بەخشین بۆ ئەوەی بتوانن ڕاشکاوانەتر دژی حیزب پروپاگاندە وەرێ بخەن و بە خەیاڵی خۆیان فاتێحای مەرگی حیزب بە گوێی خەڵکی دڵشکاو و توڕەی کوردستاندا بخوێنن.

ئێمە کە ئێش و ئازاری دوو جیابوونەوەی دیکەی ئەو حیزبەمان بە دوای هاتنەسەر حوکمی کوماری ئیسلامی ئێران بە جەستەی حیزبەوە هەست دەکرد و شارەزای خەساری بەربڵاوی ئەو جیابوونەوانە بووین، هەوڵی زۆرمان دا کە ئەگەر نەمانتوانیوە بەر بە جیابوونەوە بگرین، هەموو تێکۆشانی خۆمان بۆ یەکگرتنەوە دوای جیابوونەوە تەرخان بکەین. لەو ئەرکەدا ژمارەیەکی زۆریش لە هاونیشتمانانی دڵسۆز، هێز و لایەنە سیاسییە کورد و غەیرە کوردییەکان یارمەتیدەر و هاندەرمان بوون.

ئاکامی ئەو هەوڵ و تێکۆشانە بوو بە هۆی ئەوەی کە بەرەبەرە و دوای نیشتنەوەی کەف وکوڵەکانی سەرەتای جیابوونەوە لە هەردووک لا، هەنگاو هەڵگیرێ بۆ ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی نێوانیان و دوای ماوەیەک و لە ئاکامی بڕیارێکی ڕێبەرایەتی حیزب کە دوایە لە کۆنگرەی پازدەهەمی حیزب ( ٨ـ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٩ی سێپتامبر تا ٥ی ئۆکتۆبری٢٠١٢) پەسند کرا، کۆمیتەی ناوەندی ڕاسپێردرا کە ئەو ڕەوتە بە مەبەستی “ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکان، وتووێژ کردن و لە ئەنجامدا یەکگرتنەوە” درێژە بدا.

ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات بە دوای ئەو ڕاسپاردانەدا، بەشێکی بەرچاوی هێز و توانای خۆی تەرخان کرد بۆ بەرەوپێش بردنی ئەم پلانە و لەو چوارچێوەیەدا بۆ نیشاندانی نییەت پاکی، بۆ یەکەمجار هەیئەتێکی ڕێبەرایەتی حیزب بەسەرۆکایەتی سکرتێری گشتی چوونە بنکەی دەفتەری سیاسی هاوڕێیانی پێشوو و لێیان میوان بوون و بەدوای ئەو چاوپێکەوتنەدا بە دەیان پێوەندی دوو کەسیی نێوان سکرتێرەکان، دەفتەری سیاسی و هەیئەتەکانی ڕێبەرایەتیی هەر دووک لا پێکهاتن و لەسەر گرنگیی پرسەکە و میکانیزمی یەکگرتنەوە قسە و باسیان کرد.

سەرەڕای ئەوەی هاوڕێیانی لایەنی بەرامبەر لەو کۆبوونەوانەدا زۆرتر بە مەبەستی پرۆپاگاندە و نیشاندانی ئاشتیخوازیی خۆیان بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی بیستنی خەبەری خۆشی یەکگرتنەوەیان دەکرد، بەو حاڵەش ئێمە دڵسارد نەبووینەوە لە درێژەدانی ئەو ڕەوتە و وتووێژکردن لەگەڵیان، تەنانەت لەو پێوەندییەدا دووجار هەیئەتەکان بە تەوافوق گەیشتن کە تا ئەو کاتەی بە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش نەگەین، خەبەری دانیشتنەکان بڵاو نەکەینەوە، بەڵام ئەوان هەر دوای کۆبوونەوەکە خەبەرەکانیان بە مەبەستێک کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، بڵاو دەکردەوە.

وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکانی ئەو ماوەیە زۆرن و جێگای باس کردنیان لەم وتارەدا نیە، بەڵام لەم کاتەدا کە زیاتر لە ٩ ساڵ بەسەر ئەو جیابوونەوە و هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوە تێدەپەڕێ، بە پێویستمان زانی چەند خاڵێک لە ڕاستییەکانی ئەو کۆبوونەوانە و تێکۆشانی ڕاستگۆیانەی خۆمان بۆ یەکگرتنەوەیەکی ڕاستەقینە کە هەردووک لا تێیدا هەست بە شانازیی و براوەیی بکەن و پێکەوە جارێکی دیکە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕقەبەری، هەستی تۆڵەکردنەوە و شکاندنی یەکتر، بنچینەی حیزبی دێموکراتێکی بەهێزتر، کە ویستی هەموو دڵسۆزانی دێموکراتە دابڕێژینەوە. بۆ ئەوەی بتوانین لە ئەگەری ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچە و ئێراندا، دەسکەوتێکی سیاسی بۆ خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێران دەستەبەر بکەین.

