تەکنۆکرات چییە و تەکنۆکراتەکانی عەبادی کێن!

0
2558

نووسەر: محەمەد چاوشین

محەممەد چاوشین
محەممەد چاوشین

ماوە ماوە چەمکی”تەکنۆکرات” (Technocracy) دەبینین و دەبیستین. ھێندێکمان شتێکی لەبارەوە دەزانین و ھێندێکیشمان ھیچ.

ئێستا سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبادی، خەریکی ھەڵوەشاندنەوەی کابینەکەیەتی و  دەیەوێ حکوومەتێک لەسەر لاشەی حکوومەتی پێشوو درووست بکاتەوە کە وەزیرەکانی لە مرۆڤی”تەکنۆکرات”پێکھاتبێت.

با سەرەتا بزانین تەکنۆکرات (Technocracy) چییە؟

بەپێی” فەرھەنگی زانستی سیاسی”، چەمکی تەکنۆکرات (Technocracy) بۆ یەکەم جار لەلایەن “ھێنری ویلیام سمیت” نووسەری ئامریکایی لەساڵی ١٩١٩، داھێنراوە و پێشنیاری کردووە حکوومەت بکەوێتە دەست خاوەن پیشە و تەکنیکیەکان. جۆرە حکوومەتێک کەلەگەڵ سەردەمی پێشکەوتنی ھوونەری و  زانستی ھەنگاو بنێت.

 لەم چەشنە حکوومەتەدا، پێویستە سەرجەم سەرچاوە ئابوورییەکان و کاروباری کۆمەڵ، لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕەوە بەڕێوە بچێت.

تیۆری تەکنۆکراتی پێی وایە، مادام زانست و تەکنۆلۆژیا بەشێوەیەکی بەردەوام و خێرا ڕووی لەگەشەیە، بۆیە دەبێ  ھەڵسوڕێنەرانی حکوومەت و کاروباری دەوڵەتیش کەسانی زانا و تەکنیک کاران و شارەزایان بن.

لەو چەشنە حکوومەتەدا، کاربەدەستانی حکوومەت، خاوەنی دەسەڵاتن و حوکمڕانی کۆمەڵگا دەکەن.

لایەنگرانی ئەم چەشنە حکوومەت کردنە، پێیان وایە کە بەھۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیا و پیشەسازییەوە بووە کە کۆمەڵگا پێشکەوتووە، بۆیە تەکنیک کاران و پسپۆڕ و شارەزایانیش  دەسەڵاتی ئەوەیان ھەیە کاروباری حکوومەت و خەڵک بەڕێوەببەن.

بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی مانا و واتای چەمکی “تەکنۆکرات”، ئایا ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای عێراق، بۆپێکھێنانی حکوومەتێکی تەکنۆکراتی گونجاوە و دەست دەدات؟

بە بڕوای من، حکوومەتی تەکنۆکراتی بۆ وڵاتێکی وەکوو  عێراق نابێت کە بەھۆی شەڕی مەزھەبی، تائیفی، خێلەکیو  دینی گیرۆدەی چەندین قەیرانی ھەمەجۆر بۆتەوە و لە لێواری لەبەریەک ھەڵوەشانەوە دایە.

بۆ وڵاتێکی وەکوو عێراق نابێ کە ھەموو پۆست و پلەکانی حکوومەت لەسەربنەمای “دێموکراسی تەوافوقی” و خێڵ و عەشیرەت و مەزھەب و بەش بەشێنەی حیزبی دیاری دەکرێن و کراون.

حکوومەتی تەکنۆکرات، بۆ  وڵاتێکی وەکوو عێراق نابێ کە عەقڵیەتی خەڵکەکەی ھێشتا لەسەر ئەو باوەڕەیە کە  شیعەکان دەبێ عومەرەکان بکوژن و سوننەکانیش، عەلییەکان!

ئایا عەبادی لەخۆی پرسیوە کە ئینسانێکی “تەکنۆکرات”ـە یاخود ئەویش ھەروەکوو تەواوی کابینەی حکوومەت، لەسەر بنەمای تیرەو تایفە و مەزھەب و بەش بەشێنەی حیزبی دیاری کراوە؟

بە بۆچوونی من عەبادیش بەرھەم و ھەڵقوڵاوی بەش بەشێنەی حیزبی و مەزھەبییە لە عێراقدا، یاخود بە واتەیەکی تر دەتوانین بڵێین، عەبادی دیاریی وڵاتێکی وەکوو  ڕژێمی دیکتاتۆری مەزھەبی ئێرانە و ناشتوانێ ئینسانێکی تەکنۆکرات بێت.

حکوومەتی تەکنۆکرات بۆ وڵاتێک دەبێ کە باوەڕی بە بنەماکانی دێموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات ھەبێ.

ئاستی تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی خەڵکەکەی لە ئاستێکی باڵادابێت.

پۆست و پایەکانی حکوومەت لەسەر بنەمای بەش بەشێنەی حیزبی و مەزھەبی دابەش نەکرابێ و باوەڕی بەم چەشنە دابەشکارییە نەبێت.

ئێمە ناتوانین وڵاتێکی وەکوو عێراق لەگەڵ وڵاتانی دنیای دێموکراسیدا بەرارود بکەین کە زۆرجار حکوومەت لەسەربنەمای کەسانی شارەزا و پسپۆڕ پێکدەھێنن و ئیدارەی وڵاتیان دەدرێتە دەست.

لە زۆر وڵاتی دنیای دێموکراسیدا، جاری وا ھەیە حیزبێک کەس يان کەسانێکی شارەزا و پسپۆڕ لە دەرەوەی حیزبەکەی خۆی  و تەنانەت نەیاری حیزبەکەی خۆی دێنێت و پۆستێکی حکوومەتی پێدەبەخشێت.

بەڵام ئەم چەشنە بیرکردنەوەیە بۆ وڵاتانێکی وەکوو  عێراق دەست نادەن چونکە بیرکردنەوە و  دنیابینیيان کورت بینانەیە و لەگەڵ دنیای دێموکراسیدا ھەڵ ناکەن.

ئەم عێراقە، ھێشتا لەداوی خێڵ و عەشیرەت و مەزھەب دەربازی نەبووە.

کەواتە، ئەوەی عەبادیش بەناوی پێکھێنانی حکوومەتی تەکنۆکراتییەوە ئەنجامی دەدات، جگە لە خۆڵکردنە چاوی خەڵک  و گۆڕینی کۆمەڵێک دەم و چاوی کۆنە بە ھێندێکی نوێ تر ، ھیچی دیکە نییە.

سەرچاوە:

* کەڵکم لە “فەرھەنگی زانستی سیاسی” وەرگرتووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.