جاشنامە

0
589
هاوار بازیان

نووسینی: هاوار بازیان

 پڕ بەدڵ حەز دەكەم بزانم مووچەكەت چەندە! پێتوانییە ئەوەی فرۆشتووتە زۆر هەرزانت بەخشیوە؟ ئەو ڕۆژەی وەریدەگری چ هەستێكت هەیە! بەڕاستی بەهەمان بەرگی كوردییەوە دەچی بۆ سەر كارەكەت؟ بەكوردیش قسە دەكەی؟ لە ئاوێنەدا چۆن سەیری چاوانی شۆڕت دەكەی؟ دەزانی بۆچی ئەو پرسیارانەت لێدەكەم، چونكە هەموو شتێك كڕین و فرۆشتن هەڵدەگری جگە لە وڵات.

جەستەی خۆت مافی خۆتە بیفرۆشە و منەتت نەبی و ناوی بنێ “ئازادیی تاك”. ئەگەر دەزانی لەگەڵ سنوورەكانی ئەخلاقیتدا دەگونجێن، دەتوانی واز لە زۆر بەهای تری خێزانی و كۆمەڵایەتیشت بێنە و ناوی بنێ “كراوەیی”! ئەگەر نیازی ئازاری خۆت یان تەنانەت كوشتنی خۆت هەیە دیسان هەر ئازادی و ئێمە ناوی دەنێین: ماسۆكیزم! بەڵام ناشیرین ترین كار بۆ كەسێك كە خۆی و وڵاتەكەی داگیركراوە، ئازاری خەڵك و فرۆشتنی وڵاتە!

ئەوانەی وڵاتەكەیان لێ دەفرۆشی، پێت دەڵێن “جاش”، من جارێ ئەو قسەیە ناكەم چونكە هەموو ئاژەڵێك بێتاوان و پیرۆزترە لە تۆ! بەڵام هیچ دەزانی ئەوانەی كاریان بۆ دەكەی و بەكرێیان گرتووی چیت پێدەڵێن! دڵنیام سووكتر لە “جاش”! نەك چونكە ئاژەڵی، بەڵكوو چونكە لە كوردەواریدا “سووكتر” لەو وشەیە بۆ ڕەفتارەكانت نەدۆزراوەتەوە.

شەرم ناكەی كورد بی؟ حاشا تۆ كورد نی! كارم بەكوردبوونت نییە، من گومانم لە مرۆڤبوونیشت هەیە! تەنانەت لەو سرووشتە دڕندەیەدا هەرگیز نەمبینی گورگ گورگێكی هاوڕێی بخوات، ورچێك هەوڵی كوشتنی ورچێك بدات!

بەر لەوەی بەڕاستی بزانم “جاش” چییە و چەندە پاك و بێگوناهە، ناوی تۆم بیستبوو! دەمێكە خۆت و ڕەنگی تۆم بینیوە، بۆیە هەرگیز دەنگ و ڕەنگت لەبیر ناكەم و هەمیشە وەك هێمای “پیسی” یادت دەكەم. دەڵێن فەرامۆشكردنی بكوژی كەسێك ئاسانە، بەڵام زۆر ئەستەمە خیانەتی كەسێك لەبیر بكەی كە بەكوشتنی داوە، چونكە زۆر سەختە دوژمنەكەت هەر لەخۆت بووبی!

ئەو كەسەی چەك لەشان دەبیتە داردەست و چاوساخی دوژمن، كلاسیكترین جۆری بەكرێگیراوە. جۆری نوێی جاش پەیدا بوونە! ئەوەی یەكبوونی كوردان تێكدەدا، كەسایەتییەكانی كورد دەشكێنێ و بەهاكانی كوردەواری هەر لە ئەدەبی و كۆمەڵایەتی بگرە تا مێژوویی و ئاینی و هونەری بەگشتی بێ بایەخ دەردەخات. بەگشتی ئەوانەی لە ئیشكی و گەرمیی دوژمن دەژین بەڵام پەنجە و خامەیان تەڕی ئارەقی شەرمەزاری و ڕوورەشییە!

بەنیازی چی؟ پێتوایە ئەگەر تۆ بەكرێگیراو بووی ئیتر كاروانی ڕزگاری نەتەوەكەت دەوەستێ؟ باشە بەڕاستی پێتوایە جاشبوونی تۆ بەهانای لەناوچوونی ڕیژیمی داگیركارەوە دەچێ؟ یان لەو بڕوایەدای تەمەنی دوژمن لە تەمەنی خۆت درێژتر بی؟ زۆر نەزانن ئەگەر لەو بڕوایەدابن كورد زیاتر لەوە چاوەڕوانی مێژوو دەبی و باجی جاش و بەركرێگیراوانی دوژمن بدا! كورد بە سەدان و هەزارانی خائین و بەكرێگیراوی وەك تۆ و گەورەتری كردووە بە خۆڵەمێشی گەشانەوەی خۆی!

ئەو كارە قێزەونەی تۆ هیچ پاساوێك هەڵناگری! ئەو كەسانەی بەناوی “رۆشنبیری و سیاسەت” بەرگریت لێدەكەن، زۆرجار پەنا بۆ هۆكاری ئابووری و كەشی نالەباری ژیانی ژێردەستی داگیركار دەبەن، بەڵام هەڵەن! چونكە ژیانی تۆ خراپتر نەبووە لەو هاووڵاتییانەی بەدەستی تۆ دەچەوسێنەوە تەنیا بۆ ئەوەی دوژمنی داگیركار دڵخۆش بكەی. ئەگەر بەوپێیە بێ، زۆربەی كورد دەبی ڕێگەی خراپی تۆ هەڵبژێرن. ئەوانەی بەرگریت لێدەكەن و بەناوی “سیاسەت” بەنیازن ڕۆژانێك لێبووردنت بۆ دەربكەن، یا لە تۆ خراپترن، یان لەو ڕاستییەی تێنەگەیشتوون كە مرۆڤی ئاقڵ هەرگیز بڕوا بە كەسێك ناكاتەوە كە خیانەتی لێ بینیوە!

دڵنیام دەزانی مێژووی نەتەوەكەت پڕ لە خیانەت و بەكرێگیراوییە و دڵنیای ئەوانە هەمیشە سەرشۆڕی گەل و نیشتمانن، كەچی تۆ هێشتا لە ڕیزی ئەواندای! گومانم نییە هەست بە سووكبوونی خۆت لەناو خەڵك و جەماوەردا دەكەی، بەڵام بەردەوامی لە بەكرێگیراویت! باش دەزانی درانگ یان زوو دەكەویتە بەر تۆڵەی ئەوانەی خاوەنی كەرامەتی ئەو خەڵك و خاكەن، بەڵام تۆ هەر بەردەوامی! سزای تۆ ڕوون و ئاشكرایە!

تا ئەو ڕۆژەی دەكەویتە بەر ڕق و تووڕەیی ئەوانەی خیانەتت لێكردوون، شەرمەزاربوون و سەرشۆڕییتە بەرامبەر خاك و گەل و دار و بەردی وڵاتەكەت! خیانەت نەخۆشییە و شێرپەنجەیە، ئەگەر ئەمڕۆ ڕووت زەرد دەكا، بەڵام دواجار هەر لەناوت دەبات!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت