تەنیایی نامترسێنێت

0
41
نەبەز گۆران
 
چ باكم بەم ژیانە پوچەی ئێوەیە
كاتێك من دەمەوێت بەپێوە بمرم؟!
ئێوە لێم نزیك بن یان دور، من هەر تەنیام
نە نزیكی ئێوە، نە دوریی ئێوە، گوڵی سەر فەرشی تەنیاییم كاڵ ناكاتەوە
ئەوەی كە تەنیابێت، بە پێوە دەمرێت.
 
رۆحم ئاگر دانێكە
هەستەكانم گڕی ئاگرێكن،خەونەكانم دەدرەوشێننەوە
لەناو داڵانێكی تاریكدام، ئەو داڵانە ناوی دونیاییە!
لەم داڵانەدا روناكییەك دەبینم، ئەو روناكییە تەنیاییە
لەم داڵانەدا گوێم لە دەنگی ناڵەی شەڕەكانە
بۆنی ناخۆشی مەرگ تەنگی پێ هەڵچنیووم
دەنگی زبری مرۆڤەكان، دەچەقێت بەگیانما
لەم داڵانە تاریكەی دونیادا
گوێم لە هەمووشتێكە، جگە لە شەقەی باڵی ئازادی!
بەر لەوەی وەك ئێوە بكوژرێم
بەر لەوەی وەك قەڵایەك بكەوم
تەنیا دەكەوم
ئەوەی تەنیابێ شەپۆلەكان نایبەن
ئەوەی تەنیابێ‌ ژیان فریوی نادات
ئەوەی تەنیابێ‌، بە پێوە دەمرێت.
 
_
 
خوێنێك
بەگیانما دەڕوات، پڕە لە خۆشەویستی
دەنگێك لە سینەمدایە، دەنگی خۆشەویستی
خەونێك لە رێمدایە، خەونی خۆشەویستی
دونیایەكیش لەمندایە، دونیای تەنیایی
ئەوەی منی تەنیاكرد مرۆڤەكان نەبوون
ئەوەی منی تەنیاكرد رۆژگار نەبوو
ئەوەی منی تەنیاكرد، رەنگی جیاوازی خەونەكانی خۆم بوو.
 
_
 
ناوەستم تا رەشەبایەك هەڵكات
خۆم ئەو كەپرە تێكدەدەم سێبەرەكەی بێداریم لەبیر دەباتەوە
ناوەستم تا تینویەتی بێت
خۆم وێنەی ئەو كانیاوە دەكێشم، رۆیشتنەكەی بێداركردنەوەم بوو
من كە جوانییەكەم بەكەس وێران نابێت
ئیتر بۆ تێشوەكەی خۆم پڕنەكەم لە خەون و
لەنێوان دوو دێڕدا بە تەنیابووەستم، تا ژیان دەبینم.
 
_
 
كاتێك
گوێم لە ترپەی دڵێك نییە لە قەفەس نەچێت
كاتێك
جوانییەك نییە لەبری خەوتن، بێدارم نەكات
كاتێك
خۆشەویستییەك نییە، فێری فڕینم بكات
ئیتر بۆچی بەزنجیری تۆ خۆم دیلكەم؟!
ئەو بارانەی كێڵگەكانم ئاودەدات، بارانی تۆ نییە
ئەو نەسیمەی گەڵاكانم دەوەرێنێت، نەسیمی تۆ نییە
ئەو دەرگایەی من بۆی دەگەرێم، كلیلەكەی لای تۆ نییە
كەمن شەیدای هاتنی ناو شارەكەی تۆ نەبم
كەمن بەدوای وێرانەدا بگەڕێم
بۆ پشت لە ئازادییەكەم بكەم و رووبكەمە زیندانەكەی دڵی تۆ؟!
ئەو كەسەی
حەزمدەكرد ملوانكەیەكبێت بیكەمە ملم
ئەو كەسەی
حەزمدەكرد خەنجەرێك بێت، بیدەم لە دڵم
ئێستا ئەو كەسەم بیر نەماوە
من
هێندە بەباشی ئەو كەسانە لەبیردەكەم،
لەبیریانكردم،
سەرم لە مرۆڤ بوونی خۆم سوردەمێنێت!
من تەنیام
بۆیە جوانییەكی فریودەر سەرم لێ‌ تێكنادات
ئەوەی تەنیابێت، بێدارە
ئەوەی تەنیابێت، باڵەكانی گەورەترن لە ئارەزوەكانی.
 
_
هیچ شەوقێك هێندەی شەوقی تەنیایی، جوانییەكانم بۆ روون ناكاتەوە.
هیچ مرۆڤێك، هێندەی مرۆڤە تەنیاكان، دونیا بەجوانی رەنگ ناكات.
هیچ جوانییەكیش ناگات بەجوانی ئازادی،
هەموو ئازادییەكیش دەنگێكی تەنیاییە.
ئەوەی دەست بۆ مانگی ئازادی دەبات، كەسێك نییە لە تەنیایی بترسێت
ئەوەی دونیا دەگۆڕیت، كەسێك نییە لە تەنیایی دوربێت
من بۆیە تەنیام
نامەوێ‌ چاوەكانم ئەو شتانە ببینێت كە ئێوە دەیبینن
نامەوێت دڵم جگە لەترپەی خۆشەویستی دەنگی تری لێوەبێت
نامەوێت خەونێك ببینم، ئێوە دەیبینن،
هەر لەبەر ئەم تەنیاییەمە، وەك سەربازێكی ژیان بە پێوە دەمرم. 
هەر لەبەر ئەم تەنیاییەمە
شەڕی دوو باڵندەی سەر لقی درەختێكم خۆشترە
لە دەنگی سەدان بولبولی ناو قەفەس.
 
 
                              

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