جەمیل بایك: ئێمە دەوڵەتمان ناوێت چونكە دژی ئازادییە

0
1151

جەمیل بایك ، هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK ، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (الشرق الاوسط )دا دەڵێ ، ئەوان بۆ باكووری كوردستان دەوڵەتیان ناوێت ، چونكە دەوڵەت دژی ئازادی و تاكەكەسە ، بەڵام دژی ئەوەنین كە هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەت و ئامادەن بەرگریشی لێبكەن .

“پرۆسەی ئاشتی نەماوە”

جەمیل بایك ، یەكێك لە رێبەران و دامەزرێنەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK لەو هەڤپەیڤینەدا باسی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی توركیا دەكات و دەڵێ ” ئێمە پرۆسەی ئاگربەستمان لە یەك لایەنەوە بەرەوپێشبرد پێش هەڵبژاردنەكان ، بەڵام ئەردۆغان ئەو پرۆسەیەی كۆتایی پێهێنا ، چونكە لەپێناو هەڵبژاردنەكان دەستی تێوەردا “، جەمیل باسی ئەوەدەكات كە ئەردۆغان رێككەوتنە 10 خاڵییەكەی نێوان عەبدوڵڵا ئۆجەلان و حكومەتی توركیای تێكدا ، كاتێك رێگەی نەدا لیژنەی چاودێریكردن و لیژنەی پەرلەمان دروستبكرێت و بچنە لای ئۆجەلان ، لەبەرئەوەی ئەردۆغان پێیوابوو ” ئەو هەنگاوە شەرعیەت دەداتە ئۆجەلان “.

لەوبارەوە جەمیل بایك بە ئاشكرا دەڵێ كە ” ئێستا هیچ بوونێك نییە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە توركیا “، باسی ئەوەش دەكات كە لە 5ی نیسانەوە كەس لە پارتی دیموكراتیی گەلان HDP و خێزانەكەی ، ئۆجەلانیان نەبینیوە .

” هەموو گەلانمان بردنە نێو پەرلەمان ”

پارتی دیموكراتیی گەلان HDP كە بە باڵی یاسایی PKK دادەنرێت لە توركیا ، توانی لە هەڵبژاردنەكانی 7ی حوزەیراندا سەركەوتنێكی گەورە بەدەستبێنێت بە تێپەڕاندنی رێژەی 10%و بەدەستهێنانی 81 كورسی لە پەرلەمانی توركیادا ، جەمیل بایك لەوبارەوە دەڵێ ، ئەو هەڵبژاردنەی دوایی گۆڕانكاری گەورەی لە توركیا دروستكردن و، دەڵێ ئەوە یەكەمجارە لە مێژووی كۆماری توركیادا ، حیزبی دەسەڵاتدار لە توركیا هیچ ئەنجامێك لە كوردستان بەدەستناهێنێت و ” جاری یەكەمە كە گەورەترین زەربە بە حیزبەكانی توركیا دەكەوێت ، حیزبە توركییەكان لەسەر بنچینەی رەتكردنەوەی كورد و نەتەوەكانی دیكە دامەزراون “و دەڵێ ” بەڵام ئێمە ئەو پڕۆژەیەمان شكستپێهێنا و هەموو گەلانمان گەیاندنە نێو پەرلەمان “.

هەروەها دەڵێ “ئێستا ئەركی HDP ئەوەیە كە هەوڵ بۆ دانانی دەستوورێك بدات لە توركیا كە مافی هەموو نەتەوەكان دابین بكات” .

” نەك ئۆجەلان ئێمە بزووتنەوەكە بەڕێوەدەبەین ”

جەمیل بایك هەموو ئەو لێكدانەوانەی كە باسی دروستبوونی ناكۆكی دەكەن لە داهاتوودا لەنێوان قەندیل و HDP و لەنێوان قەندیل و ئیمرالی ، بە ” قسە كۆنەكان” ناودەبات و بە بەشێك لە شەڕی دەروونی دادەنێت و دەڵێ ” هەریەك لەو لایەنانە رۆڵێكی تایبەتیان هەیە ، قەندیل و HDP ناتوانن رۆڵی ئۆجەلان بگێڕن ، بە پێچەوانەشەوە قەندیل و ئۆجەلان ناتوانن رۆڵی HDP بگێڕن ، لە هەمانكاتدا ئۆجەلان و HDPیش ناتوانن رۆڵی قەندیل بگێڕن ، بەڵكو ئەوسێ لایەنە پێكەوە رۆڵە گەورەكە دەگێڕن “. هەروەها دەڵێ ” ئێمە بڕیار بەناوی PKK دەدەین و، ئێمە بڕیار دەدەین درێژە بە خەباتی چەكداری بدەین یان نا ، ئۆجەلان و HDP ناتوانن ئەو بڕیارە بدەن “.