بەدوای چەند مانگ ڕاوەستانی چاوپێکەوتنی هەیئەتەکان، لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی (٢٠١٥ی زایینی)، دانیشتنی دەفتەری سیاسییەکان بە ئامادەبوونی هەر دووک سکرتێر لە ڕێكەوتی ٥/٧/١٣٩٤ی هەتاوی لە شوێنی دەفتەری سیاسیی هاوڕێیان پێکهات.

لەو دانیشتنەدا دەفتەری سیاسی ئێـمە بە کۆمەڵێک خاڵ و پێشنیاری نوێ لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو کە پێشتر جێگای داخواز و پرسیاری لایەنی بەرامبەر بوون. لەو کۆبوونەوەیەدا دوای ئەوە جارێکی دیکە ئەو خاڵە پەسند کرایەوە کە یەکگرتنەوە لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بێ، هەیئەتی حیزب موافقەتی خۆی لەسەر ئەو خاڵانەی خوارەوە ڕاگەیاند:
ـ یەکگرتنەوە پێش کۆنگرەی شازدە جێبەجێ دەکرێ و، تا کاتی پێکهاتنی کۆنگرە هەیئەتێکی هاوبەش لە ڕێبەرایەتی(دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی) بە تەوافوق، ئیدارە و بەڕێوەبەری حیزب وەئەستۆ دەگرن، تەنانەت بەدوای ئەو دانیشتنە و بە مەبەستی پێکهاتنی متمانەی زیاتر لە نێوان ئەو دوو لایەنەدا، دەفتەری سیاسیی ئێمە موافقەتی کرد کە بەڕێز کاک خالید عەزیزی وەک جێگری سکرتێری حیزب لەو ماوەیەدا ئەرکەکانی بەڕێوە بەرێت.

ـ بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانیی ئەوان و بۆ قایمکاریی دواڕۆژ، هەیئەتی حیزب موافقەتی کرد کە ڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی حیزب لە کۆنگرەی شازدەدا، بە پێی لیستەیەکی فیکس و بە تەوافوقی هەر دووک لا دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک بۆی نەکرێ لایەنی دیکە حەزف بکات یان ڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتییەکەی بەڕادەیەکی زۆر دابەزێنێ. ڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی هەر دووک لا بە پێی ڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی سێزدە دەبێ کە هەر دووک لا شەرعیەتەکەیان پەسند کردبوو، یان بەڕێژەی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی هەر دووک لایەن، دوای ڕوودانی جیابوونە و تەنانەت ئامادەیی نیشاندرا کە لەسەر ئەو ڕێژەیەش گفتوگۆ بکرێ.

ـ ئێمە موافقەتمان کرد کە بۆ ئەوەی خاڵەکانی پێڕەوی ناوخۆ و ئاییننامەی کۆمیتەی ناوەندی نەبنە کۆسپ لەسەر ڕێگای یەکگرتنەوەیەکی دڵخوازی هەر دووک لا، هەموو کارەکانی حیزب(لە ئیدارەی حیزبەوە تا کاروبەرنامەکانی کۆنگرە و پێداچوونەوە و ئامادە کردنی ئاییننامەی کۆمیتەی ناوەندی) بە تەوافوقی هەر دووک لا بەڕێوە بچێ.

ـ سەبارەت بە بەفەرمی ناسینی ئەو ناوەی کە دوای جیابوونەوە لەسەر خۆیان داناوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو کارە لەگەڵ هیچ ئوسوولێکی کاری حیزبایەتی ناگونجێ، بەو حاڵەش و بۆ نیشاندانی نییەت‏پاکی، هەیئەتی حیزب قبووڵی کرد کە بەیاننامەی یەکگرتنەوەی حیزب بەشێوەیەک ئامادە بکرێ کە ناوەڕۆکەکەی هەڵگری ئەو مەبەستە بێ.

ـ خاڵێکی دیکە کە لەو کۆبوونەوەیەدا هەیئەتی حیزب موافقەتی خۆی لەسەر دەربڕی، ڕاگەیاندنی بەفەرمی ناسینی مێژووی تێکۆشانی ئەو هاوڕێیانە دوای جیابوونەوەکەیان بوو. ئەو خاڵە وەک داخوازییەکی ئەوان زۆرجار لە کۆبوونەوەکانی هاوبەشدا دەیانهێنایە گۆڕێ.

دیارە ئەوانەی باس کران وەک خاڵە سەرەکییەکانی ڕەوتی یەکگرتنەوە دەبێ، بەڵام بێجگە لەوانە چەندین خاڵی دیکە لە وردەکاریی کارەکان بە تەوافوق حەل دەکرێ و نابنە کۆسپ.