لە وەڵامی پرسیارێكدا ئایا ئەوان تائێستا بڕیار و رێنمایی لە ئۆجەلانەوە وەردەگرن ، جەمیل بایك دەڵێ ” ئۆجەلان دیلە لە دەست توركاندا ، ناتوانێ لە زیندانی ئیمرالییەوە و لە ژێر گوشار و زوڵمی توركیاوە رێبەری بزووتنەوەكە بكات ، ئێستا ئێمە ئەو بزووتنەوەیە بەڕێوەدەبەین ” .

هەروەها دەڵێ مەرجی ئەوان بۆ چەكدانان ئازادكردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە ، كە ئازادبكرێت و بگەڕێتەوە نێو هەڤاڵەكانی لە قەندیل و، دەڵێ رازینابن وەك پێشووتر مامەڵە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بكرێت .

دەشڵێ ئۆجەلان رۆڵێكی گرنگی هەبوو لە سەركەوتنی HDP لە هەڵبژاردنەكاندا و ” لەخۆگرتنی هەموو بزووتنەوە بەرهەڵستكارەكان لەلایەن HDPەوە پڕۆژەی ئۆجەلان بوو ، لەبەرئەوەش سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا “.

” دەوڵەت دژی ئازادی و تاكەكەسە”

جەمیل بایك سەبارەت بە پڕۆژە و داوایان بۆ باكووری كوردستان دەڵێ ” ئێمە دەستوورێكی دیموكراتیمان دەوێت كە كێشەی كورد لە توركیا چارەسەر بكات و پشتیوانی هەموو هەنگاوێك دەكەین لەو چوارچێوەیەدا “.

هەروەها دەڵێ ئەوكاتەی PKKی تێدا دامەزرا ، سەردەمی دروستكردنی دەوڵەت بوو ” بەڵام ئێمە ئێستا بۆ دامەزراندنی دەوڵەت خەبات ناكەین ، چونكە پێمانوایە دەوڵەت دژی ئازادی و دیموكراسی و تاكەكەسە ، ئێمە ئێستا لەپێناو سیستەمێكی كۆنفیدرالی تێدەكۆشین . دەمانەوێ كێشەی كورد و كێشەی گەلانی دیكە لەسەر ئەو بنچینەیە چارەسەربكەین لە توركیا” ، دەڵێ ئەوان لەسەرەتادا لەپێناو دروستكردنی دەوڵەت تێدەكۆشان ” بەڵام بینیمان دەوڵەت كێشەكەمان چارەسەر ناكات و دیموكراسی و ئازادی بۆ كۆمەڵگە دابین ناكات ، بۆیە ئەو قۆناخەمان بەجێهێشت و ستراتیژیەتی خۆمان گۆڕی “.

بەڵام لە هەمانكاتدا سەبارەت بە دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لە باشووری كوردستاندا دەڵێ ” ئێمە دژی دروستبوونی دەوڵەتێكی كوردی نین لە هەرێمی كوردستان ، ئەوان دەیانەوێ دەوڵەتێكی كوردی دروستبكەن و ئەوەش مافی خۆیانە ، ئێمەش ئامادەین بەرگرییان لێبكەین ئەگەر تووشی هەر مەترسییەك بوون ، بەڵام سەبارەت بە كوردستانی توركیا هەروەك گوتم ئێمە دروستكردنی دەوڵەتمان ناوێت “.

جەمیل بایك پێیوایە سووریا لە ئایندەدا دابەشدەبێت و كۆنترۆڵكردنی گرێسپیش لەلایەن هێزەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل YPG و ڤۆلكانی فورات گۆڕانێكی گەورە لە هاوكێشەی هێزەكان لە سووریا دروستدەكات .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.