تەوافوقی هەیئەتی حیزب لەسەر ئەو خاڵانە، بوون بەهۆی خۆشحاڵیی زۆربەی ئەندامانی دەفتەری سیاسی لەو دانیشتنەدا، لە ڕاگەیاندنەکانی ئاکامی ئەو کۆبوونەوەیش کە دوای تەواو بوونی کۆبوونەوە لە لایەن سکرتێرەکانی هەر دووک لا بەڕێوە چوو، بە گەشبینی تەواوەوە قسە کرا و هیواداری درا بۆ درێژەدان و بە ئاکام گەیاندنی ئەو ڕەوتە. بەڵام بەداخەوە دوای مەشوەرەت کردنی دەفتەری سیاسی هاوڕێیانی پێشوو لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندییەکەیان، جارێکی دیکە کۆمەڵێک بەهانە و کۆسپ خرانە سەر ڕێگای گەیشتن بە مەبەست، کە یەکگرتنەوەکەیە.

ئێمە بەو حاڵەشەوە لە درێژەدانی ئەو ڕێگایە بێ‏هیوا نەبووین و لەگەڵ هەموو ئەو کۆسپانەش کە دێتە سەر ڕێگامان، گرنگیی چارەسەر کردن و نەهێشتنی ئەو کۆسپە لەسەر ڕێگای خەباتمان لە باشووری کوردستان بە ئەرکی سەرەکیی خۆمان دەزانین و لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین.

هەرچەند لەوانەیە لە ڕەوتی هەوڵەکانی ئەو ماوەیەمان هێندێک خاڵی لاوەکی و بەهەڵە تێگەیشتن هاتبێتە پێش، کە ئەوەش شتی ناسروشتی نین لە ڕەوتی وتووێژی دوولایەندا، بەڵام گرنگ ئیرادە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و گەیشتن بە ئامانجە لە ڕاستای بەرژەوەندیی نەتەوەیی‏دا.

بەڵام لایەنی دیکە سەرەڕای وەرێ خستنی پڕوپاگاندە بۆ یەکگرتنەوە، هەر لە ڕۆژی دوای ڕاگەیاندنی جیابوونەوە، دیارە نیگەرانیی و دڵەڕاوکێی لە یەکگرتنەوە هەیە. بۆیە تەنانەت ئەو کاتەی کە پێشنیار و داخوازییەکەیان پەسند دەکرێ، داخوازێکی دیکە دێننەگۆڕێ، ئەوەش ئاکامەکەی تا ئێستا ئەوە بووە کە لە لایەک لە تەبلیغات و ڕاگەیاندنەکاندا خۆیان بە لایەنگری ئاشتی و یەکگرتنەوە دەربخەن و لە لایەکی دیکەوە هەوڵ دەدن یەکگرتنەوە بەکردەوە سەر نەگرێ. ئەم شێوە هەڵسووکەوتەش ئەو گومانە بەهێز دەکا ئەو ئیرادەیەی کە لە پێناو بەرژەوەندیی گرووپی، ڕقەبەری و پاراستنی دەسەڵات بە هەموو نرخێک، حیزبی دێموکراتی”لەت” کرد، ئێستاش لە یەکگرتنەوە نیگەرانە و دەتوانێ هەوڵ و تێکۆشانەکان لەو پێوەندییەدا لەباربەرێ.

بۆیە هەلومەرجەکە وا دەخوازێ کە هەموو ئەو کادر و پێشمەرگە و ئەندامانەی باوەڕیان بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە خەباتی کوردی ڕۆژهەڵاتدا هەیە، هەروەها ئەو بۆچوونەیان هەیە کە پێشمەرگایەتی لە حیزبێکی دێموکراتی بەهێزدا زۆرتر جێگای شانازییە تا بوون بە ئەندامی ڕێبەرایەتی لە حیزبێکی بچووکتردا، پێویست دەکا بە ئاوڕدانەوە لە وەزعی ڕابردووی زیاتر لە ٩ ساڵی حیزبی دێموکرات و داهاتووی جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات لە ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکاندا، لەپێناو چارەسەری ئەم گرفتە هەوڵی جیدی‏تر بدەن.

لە کۆتاییدا بە پێویستی دەزانین سوپاسی خۆمان پێشکەشی ئەو ژمارەیە لە ئەندامانی ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی لایەنی جیابووەوە بکەین کە لە ڕەوتی ئەم وتووێژانەدا و لە پێناو یەکگرتنەوەدا هەوڵێکی زۆریان داوە و هیوادارین ئەو هەوڵانە هەروا بەردەوام بن.

لە بیرمان‏بێ کە جیابوونەوە و دابڕاندنەکان زۆر ئاسانترن لە یەکگرتنەوە و یەکڕیزی پێکهێنان، بەڵام بەهێز و ماندوو بوونی یەکگرتوویی‏خوازان ئەو برینە چارەسەر دەکرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتاریا
١٥ ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت